/span> روحانی سەرۆک کۆمار لە ” جێژنوارەی ڕەجایی” سەرۆک وەزیری سەردەمی شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێڕاق سوخەنڕانی کرد. روحانی بارودۆخی ئێستای ئێرانی ” جەنگی” ڕاگەیاند و وتی” وڵات لە شەڕێکی بە تەواو مانا دایە لەگەڵ ئامریکا و هاوپەیمانەکانی”. ئەو داوای لە خەڵک کرد” خۆڕاگری و ئیسار” لە خۆیان نیشان بدەن لەبەر ئەوەی بە بۆچوونی ئەو ناکرێت” بەسەر کەند و کۆسپەکاندا زاڵ بیت و بگەیتە ئامانجە بەرزە نەتەوەییەکانت بەبێ ئەوەی هەزینەکەیت دابێت”. ناو براو وتی” کاتێک لە مانگ و یان تەنانەت یەکساڵدا توشی گرفتی جیدی بوین و ڕێگایەکی دژوارمان هاتە بەردەم ناکرێ چاو پۆشی لە ئامانجەکانمان بکەین و بێ هیوا بین”. ئەو روو بە هەیئەت حاکمە ئامریکا وتی” ئەگەر پێتان وایە بە گوشار و کردارەکانتان خەڵک دەڕژێنە سەر شەقامەکان و دەستی تەسلیم بوون بەرز دەکەنەوە لەبەرانبەر ئامریکادا، توشی هەڵە هاتون”.
ئەگەر زمانبازی ئاوێتەی ئەم ڕستانە بنێیە لاوە، دەبینین کە هیچ ڕاستیەكیان تێدا نییه. ئەو ڕاستیەی کە ئەمرۆ لە کۆمەڵگای ئێراندا لە ئارا دایە، شەڕێکی بەتەواو مانایە کە ڕژیم ئیسلامی لەدژی کرێکاران و زەحمەتکێشان، لەدژی ژنان و لاوان، خانەنشینان، بێکاران، موعەلیمان و لە هەموو حەوزە کۆماڵایەتیەکاندا دەیبەنە بەرەوە. کێشەی کۆماری ئیسلامی ئەوە نییە کە لە شەڕ لەگەڵ ئامریکا و هاوپەیمانەکانی دایە، گرفتی ئەو، قهیرانی ئابووریی، ئاخێزە جەماوەریەکان و شکستی سیاسەتی شەڕ ئەنگێزانەی لە ناوچهكه دایە. روحانی بێ هودە هەوڵ ئەدات کە بە هەڵاتن بۆ پێشەوە ئەو مەترسیە واقعیەی کە ڕژیمی گەمارۆ داوە، بشارێتەوە. روحانی بێشەرمانە باس لە ” دژواریەکانی یەک مانگ و تەنانەت یەکساڵ” دەکات بەڵام کێ هەیە نەزانێ کە قەیرانی ئابووری لە ئێران بەر لەوەی ترامپیش بێته سهركار ههر بووه و قەیرانێکی چەند لایەنەی دەیان ساڵەیە. کێ نازانی کە کەلێنی نێوان هەژاری و سەروەت لە ئێران چهند قووڵه. کاتێک کە خۆیان دەڵین کە هەشتا و پێنج لەسەدی سپوردە بانکیەکان لە ئیختیاری دوو نیو لەسەدی سپوردە گوزاران دایە، کاتێک سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی مەجلیس باس لە کۆبوونەوەی ٦٠ لەسەدی نەغدینەگی لە دەست یەک لەسەد دا دەکات، کاتێک نوێنەری مەجلیسی کۆنەپەرستی لە جەریانی ئیستیزاحی وەزیری کاردا دەڵێت کە هەشتا لەسەدی کۆمەڵگای ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان، کاتێک کە بەناو نوێنەری خەڵکی سیستان و بەلوچستان دەڵێ کە نەوەد و پێنج لەسەدی خەڵکی ئەو ئوستانە دەستیان بە خۆراکی گونجاو راناگات و حەفتا و پێنج لەسەدیان لەژێر هێڵی هەژاریدا وەک خەڵکی ناوچە هەژارەکانی ئافریقا دەژین، کاتێک حەقدەستی هیچ کرێکارێک لە سەرو هێڵی هەژاریەوە نییە و گەلێک لەوان حەقدەستەکانیان بە زەحمەت دەگاتە شتێکی بانتر لە یەک ملیۆن تەمەن ئەویش لە کاتێکدا کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا ڕاگەیەندرا کە هێڵی هەژاری یەکسانە بە ٥ ملیۆن تمەن، کاتێک کە یەکیک لە ئابوری ناسانی ڕژیم دەڵێت کە لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردودا ٨٠ لەسەدی توانایی کڕینی خەڵک کەم بۆتەوە بە شێوەیەک کە تەنانەت بەشە مام ناوەندیەکانی کۆمەڵگاش بە حقوقێک كه هەیانه ناتوانن پێداویستیە خۆراکیەکانیان دابین بکەن و کاسبکارانی بچوک و مامناوەندیش فڕێدروانەتە ژێر هێڵی هەژاریەوە، کەوایە خەڵک دەبێ بۆ دەوڵەتێك لە خۆبوودویی بکەن كه ئەوانی گیرۆدەی ئەم بارودۆخە کردووە.
لە ڕاپۆرتی بانکی ناوەندیدا هاتوە کە لە ساڵی ٩٦ دا لە ٢٨ لە سەدی بنەماڵەکان تەنانەت تاکە کەسێکی لەسەر کاریان نەبووە. واتە نزیکەی ٦ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بنەماڵە کەسیان کاری نەبووە. هەرچەند کە ڕەقەمی واقعی زۆر لەوە زیاترە بەڵام تەنانەت بە پشت بەستن هەر بەم ٦ لەسەدەی زیاد بێکاری لە دەورەی سەرۆک کۆماری روحانیدا، پەردە لەسەر ئیدیعاکانی سەبارەت بەوەی کە ” ئەگەر مانگ و تەنانەت ساڵێکیش توشی دژواری کێشە و گرفت بین” هەڵدەماڵێ. ئەگەر گشت ئەم ئامارانە روویەکی سکەی هەژاری کۆمەڵگا پیشان ئەدەن، روویەکەی تری سەروەتێکە کە لە سهر بەستێنی تالان کردنی دەست ڕەنجی زۆربەی خەڵکی کۆمەڵگا بۆتە نەسیبی تاقمێک مشە خۆر. سەرۆکی دامەزراوەی” ئابووری و دین” دەڵێت” تەنیا ڕانتی ٦ مانگ لە شیرکەتەکانی هەناردە کردنی پێترۆشیمی، فلیزات و مەعدەنیەکان یەکسانە بە حەقدەستی دوو ساڵی ١٥ ملیۆن کرێکار کە لەژێر چەتری سازمانی تهئمینی ئیجتماعی دان.
لهڕاستیدا ئەو شەڕەی کە روحانی باسی دەکات شەڕێکە کە ساڵانێکە ڕژیم لەدژی زۆربەی خەڵکی ئەم کۆمەڵگایە دەیباتە بەرەوە. کەوایە ڕاستیەکەی ئەوەیە کە روحانی ناونیشانی هەڵە ئەدات. شەڕی ڕاستەقینە لە نێوان خەڵک و ڕژیم دایە. ئەوەیکە خامنەیی داوا له روحانی و سەرجەم باندە حکومەتیەکان دەکات یهكگرتووبن، ڕێك ترسێکە کە لەم شەڕە ههیهتی. ئەوان دەزانن دەورانێک کە ڕژیم بە توندتیژی و قەدەر قودرەتی سوڵتەی خۆی بەسەر خەڵکدا سهلماندووه و شەڕێکی بێدەنگی لەدژی خهڵك بەرەو پێش بردووه، بەسەر چووە. ئاخێزی مانگی بەفرانبار و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیە کرێکاری و جەماوەریەکان لە مانگەکانی دواییدا نیشانی دا کە هاوسەنگی هێزی نێوان ڕژیم و خەڵک گۆراوه. ئێستا خۆڕاگری و پایەداری لە بەرانبەر ڕژیمدا لە دەستوری کاری خەڵک دایە. دەورانێک کە ڕژیم دەیتوانی بە پشت بەستن بە شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێڕاق بێدەنگیەکی گوڕستانی بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بکات و بە هەزاران کەس لە نێو زیندانەکاندا بە دادگایی كردنی چهند خولەکی ئێعدام بکات و نەسڵێک لە تێکۆشەرانی ئازادی خواز، شۆڕشگێڕ و کومونیست بکوژێت، بەسەر چووە. ئێستا ئیتر هەر هێرشێکی ڕژیم بەرەو رووی خۆڕاگری لێبڕاوانەی خەڵک دەبێتەوە. ئێستا ئیتر خەڵک ئامادە نیین ببنە گۆشتی بهردهم تۆپی ماجەرا جووییەکانی ڕژیم. ئەوان بە تەجرووبه بۆیان دەرکەوتوە کە لە پشت پەردەی چهنهوهری سەرانی ڕژیمەوە لە بەرانبەر ئامریکا و هاوپەیمانەکانیدا بەردەوام زەمینە بۆ تەسلیم بوون و بە چۆکدا هاتن فەراهەم دەکرێت. ئێستا ئیتر خەڵک حاڵی بوون کە ئەگەر قەرارە کۆتایی بە هەژاری و برسیەتی، بێکاری، نا بەسامانیە کۆمەڵایەتیەکان و کۆتایی بە جەنایەتەکانی ڕژیم بێت. تەنیا ڕێگای کەم هەزینە بۆ خەڵک خۆسازدانه بۆ روخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمەیە.