رۆژی پێنج شەممە ٢٢ ی مانگی خەرمانان و رۆژێک دوای مانگرتنی شکۆدار و سەرکەوتوانەی سەرتاسەری لە کوردستان، محەممەد عەلی جەعفەری فەرماندەی سپای پاسداران ڕایگەیاند کە:” هێرشی موشەکی رۆژی شەممە بۆسەر مقەڕ و بارگای هەردوو حیزبی دیموکرات، تۆڵەی سپای پاسداران بووە لە ” تیرۆریستەکان” و پەیامێکی واتادار بۆ دوژمنان و بە تایبەت ئەو زل هێزانەی پێیان وایە دەتوانن بە زۆر ئامانجەكانیان بەسەرماندا بسەپێنن.” ئەو بە پێدا هەڵدان بە توانایی ئیتلاعاتی و بوردی ٢ هەزار کیلۆمیتری و دیقەتی موشەکەکانیان، دەستی کرد بە هەڕەشەی بێ ناوەرۆکی باو لە پێوەند لەگەڵ ” زل هێزەکان” و هێرشی موشەکی بۆسەر مقەڕ و شوێنەکانی حیزبی دیموکرات لەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا. یەکەم ئەوەی کە جەعفەری وەک ئامانجی ئەم هێرشە ناوی برد، واتە ” تۆڵە سەندنەوەی خوێنی ١١ بەسیجی لە دەوروبەری مەریوان ” هیچ پێوەندیەکی بە حیزبی دیموکراتەوە نەبوو. دووهەم ناکۆکی مەوجود لە سەرجەم قسەکانی جەعفەریدا رۆژێک دوای مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان نیشانی ئەدات کە فەرماندەی سپای پسداران هێشتا لە شۆکی کاریگەریەکانی ئەم مانگرتنە دایە کە هێزە سەرکوتگەرەکانی زەوی گیر کرد. هەڵبەت مانگرتنی شکۆداری رۆژی چوارشەممە شایستە ترین وڵام بوو بۆ وڕێنەکانی فەرماندەکانی سپا و سەرانی کۆماری ئیسلامی.
لهڕاستیدا مانگرتنی رۆژی چوارشەممە لە کوردستان ئامانجی کۆماری ئیسملامی لە ئێعدام کردنی وەحشیانەی سێ لاو و عەمەلیاتی جەنایەتکارانەی موشەک پەڕانی بەرەو مقڕ و ناوەندەکانی هەر دوو حیزبی دیموکرات لە هەمان رۆژدا پوچەڵ و كردهوه و شکستی پێ هێنا. ڕژیم لە بارودۆخێکدا دەستی داوەتە وەها جەنایەتێک کە گەلێک قەیران و کێشە و گرفت چ لە نێوخۆدا و چ لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا بەرۆکیان گرتوە. ئەم گرفتانە رۆژ لەگەڵ رۆژ بەرینتر دهبنهوه و کۆماری ئیسلامی هەموو ڕێگاکانی ڕزگار بوونی لەم قەیرانانەی تاقی کردۆتەوە، بەڵام توشی شکست و ناکامی هاتوە. فریوکاری و سهركوتیش تا ئێستا نەیتوانیوە بەربە مانگرتنی کرێکاری و ناڕهزایهتیی جەماوەری لە ئاستی سەرتاسەریدا بگرێت. ئێعدامی لوقمان و زانیار مورادی و ڕامین حسێن پەناهی و موشەک هاویشتن بەرەو مقەڕ و بارەگاکانی هەردوو حیزبی دیموکرات لە هەمان رۆژدا هەوڵێکی ترە لە لایەن ڕژیمەوە بە ئامانجی بێدەنگ کردن و پەشیمان کردنەوەیان لە بەدوادا چوونی داخوازی و داواکاریەکانیان.
کرداری ترسەنۆکانەی ئێعدام کردنی سێ زیندانی سیاسی کە بە پەروەندە سازی درۆینە لەژێر ئەشکەنجەی وەحشیانە و محاکمە کردن لە دادگایەکی فەرمایشیدا حوکمی ئێعدامی بۆ دەرکردبون و ساڵانێک ئەوانی بە ئامانجی بەهرەبەرادری سیاسی وەک بارمتە ڕاگرت تا لە وەها بارودۆخێکدا ئێعدامیان بکات، نەک نیشاندەری بەهێزی بەڵکو ئەوپەڕی داماوی ڕژیمە. خۆ بواردنی ڕژیم لە ئاگادارنه کردنەوەی بنەماڵە و وەکیلەکانیان لە بەڕێوەبردنی حوکمەکە و نەدانەوەی تەرمەکانیان بە بنەماڵە و دایکی داغداریان و ناشتنیان لە شوێنێکی نادیار نیشانەیەکی دیکەیە لە ترس و وەحشەتیی ڕژیم لە كاردانهوهی ئهم جینایهته.
بەڵام کۆماری ئیسلامی لەخۆڕا هەوڵ ئەدات بەم کردارە جەنایەتکارانەیەی زەرفیەت و پوتانسیەلی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان تاقی بکاتەوە. خەڵکی کوردستان لە گەلێک قۆناغدا نیشانیانداوە کە هیچ تەوەهومێکیان بە ماهیەتی دژی ئینسانی ڕژیمی ئیسلامی نەبووە و نییە و لە دەرفەتی پێویستدا توانایی و هێزی یەکگرتوی خۆیان لە بەرانبەر ڕژیمدا دێننە مەیدان. لە دانی ” نا” یەکی لێىڕاوانە بە ڕیفڕاندۆمی پێکهاتنی کۆماری ئیسلامیەوە تا کۆچی مێژوویی خەڵکی شاری مەریوان و ڕێپێوانی خەڵکی باقی شارەکانی کوردستان بۆ پشتیوانی لێ کردنیان تا مانگرتنە شکۆدارەکەی ١٦ ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٤ و ٢٣ ی گوڵانی ١٣٨٩ کاردانەوە و پوتانسیەلێک بوون کە خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر زهبروزهنگ نواندن و کەللە ڕەقی ڕژیمدا لە خۆیان پیشانداوە. مانگرتنی سەرتاسەری رۆژی چوارشەممە ٢١ ی مانگی خەمانان کە بە تەوافوقی بە خێرایی گشت حیزبە سیاسیەکانی چالاک لە کوردستان بە تایبەت هەوڵی چالاکانەی ئەحزاب و سازمانە چەپ و کومونیستەکان بانگەوازی بۆ کرا بوو بەرینتر لە حاڵەتەکانی پێشوو سەرجەم شارەکانی کوردستان و ئەمجارە شارەکانی ئوستانی کرماشانیشی گرتەوە.
ئەم مانگرتنە وێڕای ئەوەی کە وڵامێکی لێىڕاوانە بوو بە جەنایەتەکانی ڕژیم و ناكام كردنی لە داسەپاندنی فەزای ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگادا، ئامانجی دیاریکراوی دیکەشی هەبوو لەوانە ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی و هەڵسوڕاوانی مەدەنی، هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام بە شێوەی گشتی و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەمی حوکمە ئێعدامە دەرکراوەکان لە لایەن بێدادگاکانی ڕژیمەوە و کۆتایی هێنان بە کوشتاری کۆڵبەران و دابین کردنی کار و پێداویستی بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی ئینسانی بۆیان بوو.
هاو کات ئاکسیۆن، ڕێپێوان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەبەردەم سفارەتخانە و کۆنسولگەری و باقی ناوەندەکانی سیخوڕی و ئەمنیەتی ڕژیم لە دەرەوەی وڵات و بۆ پشتیوانی لە مانگرتن لە گەلێک لە وڵاتانی ئەروپایی و کانادا بە شێوەیەکی بەرین و بەربڵاو بوو کە لە زۆرێک لە ڕاگەیەنەرەکانی ئەو وڵاتانەدا و لە ئاستی نێونەتەوەییشدا دەنگدانەوەی بەرینی هەبوو. لە بەرەی خەباتی خەڵکدا بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە فەزای مەجازیدا لە ڕاستای بڵاو کردنەوەی هەواڵ لە گشت قۆناغەکانی مانگرتندا و لەقاودانی شگرد و درۆکانی بۆق کەڕنای ڕژیمیش دەورێکی بەرچاویان گێڕا. حوزوری بەرینی هێزە سەرکوتگەرە نیزامی و ئەمنیەتیەکان لە شەوێک بەر لە مانگرتن لە ئاستی شار و شارۆچکەکان و هەڕەشە و گرتن و زیندانی کردنی هەڵسوڕاوانی سیاسی لە شارەکانی کوردستان نەیتوانی یارمەتی دەری ڕژیم بێت.
ئەوەی کە وەک ئاكامی ئەم مانگرتنە دەتوانین بۆ کۆماری ئیسلامی بە حیساب بێنین ئەوەیە کە ڕژیم بە ئەنجامدانی ئەم جەنایەتانە نەتەنیا نەیتوانی بە ئامانجەکانی کە دروست کردنی فەزای ترس و وەحشت بوو لە ئێڕاندا بگات، بەڵکو گەلێکیش بۆی پڕ هەزینە بوو وە شەپۆلێکی بەرینتری لە قین و توڕەیی لای خەڵک بە دژی خۆی پەرە پێدا. سەرکەوتنی ئەم مانگرتنە مەوقعیەتێکی گەلێک لاواز تری بە بەراورد بە ڕابردوی بەسەر ڕژیمدا سەپاندوە. وێڕای ئەوە ئەم مانگرتنە پوچی و بێ بنەما بوونی وڕێنەکانی بەرپرسان و دامودەزگا تەبلیغاتیەکانی حکومەتی ئیسلامی و کۆنەپەرستان و کەسانی سەر بە ڕژیمی لە کوردستان سەبارەت بەوەی کە گروپە سیاسیەکان لە کوردستان جێگە و پێگەیان لەنێو خەڵکی کوردستاندا نییە.” بۆ خەڵک لە ئاستی ئێران و جیهاندا ئاشکرا کرد و پیشانیدا خەڵکی کوردستان هەروا کۆماری ئیسلامی بە دوژمنی خۆیان دەزانن. ئەم مانگرتنە ڕۆحیەی خەباتکارانەی خەڵکی کوردستان و ئێرانی بەرز کردەوە و هاوسەنگی هێزێکی باشتری بۆ بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و بزوتنەوەی کرێکاری و ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران بەدی هێنا. نیشانیدا کە ئەم بزوتنەوەیە خاوەنی وشیاری، ئاگاهی، تەشەکول و ڕێبەرییە. نیشانیدا کە جەماوەری خەڵکی ستەمدیتوی کوردستان وێڕای بوونی هەژاری و دەستەنگی، ئامادەن بە نەفهس بەرزیەوە بۆ سەرکەوتن بەسەر کۆماری ئیسلامیدا، لە بەڕێچوون و ژیانی خۆیان هەزینە دابنێن. نیشانیاندا کە کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی سیاسییە و خاوەنی قابیلیەتیەتێکی بەرزە بۆ كاری حیزبی. نیشانیدا لە مانگرتنی سەرتاسەری جەماوەری دەتوانێ وەک ئۆلگو و ئەزمونێکی خەباتکارانەی سەرکەوتو لە سەرتاسەری ئێرانیش بەکار بێت کە تێیدا هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم لە بەرانبەر ئیرادەی جەماوەری خەڵکدا داماو و زەوی گیر بکرێن و کارێکیان لەدەست نیەت. مانگرتنی ٢١ ی خەرمانان بە سەرکەوتن گەیشت و لاپەڕەیەکی زێڕینی تری بە مێژووی پڕ لە شانازی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستانەوە زیاد کرد.