کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بانگەوازی کۆمەڵە بۆ مانگرتنی گشتی رۆژی چوارشەممە ٢١ ی مانگی خەرمانان

کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

بەرەبەیانی رۆژی شەممە ١٧ ی مانگی خەرمانان، سێ لاوی بەندکراوی سیاسی، لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کە لەسەر بنەمای پەروەندەیەکی ساختە و کۆمەڵێک تۆمەتی هەڵبەستراوی دەزگا ئیتلاعاتیەکانی ڕژیم حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاندبوو، تەنیا بە ئامانجی تۆڵە سەندنەوە لە خەڵکی کوردستان، و چاوترسێن کردنیان بەکردەوە دەرهات. ڕامین حسێن پەناهی، لوقمان و زانیار مورادی بوونە قوربانی وەها سیاسەتێکی جەنایەتکارانە. چەند کاتژمێر دواتر و لە حاڵێکدا کە هێشتا هەواڵی ئێعدام کردنیان ڕانەگەیەندرا بوو بنکە و بارەگاکانی ناوەندیی هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیمەکراتی کوردستانی ئێران بە موشەکی دوور هاوێژی هێدایەت کراو، لە قوڵایی خاکی کوردستانی عێراقدا هێرشیان کرایە سەر و لە ئاکامیدا ژمارەیەک لە ڕێبەران، کادر و پێشمەرگەکانی ئەو حیزبانە گیانیان بەختکرد.

ئەم جۆرە رووداوانە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا نوێ نین و مێژووی حەیاتی ئەم ڕژیمە پڕە لەم چەشنە جەنایەتانە، بەڵام ئەم جارە و لە بارودۆخێکدا کە ئەم ڕژیمە لە هەموو لایەکەوە بۆتە ئامانجی ناڕەزایەتی خەباتی سەرتاسەری خەڵکی ئێران و لە گێژاوای شپرزەیی و قەیرانی ئابووریدا پەلەقاژەیەتی، بەم جۆرە کردارانە دەیەوێ زەرفیەت و توانایی تەحەمەلی خەڵکی کوردستان لە ناخی قەیرانی سیاسی ئێستادا تاقی بکاتەوە. وڵامی سەرەتایی خەڵکی کوردستان بەم تاقی کردنەوە جەنایەتکارانەیە شەپۆلێک لە نەفرەت و بێزاری بووە کە ئەمرۆ سەرتاسەری کوردستانی گرتۆتەوە. بەڵام ئاشکرایە کە بۆ بەرپەرچ دانەوەی ڕژیم هێستا ئەوە بەس نییە. پێویستە کە هێزی کۆمەڵایەتی بەرین تر بکەوێتە جوڵە و ڕژیم لە بەرانبەر ئەم جەنایەتەیدا وڵامێکی لێڕاوانەتر وەربگرێتەوە. کۆماری ئیسلامی دەبێ لێی حاڵی بێت کە خەڵکی کوردستان بەم جۆرە کردەوە داماوانەیە چاوترسێن نابن و لە خەبات و تێکۆشانی خۆیان دژبە ستەم و نایەکسانی، بۆ ئازادی و دەستەبەر بوونی ژیانێکی باشتر پاشەکشە ناکەن. بۆ وەها ئامانجێکە کە کۆمەڵە بانگەوازی سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکات بۆ مانگرتنێکی گشتی لە رۆژی چوارشەممە ٢١ ی مانگی خەرماناندا.

لەم رۆژەدا داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین تا بە پشت بەستن بە ئەزمونی بەنرخی ڕابردویان، بە کۆماری ئیسلامی نیشان بدەن کە ئێعدامی ترسەنۆکانەی سێ لاوی زیندانی و موشەک هاویشتن بەملاو بەولای سنورەکاندا نە تەنیا ئەوان چاوترسێن ناکات، بەڵکو لە درێژەی ڕێگایەکدا کە گرتویانەتە بەر، پێداگر تر و سەرسەخت تریان دەکات. ئێمە لەم رۆژەدا داوا لە سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەین دەست لە کار بکێشنەوە و لە حەرەکەتێکی بەیەکەوە، هاوئاهەنگ و لێىڕاوانەدا کرداری جەنایەتکارانەی کۆماری ئیسلامی مەحکوم بکەن. کارمەندانی ئیدارە دەوڵەتی و تایبەتەکان نەچنە سەرکار. کاری ناو نووسینی خوێندکاران و دانش ئاموزان لەم رۆژەدا ڕابگیرێت. سیستمی گواستنەوە و گەیاندنی شاریی لە جوڵە بکەوێت تەنیا ئەو شوێنانە کراوە بن کە پێداویستیە زەروری و هەنوکەییەکانی خەڵک دابین دەکەن.

ئەم مانگرتنە گشتیە لە عەینی حاڵدا چەند داخوازی دیاری کراویشی هەیە. ئەو داخوازیانەی کە دەبێ بە هێزی ئیرادە و خەباتی جەماوری پەیگیری و دابین بکرێت.209k

١ – ئازادی زیندانیانی سیاسی، عەقیدەتی و هەڵسوڕاوانی مەدەنی

٢ – هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم حوکمە ئێعدامە دەرکراوەکان لە بێدادگاکانی کۆماری ئیسلامیدا، هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێدام.

٣ – کۆتایی هێنان بە کوشتاری کۆڵبەران و دابین بوونی کار و بەهەرەمەند بوونیان لە ژیانێکی ئینسانی.

لەم رۆژەدا ئێمە داوا لە خەڵکی کوردستانی عێراق، کە جەنایەتی هێرشی موشەکی لەوێ رووی داوە دەکەین تا بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی جۆراو جۆر، ئەم کردارەی کۆماری ئیسلامی مەحکوم بکەن و بە گەرمی پشتیوانی لە مانگرتنی گشتی خەڵکی کوردستانی ئێران بکەن.

ئێمە سەرجەم سازمانە سیاسییە تێکۆشەر و پێشکەوتن خوازەکانی ئوپوزسیۆنی کۆماری ئیسلامی و ناوەندە کرێکاری و مەدەنیەکان لە ئێران بانگەواز دەکەین بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی گشتی خەڵکی کوردستان و داخوازیە ڕەواکانیان.

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

ئەمە بانگەوازێکە بۆ کەوتنە ڕێی ناڕەزایەتیەکی جەماوەری. هاوئاهەنگی سەرجەم ئەحزاب و سازمانە سیاسیەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامی چالاک لە کوردستان لەم بارەیەوە دەستکەوتێکە کە دەتوانێ خەباتی گشتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەدژی کۆماری ئیسلامی هەنگاوێک بباتە پێشێ. بەڕێوەچوونی ئەم مانگرتنە گشتیە سەرکەوتنێکی گەورە دەبێت بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان بە مەیل و بۆچوونی سیاسی جۆراو جۆرەوە. سەرکەوتنی ئەم مانگرتنە حەرەکەتێکی گەورە دەبێت لە ڕاستای بەرپەرجدانەوەی ڕژیم لە هێرش بۆسەر گیانی زیندانیانی سیاسی، خەبات لە پێناو ئازاد کردنیان و بۆ کۆتایی هێنان بەو ڕەنج و ئازارە سەختانەی کە کۆڵبەرانی زەحمەتکێش بەرەو رووی دەبنەوە.

با هەمومان بەیەکەوە و یەکگرتوانە مانگرتنی گشتی رۆژی چوارشەممە بکەینە وەسیلەیەک بۆ کورت کردنەوەی دەستی جورم و جەنایەت لە زیندانەکانی ڕژیمدا. جگەر گۆشەکانمان لە زیندانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا، ئەو ئیسنانە شەریفانەی کە ژیانی خۆیان تەرخانی دیفاع لە ئازادی و بەرژەوەندی خەڵکی چەوساوە و ستەم دیتو کردوە لە چاوەڕوانی وەها پشتیوانیەکدان، ئەم ئازیزانە نابێ لەژێر دەستی دوژمندا هەست بە تەنیایی بکەن. سەرکەوتنی ئەم مانگرتنە گشتیە پەیامێکی وەفادارانەیە کە بۆ ئەم ئازیزانە دەنیردرێت و لە هەمان حاڵدا ڕێگایەکی کاریگەرە بۆ ڕزگار کردنیان.

لاوانی تێکۆشەر!

سەرکەوتنی ئەم حەرەکەتە و نیشاندانی ڕیزی خۆڕاگری یەکپارچە و یەکگرتوانەمان لە بەرانبەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا لە گرەوی هەوڵ و تێکۆشانی شێلگیرانەی ئێوە دایە. بە هەوڵ و تەلاشی خۆتان ئەم مانگرتنە گشتیە وەک ڕەمزی یەکێتی خەڵکی کوردستان، بکنە سەرمایەیەک بۆ بەرەو پێش چوونەکانی داهاتو بە سەرکەوتن بەگەیەنن.

کرێکارانی پێشڕەو، هەڵسوڕاوانی سیاسی، تێکۆشەرانی ڕێکخراوە مەدەنیەکان!

گرنگی ماگرتنی گشتی لە کوردستان لە رۆژی چوارشەممە ٢١ ی مانگی خەرمانان لە جەماوەری بونیدا و سەرتاسەری بوونی دایە. لەم روەوە پێویستە کە ئەم حەرەکەتە هەموو شار و شارۆچکەکان، سەرجەم ئەسناف و کار و پیشەکان لە باکورەوە تا باشوری کوردستان بگرێتەوە. مانگرتنی گشتی رۆژی چوارشەممە نیشانەی گەشە و هەڵدانی سیاسی بەرزی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان دەبێت. بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی ئەم مانگرتنە بە واتای چەسپاندنی هاوسەنگی هێزێکی نوێیە لە نێوان خەڵکی کوردستان و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا. ئەم حەرەکەتە لە هەمان حاڵدا هەنگاوێکە کە لە ئاستی سەرتاسەری بە بەرینایی هەموو ئێران دەتوانێ وەرەبەخش و ڕێنما بێت. با بە مانگرتنی گشتی رۆژی چوار شەممە ٢١ ی مانگی خەرمانان سەرجەم ئەو دەستکەوتانە دابین بکەن.

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران

١٩ ی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧

١٠ ی سیپتامبری ٢٠١٨