ڕەوتی بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار و داکەوتنی ئازادی نرخی ڕیاڵ لە بازاڕی ئاڵۆزی ئێراندا نیشانەیەکی لە هێور بوونەوە پێوە دیار نییە. نێوەڕاستی مانگی پوشپەڕ واتە دوو مانگ لەوە پێش نرخی هەر دۆلارێک ٨ هەزار تمەن بوو، بەڵام دوو حەفتە دواتر نرخی هەر دۆلارێک گەیشتە سنوری ١٢ هەزار تمەن و بە خێرا تر بوونی بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار لە رۆژی شەممە ١٠ ی مانگی خهرمانەوە تا ئێستا نرخی هەر دۆلارێک بۆتە ١٤ هەزار تمەن. بەرز بوونەوە بە خێرایی نرخی دۆلار نیشانی ئەدات کە لەسەرکار لابردنی وەزیری دارایی دەوڵەتی روحانی و گۆڕینی سەرۆکی بانکی ناوەندی نەیانتوانیوە هەتوانێک بنێنە سەر ” برینی دڵی” نوێنەرانی مەجلیس. بەڕواڵەت دابەزینی نرخی ڕیاڵ ئەم جارە بە شوێن قسەکانی سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندیدا کە وتویە:” ئەم بارودۆخە بەرهەمی نا هاوسەنگی زۆر لە تەرازنامەی سیستمی بانکی و زۆربوونی سهرسوورڕهێنهری نەقدینەگی و جەخت کردنەوە لەسەر نەبوونی ئیرادە بۆ بەرەنگار بوونەوەی” دا رووی داوە. سەرۆکی بانکی ناوەندی هەروەها ڕایگەیاندوە بە نیاز نییە بۆ بەرز کردنەوەی ئەرزشی پارەی نێوخۆیی، ئەرز بڕێژێنه بازاڕەوە. بەم جۆرە تەنیا ڕێگایەکی خێرا کە بۆ دەوڵەت و بانکی ناوەندی بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ توند بوونەوەی قەیران لە بازاڕی ئەرزدا دەمێنێتەوە، بەرز کرنەوەی نرخی بەهرە یان سودی سپوردە بانکیەکانە تا ئاستێک کە خاوەنانی ئەم زەخیرە پوڵی و نەغدینەگیانە دانی سپوردەکانیان بە بانکەکان لە کڕینی دۆلار پێ بە قازانج تر بێت. بەڵام زیاد بوونی نرخی سپوردە بانکیەکانیش لە حاڵێکدا کە زیاتر لە دوو مانگی نەماوە بۆ دەست پێکی سەرلەنوێی تەحریمە نەوتیەکان، لە کورت ماوەدا داخوازی بۆ بەرهەمە نێوخۆییەکان دێنێتە خوارێ و ڕکودی زیاتر لە پیشەسازی و بێکار سازی بەرینتری بەشوێنەوە دەبێت.
لەگەڵ ئەوەی کە سەرانی ڕژیم پیلانی دوژمنانی دەرەکی بە هۆکاری سەرەکی توند بوونەوەی قەیران لە بازاڕی ئەرزدا دەناسێنن، بەڵام قەیرانی ئابووری سەرمایەداری ئێران و دابەزینی ئەرزشی پوڵی داخڵی، بەرهەمی پێکهاتەکانی کۆماری ئیسلامی و ئیجرای بێ ڕاوەستانی سیاسەتە نێئۆلیبڕاڵیەکان و گەندەڵی نیهادینە بوو لە ئۆرگانە حکومەتیەکان لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردو دایە. دامەزراندنی بانکە خوسوسیەکان لە سەرەتای دەیەی هەشتادا، خوسوسی سازی بانکە دەوڵەتیەکان و بە تایبەت بە یاسایی کردنی ناوەند و بونگا ماڵیەکانی سەربە بەیتی خامنەیی و سپای پاسداران کە نە بانکی ناوەندی و نە دەوڵەت هیچ کۆنترۆڵێکیان بەسەر چالاکیەکانیانەوە نییە، بۆتە هۆکاری بنهڕهتی بۆ زیادبوونی سەرسوڕ هێنەری نەغدینەگی لە بازاڕدا کە دواهاتەکانی بەسەر کرێکاران و خهڵكی هەژاردا روخاوە.
لەگەڵ دابەزینی ئەرزشی ڕیاڵ ئەو بەشە لە سەرمایەداران کە بە هۆی ڕکودی درێژ ماوە مەیل و ئارەزویان بۆ سەرمایە گوزاری لە بواری بەرهەمهێناندا نییە، بە ئامانجی ئەوەی کە سەروەتە نەغدەکەیان بە هەدەر نەچیت پەنادهبهنه بەر کڕینی ئەرزە موعتەبەرە خاریجیەکان و زێڕ کە نرخەکەیان لە بازاڕی نێونەتەوەییدا کەمتر هەڵکشان و داکشانی هەیە. چوونی ئەم سەرمایەدارانە بەرەو کڕینی تەڵا و ئەرزی دەرەکی، قەیرانی بازاڕی ئەرز و زێڕ زیاتر دەکات، بەشێوەیەک کە ڕەونەقی کار و کاسبی بازاڕیەکان توشی مەترسی دەکات. بەڵام ئەگەر بازاڕیان ڕەونەقی کار و کاسبیان بکەوێتە مەترسیەوە، واتاکەی لە عەینی حاڵدا ئەوەیە کە دیسانیش ئەوە کرێکاران و توێژی بێبەشی کۆمەڵگان کە ماڵ وێران دەبن، توانایی کڕینیان لە بەرانبەر ڕەوتی روو لە زیاد بوونی نرخی کالاکانی جێی پێداویستی رۆژانە، دیسانیش نزم دەبێتەوە و دابین کردنی هەزینەی مەسکەن و بەڕێچوونی بنەماڵە کرێکاریەکان دژوار تر دەبێت. لەم بارودۆخە شپرزە ئابووریەدا مەترسی گەڕانەوەی سەرلە نوێی تەحریمە نەوتیەکان لە مانگی خەزەڵوەردا، بارودۆخەکەی قەیراناوی تر کردوە.
قەیرانی سەرمایەداری ئێران، گەندەڵی نیهادینە بوو لە پێکهاتەی حکومەتیدا و عەمەل کەردی ناوەند و بونگا ماڵیەکانی سەربە ناوەندەکانی ژێر مەجموعەی بەیتی خامنەیی و سپای پاسداران، قەیران لە بازاڕی ئەرزی گەیاندۆتە ئاستێک کە قابیلی کۆنترۆڵ کردن نەبێت. دەوڵەتی روحانی و بانکی ناوەندی سەرەڕای ئیدیعاکانیان ناتوانن ئەم قەیرانە کۆنترۆڵ بکەن. کابینەی روحانی لەوێوە کە خۆی بەشێک لە حکومەتی ئیسلامی سەرمایە دارانە گەلێک داماو تر لەوەیە کە بتوانێ ئەم قەبارە گەورەیە لە نەغدینەگی کەڵەکە بوو لە دەست ناوەندەکانی سەربە سپا و بەیتی ڕێبەری لەژێر چنگیان دەربێنێ و هەزینەی، دابین کردنی بیمە کۆمەڵایەتی و دەرمانیەکان، بیمەی بێکاری و زیاد بوونی حەق دەستەکان و نۆژەن کردنەوەی توانایی کڕینی کرێکاران و هەژارانی بکات. ئەم قەیرانە، ڕێگا چارەی دەروون حکومەتی و سەرمایە دارانەی نییە.
سۆسیالیزم تەنیا ڕێگا چارەیەکە دەتوانێ ئاسۆی ڕزگار بوون بە رووی کرێکاران و خەڵکی ستەم دیتوی ئێراندا بکاتەوە. ئاڵترناتیوی سۆسیالیستی لە جەریانی مانگرتن و ناڕەزایەتی روو لە پەرەسەندنی کرێکاران و بەرەوپێش چوون و کامڵ بوون و سازمان یابی شوڕایی چینی کرێکار و یەکگرتنی لەگەڵ بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان و ناڕەزایەتی بە ئاسۆی سۆسیالیستیەوە شکڵ دەگرێت. ئاڵترناتیوی سۆسیالیستی لە مەسیری بەرەپێش چوونیدا خۆی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەروخێنێ، دەزگای سەرکوتی سپای پاسداران، ئەڕتەش، پۆلیس، هێزە ئەمنیەتی و بوروکراسی پان و بەرینی دەوڵەتی تێکدەشکێنێ، کۆتایی بە ژیانی مشەخۆریی و پڕ هەزینەیان و سەرجەم دامودەزگاکانی تەبلیغی جەهل و خورافە دێنێ و بە ڕاگەیاندنی حکومەتی شوڕایی کرێکاران گشتگیر ترین ئازادیە سیاسیەکان دابین و زەمانەت دەکات. حکومەتی کرێکاری بە داڕشتنی بناغەی ئابووری سۆسیالیستی بۆ هەتا هەتایە کۆتایی بە مەترسی قەیرانە وێرانگەرە ئابووریەکان دێنێ. سۆسیالیزم، چارەسەر کردنی پێداویستیەکانی خەڵک، دابین کردنی ژیانێکی پڕ لە ڕێفاه و شیاوی ئینسان دەکاتە ئامانجی بەرهەمهێنان و سەرجەم خزمەت گوزاری و بەرهەمەکانی جێی پێداویستی خەڵک لە ئاستێکی زۆردا بەرهەمدێنێ و هەموو نیازە مادی و مەعنەویەکانیان دابین دەکات.