لەوێوە کە بنەمای پێوەندی مالیکانەی بەرهەمهێنان لە نیزامی سەرمایەداریدا پیرۆز و نەگۆڕ فەڕز دەکرێت، دەنگدەران ناتوانن لە ڕێگای دەنگی خۆیانەوە مافی مالیکیەت لە سەرمایەداران کە دەسەڵاتی ئابوورییان لە دەستدایە، بسەننەوە. لە دیموکراسی پاڕلمانیدا دەنگدەران ناتوانن بنەمای ئەم پێوەندیە مالیکانەیە لە ڕێگای دەنگی خۆیانەوە بگۆڕن، واتە لە ڕاستیدا ناتوانن خاوەنی مافی یەکسان بن لە دیاری کردنی چارەنووسی کۆمەڵگادا. ئەو ئینسانانەی کە لە مەوقعیەتی وەک یەک دان لە باری ئابووریەوە، لە بارودۆخی ئاساییدا ئەم ئیمکانەیان نابێت تا بە یهكسانی بچنە نێو ڕقابەتەکانی هەڵبژاردن و لە ڕێگای ئیمکاناتێکەوە کە لەبەردەستیان دایە، خۆیان بە کۆمەڵگا بناسێنن. لە ئاوا کۆمەڵگایەکدا، نیزامی پارلهمانی لە ڕاستیدا هیچ شتێک نییە بێجگە لە سەندنەوەی مافی دەنگدان لە زۆربەی ئینسانەکان. لە ستراتیژی ئێمەدا گونجاو ترین و لە عەینی حاڵدا دیموکراتیک ترین ڕێگای بەشداری جەماوەر لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان و لە حەیاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان، شوڕاکانن. نیزامی هەڵبژاردنی شوڕایی یەک بەیەکی ئەم کۆمەڵگایە لە هەر بارێکەوە دەخاتە مەوقعیەتێکی یەکسانەوە بۆ بەکارهێنانی دەنگیان لە دیاری کردنی ئاڕاستەی کۆمەڵگا و لە بە کردەوە دەرهێنانی ئەوەی کە لە بارەیەوە بڕیار ئەدەن. لەگەڵ ئەوەدا لە دەورەی ئێستای پاڕلمانەکاندا وێڕای بێ ئاکام بوونی مێژوییان، توشی مەحدودیەتی دیکەش هاتون. مەشروعیەتی دەوڵەتانی پشت بەستو بە نیزامی پارلمانی لەم سیستمەشدا بە سێ هۆکاری بنەڕەتی چۆتە ژێر پرسیارەوە: یەکەم، بڕیاری پاڕلمانەکان کەوتۆتە ناکۆکی لەگەڵ دەنگی زۆرینەی هەرە زۆری خەڵک کە لە سهرشهقام و لە مانگرتنەکاندا دەردەبردرێت. واتە مەشروعیەتی پاڕلمانەکان لە لایەن ئەو کەسانەشەوە کە دەنگیان پێداون، لەنێو چووە. دوهەم، کەم بوونەوەی بەشداری خەڵک لە زۆربەی وڵاتان کە جاری وا هەیە کەمتر لە لانی زۆری ٥٠ لەسەدی ئەو کەسانەیە کە دەتوانن دەنگ بدەن. سێهەم، نەبوونی ئازادی هەڵبژاردن و بارودۆخێکی یەکسان بۆ دهنگدهران، تەنانەت لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکانی پەسند کراو لە نیزامی پارلمانیدا. بە پشت بەستن بەم سهرهتایه، سیاسیەتی ئێمە لە بەرانبەر پارلماندا لە بارودۆخێکی دیاری کراو لە چوارچێوەی تاکتیک و سیاسەتی وردی حیزبیدا لە هەر قۆناغێکدا دیاری دەکرێت. شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەبێ ڕێبەریی چینی کرێکار بە ئاکام ناگات. لەبەر ئەوەی تەنیا چینی کرێکارە کە هیچ قازانجێکی لە مانەوەی پێوهندییهكانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا نییە و لەم نەبەردەدا ” هیچ شتێک بێجگە لە زنجیرەکانی دەست و پێی لەدەست نادات.” بەڵام کاتێک باس لە ڕێبەریی چینی کرێکار دەکەین، بابەتی ڕێبەریی کردنی ئەم چینە بەسەر خۆیدا نییە، واتاکەی ڕێبەری کردنی پرۆسە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانە لەلایەن ئەم چینەوە. چینی کرێکار لەوێوە کە لە کۆمەڵگادا دەژیت، بە ناچاری چارەسەر کردنی هەموو كێشهكانی کۆمەڵگای لە ئەستۆیە. بەڵام وەها دەور و نەخشێک خۆی لەخۆیەوە زەمانەت کراو نییە. گێڕانی دەور و نەخشی ڕێبەریی چینی کرێکار لە پرۆسەی شۆڕشی کۆمەڵایەتیدا، بەرهەمی توانایی چینی کرێکارە لە بهدهستهێنانی مەقبوڵیەت بۆ بەرنامە و ستراتیژی سیاسی خۆی لای هێز و بزوتنەوە پێشکەتۆە نا کرێکاریەکان. واتە دەستەبەر کردنی توانایی لە ڕێبەری کردنی توێژ و چینە کۆمەڵایەتیەکانی تر کە بەرژەوەندیەکی هاوبەش ئەوانی لەدەوری ئاڵایەک کۆکردۆتەوە. هێژمونی چینی کرێکار لە عەینی حاڵدا بە قەناعەت گەیاندنی چین و توێژەکانی ترە بەوەی کە چینی کرێکار ئەوان لە قەیرانە سیاسی، ئابووری، جەنگی و ئەمنیەتیی، لە كاته هەستیارەکاندا دەرباز دەکات. لەم بوارەدا سەرنج خستنە سەر جیاوزیەکانی دوو ڕوانگە گەلێک گرنگە. یەکەم، ئەو ڕوانگەیەی کە گۆیا:” چینی کرێکار لە ڕێگای پشت بەستن بە خۆی و داکۆکی لە بەرژەوەندیەکانی خۆی لە کۆتاییدا دەبێتە نوێنەری بەرژەوەندی جەماوەری ژێر ستەم و چەوساوە و توێژە بەینا بەینیەکانی تر.” و دووهەم ئەوەی کە:” چینی کرێکار لە خەباتێکی سیاسی، ئاموزشی و نەزەریدا، بە ڕەچاو کردنی تاکتیک و سیاسەتی دروست و کارساز و بە قەناعەت گەیاندن و ڕاکێشانی جەماوەری بەینابەینی دەگاتە قۆناغی بەرپا کردنی شۆڕش.” ستراتیژی حیزبی کومونیستی ئێران سهبارهت به بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و چین و توێژی بەینابەینیدا لەسەر بنەمای ڕوانگەی دووهەم دامەزراوە. چڕ بوونەوەی ستراتیژیمان لەسەر بنەمای خەباتی چینایەتی و بزوتنەوەی کرێکاری ئێمە لە ئاوڕدانەوە لە بزوتنەوە واقعیەکانی تر کە بەشێوەی عەینی ڕیزی خەباتی کرێکاران لەدژی سەرمایەداران بەهێز دەکەن، غافڵ ناکات. ئەم بزوتنەوانە وەک خەباتێکی پاک و بێگەردی چینایەتی کرێکار و سەرمایەدار بە حیساب نایەن، بەڵام لە ڕووی بابهتییهوه دژی سەرمایەدارین. بزوتنەوەی ژنان، خەباتی ڕەواو و پێشکەوتوانەی کەمینە نەتەوەیی و ڕەگەزیەکان بۆ دەستەبەر بوونی مافی دیموکراتیک، بزوتنەوەی ئاشتی، بزوتنەوەی ٩٩ لەسەدیەکان، فرۆمە کۆمەڵایەتیەکان، بزوتنەوەی دیفاع لە ژینگە و هیتر لە زومڕەی ئەوانەن. ئاشکرایە کە هەر ئاڵوگۆڕێکی بنچینەیی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە مەسیری روخاندنی کۆماری ئیسلامیەوە تێدەپەڕێت. کەوایە، دروشمی روخاندنی ئەم ڕژیمە، بەشێکی جیا نەکراوەیە لە ئاڕاستەی سیاسی و تێکۆشانی ئێمە. بەڵام رووخاندنی ئەم ڕژیمە بۆ ئێمە خۆی لە خۆیدا ئامانج نییە. خەبات بۆ روخاندنی کۆماری ئیسلامی لە ستراتیژی ئێمەدا مانای چینایەتی هەیە. روخاندنی ڕژیمی مەوجود بۆ ئێمە خاڵی دەست پێکی حەرەکەتە بەرەو لێسەندنەوەی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی لە کوللی بۆرژوازی وەک چینێکی کۆمەڵایەتی. بەڵام کۆماری ئیسلامی نە تەنیا لە ڕێگای شۆڕشێکی کرێکاریەوە بەڵکوو لهوانهیه لە ڕێگاگەلی دیکەشەوە بڕوخێت. لە وەها حاڵەتێکیشدا حیزبی کومونیستی ئێران تەماشاگەرێکی بێ لایەن و بێ کردار نابێت، بەڵکوو ڕاست بە ئەندازەی توانایی ڕێکخراو بوون و وشیاری چینی کرێکار و چەسپاندنی مەوقعیەتی حیزب لەنێو ئەم چینەدا هەوڵ ئەدات تا لە ناخی ئەم روداوانەدا سەرکەوتوانە بێتە دەرێ و کاری خۆی لە بارودۆخی نوێشدا بە مەسیرە مێژووییەکەیدا دەرێژە پێبدات. ئەگەرچی حەوزەی فەعالیەتی دیاریکراوی حیزبی ئێمە کۆمەڵگای ئێرانە و ئەولەویەتی ستراتیژ و سیاسهت یان چالاکییە لەم کۆمەڵگایەدا، بەڵام ئەم ئەولەویەته ناتوانێ بە واتای مەیدان دان بە هیچ جۆرە مهیلێكی ناسیۆنالیستی لە حیزبی ئێمەدا بێت. ئهنترناسیۆنالیزم هۆیەت و ناسنامەی ئێمەیە و چالاکیەکانمان لە ئێران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەری مەوقعیەتی جیهانی چینی کرێکار و بزوتنەوەی جیهانی کومونیستی دایە. خاڵی حەرەکەتی ستراتیژیمان بەرژەوەندی جیهانی چینی کرێکارە و لە ڕوانگەی ئێمەوە ناکۆکیەک لەنێوان بەرژەوەندی دوور مەودای بەشە جۆراو جۆرەکانی چینی کرێکاری جیهانیدا بوونی نییە. دروشمی ” کرێکارانی جیهان یەکگرن” بۆ ئێمە نەک ڕاگەیاندنی وابەستەگی مەعنەوەی بە چینی کرێکاری جیهانیەوە بەڵکو بە واتای لە دەستوری کاردا بوونی کۆمەڵێک کرداری سیاسی و تەشکیلاتیە لەم پێوەندەدا.