ئهو بۆچوونه كه گهشهی ناكۆكییهكانی سهرمایهداری ئهو نیزامه خۆی له خۆیدا بهرهو لهناوچوونی دهبات، لە ستڕاتێژی ئێمەدا جێگای نییە. لهڕوانگهی ئێمهوه حەرەکەتی مێژوو لە نیزامی سەرمایەداریدا بەرهەمی دوو ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتیە. یهكهم، کامڵ بوونی هێزە بەرهەمهێنەرەکان و دووههم، خەباتی چینایەتی. گەشەی ئەو دوو هێزەیە کە ئاڕاستە گهشهكردنی کۆمەڵگای بەشەری دیاری دەکات. ئەوەی کە لە باسی ستڕاتێژیدا گرینگە، جەخت کردنەوەیە لەسەر ئەو خاڵەی کە هێزی چالاکیی ئینسانەکان لە ناخی خەباتی چینایەتیدا فاکتۆڕێکی ههره گرینگی دیاری کردنی چارەنووسی کۆمەڵگایەکە. مێژووی شۆڕشەکان، مانگرتن و ناڕەزایەتیە گەورەکان لە سەدەی نۆزدە و بیست دا نیشانی ئەدات کە نیزامی سەرمایەداری لەگەڵ ئەوەدا کە مەسیری سروشتی و روو بە گەشەی ئابووری خۆی پێواوە، لە هەمان حاڵدا لەژێر گوشاری بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا ملی به هێندێک پاشەکشەی دیاری کراو داوە. ئەم گوشارانە بە نۆبەی خۆیان بەشێک لە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی بوون؛ لە ماف و داخوازیەکانی کرێکاریەوە گرتویەتی تا مافی دەنگدانی ژنان، تا پەسند کرانی کۆمەڵێک یاسا لە بواری پاراستنی ژینگە و هیتردا. کەمتر پاشەکشە و ڕیفۆڕمێک لەم سیستمەدا دەتوانی ببینیت کە پێوەندی بە خەباتێکی کۆمەڵایەتی دیاری کراوەوە نەبووبێت و سەرئەنجامیش بە دەستی ئەم هێزە چالاکەیە کە ئەم سیستمە تێکدەشکێت.
کامڵ بوونی پڕۆسەی شۆڕش لە ئاکامی کامڵ بوونی بارودۆخی عەینی و زەینی لە کۆمەڵگادا بەڕێوەدەچێت. بارودۆخی عەینی بریتیە لە مەوقعیەتی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ڕادەی گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکان، و هیتر، کە بە شێوەی سروشتی کۆمەڵێک پرۆسەی لە حاڵی بەرەو پێش چوون و ئاڵوگۆڕدان. بارودۆخی زەینی بریتیە لە مەوقعیەتی هێزێك كه به بهكارهێنانی تواناییهكانی خۆی پڕۆسەی ئەم ئاڵوگۆڕانە خێراتر دەکات. هەردوی ئەم هۆکارانەن كه بنهماكانی ستڕاتێژێكی سەرکەوتووانه پێک دێنن. لە سەردەمی ئێمەدا بە جیهانی بوونی سەرمایە بارودۆخێکی عەینی بۆ روودانی شۆڕشێکی سۆسیالیستی جیهانی فەراهەمە. ئەوەی کە فەراهەم نییە بارودۆخی زەینیە. واتە ئامادەیی چینی کرێکار لە ڕووی وشیاری، ڕێكخراوهیی، هەبوونی حیزبی سیاسی خۆی و هیترە. ستڕاتێژی ئێمە لەم حەوزەیەدا لە کاردایە.
مەکانی بەرەوپێش بردنی ستڕاتێژیمان نە تەنیا کارخانە و شوێنی کار بەڵکو ژینگە بە گشت ئاڵۆزیەکانیشیەوەیە. چینی کرێکار مەوجودێکی ئاڕمانی نییە کە بەم ئیعتیبارەوە پێرۆز بکرێت. کرێکار بوون مەوقعیەتێکی عەینیە و چینی کرێکار مەوجودێکی کۆمەڵایەتیە کە لە دنیای واقعیدا لەگەڵ خەڵکی دیکەی نێو کۆمەڵگادا ئاوێتەیە. مەوقعیەتی عەینی چینی کرێکار وەک چینێکی کۆمەڵایەتی لە باری پێوەندی مالکانەی لەگەڵ ئامرازی بەرهەمهێنانە کە ئەوی کردۆتە هێزی چالاکی ئاڵوگۆڕی مێژوویی بۆ تێپەڕ بوون لە سەرمایەداریەوە بەرەو سۆسیالیزم. چینێكی پێویسته کە بوونی مەرجی بەردەوامی حەیاتی کۆمەڵگایە. بەڵام کرێکار ئەگەر لە کارخانە و مەزرا کار دەکات، لە هەمانحاڵدا لە شار و دێهاتەکاندا دەژی. لە ڕێگای ڕاگەنەرەکانی بۆرژاویی و کۆنەپەرستانەوە بۆمبارانی تەبلیغاتی دەکرێت، لە ڕێكخراوه بە ماهیەت غەیرە کرێکاریەکان و هێندێک جار کۆنەپەرستدا دەبێتە ئەندام، هەر ئەو جۆرەی کە بە ڕیزی خەباتی كۆمۆنیستیەوە پەیوەست دەبێت. ستڕاتێژی ئێمە ئاڵۆزی بارودۆخی کۆمەڵایەتی مەوجودی لەبەر چاوە و لەم روەوە نە لەسەر بنەمای خهون و ئاوات و ئارەزوەکان بەڵکو لەسەر ئەساسی واقعیەتە سەر سەختە کۆمەڵایەتیەکان و مەوقعیەتی عەینی چینی کرێکار بنیاد نراوە و هەوڵ ئەدات وڵامی گشت كێشه کۆمەڵایەتیەکان بداتەوە.
ئەزمونی هەموو دنیا نیشانیداوە کە بۆرژوازی بە زمانی خۆش و بە مهنتیق دەست لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری هەڵناگرێت، بەڵکو ئهم گۆڕانكارییه تەنیا لە ئاکامی گوشار هێنان لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ئیمکان پەزیرە. هەرچی زیاتر نیزامی سەرمایەداری لە قەیران ڕۆدەچێ، بۆ دەرێژەدان بە حاکمیەتی خۆی دەست ئەداتە کرادار و شێوازی توندوتیژی ئامێز و سەرکوتگەرانەی زیاتر. کرداری توندوتیژی لە زاتی ئەم نیزامە دایە. شەڕە ئیمپڕیالیستیەکانی یەکەم و دووهەمی جیهانی لوتکەی توندوتیژی ئەم نیزامە بوون بۆ مانەوە. شەڕە ناوچەییەکانی سەردەمی ” شەڕی سارد” و دوای ئەو نمونە بەرچاوەکانی توندوتیژی خوازانەی زاتیی ئەم نیزامە ئاشکرا دکەن. توندەتیژی شاراوە و ئاشکرای نیزامی سەرمایەداری لەدژی چینی کرێکار و توێژی بێبەشی کۆمەڵگا بەبێ ڕاوەستان لە ئارا دایە. بێکاری، هەژاری، برسیەتی، دەست ڕانەگەیشتن بە ئیمکاناتی بێهداشتی و دەرمانی، خەسارە کۆمەڵایەتیەکان؛ بە گشتی بەشێک لە توندوتیژی سیستماتیکن کە سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان لە دژی کرێکاران و زۆربەی خەڵک پەیڕەوی دەکەن. بۆرژوازی کۆمەڵێک ئامرازی سەرکوتی جۆراو جۆر بۆ مانەوەی خۆی بەکار دێنێ کە سەرکوتی ڕاستەوخۆ تەنیا یەکێک لەوانە. بۆرژوازی لە ڕێگای پەرەدان بە کۆمەڵێک ئەندیشە، ئەفکار و خورافاتی دیاریکراو جەماوەر دەکاتە سەرکوتکەری خۆیان و بەم واتایە سەرکوت دەرونی دەکاتەوە. قانون، ئامرازێکی دیکەی سەرکوتە. ئەو یاسایانەی کە لە پاڕلمانەکانی بۆرژوازی دەردەچن هەمان کرداری توندوتیژی ئامێزی دەوڵەتین کە بۆ درێژەدان بە ڕەنج و ئازاری خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگا ڕەنگی یاساییان پێدراوە. كهوایه، ئەوە کرێکاران و توێژی بێبەشی کۆمەڵگا نین کە بۆ دەستەبەر کردنی ئامانجی ماف خوازانە و ڕەوایان دەست ئەدەنە توندوتیژی، بەڵکو ئەوە سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیانن کە بە کردەوە ڕێگایەک بێجگە لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ هەڵسوکەوتە نا ئاشتی خوازانە بۆ چینی کرێکار و توێژی بێبەشی کۆمەڵگا ناهێڵنەوە. کاردانەوەی هێندێک جار توندووتیژ ئامێزی چینی کرێکار وڵامێکە بە توندووتیژی سازماندراو و سیستماتیکی بۆرژوازی.
لە ستڕاتێژی حیزبی كۆمۆنیستی ئێراندا ڕزگار بوونی کۆمەڵگە لە مناسباتی زاڵمانەی نیزامی سەرمایەداری بەرهەمی شۆڕشێکە کە هێزی بزوێنهری لە کرێکاران پێکدێت. وەها شۆڕشێک نەک سەرچاوەگرتو لە ئیرادەی ئێمە، بەڵکو لەسەر ئەساسی واقعیەتە بنچینەییەکانی ئابوری- کۆمەڵایەتیە. ناکۆکیە چینایەتیەکان، نایەکسانیەکان، هەڵاواردن و بێبەشیە کۆمەڵایەتیەکان، نەبوونی ئازادی تاکە کەسی و سیاسییە کە کۆمەڵگا بەرەو بەرپا کردنی شۆڕش پاڵ پێوەدەنێت. ئێمە دەمانەوێ ئامانجی دادپەروەرانە و ئینسانی نووسراو لە بەرنامەی حیزبدا لە ڕێگای ئاشتی خوازانەوە دەستەبەر بن، بەڵام ئەوە ماهیەتی سەرکوتگەرانەی بۆرژوازییە کە شۆڕش لە ئێران بەرەو شێوازە توندوتیژ ئامێزەکان دەبات. ئاگادار بوون لەم ڕاستیە و ئامادە بوون بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ وەها بارودۆخێک لە بنهما گرنگەکانی ستڕاتێژێكی سەرکەوتووە.
ستڕاتێژی ئێمە لە ڕووی ئەخلاقیەوە گونجاوە لەگەڵ ئامانجی کۆتاییمان دا. ئەرزشە ئەخلاقی، ئینسانی و پێشڕەوەکان لە ستڕاتێژی ئێمەدا ڕێزیان لێ دەگیرێت. بەڵام ” ئەخلاق” مەفهومی واوەتری چینایەتی نییە. ئەخلاقی زاڵ لە کۆمەڵگادا ئەخلاقی چینی لهڕووی ئابووری لهدهسهڵات دایه و لە خزمەت شێوازی بەرهەمهێنانی مەوجود واتە لە خزمەت پاراستنی نیزامی سەرمایەداری دا داڕێژراوه. ئەم نیزامە زاتەن نا ئەخلاقی و نا ئینسانیە. ئەخلاقی بۆرژوازی لەسەر بنەمای پیرۆز کردنی نا یەکسانی کۆمەڵایەتی، پیرۆز کردنی پێوەندی مالیکانەی مەوجود و ڕەوایی دان بە کرداری نائەخلاقی چەوساندنەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان بنیاد نراوە. ئەخلاقی بۆرژوازی بەکار هێنانی هەموو ئامرازێک لە خزمەت پاراستنی پێوەندی مالیکانەی مەوجود دا بە ڕەوا دەزانێ. کەسێک کە ئامانجی دەستەبەر کردنی پارەیە مەسەلەن دەتوانێ بۆ دابین کردنی ئهو ئامانجه کڵاوبەرداری بکات، ئیحتیکار بکات، ئیختیلاس بکات و هیتر. ئەگەر ئامانج دەستەبەر کردنی دەسەڵاتی شەخسیە، کەوایە پاشقوڵدان، پیلانگێڕی، فڕوفێڵ و تەڵەکەبازیش دەتوانێ ڕێگه پێدراو بێت. بەڵام ئەخلاقی ئێمە مژدە دەری ڕزگاری ئینسانە لە پێوهندییهكانی زاڵامانەی سەرمایەداری. لە ستڕاتێژی ئێمەدا دڵ ڕەقی، درۆ کردن و هەلپەرستی، شەخس پەرستی، جێگایەکی نییە. لە ستڕاتێژی ئێمەدا ڕەوا بوونی ئامانج، بەکارهێنانی هەموو وەسیلەیەک پاساو ناكات، بەم واتایە بەرنامە و ستڕاتێژی ئێمە لە ڕووی ناوەرۆکی ئینسانی خۆیانەوە یەک جۆرن. پێوەندیەکی ناوەرۆکیی و مەعنەوەی لەنێوان بەرنامە و ستڕاتێژی ئێمەدا هەیە. هەم ئامانجی نیهایی ئێمە شورئەنگیز و ئینسانیە و هەم ڕێگایەک کە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دەیپێوین پێوانە و محەکێکە بۆ بەراورد کردن و هەڵسەنگاندنی ئینسانیەتی ئێمە.