حیزبی کومونیستی ئێران خاوەن چەندین بەڵگەنامەی بنچینەییە کە لە قۆناغی جۆاراو جۆری هەڵسوڕانی حیزبدا ئامادە کراون، ئەم بەڵگانە پێناسهی هۆویەت، ئامانج، پێگەی سیاسی و ڕێبازی حیزبن. ئەم بەڵگانە پشتیان بە جیهان بینی زانستی، ماتریالیزمی دیالکتیک و ماتریالیزمی مێژوویی و ئەزمونەكان بزوتنەوەی کرێکاری و کومونیستی جیهانی بەستوە. ” بەیانیەی حیزبی کومونیستی ئێران”، ” بەرنامەی حیزبی کومونیستی ئێران”، ” ئەساسنامەی حیزبی کومونیستی ئێران” و “ستراتێژی حیزبی کومونیستی ئێران”، لە زومڕەی ئەو بەڵگەنامانەن. ئەم بەڵگانە بە باسە تیئۆریکەکانی ماڕکس پشت ئەستورن و خاوەنی ڕاستی و ڕهواییهكی زانستین و بە هۆی ئەم سهرچاوه زانستیەوە بهردهوام بهرهو بەرەو کامڵ تر دهڕۆن.
بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیست پۆختهی داخوازییهكانمانه کە بهستێنی بهكردهوه دهرهاتنیان له کۆمەڵگایەی ئەمڕۆدا فەراهەمە. بەرنامەکە لە ههمان كاتدا ئامرازێکە کە لە ڕێگای ئەوەوە کۆمۆنیستەکان ئامانجەکانیان بە کۆمەڵگا دەناسێنن. بەڵام ستراتێژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، پێمان دهڵێت كه به چ ڕێگایهك دا و به چ ئامرازگهلێك ڕێگای بهرهوسهركهوتن ببڕین. بە هەمان ڕادە کە بەرنامەکەمان واقع بینانە و زانستییە، ئیستراتیژیشمان بە هەمان ئەندازە بە دوور لە خەیاڵ پەردازیه و دەتوانێ ئیمکانی سەرکەوتنی چینی کرێکار بە روونی نیشان بدات.
ئێستا بە حوکمی بارودۆخی بابهتی خهباتی چینایەتی و پۆختهتر بوون و بهئهزموون تربوونی هێزی چهپ له ئێران، چەمکی بەرنامەیی تا ئاستێکی زۆر وەک دەستکەوتێک چەسپاوە و کەم و زۆر تێگهیشتنێكی هاوبەش لێی هەیە. بەم هۆیەوە لێک ترازانانەکانی ئەم ساڵانەی دوایی لەنێو هێزە سیاسیە چەپەکانی ئێراندا هیچکامیان لەسەر جیاوزی بەرنامەیی نەبووە. لەم روەوە ئەمرۆ لە ڕاستیدا، ستراتیژی ئەو ئاڵقە سەرەکیەیە کە جیابوونەوەکان و یان ئیئتیلاف و نزیکایەتیەکان دیاری دهكات. ستراتێژی حیزبی کومونیستی ئێران پێبەپێی خەباتی چینی کرێکار و لەگەڵ ئەو خەباتەدا دەتوانێ بەرەو پێش بچێت.
چینی کرێکار بۆ باشتر بوونی بارودۆخی کار و ژیانی بە شێوەی سروشتی خەبات دەکات، لە ئاکامی ئەم خەباتەدا گەلێک پاشکەشە بەسەر دوژمندا دەسەپێنێ، بارودۆخی ژیانی باشتر دەبێت، باشتر بوونی بارودۆخی ژیانی ئەو دەرفەتەی ئەداتێ ئاوڕ لە بابەتی تریش بداتەوە، لەگەڵ ڕۆناکبیرانی کومونیست و شۆڕشگێڕ پێوەندی دەبەستێ، ئاسۆی بەردەمی ڕوونتر دەبێت، پێگەی خۆی وەک چینێک هەست پێدەکات، دەچێتە نێو گوڕەپانی خەباتی سیاسیەوە، بە خەباتی خۆی ئازادیە دیموکراتیکەکان و مافی گشتی تر بەسەر دوژمندا دەسەپێنێ، دەستەبەر کردنی ئازادیە دیموکراتیکەکان دەرفەتی سازمان یابی و ڕێکخراو بوونی ئەداتێ، ڕێگا یاساییەکان بۆ گۆڕینی مناسباتی ئێستا بە رووی خۆیدا داخراو دەبینێ، حیزبی سیاسی کومونیستی خۆی پێكی دێنێ و یان بە حیزبی سیاسی کومونیستی مەوجودەوە پەیوەست دەبێت، بۆی دەر دەکەوێت کە ئەو لەبنەڕەتدا بەهۆی بێبەش بوونی لە مالیکیەتی بەسەر ئامرازی بەرهەمهێنان دایە کە بۆتە کۆیلەی سەرمایە، لەم روەوە بۆ ڕزگار بوون لەم کۆیلەتیە، ڕادەپەڕێت و شۆڕش بەرپا دەکات، بە شۆڕشی خۆی ماشێنی دەوڵەتی بۆرژوازی تێکدەشکێنێ، قانونی ئەساسی خۆی بە پەسندی کۆمەڵگا دەگەیەنێ، دەوڵەتی خۆی پێکدێنێت، بەرهەمهێنان بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی کۆمەڵگا دەکاتە جێگرەوەی بەرهەمهێنان بۆ سود و قازانج. ئەم پڕۆسەیە هەروا درێژەی دەبێت تا دەستەبەر بوونی یەکسانی و ڕیفاه، لەگەڵ گەشە پێدانی ئابووری و بەرهەمهێنانی فراوان و بهرهبهره فەرهەنگ و ئەخلاقیاتی کۆمەڵگا دهگۆڕێ و بە کۆتایی هێنانی یەکجارەکی بە نیزامی چینایەتی و دامەزراندنی کۆمەڵگای کومونیستی دەوڵەتیش پێویستی نامێنێ و پڕۆسەی لەنێو چوونی بە ئاکام دەگات. وەک دەبینین ئەمە پرۆسەیەکی بێ ڕاوەستان و بەیەکەوە گرێدراوە. لە درێژەی ئەم پرۆسەیەدا ڕەنگە هێندێک شکست و پاشکەشەش رووبدات، ڕاوەستانی کورت ماوە بسەپێندرێت، بەڵام ئاڕاستەی سەرەکی حەرەکەتەکە ناگۆڕدرێت. هەست کردن بەم پەیوەستەگی و گرێدراویە یەکێک لە پێداویستیەکانی دیاری کردنی ستراتیژیەکی سەرکەوتوە.
هەر کۆمەڵگایەک لە قۆناغێکدا بێەوێ و نەیەوێ دەکەوێتە بەر ئاڵوگۆڕ کۆمەڵێک رووداوی گرنگ. ئەو ئاڵوگۆڕ و رووداوانە ڕەنگە ڕەخسانی بارودۆخێکی شۆڕشگێڕانە، داگیرکاریەکی نیزامی لە لایەن هێزی دەرەکیەوە، روودانی شەڕ و یان تەنانەت کارەساتێکی سروشتی بێت. حیزبی سیاسی کە لەم جۆرە ئانوساتە هەستیارەی ژیان کۆمەڵگەدا، لە خاڵی وەرچەرخانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دا، بتوانێ بە ستراتیژی دروست و بە کرداری وشیارانە، ڕێکخراو و لە کاتی خۆیدا، کۆمەڵگا بەرەو ئاڕاستەی دروست هیدایەت بکات، یان تەنانەت دەورێکی ئەرێنی بەرچاوی لە وەها قۆناغێکدا هەبێت، بە خێرایی کۆمەڵایەتی و جەماوەری دەبێتەوە. بە پێچەوانە، ئەگەر بێت و لە وەها دەوریەکدا ئەم دەرفەتانە لەدەست بدات، بە ساڵانێک کاری ڕوتین ناتوانێ قەرەبوی بکاتەوە و دەرفەتە مێژووییەکە لە دەست ئەدات. هەر ئەو جۆرەی کە سیاسەتی درووست لەم قۆناغانەدا دەور و نەخشی چارەنووسی سازی هەیە، سیاسەتی ههڵهس: دەتوانن حیزب بەرەو دواوە بباتهوه. كۆمەڵایەتی بوونەوەی حیزبێک بەرهەمی گرێدراو بوونی لەگەڵ بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان و گێڕانی دەورو نەخشێکی ئەرێنییە لە سهردهمگهلێ چارهنووس سازدا. شۆڕشی کۆمەڵایەتی پرۆسەیەکە کە بەشێوەی ئارام و بەرە بەرە دەکەوێتە ڕێ، لە مەسیری روو بەرەو پێش و پڕ هەوراز و نشێویدا دەبێتە هۆی ئاڵوگۆڕی ئابووری و سیاسی لە کۆمەڵگادا. ئەم پرۆسەیە لە كاتێك دەگاتە لوتەکەی خۆی واتە دەگاتە دەورەی شۆڕشگێڕانە، سیستمی حقوقی مەوجود تێکەوە دەپێچێ، پێوەندی مالیکانەی بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگادا بەشێوەی بنهڕهتی دەگۆڕێت و نیزامێکی کۆمەڵایەتی نوێ دەکاتە جێگرەوەی. لەم پرۆسەیەدا هەم شاهیدی ئاڵوگۆڕی سیاسی و هەم ئاڵوگۆڕی ئابووری لە کۆمەڵگادا دەبین. لەم نێوانەدا ئاڵوگۆڕه ئابوورییهكان بە پێچەوانەی گۆڕانكارییه سیاسییهكان بە شێوەیەکی خێرا روو نادەن، بەڵکو بەرە بەرە شکڵ دەگرن. چەندایەتیەکان لەسەر یەک کەڵەکە دەبن و تا کاتێک کە قاوغەکەیان دەتورێنن و لە قۆناغێکدا کەیفیەت واتە چلۆنایەتیەکی نوێ بەدی دێنن. ئەم بازدانە کۆمەڵایەتیە واتە بوونی کەمیەت بە کەیفیەت رووداوێکی شۆڕشگێڕانەیە.
پرۆسەی شکڵ گرتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەرهەمی گەشەی دوو بەشی لێک جیانەکراوەی” ئابووری ” و ” سیاسی”یە کە یەکێکیان بارودۆخی بە ئاکام گەیشتنی ئەوی تر فەراهەم دەکات. لایەنی سیاسی شۆڕش کێشمەکێشێکی سیاسییە کە بۆ ئەوەی تەکلیفی نەبوونی هاوسانی دەسەڵاتی ئابووری لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی یەکلایی بکاتەوە. لایەنی ئابووری شۆڕش لە ئاکامی کامڵ بوونی بەرە بەرە و لە ناخی کۆمەڵێک لە ئاڵوگۆڕی روو بە پێشەوە روو ئەدات. ئاڵوگۆڕی بە شێنەیی و تەدریجی( ڕیفۆڕم) و ئاڵوگۆڕی بەخێرایی و کتوپڕ( شۆڕش)، لێکتەندراون و لە پێوەندیەکی دیالکتیکی دان لەگەڵ یەکتردا. شۆڕش لە کۆمەڵگادا لە ناخی ئاڵوگۆڕە بە شێنەییەکانەوە سهرههڵدهدات و دوای سەرکەوتنی شۆڕش سەرلەنوێ ڕێگای ئاڵوگۆڕی تاڕادهیهك بەشێنەیی دەگرێتەوەبەر. لەم مەسیرەدا ڕیفۆڕمە ئابووریەکان زۆر جار ڕیفۆڕمی سیاسیان بەشوێندا دێت.
شۆڕش دهتوانێ سیستمی حقوقی سەردەم بە فەرمانێک بگۆڕێت بەڵام گەیشتن بە فراوانی و ڕیفاه، هەرچەند ڕەوتەکەی خێراش بێت، بتەوێ و نەتەوێ ئاڵوگۆڕێکی بە شێنەیی دەبێت. بەم جۆرە دەبینین کە ئێمە لەگەڵ یەک دوو جەمسەری نێوان شۆڕش و ڕیفۆڕمدا بەرەو روو نین. شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەبێ ڕیفۆڕم روو نادات و شۆڕش دوای ئەوەی کە تەکلیفی ناکۆکیە کۆنەکانی یەکلایی کردوە، خۆی ڕێگای ئاڵوگۆڕی بە شێنەیی دەگرێتەبەر. کومونیستە شۆڕشگێڕەکان تەنانەت ئەگەر کاتێک کە شۆڕشیش لە ئارادا نەبێت، ههر شۆڕشگێڕن. ئەوان لە عەینی شۆڕشگێر بووندا، تێکۆشەرانی شێلگیری ئەنجامدانی ڕیفۆڕمن لە بوارە ئابووری، سیاسی وفەرهەنگیەکانی کۆمەڵگادا. دوو وشهی ڕیفۆڕم و شۆڕش بۆ دەربڕینی هەر مەبەستێک بەکار بهێندرێن بە جێگای خۆی، بەڵام بۆ دەرکی کۆمەڵناسانە و زانستی لە چەمک و مەفاهیمی شۆڕش و ڕیفۆڕم لە باسی ستراتیژیدا پێویستە لە بەکارهێنانی باوی ئهم وشانه دوور بکەوینەوە. بۆ نمونە ئاڵوگۆڕ لە سیستمە حکومەتیەکان لە ئوروپای رۆژهەڵات دوای لێک هەڵوەشانی یەکێتی سۆڤیەت ناویان لێندرا” شۆڕشە نارنجیەکان”. ” محەممەد ڕەزا شا” ڕفۆڕمەکانی خۆی بە” شۆڕش” ناوبرد. کۆماری ئیسلامی ڕەوتی بە دەسەڵات گەیشتنی خۆی ناو ناوە” شۆڕشی ئیسلامی”. دەرکردنی داگیرکەرانی دەرەکی لە وڵاتێک و دەستەبەر کردنی سەربەخۆیی مەعمولەن ناو دەندرێت” شۆڕش”. روخاندنی دیکتاتۆڕەکان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکوری ئافریقا لە روداوەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبیدا وەک شۆڕش ناویان براوە. هێندێک جار کۆنەپەرستانە ترین ئالوگۆڕەکان لە کۆمەڵگایەکدا ناو دەندرێن ” شۆڕش.” سەبارەت بە ڕیفۆڕمیش ئەم داستانە تێکرار دەبێتەوە. وەک نمونە هێندێک جار ڕازاندنەوەی ڕواڵەتی ڕژیمی ئیسلامی ناو دەنێن” ڕیفۆڕم”. جاری واهەیە مانۆڕێکی سیاسی و پاشکشەیەکی تاکتیکی ڕژیمەکان بە ڕیفۆڕم نادەبرێت.