لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردودا، هەواڵنیریەکانی دنیا چەندین ڕاپۆرتی تێروتەسلیان سەبارەت بە پەرەسەندنی ئاستی ناڕەزایەتیەکان لەدژی بارودۆخی نابەسامانی ئابووری، کەم بوونی خزمەتگوزاری شاری و بڕانی بەردەوامی ئاو و کارەبا لە شارە جۆراو جۆرەکانی عێڕاق بڵاو کردۆتەوە. شەپۆلی نوێی خۆپیشاندانە جەماوەریەکان ٦ رۆژ لەوە پێش لە بەندەری بەسرە لە باشوری عێڕاق دەستی پێکرد و بەرە بەرە بەغدا و باقی شارە گەورەکانی عێڕاقی گرتەوە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە شەشەمین رۆژ لە ناڕەزایەتیەکانی شارۆمەندانی عێڕاقی، خۆ پیشاندەران چوونە نێو فرۆکەخانەی نەجەفەوە. بەشوێن کۆنترۆڵ كردنی فرۆکەخانەی نەجەفدا لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە، لهمشاره باری نائاسایی ڕاگەیەندرا و یاسای قەدەغە بوونی هاتوچۆ، بەکردەوە دەرهات. هاوکات لە شارەکانی ناسریە و عەمارەش خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دژ بە گەندەڵی و کەم بوونی خزمەتگوزاری گشتی بەڕێوەچووە. خۆپیشاندان لە بەسرە لەدژی بێکاری و کەم بوون ئاوی خواردنەوە کە لە رۆژی یەکشەممەوە دەستی پێکردبوو تا ئێستا رۆژانە درێژەی هەبووە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە ئاکامی تەقەی ڕاستەخۆی پۆلیس بەرەو رووی خۆپیشاندەران، لانیکەم ٣ کەس کوژراون و ژمارەیەکیش بریندار بوون. لهههمان كاتدا خەڵکی ناڕازی لە ئوستانی میسان شەوی ڕابردو هێرشیان کردۆتە سەر بارەگا و مقەڕی حیزبەکانی سەر بە ڕژیمی ئێران و لهدژی ڕژیمی ئێران درووشیمان وتهوه. دەوڵەتی عێڕاق وێڕای خستنە ئامادە باشی هێزە ناوچەییەکانی بەشێک لە هێزە ئەمنیەتیەکانی خۆی لە ئوستانی کەرکوک کێشاوەتەوە و بۆ کۆنترۆڵ کردنی خۆپیشاندانی خەڵک ناردونی بۆ ئوستانە مەرکەزیەکان. هەروەها دەوڵەتی عێڕاق بە ئامانجی بڕینی پێوەندی نێوان خۆپیشاندەران، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ئینترنێتی ڕاگرتوە. دەوڵەتی عێراق هەوەها داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کردوە بۆ ماوەیەکی نادیار تۆڕە کۆماڵایەتیەکان لە کوردستان دابخات. بەم جۆرە دەوڵەتی عێڕاق لە حاڵێکدا کە گەرمای هەوا گەیشتۆتە ئاستێکی تاقەت پڕوکێنی بانتر لە ٥٠ پلە، بە جێگای ئەوەی ڕێگایەک بۆ دەچوون لە بارودۆخی دژواری ئێستا پیشانی خەڵک بدات، وەک کۆماری ئیسلامی پەنای بردۆتە بەر هاسان و بەردەست ترین بەناو ڕێگا چارە، واتە سەرکوتی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک.
سازمانی شەفافیەتی نێونەتەوەیی کە دامەزراوەیەکی سەربە ناوەندە ماڵیەکانی سەرمایەداری جیهانیە، دەوڵەتی عێڕاقی وەک یەکێک لە گەندەڵ ترین وڵاتانی دنیا لەباری ماڵیەوە ئەرزیابی کردوە. دزی لەم وڵاتەدا بە ڕێکخراوەیی دهكرێ، لە رۆژی ڕۆشندا، بە زۆرەملێ و بە بەرچاوی خەڵکەوە، بەڕێوەدەچێت. وڵاتێک کە لەسەر دەریایەک لە سەروەتی سروشتی رۆنیشتوە و بە هەموو زەرفیەتەکانیەوە نەوت هەناردە دەکات، وڵاتێک کە بە هەڵکەوتن لە نێوان دوو رووباری پڕ ئاوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەتوانێ لەباری بەرهەمی کشتوکاڵیەوە یەکێک لە پڕ بهروبووم ترین ناوەچەکانی دنیا بێت، خەڵکەکەی لە گەرمای ٥٠ دەرەجەدا بە دەست بێ ئاوی و بێ کارەبایی، واتە سەرەتایی ترین پێداویستیەکانی ژیانی ئەمرۆییەوە دەناڵێنن. شیاوی سەرنجە کە ئەم بێبەشیە نە تەنیا لە ناوچە شەڕ لێدراوەکان، بەڵکو لە ئوستانەکانی ناوەندی و باشوری عێڕاق کە لانیکەم ژێرخانی شارییان تێدا لەنێو نەچووە.
بەڵام هاوکاتبونی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لە ئێران و عێڕاق، هەردوکیان لەدژی ڕژیمە مەزهەبیەکانی تا سەر ئێسقان گەندەڵ و کۆنەپرست، بە داخوازی هاوشێوەوە، ڕووداوێكی دڵخۆشكهره. ئەوەیکە تا دوێنێ دهگوترا جهماوهری خهڵكی عێراق گۆیا بە هۆی وابەستەگی مەزهەبیەوە چاوپۆشی لە کردارەکانی ڕژیمی ئێڕان دەکەن، ئهمڕۆ به پێچهوانه دهرچووه و خهڵك هێرش دەکەنە سەر بنكه و بارهگای حیزبەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و دروشمی دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق دەڵێنەوە، ئهوه نیشانەیەکی هیوا بەخشە لە وەحدەتی خەباتکارانەی خهڵكی هاوچارهنووس لهم دیو و له دیوی سنور.
بایکۆتی ئاگاهانە وبەرینی هەڵبژاردنی ئەم دواییە لە عێڕاق نیشانیدا کە گوروپە دەسەڵاتدارەکان لەم وڵاتەدا، پاشماوەی ئەو نفوزەی کە بە پشت بەستن بە ناکۆکی مەزهەبی نێوان پەیڕەوانی شیعە و سوننە، کە خۆیان پەرەیان پێدابوو، هەیانبوو، لە دەستیان داوە. زۆرینەی بێدەنگ جوڵاوە و لەدژی دەزگای دەوڵەتی گەندەڵ و کۆنەپەرست ڕژاونهته سەر شەقامەکان. ئەم گوروپانە ئیتر ناتوانن نە بەسەر نەفرەتی مەزهەبی نێوان شیعە و سوننیدا، حکومەت بکەن و نە بە کرداری سەرکوت گەرانەیان لەدژی خەڵکی کوردستان، لەنێو خەڵکی غەیرە کوردا، پێگەیەک بدۆزنەوە. خەڵکی عێڕاق ئیتر تەنانەت ئەمنیەتی خۆشیان لە بەرانبەر مەترسی داعش و جەریاناتی وەک ئەودا، نابەستەنەوە بە بوونی ئەو دەوڵەتەوە. بێ هۆ نییە کە حەیدەر عیبادی سەرۆک وەزیر و هادی عامری فەرماندەی حەشدی شەعبی هیچکامیان نەیاتوانی، بە لەبەرۆک دانی میداڵی سەرکەوتن بەسەر داعشدا و یان کردەوەکانیان بۆ دەرهێنانی کەرکوک لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خەڵک بکێشنە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان. خەڵکی عێڕاق بەو بایکۆتەیان، “نوری مالکی”یان کە بەشێک لە عێڕاقی دوو دەستی پێشکەشی داعش کردبوو، سزا دا، بەبێ ئەوەی کە بە عیبادی و عامریش ئیجازە بدات کە سەرکەوتن بەسەر داعشدا بە حێسابی خۆیان بنووسن.
کردارەکانی دەوڵەتی عێڕاق لە ماوەی ئەم رۆژانەی دواییدا، نیشانی ئەدات کە ئەم دەوڵەتە مەترسیەکەی زۆر بە جیدی وەرگرتوە. بێ هۆ نییە لە شارێكی وەک نەجەف کە گۆیا دەبوو ناوەندی نفوز و دەسەڵاتی دەوڵەتی شیعە مەزەهەب بێت، ناچار دەبێت حکومەتی نیزامی ڕابگەیەنێت و یاسای قەدەغە بوونی هاتوچۆ بهڕێوه بهرێت. لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا لە چەند قۆناغدا شاهیدی ناڕەزایەتی جەماوەری لە عێڕاق و بە تایبەت لە شاری بەغدا بووین، بەڵام قەت دەوڵەتی عێڕاق بەم شێوەیە و بە ڕادەی ئەمرۆ، سەر لێ شێواو و وەحشەت لێدراو لەبەرانبەر ناڕەزایەتی خەڵکدا نەبیندراوە. له ڕاستی دا، شنەی بای ئازادی کە لە ئێرانەوە هەڵی کردوە، هیوای سەرکەوتنی لە دڵی خەڵکی عێڕاقیشدا بووژاندووهتهوه. لەم ڕوەوە دارودەستەکانی حاکم لە عێڕاق، ناحهقیان نییه ئهگهر نیگهران بن.