رۆژی هەینی ١٥ ی مانگی پوشپەر ڕاگەیەنەرەکانی وڵاتی هولەند ئاشکرایان کرد کە دوو دیپلۆماتی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامیان مانگێک لەوە پێش دەرکردوە. سەرویسی ئیتلاعاتی هولەندیش هەمان رۆژ ئەم هەواڵەی پشت راست کردەوە. وتەبێژی سەرویسی ئیتلاعاتی هۆلهند رایگەیاند:” ئەم دوو کەسە سەر بە کۆماری ئیسلامی لە لاهە بوون، ١٧ ی مانگی جۆزەردان بە ڕەئی دادگا لە پێوەند لەگەڵ تیرۆری هاووڵاتییهكی ئێرانی ــ هولەندی ساڵ و نیوێک لەوەپێش، دەرکران. ئەوان پێشتر بە تاوانی دەست هەبوون لە تیرۆر کردنی یەکێک لە نەیارانی ڕژیم، لە لایەن پۆلیسی هولەندەوە گیرابوون.” ڕاگەیەنەرەکانی هولەند نووسیان کەسی تیرۆر کراو ناوی عەلی موعتەمد بوو کە لە دەیەی ٨٠ ی زاینیەوە وەک پەنابەری سیاسی هاتبووە هولەند و لەگەڵ موجاهیدینی خەڵک پیوەندی هەبووە. ئولیس عیلیان، وەکیل و نوێنەری بە ڕەگەز ئێرانی پاڕلمانی هولەند، جەختی کردەوە کە تیرۆری عەلی موعتەمد بە دەستوری ڕژیمی ئێران بەڕێوەچووە. لەم پێوەندەدا مانگێک لەوەبەر و لە سەرودەمی محاکمەی ئەو دوو دیپلۆماتە تیرۆریستەدا، وەزاڕەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی سەفیری هولەندی لە تاران بانگ کردبوو وە سەبارەت بە بەناو ” پێبەند نەبوونی هولەند بە تەعەهودە نێو نەتەوەییەکانەوە لە پەنادان بە ئەندامانی موجاهیدینی خەڵک و دەست بەسەر نەکردن و دادگایی نەکردن و دەرنەکردنیان” ناڕەزایەتی دەربڕیبوو. ئەمەش ناڕاستەوخۆ بە واتای تەئیدی تیرۆر کردنی نەیارانی سیاسی لە دەرەوەی وڵاتە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە.
بەڵام ئەوە تەنیا پەروەندەی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە یەک دوو ساڵی ڕابردودا نییە لە هولەند. رۆژی ١٧ ی مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوش تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەحمەد مەولا ئەبو ناهز، چالاک و پەنابەری سیاسی ئێرانی و دامەزرینەری” بزوتنەوەی ئازادی بەخشی ئەلئەحواز”یان لەبەردەم ماڵەکەی لە شاری لاهە تیرۆر کرد.
حاڵەتی سێهەمی کرداری تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لەم ماوەیەدا لە ئوروپا، بەرنامە دانان بۆ تەقاندنەوەی كۆبوونهوهی ساڵانەی موجاهیدینی خەڵک لە فەڕانسە بوو. کە بوو بە هۆی گیرانی یەکێک لە باندە تیرۆریستیەکانی ڕژیم لە ئەوروپا. رۆژی شەممە ٩ ی مانگی پوشپەڕ دەفتەری دادستانی دەوڵەتی بلژیک ڕایگەیاند کە پۆلیسی ئەو وڵاتە ٥٠٠ گرەم مادەی تەقینەوەی لە ماشێنی ژن و مێردێکی ئێراندا دۆزیوەتەوە و دەستی بەسەردا گرتوە. لە توێژینەوەکانی دواتریاندا لەسەریان دەرکەوت کە ئەوان مادەی تەقینەوەیان لە ئەسەدواللە ئەسەدی یەکێک لە دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ویەن وەرگرتوە تا بیبەن بۆ پاریس. دەزگا ئەمنیەتیەکان و پۆلیسی وڵاتانی بلژیک، ئوتریش، ئاڵمان و فەرانسە لە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکتردا ئەم پرۆژە و تۆڕە تیرۆریستیەی کۆماری ئیسلامیان دۆزیوەتەوە و پوچەڵ کردۆتەوە و هەمویشان، لەوانە ئەسەدواللە ئەسەدی کە بۆ مودیریەت کردنی ئەم پرۆژە تیرۆریستیە چوبو بۆ ئاڵمان دەست بەسەریان کرد. رۆژی دوو شەممە ١١ ی مانگی پوشپەڕ، دوو رۆژ بەر لە چوونی حەسەن روحانی بۆ ویەن دەوڵەتی ئوتریش سەفیری کۆماری ئیسلامی بانگ کردوە تا پێی ڕابگەیەنێت کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا پاریزبەندی ئەو تیرۆریستە هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەرنا خۆیان ئەوە کارە دەکەن.
ئەم ئابروچوونە تیرۆریستیە بە ڕادەیەک شەرمەزارانە بوو کە سەدری ئەعزەمی ئوتریش سەرەڕای مناسباتی ئابووری چەندین ساڵەی پڕ سود و قازانج لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و سەرەڕای ئەوەیکە ڕژیم ویستبوی لەو بارەیەوە قسە نەکەن، نەیتوانی لە دیدار لەگەڵ روحانی سەبارەت بەو بابەتە بیدەنگ بێت و پێداگرانە خوازیاری روون کردنەوەی ئەو کردارە تیرۆریستیە لە لایەن روحانیەوە بوو. تا ئەو جێگایەی کە جەواد زەریف ناچار بوو بەڵێنی بدات کە یارمەتی روون بوونەوەی ئەدات. پەروەندەی تیرۆریستی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی بە ڕادەیەک بەڵگە مەنده کە دەوڵەتانی ئوروپایی لە معامەلە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بە هاسانی دەتوانن لەوانە وەک گوشار و وادار کردنی ڕژیم بە دانی ئیمتیازی زیاتر کەڵک وەربگرن. ئەم کردارانە و دەیان کرداری تری تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا بە کردەوە دەردێن کە ڕژیم لە ساڵی ١٣٧٦ وە زەمانەتی داوەتە یەکێتی ئوروپا کە ئیتر لە حەوزەی جۆغڕافیایی وڵاتانی یەکێتی ئوروپادا دەست ناداتە کرداری تیرۆریستی.
گەلێک لە دەوڵەتانی ئوروپایی لە ماوەی چوار دەیەی حاکمیەتی ئەم ڕژیمەدا چەندین جار لەبەر خاتری بەرژەوەندی و قازانجی ئابووری، چاوپۆشیان له كردهوهی تیرۆریستی كۆماری ئیسلامیی کردوە و یان تهنانهت هاوکاریشیان کردوە. نەرمی نواندن و هەڵکردنی دەوڵەتانی سەرمایەداری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆتە هۆی سور تر بوونی ڕژیم لەسەر پەرەدان بە تیرۆریزمی دەوڵەتی. هاوکاری دەوڵەتی ئوتریش لەگەڵ تیرۆریستەکانی ڕژیم لە جەریانی تیرۆر کردنی عەبدوالرەحمان قاسملو و هاوکارەکانیدا لە ساڵی ١٣٦٨ و ئیسکۆرت و ڕەوانە کردنیان بۆ تاران، نمونەیهكی بەرچاوی ئەم ڕاستیەن. بە پێچەوانەی ئەوە هەر کاتێک کاربەدەستانی قەزایی و ئەمنیەتی دەوڵەتەکان لە بەرانبەر جەنایەتێکی تیرۆریستی ڕژیمدا کاردانەوەی جیدییان پیشانداوە و کۆماری ئیسلامیان خستۆتە ژێر گوشارەوە، ڕژیم تا ماوەیەک زۆر بە پارێزەوە دەستی بردوە بۆ کاری تیرۆریستی. توێژینەوەی شێلگیرانەی روون و بەرپرسانەی چەند کاربەدەستی قەزایی ئاڵمان لە جەریانی عەمەلیاتی تیرۆریستی ڕێستوڕانی” میکونوس” لە مانگی خرمانانی ساڵی ١٣٧١، کە بوو بە هۆی کوژرانی سادق شەڕەفکەندی ڕێبەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و هاوکارەکانی، ٦ ساڵی پێچوو. سەرەڕای هەوڵەکانی دەوڵەتی هیڵموت کۆل سەدری ئەعزەمی ئەوکاتی ئاڵمان بۆ ون کردنی بەڵگەکانی ئەو پەروەندەیە بە قازانجی کۆماری ئیسلامی، قازیەکانی ئەو دادگایە بەڵگەمەند و لێىڕاوانە نە تەنیا حوکمی مەحکومیەتی بکوژەکانیان دەرکرد بەڵکو ڕێبەرانی ڕیژیمیشیان وەک عەلی خامنەیی، ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، عەلی ئەکبەر ویلایەتی و عەلی فەلاحیانیشیان وەک ئامرانی ئیجرای ئەو پرۆژە تیرۆریستیە مەحکوم کرد و بە جارێک ئابروی نیزامی ئیسلامییان برد.
تیرۆر، لادان و کوشتنی نەیاران و ڕەقیب تەنانەت کەسانی هاودەست لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا یەکێک لە ئەرکانی درێژەی حاکمیەتە. ڕێبەری کۆماری ئیسلامی خۆی لە پیلان گێڕی و شگردی لادانی ڕەقیبەکانیدا بە دەسەڵات گەیشتوە. تیرۆر و لادانی نەیاران و بیر جیاوازەکان ئاوەڵدوانەی ڕژیمی ئیسلامیە و تا کۆتایی تەمەنی لە گەڵیەتی. تەنیا بە روخانی شۆڕشگێڕانەی کولیەتی ئەم ڕژیمە بکوژ و جەنایەتکارە بە دەستی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ئێران دەکرێت کۆتایی بە جەنایەتکانی بهێندرێت.