مانگرتنی سەرتاسەری شۆفیر کامیۆنەکان دووهەمین حەفتەی خۆی تێپەڕاند. ئەم مانگرتنە رۆژی یەکەمی مانگی جۆزەردان لە ناڕەزایەتیی بە لە خوارەوە بوونی حەقدەستی چەق بەستوی کرێی گواستنەوە و گەیاندن، بەرز بوونەوەی نرخی سوتەمەنی، لەوازمی یەدەکی ماشێن و هەزینەی بیمە و بێبەش بوون لە خزمەتگوزاری خانەنشینی و کەم بوونی سەهمیەی رۆژانەی گازۆئێڵ و تەعرفەی باڵای شیرکەتەکانی گواستنەوە و گەیاندن دەستی پێکرد. ئەم مانگرتنە سەرەڕای هەموو شگردەکان، پاشەکشە و هەڕەشەکانی ڕژیم هەروا لەسەر دەستەبەر بوونی سەرجەم داخوازیەکانی سورە. هەوڵەکانی ڕژیم بۆ کەڵک وەرگرتن لە کەسانی سەربەخۆی لە بەناو ” ئەنجومەنی سینفی شۆفیران” یشدا نەیتوانی شۆفیرەکان وادار بکات دەست لە بەدوادا چوونی داخوازیەکانیان هەڵبگرن. شۆفیری کامیۆنەکان گوێیان بە داوای بانگەوازی ئەم ئەنجومەنە دروست کراوەی ڕژیم کە لە ڕاگەیاندنێکدا داوای لێکردبوون تا بە قەولی ئەوان ” بۆ بەرگرتن لە سوئیستیفادەی نەیارانی نیزام دەست لە مانگرتنەکەیان هەڵبگرن”، نەدا. شۆفیر کامیۆنەکان نە بە پاشەکشەکی دەوڵەت و دانی ئیمتیازی زیاد بوونی ٢٠ لەسەدی کرێی گواستنەوەی کالا لە لایەن وەزیری ڕێگا و شارسازی لە کۆبوونەوەی نوێنەرانی ئەم ئەنجومەنە سینفیەوە ڕازی بوون، و نە بە وەعدەکانی سەر خهرمانی ئەندامانی کۆموسیۆنی کۆمەڵایەتی مەجلیس باوەڕیان کرد و هەروا لەسەر دەستەبەر بوونی سەرجەم داخوازیە ڕیفاهی و ئابووریەکانیان پێداگرییان کرد.
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی مانگرتنی شۆفیر کامیۆنەکان لە بەرینایی و سەرتاسەری بوونی دایە. ئەم مانگرتنە کە رۆژی یەکەمی جۆزەردان دەستی پێکرد بە کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زۆر بەخێرایی زیاتر لە ٢٠٠ شاری ئێرانی گرتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بوونی پێوەندی بەرین بە کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵاتیەکان یارمەتیدان تا سەرەڕای خۆڕسک بوونی مانگرتنەکە، بە خێرایی ڕێبەریی مانگرتنەکە شكڵ بگرێت. بوون و نەخشی ئەم ڕێبەرییە لە هێنانەگۆڕ و بەدوادا چوونی داخوازیەکان، دەرکردنی بڕیار لە کاتی خۆیدا و بەردەوامی مانگرتنەکە دەکرێ ببینین. خاڵی بەهێزی تری مانگرتن لە پشتیوانی و پەیوەست بوونی کرێکارانی باقی بەشەکانی تری گواستنەوە و گەیاندن بهم حهرهكهتهیه. کرێکارانی شیرکەتی گواستنەوە و گەیاندنی ئوستانی تاران رۆژی دوو شەممە ٧ ی مانگی جۆزەردان بۆ پشتیوانی لە شۆفیر کامیۆنەکان دەستیان دایە مانگرتن. لە هەمان رۆژدا شۆفیر تانکەرەکانیش بە مانگرتنهكه پەیوەست بوون. رۆژی سێ شەممە کرێکارانی پایانەکانی گواستنەوە و گەیاندنی تاران و قەزوینیش دهستیان به مانگرتن كرد. رۆژی چوارشەممە ٩ ی مانگی جۆزەردانیش شۆفیر تاکسیەکان لە سنە بە هێنانە گۆڕی داخوازییەکانیان مانیان گرت.
له ڕاستیدا ڕژیم ئێستا لە یەکێک لە قەیراناوی ترین دەورەکانی حەیاتیدایە. قەیرانە هەمەلایەنەکان کە ئێستا کۆماری ئیسلامی لەگەڵیان دەستەویەخەیە، ڕژیمی لە بەرەڕوو بوونەوە لەگەڵ وەها مانگرتنێک بە پارێز تر کردوە. لە وەها بارودۆخێکدا ئامرازەکانی هەڕەشە و ترساندن و سەرکوتی ڕژیم کارایی خۆی لە دەست ئەدات و کرێکاران دەتوانن لە پێگەیەکی بههێزترهوه پێداگری لەسەر خواست و داواکاریەکانیان بکەن و ڕژیم وادار بە پاشکشە و دانی ئیمتیازی زیاتر بکەن. بەبێ هۆ نییە کە کاربەدەستانی ڕژیم هەوڵ ئەدەن بە فریو و فڕو فێڵ و دانی ئیمتیازاتی بچوک کۆتایی بە مانگرتنەکە بێت. لەم پێوەندەدا کاربەدەستانی وەزارەتی ڕێگاوبانی ڕژیم ڕایگەیاندوە کە :” بەشوێن وتووێژ (هەڵبەت نەک لەگەڵ نوێنەری ڕاستەقینەی شۆفیر کامیۆنەکان بەڵکو لەگەڵ ئەنجومەنی سینفی شۆفیران) بە زیاد کردنی ٢٠ لەسەدی نرخی گواستنەوەی کالا و کەم کردنەوەی ١٢ لەسەدی حەقی کوموسیۆنی شیرکەتەکان و پایانە باربەریەکان، دانی ٥٠ لەسەد بیمەی دواخراو و دانی کۆمەڵێک وەعدە لە پێوەند لەگەڵ مافی بیمە و خانەنشینی شۆفیرەکان موافقەت کراوە و سەهمیەی لاستیکیش بۆ ئەوان لەبەرچاو گێراوە.”
مانگرتنی شۆفیر کامیۆنەکان تا ئێرە کە تەنیا بەشێک لە کرێکاران لە پیشەسازی گواستنەوە و گەیاندنی لەگەڵ خۆی خستوە، توانیویەتی ڕەوتی ئاسایی چەرخی ئابووری سەرمایەداری لە ئێران توشی سستی بکات و ڕایبگرێت. ئەمە گۆشەیەک لە توانایی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشە. ئێستا مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاران و باقی توێژە کۆمەڵایەتیەکان لە ناڕەزایەتی بە بارودۆخی خراپی بەڕێچوون لە ئێران و بێ توانایی ڕژیمی ئیسلامی لە وڵامدانەوە بەم گرفتانە، ڕژیمی خستۆتە مەوقعیەتێکی گەلێک لاوازەوە. لەو ماوەیەدا کە مانگرتنی شۆفیرانی کامیۆنەکان لە ئارادا بووە، دەیان حەرەکەتی ناڕەزایەتی تریش لە ئێران روویداوە. ناڕەزایەتی کرێکارانی شیرکەتی ڕێگای ئاسنی تراورس لە شارەکانی شاهرود و مەشهەد کە رۆژی ٢٤ ی مانگی گوڵان لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی حەقدەستی ٦ مانگیان دەستی پێکردبوو هەروا درێژەی ههیه. رۆژی ٨ ی مانگی جۆزەردان، پەرستارانی نەخۆشخانەی خومەینی لە ناڕەزایەتی بە گوێ نەدانی کاربەدەستانی ڕژیم بە داخوازیەکانیان دەستیان لەکار کێشایەوە. رۆژی چوار شەممە ٩ ی مانگی جۆزەردان کەشاوەرزانی خوزستان لە ناڕەزایەتی بە قەدەغە بوونی چاندنی برنج لە بەردەم سازمانی ئاو و بەرقی خوزستان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد و لەوێوە کە ڕژیم سەبارەت بە داخوازی ئەوان کەم تەوەجوە بووە، هێرشیان کردە سەر ئیدارەی ئاوی ئەهواز و لەگەڵ هێزەکانی ڕژیم تێکهەڵچوون. لە هەمان رۆژدا نزیکەی ٢ هەزار کەس لە کرێکارانی بەردی خەڵوزی “هەمکار” و “حشونی” و ” پایدانا” بۆ گەیشتن بە داخوازیەکانیان دەستیان لەکار کێشایەوە. کرێکارانی گوروپی سەنعەتیی فولادی ئەهواز و کرێکارانی فازی ١٢ی پارسی جنوبی کە لە زومرەی موجتەمەعە گەورەکانی ئێرانن لە ناڕەزایەتیی بە بارودۆخی فەلاکەتباری ژیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەرپا کرد و داخوازییەکانیان هێنایە گۆڕێ. ئەمانە بەشێک لە ناڕەزایەتی کرێکارانی شاغڵە کە دەبێ بە ناڕەزایەتیی چهند ملیۆن کەسی تر لە لەشکری گەورەی لاوانی بێکارەوە زیاد بکرێن کە پایەکانی ڕژیمیان خستۆتە لەرزە.
ئاستی روو لە پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی و خەباتی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ئێران نیشانی ئەدات کە بارودۆخی نابەسامانی بەڕێچوون کاردی گەیاندۆتە سەر ئێسقان و ڕژیم ئیتر ناتوانێ بە ئامرازی سەرکوت و ترساندن و دروست کردنی فەزای ئەمنیەتیی و نیزامیی، ئەوان چاوترسێن بکات. ئەمە دەورەیەکی دیکەیە لە بەرەو ڕوو بوونەوەی کرێکاران و جەماوەری وەگیان هاتووی خەڵکی ئێران لەگەڵ ڕژیمی دژی کرێکاری و کۆنەپەرستی سەرمایەداری ئیسلامی. درێژەی ئەم خەباتە ڕژیم ناچار بە پاشەکشەی زیاتر دەکات کە خۆی ڕەوتی لێک هەڵوەشان و روخانی ئەم ڕژیمە ستەمگەرە خێراتر دەکات. بەڵام لە عەینی حاڵدا ئەم قۆناغە گرنگ و هەستیارە بۆ نواندنی دەوری ڕێبەریی هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی سۆسیالیستی نێو بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بۆ روخاندنی شۆڕشگێرانەی کۆماری ئیسلامی.