کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆماری ئیسلامیی لە زەلکاوی قەیرانێکی هەمە لەیەنەدا

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی فارس، عەلی ئەکبەر ساڵحی جێگری سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئیسلامیی و سەرۆکی ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی مانگی جۆزەردان لە شاری ئۆسلۆ، پێتەختی نۆڕوێژ، لە دیدارێکدا لەگەڵ ئانتۆنیۆ گوتەرێش، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی نەتەوه‌ یەکگرتووەکان، بە وێرانگەر ناوبردنی سیاسەتەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی ئەمریکا سەبارەت بە ئیمکانی پاراستنی بەرجام” لە بارودۆخی ئێستادا” بە گومان بوونی خۆی نیشاندا. ئەو هەروەها ئاکامەکانی بەرجامی بۆ ئێران لە بوارەکانی ئابووری، بانکی و سەرمایەگوزاریدا زۆر کەمتر لە ئاستی چاوەروانییەکان باس کرد و خوازیاری پشتیوانی روونی ڕێکخراوی نەتەوه‌ یەکگرتوەکان و ئۆرووپا لە ڕێككه‌وتنی هەستەیی بوو. حەسەن ڕووحانیش لە وتووێژێکی تەلەفونیدا لەگەڵ ئێمانۆئێل مه‌كرۆن، سەرۆک کۆماری فەرانسە، وتویەتی کە بەیانییەکان و قسەکانی ڕێبەرانی ئۆرووپایی دەبێ “هه‌وڵ و ڕێکاری کرداری و هەست پێکراو بۆ قەرەبوی بەهرەمەند بوونی ئێران لە مانەوە لە بەرجامیدا لەگەڵدا بێت، دەنا بە کردەوە مانەوەی لە بەرجامدا، ئیمکان پەزیر نابێت.” ئەم هەوڵانە لە حاڵێکدایە کە مانگی ڕابردوو عەلی خامنەیی بۆ مانەوە لە بەرجامدا داوای لە دەوڵەتانی ئۆرووپایی کردبوو کە کارێکیان بە بەرنامەی موشەکی و سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە ناوچەکەدا نەبێت و کڕینی نەوت لە ئێران زەمانەت بکەن.

بەڵام هەوڵەکانی سەرانی کۆماری ئیسلامیی بۆ پاراستنی بەرجام، كه‌وتنه‌ شوێن كڵاوی بابردووه‌ دەوڵەتی ئەمریکا و زل هیزە سەرەکییەکانی ئۆرووپا کە بەڵگەی ڕێككه‌وتنی هەستەییان مۆر کردووە سەرەڕای شیوازی جۆراوجۆر، ستراتێژێکی وەک یەکیان لە بەرانبەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا هەیە. ئەوان دەیانەوێ بە به‌ڕێوه‌بردنی ناوەرۆکی بەرجام، دوای ساڵی ٢٠٢٥ واتە بۆ ماوەیەکی زەمەنی بێسنوور؛ چاودێری بەسەر بەرنامە موشەکییە دوور هاوێژەکانی سپای پاسداران و کۆنترۆڵ کردنی دەستتێوەردانە سیاسی و نیزامییەکانی لە کانونەکانی قەیرانی ناوچەییدا، کۆماری ئیسلامی لە ڕژیمێکی مزاحیم و سەرکێشەوە بکەن بە ڕژیمێکی ده‌سته‌مۆ. بەڵام ئەوە تەنیا ستراتێژی پشت بەستو بەو چوار بنه‌مایه‌ نییە کە دەوڵەتانی ئۆرووپایی لەپاڵ دەوڵەتی ئەمریکایدا خستۆتە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیەوە، بەڵکوو بەرژەوەندیە ئابورییەکانی ئۆرووپاش لە بارودۆخێکدا کە قەیرانی جیهانی سەرمایەداری درێژەی هەیە هەر ئەمە دەخوازێ. بەپێی دوایین ئامارەکان کە ناوەندی ئاماری یەکێتیی ئۆرووپا بڵاوی کردۆتەوە، لە حاڵێکدا کە بەشی ئێران لە هاوردە کردن و هەناردە کردنی کالا بۆ ئۆرووپا لە ساڵی ٢٠١٦ دا تەنیا ١٣ میلیارد و ٧٠٠ ملیۆن یۆرۆ بووە، کۆی کالا هاوردە و هەناردە کراوەکانی نێوان ئۆرووپا و ئەمریکا لەم ساڵەدا گەیشتۆتە ڕەقەمی ٦٠٨ میلیارد یۆرۆ واتە بە زیاتر لە ٤٤ بەرابەری بازه‌رگانی کالا لەگەڵ ئێران. بەم جیاوازیە زۆرەوە لە قەبارەی ئاڵوگۆڕ کردنی کالایی ڕوون و ئاشکرایە کە دەوڵەتان و کۆمپانیا ئۆرووپاییەکان سەرەڕای ڕاگەیاندنی شەڕی تیجاری ئەمریکا لەدژی ئۆرووپا هەروا پاراستنی گۆڕینەوەی کالا لەگەڵ ئەمریکا و دەست ڕاگەیشتن بە بازارەکانی بەسەر ئێران تەرجیح ئەدەن.146

هاوکات لەگەڵ قەیرانی بەرجام و توند بوونەوەی گوشارەکانی ئەمریکا و ئۆرووپا، ڕەقیبە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامیی و بە شێوەیەکی ئاشکرا ئیسڕائیل، عەرەبستانی سعودی و شیخ نشینەکانی حەوزەی کەنداویش درێژە ئەدەن بە کردارە تۆڵە ئەستێنەکانیان بۆ پوچەڵ کردنەوەی دخاڵەتگەریەکانی کۆماری ئیسلامیی لە وڵاتانی ناوچەکەدا. سەرانی هەردوو باڵی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی سەرەڕای هەڕەشە کردن بۆ دەست پێکردنەوەی پیتاندنی ئۆڕانیۆم و ئیدیعاکانی مەحەممەد عەلی جەعفەری فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران لە ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی مانگی جۆزەردان کە وتویەتی: دوژمن بە هۆی بوردی ٢ هەزار کیلۆ میتری موشەکی بالستیکی سپا ناوێرێ مۆڕە ش لە ئێران بکات”، لە بەرانبەر ئەم گوشارانەدا ڕێگایەکی بێجگە لە پاشەکشە نییە. بەڵام ئەوە تەنیا گوشاری زل هێزە جیهانییەکان و ڕەقیبە ناوچەییەکان نییە کە سەرانی رژیمی نوقمی ترس و نیگەرانی کردووە، بەڵکوو هاوکات بوونی ئەم گوشارانە لەگەڵ قەیرانە بناغە هەڵتەکینە نێوخۆییەکانە کە مانەوەی کولیەتی نیزامی کۆماری ئیسلامی خستۆتە مەترسیەوە.

گەڕانەوەی سەرلەنوێ و قۆناغ بە قۆناغی تەحریمەکان دابەزینی ئەرزشی پاره‌ی ئێران، که‌م بوونەوەی بەرهەمی ناخالیسی نێوخۆیی و توند بوونەوەی ڕکودی ئابووری، دابەزینی سەرمایەگوزاری لە بواری بەرهەمهێناندا، پەرەسەندنی بێکارسازی و زیاد بوونی ئاوسان و گرانی بەشوێنەوە ئەبێت. توند بوونەوەی ئاوسان و گرانی مه‌ودای حەقدەستی کرێکاران و حقوق بگیرانی ئاسایی لەگەڵ هێڵی هەژاری قوڵتر دەکاتەوە. واوەتر لەوانە کۆماری ئیسلامیی کە لە ڕێگای ئەوانەوە کۆمەڵگای لەباری ئەخلاقی و فکریەوە کۆنترۆڵ دەکرد، بە بونبەست گەیشتووه‌. واتە لە ئاکامی پەرەسەندنی فەرهەنگی خەبات و خۆڕاگری ژنان، لاوان و خەڵکی ناڕازی لە سوڵتەی حکومەتی مەزهەبی یەکێک لە کۆڵەکەکانی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیی ڕووخاوە. گوفتمانی ئیسلاح خوازە حکومەتیەکانیش بۆ کۆنترۆڵ کردنی نەفرەت و بیزاری گشتی لە بارودۆخی مەوجود دا كاریگه‌ری خۆی لەدەست داوە. لە وەها بارودۆخێکدا پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی سەرچاوە گرتوو لە هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و بێبەشیە سیاسیەکان نە تەنیا درێژەی مانگرتنە کرێکاریەکان و بزوتنەوە ناڕەزایەتییەکان دەکاتە ئەمرێکی ناچاری، بەڵکوو زەمینە بۆ تەقینەوەی کۆمەڵایەتیش فەراهەم دەکات.

لەم بارودۆخەدا ڕژیم هەوڵ ئەدات بە نیشاندانی توندوتیژی لەبەرانبەر ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری، داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فیلتێر کردنی ماڵپه‌ڕه‌ ڕخنە گەرەکان لە حکومەت، دەرکردنی ئەحکامی زیندان بۆ خوێندکارانی ناڕازی، ئیعدامی زیندانیانی سیاسی و هیتر، قەیرانی بەرجام و گوشارەکانی زل هێزە جیهانییەکانی کردۆتە دەرفەتێک بۆ کۆنترۆڵ کردنی ناڕەزایەتییە کرێکاری و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. بەڵام ئەم ئاڕاستەیەی ڕژیم گرتوویەتی قەیرانەکان توند دەکاتەوە. ئەگەرچی ڕژیم هێشتا توانایی سەرکوتی هەیە، بەڵام سەرکوت کارایی ڕابردووی لەدەست داوە. توند بوونەوەی گوشارەکان لەسەر ناوەرۆکی بێکاری و هەژاری و فەلاکەتی جەماوەری نەتەنیا ناتوانێ بەر بە حەرەکەتی خەڵک بگرێت، بەڵکوو دەتوانێ ئاگری ناڕەزایەتیی قین و توڕەیی خەڵک بڵیسەدار تریش بکات و جەماوەرێکی زیاتر بکێشێتە مەیدانی خەباتەوە. ڕاست لە وەها بارودۆخێکدایە، کە هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی سۆسیالیستی بزوتنەوەی کرێکاری بە بەیەکەوە بەستنەوەی ناڕەزایەتییەکان و مانگرتنەکان لە ناوەندە گەورە کرێکاریەکاندا و زەمین گیر کردنی ماشێنی سەرکوتی ڕژیم و بە هەنگاونان بەرەو پێشەوەی سەحنەی سیاسی کۆمەڵگا دەتوانن ببنە جێگای هیوا و هومێدی جەماوەری بێبەش و ستەم دیتوی ئێران لە مەیدانی خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێرانەی کۆماری ئیسلامیی.