بەشوێن کشانەوەی ئەمریکادا لە بەرجام و بێ توانایی دەوڵەتانی ئوروپایی لە دانی زەمانەت بۆ بەردەوام بوونی بەرجام، ڕێبەران و کاربەدەستانی ڕژیم له چارەسەر بوونی گرفتە ئابووریەکان كهم و زۆر بێ هیوا بوون. جەواد زەریف بەرپرسی دیپلۆماسی كۆماری ئیسلامیی بەرجامی بە نەخۆشێکی لە حاڵی مەرگدا وەسف کرد. ئوسولگەراکان لە ڕقابەت لەگەڵ باڵی ڕەقیب هەروا لەسەر بەرجام و ئاکامەکانی ڕهخنه له یهك دهگرن. لەم نێوانەدا عەلی خامنەیی رۆژی چوارشەممە دووی مانگی جۆزەردان بانگ کرا بۆ جەلەسەیەک کە لە لایەن سەرۆکی هەرسێ هێزی دەسەڵات و باقی بەرپرسان و کاربەدەستانی دەوڵەتی و سپای پاسدارانەوە پێکهاتبو تا بێ ئاکامی بەرجام و سەرئەنجامی چارەنووسی نیزامی لەگەڵدا بێننە گۆڕێ.
خامنەیی لەم دیدارەداشدا وەک پێشوو دەستی کرد بە مەوعیزە و سەفسەتە و بە هێرش کردنە سەر ئەمریکا کە گۆیا ئامانجی ” روخاندنی نیزامی ئیسلامی” یە و هێرش بۆسەر هەرسێ دەوڵەتی بەهێزی ئوروپایی کە لەگەڵ ئەمریکادا هاو ئاڕاستەن، دهستی کرد بە مهلزووم نمایی و عەوام فریوی. ئەو وێڕای ئەژماردنی بەناو ئەزمونەکانی، مەرجەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ درێژەدان بە بەرجامی لە بەرانبەر مەرجەکانی ئەمریکادا ڕاگەیاند. خامنەیی جەختی کردەوە کە :” ئامانجی ئەمریکا روخاندنی نیزامە و پەشیمان بوونەوەی شیرکەتە گەورە ئوروپاییەکان لە مەعامەلە کردن لەگەڵ ئێران و قسەی بەرپرسانی هەر سێ وڵاتی ئوروپایی نیشانی ئەدات کە ئابووری وڵات لە ڕێگای بەرجامەوە چاک ناکرێت.” ئەو لە بارودۆخێکدا کە بەرجام لە حاڵی مەرگدا دەبینێ، دەیەوێ وای پیشان بدات کەخەتای ئەوی تێدا نەبووە و دەوڵەتی روحانی خۆش باوەر بوو کە بەقسەی ئەوی نەکرد.
ئەگەرچی روحانی لەم دیدارەدا قسەکانی خامنەیی ناڕاستەوخۆ ڕەد کردەوە و وتی:’ لە گشت ئەم بڕیارانەدا ڕێبەری شۆڕش ڕێنما و هادی دەوڵەت بووە.” بەڵام کەس لەبیری نەچۆتەوە کە ٣ ساڵ لەوە پێش خامنەیی و سەرجەم باڵەکانی ڕژیم بۆ ڕزگار کردنی ئابووری لە حاڵی لێکهەڵوەشانی ڕژیم، چارەیەکیان بێجگە لە قەبوڵ کردنی بەرجام و قەبوڵ کردنی مەرجی دەوڵەتانی ١+٥ شک نەدەبرد. بەم جۆرە خامنەیی ناتوانێ بەم پاساوەی کە ئامانجی ئەمریکا و زل هێزە ئوروپاییەکان روخاندنی نیزامە، شان لەژێر باری بەرپرسیاریەتی دەرکێشێ و خۆی لێ بەدور بگرێت. ئەو لە دیداری رۆژی چوار شەممەدا وتی کە:” بارودۆخی ئابووری وڵات لەگەڵ گشت ئەم هەوڵانەدا باش نییە و زۆربەی خەڵک لەژێر گوشاری زۆری گرانی و موشکلاتدان.” پێویست بە ئاماژەیە کە “قسهكانی خامنەیی، هەمان نوسخەی بێ ناوهڕۆكی ” ئابووری مقاومەتی” و لە ڕاستیدا ڕیازەتی ئابوورییە كه دووپاتی دهكرهوه.
بەرپرسی ڕاستەخۆی فەلاکەتی ئابووری کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ئێران شەخسی خامنەیی، سەرجەم نیزام و کاربەدەستانی گەندەڵ و دزن کە بە سیاسەتە کۆنەپەرساتانە و زێدە خوازانەکانیان بە سەدان میلیارد لە سەروەت و سامانی کۆمەڵگایان سەرفی پرۆژەکانی نیزامی کردووە. خامنەیی لە بارودۆخێکدا دان بە خراپی بارودۆخی ئێراندا دەنێ کە حاکمیەتی ئیسلامی ئێستاش ئهم سیاسهتهی خۆی درێژه پێ دهدات.
رۆژی سێ شەممەی ڕابردو کۆبوونەوەی ئاشکرای مەجلیسی ڕژیم لە هەڵسەنگاندنی لایەحەی” پەیوەست بوونی کۆماری ئیسلامی بە کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ دابین بوونی ماڵی تیرۆریزم ” لە لایەن نوێنەرانی باڵی ئوسولگەراوه پشێوی تێکەوت و خوازیاری ڕاگرتنی بوون. ئەم لایەحەیە و دوو لایەحەی تر لە پێوەند لەگەڵ” بەناو یاسای خەبات لەدژی دابین بوونی دارایی تیرۆریزم” و ” بەناو یاسای دژبه سپی كردنهوهی پاره” ٦ مانگ لەوە پێش لە لایەن دەوڵەتی روحانیەوە درابوو بە مەجلیس. ئەمانەش بەشێک لەو کردارانەیە کە هێزە سەرمایەداریەکان و ناوەندە ماڵیەکانی دنیا لە پێوەند لەگەڵ بەرجام خستویانەتە دەستوری کاری دەوڵەتی روحانیەوە. هاتنهگۆڕی جارێکی تر پەتەی دخاڵەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی کردنی لە تیرۆریزمی ڕژیمی خستە سەرئاو. وتەبێژی” کۆموسیۆنی ئەمنیەتی نەتەوەیی” کە یەکێک لە ئوسولگەرا توندڕەوەکانە، لایهحهی مهربووت به کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ دابین بوونی دارایی تیرۆریزم، ئیستعماریە و دەبێتە هۆی زاڵ بوونی بێگانەکان بەسەر وڵاتدا. نوێنەرانی” فراکسیۆنی ئوسولگەرا و لە مەجلیس” هۆکاری دژایەتیان لەگەڵ ئەم لایەحەیە بەم شێوەیە روون دەکەنەوە کە:” ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ژمارەیەک گوروپی ئیسلامیان لەوانە حیزباللەی لوبنان، ئەنساراللە لە یەمەن و حەماس لە فەلەستنی لە زومرەی سازمانە تیرۆریستیەکاندا داناوە و هێندێک لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بەهاوکاری و پشتیوانی لە وان تاوانبار کردەوە.”
لە ڕوانگەی ناوەندی دارایی سەرمایەداری جیهانیەوە پەیوەست بوونی کۆماری ئیسلامی بەم لایەحەیەوە یەکێک لە مەرجە سەرەکیەکانی پێوەندی و هاوکاری بانکەکان و دامەزراوە ماڵیەکان لەگەڵ ڕژیمە. و بەبێ ئەو، بانکەکان ناتوانن معامەلاتی بانکیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەبێت. ئێستا خامنەیی لە قسەکانی رۆژی چوارشەممەیدا باسی لە ” ژوری جەنگی وەزاڕەتی خەزینەداری ئەمریکا کرد لەدژی کۆماری ئیسلامی.” هەر ئەم مەرج و وردەکاریانەیە کە ناوەندی ماڵی سەرمایەداری بۆ بەرەوپێش بردنی سیاسەتەکانی ئەمریکا و باقی هێزە جیهانیەکان و بۆ خستنە ژێر گوشار و بەرتەسک کردنەوەی ڕێگای سپی كردنهوهی پاره و ناردنی یارمەتی بۆ ڕەوتە ئیسلامیەکان دەخەنە سەر ڕێگای ڕژیم. بەداخەوە وادیارە کە لەگەڵ بەردەوام بوونی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی گەڕانەوەی تەحریمەکان خەریکن بە کرداری دەبنەوە. گەڕانەوە بۆ بارودۆخی تەحریمەکان هەرچەند لەگەڵ بەرژەوەندی باندەکانی قاچاق و ڕانت خۆر و دزی حکومەتی کۆماری ئیسلامی و دەوروبەریەکانیان دێتەوە، بەڵام ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا توشی تەنگ و چەڵەمەی زیاتر دەکات و جێگای نیگەرانی زۆرە. له ڕاستیدا لەگەڵ بەردەوام بوونی سات بە ساتی حەیاتی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە کێشە و گرفتەکانی بەڕێچوونیان زیاتر دەبێت و هەوڵدان بۆ روخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا ڕێگایەکە کە لەبەردەم کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کۆمەڵگادا بوونی هەیە بۆ رزگار بوون لە بێکاری و هەژاری و برسیەتی و گەیشتن بە ژیانێکی باشتر