کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بێبەش بوونی ١٠ ملیۆن ئینسان لە خوێندن پەڵیەکی شەرمەزاری تر بە نێوچاوانی ڕژیمی ئیسلامیەوە

لەگەڵ کۆتایی هاتنی دەورەی ئابووری پێنج ساڵەی ئێران ئەرزیابی لە کارکردی ئەم بەرنامەیە لە بوارە جۆراو جۆرەکاندا بۆتە بابەتێکی جێی باس لە ڕاگەیەنەرەکانی نێوخۆی ئێراندا. ئەرزیابی لە کارکردی نێهزەتی سەواد ئاموزی یەکێک لەم خاڵانەیە. جێگری مودیر کوللی ئاموزش و پەروەرشی ئوستانی گیلان وتویە کە، لەسەر بنەمای ئامارەکانی ساڵی ١٣٩٤، ژمارەی نەخوێندەواران لەم ئوستانە گەیشتوەتە ١٤٠ هەزار و ٣٥٣ کەس. بە وتەی ئەم کاربەدەستەی ڕژیم، شاری ڕەشت، بە ٨٠ هەزار نەخوێندەوارەوە، زۆرترین ژمارەی بێ سەوادی لە ئوستانی گیلاندا هەیە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئاماری نەخوێندەواری لە ئوستانە باکوریەکان بە بەراورد لەگەڵ باقی شوێنەکانی تری ئێران بە شێوەی سوننەتی لە خوارترەوە بووە. جێگری وەزیری ئاموزش و پەرەوەرش و سەرۆکی سازمانی نێهزەتی سەواد ئاموزی ڕژیم پارەکە وتبووی کە بێسەوادی لە وڵاتدا نزیکەی ١٠ ملیۆن کەسە و ١١ ملیۆن کەم سەوادیش لە وڵاتدا شناسایی کراون. رۆژنامەی ئیبتکار لە ئاخرین ژمارەی خۆیدا نووسیویەتی کە:” نەخوێندەواری یەکێک لە بابەتە بەرچاوەکانی پێشێل کرانی مافەکانی مرۆفە”. بەم ئیعتیبارەوە کۆماری ئیسلامی ئێران لەم مەیدانەشدا سەرقافڵەی پێشێل کردنی مافە سەرەتاییەکانی ئینسانە. ئەم رۆژنامەیە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی:

” سازمانی نێهزەتی سەواد ئاموزی، کۆمەڵێک وەعدەی بۆ بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ گیرو گرفتە جیدیەکان دا و زۆر پێداگرانە وتی کە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتودا هەموو هەوڵەکانمان دەخەینە گەڕ تا کەسانی ژێر ٥٠ ساڵ، ببنە خاوەنی خوێندنەوە و نووسینی سەرەتایی. واتە لە ساڵی ١٣٩٠ وە تا ساڵی ١٣٩٤. بەڵام بەرنامەی تەوسعەی ئابووری چوارەم کۆتاییهات و ئاماری نەخوێندەواری لە ئێڕان هەروا مایەوە”، و لە درێژەدا دەڵێ کە:” کوردستان بە زۆرترین ئاماری نەخوێندەواریەوە خاوەنی پلەی یەکەمە لە وڵاتدا”.ئەمە بابەتێکی ئاشکرایە کە ڕێژەی نەخوێندەواری لەنێو کرێکاران و زەحمەتکێشاندا گەلێک لە ژمارەی نەخوێندەوارانی نێو توێژەکانی دیکە زیاترە. هەروەها نەخوێندەواری لەنێو ژناندا دوو بەرابەری پیاوانە و زۆربەی نەخوێندەوارەکان دانیشتوی دێها‌تەکانن.10313761_659285094221376_6102308579156900041_n

ئەمرۆ و لە دەیەی دووهەمی سەدەی بیست و یەکەمدا و لە بارودۆخێکدا کە تەنانەت هەبوونی توانایی خوێندنەوە و نووسین پێوانەیەکی تەواو نییە بۆ خوێندەوار بوون، کاربەدەستانی ڕژیم باس لە بوونی ١٠ ملیۆن نەخوێندەوار دەکەن و ئەمەش نیشانەی کارنامەی تاوانکارانەی کۆماری ئیسلامیە لە مەیدانی خەبات لەدژی نەخوێندەواری. لەسەر بنەمای تەعریفەکانی ناوەندی ئاماری ئێران کەسێک وەک خوێندەوار دەناسرێت کە بتوانێ دەقێکی ئاسایی بە زمانی فارسی بنوسێت یان بخوێنێتەوە کە ئەوەش یەکسانە بە خوێندنێکی سەرەتایی. بەڵام لەسەر بنەمای پێوانە ئەمرۆییەکان خوێندەوار کەسێکە کە بتوانێ لە سەوادەکەی بۆ بردنەسەری ئاستی وشیاری و مهارەتی خۆی و باشتر کردنی ژیانی و پێوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی کەڵک وەربگرێت. بە بوونی کامپیوتێڕ و ئینترنێت بە بەشێک لە کار و ژیان پێویستە ژنان و پیاوان لانیکەم توانایی بەکار ‌هێنانی ئەوانەیان هەبێت. ئەگەر کەسێک لەم تواناییە بێبەش بێت کەمتر دەتوانێ زانیاری و زاستەکانی زیاتر بکات. کۆماری ئیسلامی بە توند کردنەوەی هەژاری و برسیەتی لە کۆمەڵگادا و شێوەی تەدریسی دواکەوتوانە، منداڵانی خەڵک و بە تایبەت منداڵانی بنەماڵە کرێکاریەکانی لە کەڵک وەرگرتن لە ئیمکاناتی پێشکەوتوی فەننی بێبەش کردوە. بێجگە لە نەخوێندەواری موتڵەقی ١٠ ملیۆنی کە ئەساسەن بەسەر توێژی خواروی کۆمەڵگادا سەپاوە، کۆماری ئیسلامی لەباری کەیفیەتیشەوە ئاموزشی بەرەو دواوە بردۆتەوە. گرفتی منداڵان، لاوان و گەورەساڵانی ئێران تەنیا بێسەوادی و یان کەم سەوادی نییە. لە ٢٠ ملیۆن منداڵ کە دەبێ بخوێنن تەنیا ١٢ ملیۆن کەسیان توانیویانە بچنە قوتابخانە. ئەو منداڵانەی کە لە خوێندن دوادەکون، رەوانەی بازاڕی بێ ڕەحمی کار دەبن و بەشێکی بەرینیان لە سبەی رۆژی گەورە بوونیشدا قەت ئیمکانی فێربوونی خوێندن و نووسینیان نابێت.کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەوەیکە وای نیشان ئەدات کە گۆیا گرنگی بە گرفتی نەخوێندەواری ئەدات، بەڵام لەوێوە کە زۆرترین بەشی بوجەی هەموو ساڵیکی سەرفی چالاکیە نیزامی و ئەمنیەتیەکان دەکرێت و بازاڕی گەندەڵ و تاڵانچی ماڵی و ئیداریش گەرمە، هیچ یەک لەو گەڵاڵانەی کە تا ئێستا بەکارهاتون ئاکامێکی سەرکەوتویان نەبووە. ئەم ڕژیمە ئەوەندەی کە گرنگی بە ڕێکخستن و ئیدارەدانی کلاسەکانی قورئان و ئاموزشی مەداحی و سەرو ساماندان بە حەوزەکانی بەناو عیلمیە و ئەو کلاسانەی کە لەبنەمادا پەرە بە خورافە و کۆنەپەرستی ئەدەن،ئەدات، گرنگی بە بەڕێوەبردنی مونەزەمی سەوادئاموزی بە موعەلیمی بێ کێشەوە نادات. نەخوێندەواران دەبێ لە دنیای گۆڕاوی ئەمرۆدا بە واتای ڕاستەقینەی وشە و لەسەر بنەمای ئیستانداردە جیهانیەکان باسەواد بکرێن. بەڵام لە ئێرانی ئەمرۆدا سیستمێک زاڵە کە نایەوێ و ناتوانێ لەم بوارەدا هەنگاوێکی بنەڕەتی هەڵێنێتەوە و ئەو پرۆژانەش کە لەم زەمینەیەدا هەیەتی بونەتە بڵقی سەرئاو. لەم روەوە دەستەبەر بوونی ئەم داواکاریە سەرەتاییانەش گرێدراوە بە ڕزگار بوونی خەڵکی ئێران لە چنگ ئەم ڕژیمە.