کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

🚩 ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

Picsart 26 01 05 05 01 18 918

🚩 ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

سەبارەت بە مانگرتنی سیاسی گشتی، تاکتیکێکی پێویست و هەنووکەیی لە خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێراندا

لە هەلومەرجێکدا کە کۆماری ئیسلامی شمشێری سەرکوت لە دژی جەماوەری ناڕازی و مافخواز دەسوێ، گرتنەبەری تاکتیکی فرەچەشنی خەباتکارانە گرنگییەکی ستراتێژی هەیە. هەواڵی کوشتاری خەڵکی بێ دیفاع لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران، پێویستی بیرکردنەوە و پێداچوونەوە بە شێوازەکانی خۆڕاگریی، زیاتر لە هەمیشە ئاشکرا دەکات. لەم نێوەندەدا مانگرتنی سیاسی گشتی، وەک یەکێک لە کاریگەرترین ئامرازەکانی خەباتی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش، دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە گۆڕینی هاوسەنگی هێزدا بگێڕێت.

واقیعی تاڵی ئەمڕۆی کۆمەڵگای ئێران و بەتایبەت لە کوردستان ئەوەیە کە گوشارە سیاسییەکان و گوشاری بژێوی ژیان گەیشتوونەتە ئاستێک کە کۆمەڵانی خەڵکی وەگیان هێناوە. خەڵک لە بەرامبەر ئەم گوشارانەدا هیچ بژاردەیەکی تریان لەبەردەمدا نییە جگە لە خەبات و خۆڕاگریی. بەڵام لە هەمان کاتدا بەرپرسیارێتییەکی قورس کەوتووەتە سەر شانی هێزە سیاسیی و لایەنە چەپەکان، کە بە گرتنەبەری سیاسەتی گونجاو و بەرپرسانە زیانی گیانی جەماوەری ناڕازیی کەمتر بکەنەوە.

ئەزموونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان نیشانی داوە کە خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان ئەگەرچی هێمایەکە لە خۆڕاگریی جەماوەریی، بەڵام لە بەرامبەر ڕێژیمێکدا کە لە بەکارهێنانی چەکی گرم لە دژی خۆپیشاندەران دەست ناپارێزێت، زیانی گیانی قورسی لێدەکەوێتەوە. لەم هەلومەرجەدا مانگرتنی سیاسی گشتی دەتوانێت وەک تاکتیکێکی تەواوکەر و لە هەمان کاتدا کەم تێچووتر، جێگایەکی تایبەت بەدەست دەهێنێت.

نکۆڵی لەوە ناکرێت کە مانگرتنی سیاسی گشتی گوشارێکی ئابووری دیاریکراو دەخاتە سەرشانی چین و توێژە کەمداهاتەکان، بەڵام ئەزموونەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەگەر ئەم تاکتیکە ناوە ناوە و لە مەودای زەمەنی دیاریکراو و بیرلێکراوەدا بەکاربهێنرێت، دەتوانرێت ئەم گوشارانە کەمتر بکرێتەوە. گرنگ ئەوەیه که مانگرتنەکان بە شێوەیەک پلانیان بۆ دابنرێت کە نەک هەر کاریگەریی نەرێنی نەکاتە سەر توانای ئابووریی بنەماڵەی کرێکاری و زەحمەتکێش و کاسبکارانی کەم دەرامەت. بەڵکوو بە پێچەوانەوە گوشارێکی بەرچاوی سیاسی و تەنانەت ئابووریش بخەنە سەر دەسەڵات.

لە ناوەندە کرێکارییەکان، بە تایبەت کاتێک مانگرتنەکان هاوکات بەشی خزمەتگوزاری شارەوانییەکان و ناوەندە ئابوورییە سەرەکییەکان دەگرێتەوە، دەتوانن گوشارێکی بەرچاوی ئابووریی بخەنە سەر ڕێژیم. ئەڵبەتە پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە کوردستانی ئێران لە بنەڕەتدا ناوچەیەکی پیشەسازی نییە و پێکهاتە ئابوورییەکەی زیاتر لەسەر بنەمای خزمەتگوزاری و بازاڕ دامەزراوە. لەمڕووەوە پێویستە بانگەوازەکانی مانگرتن لەم ناوچەیە بە وردبینی و بەرپرسیارێتی زیاترەوە ڕابگەیەندرێ بۆ ئەوەی گوشاری سەرەکی نەکەوێتە سەرشانی کاسبکاران و بازاڕیان، بەڵکوو لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی جەماوەریدا پەیامی سیاسی خۆی بە دەسەڵات بگەنێت.

یەکێک لە گرنگترین خاڵە پۆزەتیڤەکانی مانگرتنی سیاسی گشتی ئەوەیە کە دەرفەتی بەشداریکردن بۆ ئەو چین و توێژە لە دانیشتووان دەڕەخسێنێت کە هێشتا بە بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکانی سەر شەقام پێویست نەبوون. زۆرێک لە هاووڵاتیان، بە هۆکاری جۆراوجۆر، لەوانە ترس لە سەرکوت، بەرپرسیارێتی بنەماڵە، یان گرفتی جەستەیی، ناتوانن بەشداری خۆپیشاندانەکانی سەر شەقامەکان بن. مانگرتنی گشتی ڕێگایەک دەخاتە بەردەم ئەو کەسانە کە بتوانن بە شێوازێکی کەم مەترسیدارتر خۆیان لەگەڵ جەماوەری ناڕازیدا ببیننەوە و هاوسۆزی و هاوپشتی خۆیان لە بزووتنەوەکە ڕابگەیەنن.

هەندێک لەسەر بڕوایەن کە کاتێک جەماوەر لەسەر شەقامەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بانگەشەی مانگرتنی گشتی دەیاننێرێتەوە ماڵەوە و لە گۆڕەپانی خەبات دووریان دەخاتەوە. ئەم ئارگیومێنتە واقیعی نییە. یەکەم، هەروەک ئاماژەی پێکرا، بەشێکی زۆری خەڵکی ناڕازی هێشتا بەو خەبات و ناڕەزایەتیانەوە پەیوەست نەبوون و مانگرتن ڕێگەیەکە بۆ پەیوەستبوونیان. دووەم، مانگرتنی گشتی بە مانای ڕاگرتن و هەڵپەساردنی شێوازەکانی تری خەبات نییە.

تاکتیکی مانگرتنی گشتی کاتێک دێتە دەستووری کارەوە کە بەشێک بێت لە ستراتیژێکی هەمەلایەنە. ئەمە بە مانای وازهێنان لە حزووری ئاشکرا لەسەر شەقامەکان، کۆڕ و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و هەروەها کەمپەینی ڕاگەیاندن و شێوازەکانی تری خەبات نییە. بە پێچەوانەوە مانگرتنەکان دەتوانن بواری بەهێزتربوونی ئەو شێوازانەی دیکەی خەبات خۆش بکەن. ئەزموونی کوردستانی ئێران لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا نیشانی داوە کە ئاوێتەکردنی داهێنەرانەی تاکتیکە جۆراوجۆرەکان کاریگەریی زیاتریان بووە.

یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی مانگرتنی گشتی ئەوەیە کە ئاست و ڕەهەندی ناڕەزایەتییەکان لە قەبارەی ملیۆنیدا نیشان دەدات، بابەتێکی کە زۆرجار لە خۆپیشاندانەکانی سەر شەقام و بەتایبەت لە هەلومەرجی سەرکوتی تونددا مومکین نییە. لە کاتێکدا لەوانەیە کە خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان بتوانێت تەنیا چەند هەزار یان تەنانەت دەیان هەزار کەسێک بێنێتە سەر شەقام، بەڵام مانگرتنی گشتی دەتوانێت هاوکات ملیۆنان کەس لە سەرانسەری کوردستان و تەنانەت هەموو ئێران کۆبکاتەوە.

ئەم نیشاندانی هێزی بەکۆمەڵە، هەڵگری پەیامێکی ڕوونە بۆ دەسەڵات ئەویش ئەوەیە کە: خەڵک یەکگرتوون و دەتوانن چەرخی ئابووری و کۆمەڵگا بوەستێنن. هەروەها ئەم نمایشی هێزە، ورەی خەباتکارانەی کۆمەڵگاش بەرز دەکاتەوە و هاوسەنگی هێز بە قازانجی خەڵکی تێکۆشەر دەگۆڕێت.

لەو ڕووەوە کە مانگرتنی گشتی سیاسی لە ئاستی جەماوەری و ملیۆنی دا بەڕێوە دەچێت، نەک هەر ورەی خەباتکارانە لە کۆمەڵگادا بەهێز دەکات، بەڵکوو زەمینە بۆ پێشڕەوییەکانی دواتریش خۆش دەکات. هەر مانگرتنێکی سەرکەوتوو، متمانە بەخۆبوونی خەڵک زیاتر دەکات و نیشانیان دەدات کە هێزی گۆڕانکاری لە دەستی خۆیاندایە.

ئەزموونی کۆمەڵە لە کوردستان ئەوە دەردەخات کە مانگرتنی گشتی دەرفەتێکی زیاتر بۆ پێکهێنانی ڕێکخراو و خۆڕێکخستن دەڕەخسێنێت. لە پڕۆسەی ئامادەکاری و جێبەجێکردن و هەڵسەنگاندنی مانگرتنەکەدا، تۆڕەکانی پەیوەندیکردن بەهێزتر دەبن، پۆتانسێلی ڕێکخراوەیی زیاتر دەبێت و ڕێبەرایەتی نوێ شکڵ دەگرێت. ئەم پرۆسەیە بەستێنی پێویست بۆ هەنگاوی گەورەتری داهاتوو خۆش دەکات.

هەرچەندڕەنگەمانگرتنیگشتی،هەندێکویستوداخوازییکۆمەڵایەتیئابووریی دیاریکراویش بێنێتەگۆڕێ، بەڵام بە کردەوە دەبێتە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سیاسی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە ئاستی وشیاری گشتی بەرز دەکاتەوە و کۆمەک دەکات بە خەڵک تا باشتر لە ڕیشەی پێکهاتەیی کێشە و گرفتەکانیان تێبگەن. کاتێک کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان و بازاڕیان لە یەک مانگرتنی هاوبەشدا کۆدەبنەوە، لەوە تێدەگەن کە کێشە و گرفتەکانیان لە یەکتر جیا نییە و هەموویان لە سیستەمێکی سیاسیئابووری ستەمکارەوە سەرچاوە دەگرن.

ئەموشیارییەچینایەتیوسیاسییەپێشمەرجێکیپێویستەبۆهەرگۆڕانکارییەکیبنەڕەتی. حیزبە چەپ و هێزە سۆسیالیستەکانی کوردستان دەبێ بە باشی لەم پۆتانسێلی فێرکاری و ڕۆشنگەرانەی مانگرتن تێبگەن و لێی بەهرەمەند بن.

لە بارودۆخی ئێستادا، ویست و داواکارییەکانی مانگرتنی سیاسی گشتی دەتوانێت بریتی بێت لەم خاڵانەی خوارەوە:

ئازادی خێرا و دەستبەجێی سەرجەم دەستبەسەرکراوانی سیاسی، لەوانە هەڵسووڕاوانی کرێکاری، چالاکانی مەدەنی و هتد، کە تەنیا بە هۆی بەکارهێنانی مافی ڕەوای خۆیان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە زیندانەکانی ڕێژیمدان.

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و سەرکوت لە دژی خەڵکی ناڕازی، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی سیاسی، کۆتاییهێنان بە ئەشکەنجە و ئەزیەت و ئازاری زیندانیان و دادگاییکردن و لێپرسینەوە لە تاوانبارانی کوشتاری بەکۆمەڵ.

ئامادەکردنی بودجەی گشتی لەسەر بنەمای پێویستی ڕاستەقینەی چین و توێژی هەژار و دەستکورت، نەهێشتنی خەرجییەکانی پەیوەست بە پڕۆژە ئەتۆمی و مووشەکییەکان، کەمکردنەوەی بودجەی نیزامی و ئەمنییەتی و هەروەها کۆتاییهێنان بەو دەستێوەردانە ناوچەییانەی کە بەرهەمی ڕەنج و کاری ئەم خەڵکە بەفیڕۆ دەدەن.

زیادکردنی حەقدەست بەگوێرەی ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینە، دابینکردنی بیمەی بێکاری بۆ هەمووان، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کاتی و پەیمانی و گۆڕینی بۆ دامەزراندنی فەرمی، هەروەها دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو بۆ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش.

کۆتایی هێنان بە ستەم و هەڵاواردنی نەتەوەیی لە دژی خەڵکی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران.

پاراستنی یەکڕیزیی جەماوەر تا گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکانیان گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئەزموونی مێژوویی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان و لە سەرتاسەری ئێران ئەوەمان بۆ دەردەخات کە دوژمن بەردەوام هەوڵ دەدات بە دروستکردنی کەلێن و ناکۆکی نەتەوەیی، ئایینی، چینایەتیی و جیاوازی تەمەن، یەکگرتوویی جەماوەر لەناو ببات.

لەم پێوەندییەدا لایەنە سیاسیی و هێزە چەپەکان بەرپرسیارێتییەکی قورسیان لە ئەستۆدایە. یەکەم: پێویستە بانگەوازەکانی مانگرتن بەرپرسیارانە، لە کاتی خۆیدا و بە لەبەرچاوگرتنی توانا و پۆتانسێلە ڕاستەقینەکانی جەماوەر دەربکرێت. بانگەوازی سەرەڕۆیانە و بەبێ پشتیوانی جەماوەریی نەک هەر سەرکەوتوو نابێت، بەڵکوو متمانەی جەماوەریش لەدەست دەدات. دووهەم: پێویستە هەوڵەکانی ڕێژیم و دەست و پێوەندەکانی بۆ ناکۆکی و دووبەرەکی نانەوە پووچەڵ بکرێنەوە. ڕێژیم هەوڵ دەدات بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و پڕوپاگەندەی ناڕاست، هەڕەشە و تۆقاندن و تەنانەت دروستکردنی قەیرانی دەستکردیش، خەڵک لە مانگرتن پاشگەز بکاتەوە یان یەکڕیزییەکەیان تێک بشکێنێت. وەڵامی پێویستە بەم پیلانانە بریتییە لە دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی بەهێز و ڕاگەیاندنی جەماوەریی چالاک و ڕێکخستنی لەخوارەوە لە گەڕەک و کارگە و شوێنەکانی کار.

کۆمەڵە لە کوردستانی ئێران بە پشتبەستن بە ئەزموونی دەوڵەمەندی خەباتکارانەی خۆی، دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە ڕێکخستن و ڕێبەرایەتی مانگرتنە سیاسییە گشتییەکاندا بگێڕێت. هەروەها حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دەتوانێ ڕۆڵێکی سەرەکی لە گواستنەوەی ئەو ئەزموونانە بۆ سەرتاسەری ئێران بگێڕێت. لەم پێوەندییەدا پێویستە:

توانایی و پۆتانسێلی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا بۆ خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی تایبەت سەبارەت بە هەلومەرجێکی تایبەت و هەروەها دەستنیشانکردنی کاتی گونجاو بۆ مانگرتن و دیاریکردنی ویست و داواکاریی گونجاو لەگەڵ هەلومەرجە بابەتییەکە بەکاربهێنن.

لە پێناو پێکهێنانی کردەی هاوبەش لە نێوان هێزە جۆراوجۆرە سیاسی و کۆمەڵایەتی و پیشەییەکاندا تێبکۆشن. مانگرتنی گشتی کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە هەموو ڕەوت و لایەنەکان، سەرەڕای بوونی وردە جیاوازییەکان، لەپێناو ئامانجێکی هاوبەشدا کۆببنەوە.

پەیوەندی نزیک لەگەڵ ڕێکخراوە کرێکارییەکان، موعەلیمان، خانەنشینان، خوێندکاران، و چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دروست بکەن و لە تواناکانیان بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی جەماوەر بەهرەمەند بن.

ڕاگەیاندنە سەربەخۆ و جەماوەرییەکان بەهێزتر بکەن تا بتوانن پەیامی مانگرتنەکە بەگوێی هەموو لایەک بگەیەنن و پڕوپاگەندەکانی ڕێژیم پووچەڵ بکەنەوە.

مانگرتنی سیاسی گشتی نە ڕێگەچارەیەکی سیحراوییە و نە تاکە تاکتیکی بەردەستە. بەڵام لەم دۆخەی ئێستای کوردستانی ئێران و هەموو ئێراندا، یەکێکە لە کاریگەرترین ئامرازەکانی خەبات کە دەتوانێت بە تێچوویەکی تاڕادەیەک کەمتر گوشارێکی سیاسی بەرچاو بخاتە سەر ڕێژیم، خەڵک لەدەوری یەکتر کۆبکاتەوە و ڕێگا بۆ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیتر خۆش بکات.

ئەزموونی مێژوویی نیشان دەدات کە گەورەترین دەستکەوتەکانی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش، لە مانگرتنە گشتییەکانیانەوە سەرچاوەی گرتووە. لە کۆمۆنی پاریسەوە بگرە تا شۆڕشی ئۆکتۆبر و لە بزووتنەوە دژە کۆلۆنیالیزمەکانەوە تا شۆڕشی ڕێبەندانی ٥٧، مانگرتنی گشتی لە هەموو شوێنێک ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبووە.

ئەمڕۆ لە کوردستانی ئێران هەلومەرجەکە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو نەریتە شۆڕشگێڕانەیە ئامادەیە. خەڵک لەو دۆخەی ئێستا بێزار بوون، گوشارە ئابووری و سیاسییەکان گەیشتوونەتە ئاستی تەقینەوە و ناڕەزایەتی گشتیش هەموو چین و توێژەکانی گرتووەتەوە. ئەوەی کە پێویستە بریتییە لە کاری ڕێکخستنی ژیرانە، ڕێبەرایەتییەکی بەرپرسیار و پابەند و هەروەها یەکگرتوویی هێزە پێشکەوتنخوازەکان.

مانگرتنی سیاسی گشتی لەم قۆناغەشدا هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، دەتوانێ خاڵێکی وەرچەرخان بێت لە خەباتی خەڵکی کوردستان و ئێراندا. دەتوانێت نیشان بدات کە هێز و دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە دەستی جەماوەردایە و کاتێک یەکبگرن، هیچ دەسەڵاتێکی ستەمکار ناتوانێت لە بەرامبەریاندا خۆڕابگرێت. ڕێگاکە سەخت و دژوارە، بەڵام مەحاڵ نییە. هەروەها مێژوو فێرمان دەکات کە ئەو جەماوەرەی لەپێناو ئازادی و دادپەروەرییدا خەبات دەکەن، سەرەنجام سەردەکەون.

کۆمیتەیناوەندیکۆمەڵە

ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤

٤ی ژانوییەی ٢٠٢٦