بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار کراین کە هاوڕێ فەتاح کەلهوڕی، ناسراو به ”وەستا فەتاح”، پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە و ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە، ئەمڕۆ ٧ی مانگی مارسی ٢٠٢٦ له وڵاتی سوئێد، ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
هاوڕێ فەتاح لە بنەماڵەیەکی هەژار لە ساڵی ١٩٥٧ لە گوندی «داشتەمڕ» سەر بە شاری مەهاباد لە دایک بوو. بەهۆی هەژاری بنەماڵەکەی هەر لە منداڵییەوە ناچار بوو ڕوو بکاتە بازاڕی کار و بەم هۆیەوە لە خوێندن بێ بەری کرا. لەم ڕووەوە هاوڕێ فەتاح لە ژیانی ڕۆژانەیدا هەستی بە چەوساندنەوە و هەڵاواردنی چینایەتی کرد و بە کردەوە بوو بە بەرهەڵستکاری ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانە کە ڕەسمییەتی دەدا بەم چەشنە لە نایەکسانی. لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی جەماوەری دژی دەسەڵاتی پادشایەتی لە ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران، وەستا فەتاح وەک لاوێکی تینوی ئازادی لەو ڕاپەڕینەدا بەشداری کرد و زۆری نەخایاند ژیانی سیاسی خۆی گرێ دا بە کۆمەڵەوە و لە ساڵی ١٩٨٠ دا بە فەرمی بوو بە پێشمەرگەی کۆمەڵە. لە ڕیزەکانی کۆمەڵەدا هاوڕێ فەتاح نەک تەنها وەک پێشمەرگەیەکی بوێر و لێهاتوو، بەڵکوو وەک کۆمۆنیستێکی هوشیار و باوەڕمەند جێگای لە دڵی هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی دا کردەوە و بوو بە خۆشەویستی جەماوەری خەڵک. هەر بۆیە متمانەی چەندین ئەرکی گرنگی حیزبی بەدەست هێنا و گەلێک مەسئولییەتی هەستیاری گرتە ئەستۆ. باوەڕی پتەو بە خەڵکی کرێکار و هەژار، خۆنەویستی و بەدەربەست بوون لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی و پێشمەرگانە، وەفاداری بە ڕێبازی کۆمەڵە و پشتبەستن بە هێزی لەبن نەهاتووی جەماوەر چەند نموونەیەکن لە کەسایەتی بەرزی هاوڕێ فەتاح کە ئەوی کردبووە کادیرێکی خۆشەویستی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە و کەسایەتیێکی جێ متمانەی جەماوەری خەڵک.
چەندین ئەندامی بنەماڵەی هاوڕێ فەتاح چالاکی سیاسی بوون و سێ برای،واتە هاوڕێیان کەریم، حوسەین و مەحیەدین، له مەیدانی خەباتی سیاسی و پێشمەرگانەدا گیانیان له دەست دا.
هاوڕێ فەتاح سەرەنجام لە ساڵی ٢٠٠٨ ڕوویی لە دەرەوەی وڵات کرد و لە وڵاتی سوئێد نیشتەجێ بوو. لە درەوەی وڵاتیش هاوڕێ فەتاح بە پێی هەلومەرجی ژیانی پەنابەری بەردەوام بە پەرۆشی خەباتی سیاسی بوو و وەفادار بە ڕێبازی کۆمەڵە مایەوە و لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک درێغی نەکرد. بەداخەوە ماوەیەک لەوەوپێش پزشکەکانی هاوڕێ فەتاح ئاگاداریان کردەوە کە گیرۆدەی نەخۆشی شێرپەنجەیه. هەوڵی بەردەوامی پزشکەکان بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە بێ ئاکام مایەوە و بەداخەوە سەرەنجام ئەم هاورێیە خۆشەویست و دڵسۆزە ئەمڕۆ، ٧ی مانگی مارسی ٢٠٢٦، دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و مەرگ مەودای نەدا دوا ڕۆژی ئازادی ببینێت. بە دڵنیاییەوە یاد و بیرەوەرییەکانی هاوڕێ فەتاح لە داهاتووی ڕزگاری لە چەوساندنەوە لە لایەن هەزاران پەیڕەوی ڕێگا و رێبازی هاوڕێ فەتاح بەرز ڕادەگیرێت و بە پێزانینەوە یادی زەحمەت و تێکۆشانەکانی دەکرێتەوە.
ئێمەش، لە لایەن سەرجەم ڕیزەکان کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانەوە، بیرەوەریی و یادی ئەم هاوڕێیە خۆشەویستەمان زیندوو ڕادەگرین و بەو پەڕی ئەمەکناسییەوە چاو لە زەحمەت و دڵسۆزییەکانی دەکەین. هەر لێرەشەوە هاوخەمی خۆمان لە گەڵ سەرجەم بنەماڵەی ئازیزی هاوڕێ فەتاح ڕادەگەیەنیین، بە تایبەت هاوژینی کاک فەتاح، هاوڕێ ئاڵتوون کەریمی و منداڵەکانی پەیام و پەیمان و برای ئازیزی هاوڕێ محەمەد کەلهوڕی.
یادی ئازیزی هاوڕێ فەتاح کەلهوڕی، ناسراو بە ”وەستا فەتاح”، بەرز و بەڕێز بێت!
نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات
٧ی مارسی ٢٠٢٦
