کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

♦️هۆکارەکانی هاتنە ئارای شۆڕشی 1357ی گەلانی ئیران و ئاکامەکانی.

♦️بارودۆخی ناوخۆیی و جیهانی زاڵ بەسەر ئەو دەورانەدا و ئەو فاکتەرانەی بوونە هۆکاری دەسبەردانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاوایەکانی لە شاە و دەسەڵاتەکەی، پشتیوانیکردنی خومەینی و ڕەوتەکەی بۆ بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات.

♦️دەورو نەقشی ڕەوت و لایەنە سیاسیەکان و جێگە و پێگەی جەماوەریان.

♦️بارودۆخی کوردستان و ئەو روداوانەی لەدوای شکست هێنانی شۆڕش و ڕاپەڕین هاتە گۆڕی.

♦️هەڵوێستی خەڵکی کوردستان لە ئاست هاتنە سەرکاری ڕەوتی کۆنەپەرستی ئیسلامی، و کاردانەوەی خومەینی و ڕژیمەکەی بەرامبەریان.

♦️دۆخی ئێستای ئێران دۆای 43 ساڵ لە حاکمیەتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی و ئەگەری ئاڵوگۆڕی جەماوەری و شۆڕشێکی نۆی گەلانی ئێران.

ایوب دباغیان

21ی ڕێبەندان

بەشی یەکەم

⭕️سەبارەت بە چەمکی شۆڕش و راپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی 57 دا، ڕەنگە هەرکام لە لێکۆڵەران و شرۆڤەکارانی سیاسی لێکدانەوە و بۆچوونی جیاوازیان هەبێت لەسەر ئەوەی کە کام لە فاکتەرەکان کاریگەری بەرچاوتریان لە بەئەنجامگەیاندنی شۆڕشەکە هەبوو، و بەشێکی بەرچاویان  لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکی دیاریکراو شرۆڤە و هەڵسەنگاندن لە هۆکارەکانی شۆڕش‌دا دەکەن. من لێرە هەوڵ دەدەم خاڵە سەرەکییەکانی پێوەست بە شۆڕشی 57ی گەلانی ئێران بخەمە بەرباس و روونیان بکەمەوە، بۆ ئەم بابەتەش بە سوپاسەوە سودم لە نەزەرات و نوسراوەکانی هاوڕیابراهیم عەلیزادەوەرگرتووە

بە بڕوای من بۆ زانینی راستی و دروستی هۆکارەکانی شۆڕش و روخانی دەسەڵاتی شاە لەو سەردەمە، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو گۆڕانکاری و ڕیفۆرمانەی کە لە رووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوریەوە لە دەیەی 40ی هەتاوی لە لایەن شاە و رژیمەکەی، وە لە ژێر گوشاری دەرەکی زلهێزان و سەرمایەداران بەتایبەت ئەمریکا دەهاتە ئاراوە و هیدایەت دەکرا.

بەڵام بێ لەبەر چاوگرتنی خواست و تۆاناکانی لە جوابدانەوە بە چاوەرەانیە گشتیەکان، هەر بۆیە  شەرعیەتی سیاسی و جێکەوتویی کۆمەڵایەتی ڕژیمی سەڵتەنەتی کە خۆی بەرهەم هێنەری گەلێک ئاڵوگۆڕی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوری بوو لەم دەورەیەدا،  لە ڕیگەی هەر ئەم ئاڵوگۆڕانە و ئەو هێزە کۆمەڵایەتیانەوە کە لێی بەرهەم هاتبوون توشی کێشە و گیر و گرفت بوو.

ئیسلاحاتی دەیەی 1340 یش لە بارەی پڕۆسەی گەشە و کامڵ بوونی هێزە بەرهەمهێنەرەکان لە ناوخۆی وڵات و هەروها لە چاوی بەرژەوەندی سەرمایەداری جیهانیەوە وەک پێویستیەکی چارە هەڵنەگر دەهاتە بەرچاو،  بەو مەعنایەی کە لە لایەکەوە مناسباتی ئابووریکۆمەڵایەتی دواکەوتوانە و نیوە فئۆداڵی زاڵ بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا زۆر پێویستی بە ئاڵوگۆڕ هەبوو، بە شێوەیەک کە نیازێکی زۆری بە ئارام کردنەوەی دوخەکە و کەم کردنەوەی گرژی و ناکۆکیە کۆمەڵایەتیەکان بوو.

لە لایەکی تریشەوە سەرمایەداری جیهانی چاوی  بڕیبۆ بازاڕی فرۆشتن، کاری هەرزان و سامانی زۆر و زەوەندی ژێر زەوی بە تایبەت نەوت و سەرجەم بوارەکانی سەرمایە گوزاری لە ئێران کە تا ئەو کاتە بە دەست لێنەدراوی مابوونەوە.

هەر بۆیە لەم ڕوانگەوە ئێران ببوە وڵاتێکی جێ بایەخ بۆ سەرمایەگوزاری، چونکە هەم دەوڵەمەند بوو بە سروەتە ژێر زەویکان وە هەم خاوەن پێگەیەکی ستراتیژی و جوغرافیای سیاسی بوو لە ناوچەکەدا، هەروها پێکهاتەیەکی گەنج و جوانیشی لە خۆ گرتبوو کە بەشێکی بەرچاویان لە دێهات دەژیان و بە سەرچاوەیەکی گرینگی هێزی کار ئەژمار دەکرا.

کەواتە بە ئامانجی دابین کردنی ئەو پیویستیانە، یەکەم دەبوو ئەو هێزی کارەی کە لە دێهاتەکاندا نیشتەجێ ببوون بهێندرێنە شار تاوەکوو هاوشێوەی هەر کالایەکی تر ئەوەندە زۆربن تا بە کەمترین نرخ بۆ کار کردن لە بەر دەست.

دووهەم دەبوایە چینێکی مامناوەندی کڕیاریش هەبێت کە توانای کڕینی کالاو کەرەستەکانی هەبێت و ببێتە بەکارهێنەری سەرمایەداری.

ڕژیمی شاەش کە ئیتر قەیرانی دەیەی 30ی هەتاوی بە هاوکاری کودەتاچیەکان و پشتگیری بریتانیا و ئەمریکا پشتی سەر نابوو ممتانە بەخۆ بوونی پێویستی بەدەست هێنابوو، بە تایبەت لە دوای ئەو سەفەرەی کە شاە بۆ ئەمریکا کردی و توانی دەستەبەری پشتیوانی سەرۆک کۆماری وەقت کەکنەدیبوو بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

بەم  جۆرە ئیسلاحاتێک کە شاە ناوی لێ ناشۆڕشی سپییانشۆڕشی شاە و خەڵکبە گۆڕینی ئێران لە کۆمەڵگایەکی پشت بەستوی کشتوکاڵی و فئۆداڵی، بۆ کۆمەڵگایەکی نیمچە پیشەسازی سەرمایەداری، ئامادەیی خۆی بۆ تێکەڵ بوون بە نیزامی ئابوری جیهانی ڕاگەیاند و لە ڕیبەندانی 1341وە دەستی پێکرد.

بەڵام ئەم بەرنامەیە کە جەوهەری ئەسڵیەکەی بریتی بوو لە ئیسلاحاتی ئەرزی، زۆر محافزەکارانە و ناکارا دەهاتە بەرچاو.

بۆ نمونە، ئەگەرچی خاوەندارێتی زەوی درا بە بەشێک لە جوتیاران، بەڵام بێ توانایی لە دانەوەی قیستی درێژخایەن بۆ چینی دەست کورتی جوتیاران، ناچاری کردن زەویەکانیان بە نرخێکی زۆر کەم بفرۆش بە ئاغاو دەرەبەگەکان و ئینجا بۆ بەدەست هێنانی کار و بژیوی رۆژانەیان روو بکەنە شارەکان لەوانە تاران، و لە حاشیەی شارەکان نیشتەجێ بوون و گەڕەکەکانی وەکوو حەڵەبی ئاواکان و مەجبور ئاواکانیان بە دوور لە هەر چەشنە خزمەتگوزاریەکی پێویست و سەرەتایی پێکهێنا، کە بەردەوامیش پێیانەوە زیاد دەبوو، و راستەوخۆ شاەیان بە بەرپرسی ئەم دۆخە و نەبوونی و هەژاری خۆیانیان دەزانی.

هەر لەم دەورەیەدا و بە دوای پڕوسەی خستنە دەستوری ئیسلاحاتی بورژوازی لە لایەن حکومەتی شاوە، زانکۆکانیش بە هۆی سستی و نزمی ئاستی پێشکەشکردنی ڕاهێنانی ئاکادمیک تێیاندا بووە خاوەن مودیریەتێکی ناکارای دواکەوتوانە کە نەتوانێت جواب دەرەوەی خواستی خویندکاران بێت و لە لایەکی دیکەشەوە هاتنە ئارای فەزای پۆلیسی زاڵ بە سەر بەشەکانی خویندنی خویندکاران کە هەر چەشنە ناڕەزایەتێکی بە توندی سەرکوت دەکرد.

دەی دۆخی سەرکوت و زەوت کردنی ئازادی ڕا دەربڕین، سانسۆر و ممنوع بوونی هەر جۆرە فەعالیەتێکی سیاسی لە نێو زانکۆکان و دەرەوی زانکۆ، توێژی روناکبیرانی توڕەو ناڕازی، بەرەو هەڵوێست و کاردانەوەی توند لە هەمبەر ڕژیمی شاهەنشاهی دەبرد.

لە لایەکی دیکەوە هەرچەندە ژنان ئاستێکی کەم لە ئازادی کۆمەڵایەتیان دەستەبەر کردبوو، بەڵام ڕەنگدانەوەی ئیسلاحات لە سەر ژنانیش زور موحافیزەکارانە و کەمڕەنگ بوو، وە ڕژیمی شاە لەم بوارەدا، بوێری و ئازایەتی تەواوی بۆ بەرین کردنەوەی نەبوو ، بە هۆی حزوور و نفوزی مەزهەب و ئەو یاسایانەی سەرچاوەکەیان شەریعەتی ئیسلام بوو.

هەر بۆیە بەم شێوەیە شاە نەیتوانی لە نێو جەماوەری ژنانی ئێرانیشدا لە ڕێگەی ئەنجامی ئیسلاحاتی مەدەنیەوە پێگەیەکی قایم بۆ خۆی دەستەبەر بکات.

ئینجا نەبوونی و هەژاری خەڵک.

هەر لەو دەورانەدا ئەگەر چی بەهای نەوتی خاو چەند قات بەرز ببووە ، بەڵام زیاد بوونی نەرخی نەوت ئەوەندەی توانی خێرایی بداتە گەشەی موناسباتی سەرمایەداری لە ئێران و پەرەسەندنی سیستمی بوروکراسیەت ، نەیتوانی ئەوەندە لە خزمەت قەڵاچو کردن و نەهێشتنەوەی هەژاری و باش کردنی دۆخی خراپی خەڵکی دابێت،  بۆیە رۆژانە پەرە بە ناڕەزایەتیە گشتی و جەماوەریەکان دەدرا. وە رۆژ بە رۆژ زیاتر بوونی داهاتە نەوتیەکان و هەژارتر بوونی خەڵکی کەلێنی قوڵتری جێ دەهێشت.

لە لایەکی دیکەشەوە داهاتی نەوت ئیمکان و ئیختیاری دایە دەوڵەت کە کۆنتڕۆڵی جومگە ئابووریەکانی وڵات بە دەستەوە بگرێت و خۆی ببێتە گەورە خاوەندار، هەر لەم دەورەیەدا گەندەڵی ماڵی لە سیستمی بروکراسی دەوڵەتیدا نیهادینە کرا و گەندەڵی دەرباری شاە پەرەی سەند، خزم خزمێنە و سەرمایەدار و توجاڕی کەسە نیزیکەکانی شاە و دەربار زۆرینەی قەراردادە بازرگانی و تجاریەکانیان بە دەستەوە گرت ، کە لە نەتیجەی ئەوشدا تویژێکی سەرمایەداری بێ بەش کراوی ناڕازیش سەری هەڵدا.

لە ئاکامی ئیسلاحاتدا چینی ناوەراستی تاڕادەیەک دەوڵەمەندیش بوون بە دوو بەشەوە،  بەشێکیان کە توانیبویان هێندێک ئیمتیاز بە دەست بێنن، بەشەکەی دیکەشیان کە زۆرینەش بوون بێبەش ببوون لە بوونی ئەم جۆرە ئیمتیازاتە بۆ خۆیان، و هۆکارەکەیان سەرچاوەگرتوو لە هەڵاواردنی رژیمدا دەبینی و نارەزایەتێکانیان سەری هەڵدا.

بە دیوەکەی تریشیدا چونکە ئیسلاحاتی ئەرزی نەیتوانی ببێتە هۆی زیاد بوونی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان لە نەتیجەدا پێداویستی رۆژانەی ژیانی خەڵک بەردەوام گرانتر دەبوو کە ئەمەش بوو بە قەیرانیکی دیکەو داوێنگیری خەڵکی ئێران ببوە.

هەر بۆیە بەم جۆرەیە کە دەبینین ئیسلاحاتی شاە نەک هەر نەیتوانی کۆتایی بە ناکۆکیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بهێنێت و دوری بخاتەوە، بەڵکوو بە شیوەیەکی بەربڵاو لە باقی بوارەکانی دیکەشدا خوی نیشان داو پەرەی ستاند. بۆیە کۆمەڵگای ئێران لە هەمان دەیەی 40ی هەتاویەوە ئاوس بووی شۆڕشێک بوو کە دەیتوانی پاشماوەکانی موناسباتی کۆنی دەرەبەگایەتی لە گشت جومگە ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکاندا سەراو ژێر بکاتەوە.

بە کورتی با ئاوا بڵێم، ئەگەر چی ئیسلاحاتی شاە توانی بۆ ماوەیەک ئەنجام دانی شۆڕش و ڕاپەڕینی جەماوەری لە دەستوری کاری کۆمەڵگای ئێران دەربێنێت، بەڵام لە هەمانکاتدا زەمیینە و بوارەکانی سەرهەڵدانی بارودۆخێکی شۆڕشگێرانەی دیکەی لە ناخی خۆیدا پەروەردە کرد.

⭕️بە تێپەڕ بوونی کات و هاوکات لەگەڵ گەشەی بەردەوامی پیشەسازی و ئابووری دەستی سەرمایەداری کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکرد و دەبوایە بە بەردەوامی پەرە بە بازاڕی سەرمایە بدات،  لەم لاشەوە ڕکەبەرێتی یەکێتی سۆڤیەتشورەویو ئامریکا ببوە بابەتێکی سیاسەتی نێودەوڵەتی، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا کۆمەڵگای ئێران رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر لە بارودۆخی شۆڕشگێرانە نزیکتر دەبۆوە.

هاوکات افغانستانیش کە هاو مەرز و دراوسێی ئێران بوو لە مانگی گوڵانی 1357ی هەتاوی دا شاهیدی کودەتایەکی سەربازی بوو لە لایەنحیزبی دیمکرتیکی خلق افغانستانبە پشتیوانی یەکێتی سۆڤیەت بە سەر  حکومەتەکی محمد داوود خان کە سەرۆک کۆماری بوو عملا ململانێەکانی ئامریکا و شورەوی بردە فازێکی ترەوە، وە وای کرد نیگەرانیەکانی  لە هەمبەر ئێران بچیتە دۆخێکی ترەوە.

لە هەیمەنە و هەبوونی وەها بارۆدۆخێک دابوو کە گەلانی ئێران بە ئۆمێدی بەدەستهێنانی ئازادی و کۆتایی هێنان بە زوڵم و زۆری رژیمی سەڵتەنەتی و بەدیهێنانی ژیانێکی شیاوتر لەوەی هەیانە، دژ بە رژیمی شاە ڕژانە شەقامەکان و دەستیان دایە ڕاپەڕین، ئەوە بوو لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا تەواوی ئێرانی گرتەوە و سەراسەری بویەوە.

دەسەڵاتی شاە بە تەواوی کۆنتڕوڵی بارودۆخەکەی لە دەست دابوو، تۆانای دامرکانەوەی نەمابوو، دەی کاتێک ئەوە، بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاوایەکانی بە بریتانیاشەوە روون بویەوە کە شاە هیچ جۆرە تواناو کونتڕوڵێکی بۆ دامرکانەوەی بارودۆخەکە نەماوە، وە ئیتر بەرگریکردن لە شاە و دەسەڵاتەکەی بێی سوودە و بە جۆرێک مەترسی ئەوەی لێدەکرا کە ئێرانیش بە دەردی ئەفغانستان بروات و شورەوی دەستی بەسەردا بگرێت، و بۆ ئەوەی دوری بخەنەوە لە ئەگەری دەست رویشتویی کۆمۆنیزم بە سەریدا، وە لەم لاشەوە چونکە هەر لە پێشتریشەوە ئەمریکا لە پەراویزدا هەمیشە چاوێکی بە سەر رەوتی ئیسلامی ناو ئوپۆزسیۆنی شاە دا هەبوو ، وە بەردەوام شاە و دەسەڵاتەکەی لە گرتنە بەری سیاست و هەڵسوکەوتی نەرم و هێدیتر بەرامبەریان ئاگادار دەکردەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە بەرامبەر بە چەپەکان و کۆمۆنیستەکان هەیان بوو.

جا لە گرتنبەری هەر ئەم جۆرە سیاسەتە بوو کە ئەمریکایەکان بەردەوام پەیوەندی خۆیان لەگەڵ هێندێک لە ئوپۆزسیۆنی ئێراندا لەوانە خومەینی ڕادەگرت، وە لەگەڵ چوونی بۆ پاریس راستەوخۆ پەیوەندیان پێوەی گرتبوو و هێندێک قەرار و بەڵێن یان لە یەکتری وەرگرتبوو.

تەنانەت بە پێی هێندێک سەرچاوە خومەینی بەڵێنی تازەکردنەوەی کۆنتراکتە نەوتێکان و بەردەوام بوونی هەناردەی نەوتی بە رۆژئاوا دابوو. بەڵێنێک کە محمد رەزا پەهلەوی ئەم پرسەی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ڕۆژئاوا بەکار دەهێنا. شاە لە ساڵی 1973ی زاینی رایگەیاند کە کۆنتراکتی نەوتی ئەوان لەگەڵ چەند کۆمپانییەکی ڕۆژئاوایی لە ساڵی 1979ی زاینی کۆتایی پێ دێت و ئیتر حازر بە تازەکردنەوەیان نابێت، وە بە پێ قسەی هیندێک لە شرۆڤەکاران ئەم بابەتە بە یەک لە هۆکارە دەرەکییەکانی ئەو شۆڕشە دەزانن.

جا بۆیە لە دوای ئەوەی ئامریکا و هاوپەیمانانی لەوە دڵنیا بوونەوە کە ئیتر ئیمکانی مانەوەی شاە ممکن نەماوە، گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە رژیمێکی ئیسلامی بۆ بەرامبەرکێ لە ئاست نفوزی یەکیەتی سۆڤیەتدا لە ئەگەری هاتنە سەرکاری چەپەکان ڕیگە چارەیە و پێیان وابوو ئەم رەوتە بە تەواوی تۆانا و هێزی پێویستی هەیە، وە ئەوە ئەولەویتی ئەوڵیان بوو.

پاراستنی بەرژەوەندیە ئابوورییەکانیان بە ئەولەویتی دووهەم دادەنرا، چونکە دەیانزانی گەر نەتوانن بارودۆخی سیاسی و ئەو شەپۆلە جەماوەریە مەهار کەن کە لە شەقام بوونی هەیە ناتوان بەرژەوەندیە ئابوریەکانیان بپارێزن.

ئەوە بوو کە ئەمریکا و هاوپەیمانە ئوروپایەکانی لە کۆنفرانسێک کە لە (گوادولۆپ)ی فەرانسە ئەنجامیان دا بە کۆدەنگی گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە چیتر نابێت پشتگیری شاە و دەسەڵاتەکەی بکەن، لە نەتیجەدا بڕیاریان دا هەموو بوارەکانی هاتنە سەرکاری رەوتیکی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی خومەینی ئامادە بکەن.

کەواتە کۆنفرانسیگوادولۆپهەم مەلەف و چارەنوسی شاەی بە پشت کردن لێی دیاری کرد و بەستی وە هەم هاینانە سەرکاری دەسەڵاتێکی ئیسلامیان خستە دەستوری کاریانەوە، ئینجا سیستمی ڕاگەیاندنی رۆژئاوایەکانیشیان لە خزمەت بەرژەوەندی خومەینی و رەوتەکەی خستە کار، و شەو نەبوو کە پەیام و اعلامیەی خومەینی لە رادیو بی.بی.سی بەشی فارسی روو بە ئێران نەگوازنەوە، تەنانەت ئەو شایعەیەی کە دەیانکووت عەکسی خومەینی لە ناو مانگ بینراور هەر لەم کاناڵە بڵاو کرایەوە. ئەمە لە حاڵێک دا بوو کە چەپەکان کەمترین ئیمکاناتی ڕاگەیاندنیان لە بەردەست دابوو.

⭕️لە دوای ئەو ڕیکەوتنەی لە گۆادلۆپ کرا ئەرتەش بێلایەنی خۆی ڕاگەیاند و رۆژئاوایەکان لە بێ تۆانایی دەوڵەتیشاپوری بەختیاردا لە کۆنتڕوڵ کردنی شۆڕش و پارێزگاری لە منافع و بەرژەوەندیەکانیان بەرامبەر تواناو نفوزی یەکیەتی سۆڤیەت نیگەران بوون.

بۆیە هاتنی ژنڕاڵهایزریش کە بە کەسێکی خاوەن ئەزمونی بەتواناو خاوەن نفوزی ناو فەرماندەکانی ئەرتەشی شاە دادەنرا، لە حەقیقەت دا لە راستای ڕەواندنەوەی ئەو مەترسیانە و بەرگرتن بە ئەگری هەر کودەتایەک کە مومکین بوو لە لایەن ئەرتەشەوە روبدات بوو، هاوکات ئامادەکردنی بارودۆخەکە بۆ بە دەسەڵات گەیشتن و هاتنەوەی خومەینی بوو، نەوەک بۆ پشتگیری لە دەوڵەتەکەی بەختیار کە حەقیقەتی نییە و ئەمریکا باش لەوە تێگەیشتبوو کە دەسەڵاتی بەختیار بەرگە ناگرێت.

هەر بۆیە دەبوو ئەرتەش رێگە خوشکەر بێت بۆ ئیسلامیەکان بۆ بە دەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی و سواربوون و کۆنتڕۆڵکردنی شەپۆلی شۆڕشی جەماوەر و تەحمیل کردن و جێ خستنی خۆمەینی وەک بەدیلی رژیمی شاهەنشاهی بە ڕای گشتی ئێران.

لە لایەکی دیکەشەوە خەڵک و جەماوەر هەستیان بە مەترسی دەکرت لەوەی کە ئەم شۆڕش و ڕاپەڕینە لە ڕێگەی هێندێک رەوت و لایەن دەستی بەسەر دابگیرێت بۆیە هێرشیان کردە سەر ناوەندەکانی دەسەڵات و پادگانەکان و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی، و خۆیان چەکدار کرد، ئەگەرچی ئەمە پێچەوانەی خواستی لایەنگرانی خومەینی بوو، چونکە ئەوان دەیانویست ئەو ئیمکاناتە نەکەویتە دەستی خەڵکی تاکوو لە پلان و بەرنامەی دواجاریاندا ئاسانتر بتوانن شۆڕش و جەماوەرەکەی سەرکوت کەن.

ئاخر بوونی چەک و ئیمکاناتی دیفاعی و ورەی خەڵک بۆ هۆی درێژبوونەوی ماوەی سەرکوتکردنی شۆڕش، بەڵام لە نەتیجەدا و لە دەیەی 60 بەم لاوە رژیمی ئیسلامی خومەینی ئەوەی کە شاە بۆی نەکرا لە سەرکوتکردنی شۆڕشی جەماوەری ئەنجامی دا.

⭕️ڕەنگە ئەوە پرسیار بێت کە شۆڕش و راپەڕینی جەماوەری 57ی ئێران دەرەنجامی هەستانێکی سەراسەری و جەماوەری گەڵانی ئێران بوو، وە جگە لە رەوتی کۆنە پرستی ئیسلامی بە رێبەری خومەینی، چەندین رەوت و لایەنی سیاسی دیکەش بەشدار بوون تێیدا کە هەر کامەیان پێگەو جەماوەری خۆیان هەبوو، لەوانە رەوتی ناسیونالیست لیبراڵەکان، و رەوتی چەپەکان و کومونیستەکان، و زانیشمان کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی فاکتەری دەرەکی بوون لە هێنانە سەر کاری خومەینی و ڕەوتەکەی بۆ دەسەڵات. باشە جگە لەمە چ هۆکارگەلێکی تر وای کرد کە ئەم دوو بەرەیە نەتوانن وەکوو دوو هێزی کاریگەر دەورو نەقشیان هەبێت لە سەر شۆڕش و ڕاپەڕین بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی کە بۆی دیاری کرابو؟

لە راستیدا جگە لە ویستی ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاوایەکانی چەند فاکتەرێکی دیکەی گرینگ بوونیان هەبوو کە وای کرد رەوتێکی ئائینی ببێتە جێگرەوەی رژیمی شاە و دەسەڵات بگرێتە دەست:

ـــ یەکەم / رەوتی ئیسلامی لایەنێکی بەهێز بوو  لە ناو سەرهەڵدانی شۆڕشە جەماوەریەکە، لایەنێک کە بە پێچەوانەی لایەنەکانی تر ، خاوەنی ڕیبەر و دامەزراوە و بنەمای فکری تایبەت بە خۆی بوو  کە بە هەموو ئەو ساڵانە لە ناو دەسەڵات و دەوڵەت دا بۆخۆی دەوڵەت بوو.

وە ئەگەر چاوێک بگێرینە سەر  روداو و گۆڕانکاریەکانی یەک سەد ساڵی ڕابردوو هەر لە شۆڕشی مەشروتەوە هەتا شۆڕشی دژە سەڵتەنەتی ساڵی 1357ی هەتاوی دەورو نەقشیان هەبووە و بەرچاو دەکەون.

ئەوان رەوتێکی سیاسی ئایینی شیعە بوون کە تینووی دەسەڵات و حوکمەت بوون وە بە شیوەی دەوڵەتی سێبەر لە ماوەی سەد ساڵی ڕابڕدوو بوونیان هەبوو وە لە بەشێکی بەڕیوەبردنی کاروباری دەوڵەت و میللەت نەقشیان هەبووە ، لەوانە کارەکانی پەیوەند بە مەحکەمەو  پێکهێنانی خێزان و تەڵاق و جیابوونەوە، دەسکەوتە مادی و نقدیەکان لە رێگەی شوینە وەقف کراوەکانی وەکوو خانووبەرەو دوکان و زەوی و مناسبەتە ئائینیەکان یان ئەوەی کە پێیان دەوتسهم الامامووجوهاتی شەرعیکە داهاتی زۆرو بەرچاویان لیی دەست دەکەوت کە توانیبویان ڕیکخراوێکی گەورە و دەوڵەمەندی لە ژێر مەرجەعیەتی شیعەدا پێک بهێنن و بە کەسانی ناسراو و بەناوبانگیش رێبەری بکەن،

ـــ رەوتی دووهەم/  رەوتی ناسیونالیست و لیبراڵەکانی لایەنگری رۆژئاوا بوون.

سەرهەڵدان و دروست بونیان دەگەڕیتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدی بیستەم، وە هەر ریبەرانی ئەم ڕەوتە بوون کە فەرهەنگی مۆدێڕنی ئوروپایان گواستەوە بۆ ئێران.

لە سەردەمی موسەدیقدا خوازیار و ئاڵاهەڵگری خۆماڵی کردنی نەوت و سەربەخۆیی سیاسی ئێران بوون.

ئەم رەوتە لە کاتی شۆڕشی 1357 دا بەهۆی بێتۆانایی و نەبوونی پێگەی پێویستی جەماوەری کە بە درێژای تەمنی خویان لە ناو حکومەتی شاەش دا بە ڕەخنەگرانی بێ سەرئێشە ناسرابوون لە بەرامبەر رەوتی ئایینی دا وەچۆک هاتوو تەسلیمی بوو. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی بە باشی لەوە تێگەیشتبوون بۆیە نەیان ویست حیسابێکی جدیان لەسەر بکەنەوە.

ـــ رەوتی سێهەم/ رەوتی چەپ و سوسیالیستەکان بوون. هەرچەند مێژوی ئەم جەریانە لە ئێراندا دەگەڕیتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە کرێکارانی ئازربایجان و پارێزگاکانی شیمالی ئێران بە مەبەستی کارکردن لە کێڵگە نەوتێکانی باکۆ دا هاتنە ئەو هەرێمە، وە هەر لەوێ لەگەڵ هزرو بیری شۆڕشگێرانە و چینایەتی سۆسیال دیموکراتیک دا ئاشنا بوون.

پێویستە بزانین ئەگەرچی کە ئەم ڕەوتە لە دەورەی شۆڕشی مەشروتیەتدا ، هاوپەیمانی جیدی جەریانی لیبڕاڵ و نەتەوەخوازەکان بوو،. بە پێکهێنانی حیزبی (ئیجتماعیون یان عامیون) وە دۆاتر دروست کردنی یەکەمین حیزبی کۆمۆنیستی ئیران لە ساڵ 1299 ی هەتاویدا ، پێی نایە ساحەی خەباتی سیاسی و بوو بە ڕەوتێکی گرینگی گۆڕەپانی سیاسی لە ئێران.

ئەم ڕەوتە سەڕەرای ئەوەی کە بە هۆی گرێدراوی حیزبی تودە بە سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی سۆڤیەت زیانی بەرچاوی بەردەکەوت بڵام توانی بۆ ماوەیەکی دورو درێژی دەیان ساڵە زاڵ بێت بە سەر فکر و ئەندیشەی سیاسی و فەرهەنگی رۆشنبیرانی کۆمەڵگای ئێراندا ، وە بەردەوام بوو لە بە ئەنجام گەیاندنی دەور و نەقشی خۆی لە ساحەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێراندا.

بەداخەوە ئەم ڕەوتە لە دەورانی شۆڕشی جەماوەری ساڵی 1357 دا بە هۆی ناکۆکی فیکری و تەکەتولی سیاسی و تەشکیلاتییەوە نەیتوانی بە پێی وەزنی خۆی سود لەو هەل و مەرجە رەخساوە کۆمەڵایەتییە وەربگرێت تا بتوانێت هاوسەنگیکی باش لە ناو هێزە سیاسییەکاندا پێک بهێنێت کە بە سودی خۆیان بشکێتەوە، جا هەر ئەمە وایکرد کە دۆاجار لە لایەن دەسەڵاتی دواکەوتوخواز، کە بوو بە حاکم سەرکوت بکرێت.

وەک دەبینین کۆمەڵگای ئێران بە درێژایی یەک سەد ساڵی ڕابردوودا بەردەوام ساحەی بەربەرەکانی و کێبرکێ ئەم سێ رەوتە بوو هەم ڵەگەڵ یەکتری و هەم لەگەڵ دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکان بۆ دەسەڵاتی سیاسی.

ئینجا هاتنە سەر کار و خۆ سەپاندنی ئەم رژیمە لە دوای شۆڕشە خۆرسکە جەماوەریەکی 1357 لە نەتیجە و دەرئەنجامی : هاوسەنگی هێزە جیهانیەکانی دەورانی شەڕی سارد و بێی توانایی و نەبوونی پێگەی جەماهیری رەوتی ناسیونالیستەکان و لیبڕاڵەکان لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە نەبوونی ڕیکخراوە جەماوەرییە کرێکاران و خۆ ڕیکنەخستن و خۆ پتەو نەکردنی رەوتە چەپەکان و نەبوونی ڕێبەرایەتێکی شۆڕشگێرانەی پێشکەوتنخۆاز هاتە ئاراوە.

⭕️خومەینی بە هاتنە سەرکاری، یەک لە ئامانجەکانی پێکابوو کە ئەویش نەمانەوەی شاە و دەسەڵاتەکەی بوو، و ئینجا دەبوایە کار بۆ ئامانجی دووهەمی بکات کە ئەویش سەرکوت کردن و لە ناوچوونی شۆڕش و سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بوو.

وە بۆ ئەم کارەی دەبوایە کۆمەڵێک فریوکاری عوام فریبی ئەنجام بداد بە مەبەستی غافڵاندن و هەژاندنی هەستی جەماوەر، لەوانە: داگیر کردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا و بە بارمتە گرتنی 52 لە فەرمانبەر و دیپلۆماتکارەکانی بۆ ماوەی 444 رۆژ ، وتنەوەی دروشمی مەرگ بر ئەمریکا، کە لە راستیدا زمینەسازی بوو بۆ سەرکوتکردنی هەڵسوڕاوان و تێکۆشەرە راستەقینەکانی دژە ئیمپریالیست، یان شانۆی موستەزعەفان و پشت کردنە ماڵی دونیا، روئیای دابەشکردنی عادیلانەی سەروەت و سامان لە نێو خەڵکی هەژار، پێشوازی لە شەڕی ئێران و عێراق بە مەبەستی ئامادە ڕاگرتنی کۆمەڵگاە، بە بەردەوامی هێرش کردنە سەر زانستگاکان و داخستنیان بە بیانووی شۆڕشی فەرهەنگی، وە دەیان کردەوەی دیکە کە خومەینی بە مەبەستی چەواشەکاری و هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی دەیکرد تاکوو نەفەسی شۆڕش کەم کاتەوە وە لە نەهایەت دا بە تەواوی سەرکوتی بکات.

گۆڕانی هاوسەنگی هێزی شۆڕش و نەیارانی شۆڕش، خۆ ڕیکستنەوە و پتەوترکردنیان لە دوای 22ی بەهمەن، نەبوونی حیزب یان بەرەیەکی بەهێزی چەپ و سوسیالیستی و ڕیکخراوێکی سەرتاسەری کرێکاری و تەنانەت بێ کەفایەتی و عەدەمی سەڵاحییەتی مێژویی سیاسی و کۆمەڵایەتی هێزی راست واتە بورژوازی لیبراڵ وە بێگومان هەڵەی رۆناکبیران و هێزە سیاسیەکان کە نکۆڵی لێ ناکرێت.  یان ئەوی حیزبی تودە و سازمانی ئەکسەرییەت کردیان و بوونە ماستاوچی و داردەستی کۆماری ئیسلامی بۆ هەتا هەتایە ناوی خۆیان بە ڕەشی و بەدناوی تۆماری مێژوو کرد،

کەواتە بەدەستەوە بوونی توانایی مادی و رێکخستی تەواو بۆ تێکشکاندنی بێرەحمانەی شۆڕشە جەماوەریەکەی 57 لە بەر دەستی خومەینی و ئیسلامگەرا جەلادەکانیدا داهەبوو.

⭕️ئەوە ئاشکرایە کە گەلی کوردیش لە کوردستان چالاکانە، هاوشانی سەرجەم گەلانی دیکەی ئێران لە دژی نیزامی شاە و دەسەڵاتەکەی ڕاپەڕین و بەشداری شۆڕشیان کرد و ڕۆڵە و گەنجی زۆریشیان لە دەستدا، بەڵام ئەوەی کوردستانی جیا دەکردەوە لە باقی ناوچەو شارەکانی تری ئیران، لە دوای ڕاپەڕین و بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە لایەن خومەینی و هاوبیرانی و تەشکیلی دەوڵەتی مووەقت، دوو روداوی سیاسی و جەماوەری و مێژویی بوو کە هەرکامەیان گرینگی تایبەت بەخۆیان هەبوو:

ـــ یەکەم ئەوەی کە لە دوای ڕاپەرین ڕیکخراوێک کە 9 ساڵ بوو بە شێوەی نهێنی تێکۆشانی سیاسی، تەشکیلاتی دەکرد، وە پێکهاتبوو لە کۆمەڵێک گەنجی خویندکاری کوردی زانکۆکانی تاران و شارەکانی دیکەی ئێران، کە لە بە سەمەر گەیاندنی شۆڕش و ڕاپەڕینیش دەوری کارایان هەبوو ، لەدوای برینداربوونی یەک لە پێکهێنەرانی بە ناوی کاکحمە حوسینی کریمیکە لە جەریانی گرتنی شارەوانی سەقزدا، لە 24ی ڕیبەندان برینداردەبێت و لە پاش دوو رۆژ و لە 26ی ڕیبەندان دا بەداخەوە گیان بەخت دەکات، لە دوای ئەم روداوە و هەر لەم رۆژەدا هاوریکانی بڕیاری ئاشکرابوونی تەشکیلات دەدەن، وە ناوی دەنێنکۆمەڵە

ئەگەر بمهەوێت بە دروستی ئەدای مطڵب بکەم دەبێت بەڵێم كۆمەڵە له گەرمەى ئاڵوگۆڕ و هەلومەرجێکی تايبەت و ڕاپەڕینی گەلانى ئێران و كوردستان، دژ به حوكمرانى و دەسەڵاتى شاهنشاهى و سيستمى داپڵۆسێنەر و تۆقێنەرى ساواک، له هەمان كاتدا به دەستەوه گرتنى دەسەڵات له لايەن خومەینی و دارودەستەكانى کە بوو به هۆی لەبار بردنى ڕاپەڕینی رەواو بەرحەقى خەلكى ئێران و کوردستان، كۆمەڵە وەک رەوتێکی راديكالى تازەى به ڕێباز نۆی، به ئامانجى موبارزه و پشتيوانى له خەلكى ستەم لێکراو و زوولم لێكراو، و چەوساوەى كوردستان و كريكاران و زەحمەتكێشان هاته ئاراوه و له پاش 9 سال له تێکۆشانی نهێنی و شاراوەى خۆی له دەورانى شاە و داموودەستگای سەركوت و ئەشكەنجەى ساواك وەك داگيرسانى چرايەك له دلى تاريكى و زوولم، و دەركەوتنى خۆری هيوا و ئۆمێد به داهاتوو بۆ رزگارى  بەش خوراوان هاته دونيا و هەر زوو لەهەمان گەرمەى ڕاپەڕین و خرۆشانی خەلكى وەگيان هاتوى چينى هەژار و چەوساوەى كوردستان پيشوازى لێكراو توانى پشت ئەستور بێت به خۆاست و ئيرادەى خەڵکی كوردستان، وه لەو كاته دا قبول كردنى کۆمەڵە وەكوو ڕێکخراوێکی سياسى و چپ و کۆمۆنیست بە معنای رەدكردنەوه و قبول نەكردنى رژيمى خومەینی بوو كه تازه خەريك بوو جومگەكانى دەسەڵاتی خۆی دادەمەزراند و هەر زۆر زووش بڕیاری له دژى گەلى كورد و قتل و عام كردنى خەڵکی بێتاوانی كوردستان دەركرد.

ـــ دووهەم ئەوەی کە له‌ دوای ڕاپه‌ڕین وکۆتایی هاتن بە سه‌رده‌می شۆڕش، دوای ئەوەی خەڵکی کوردستان نائۆمێد و نیگەران بوون لە ئاکامەکانی ئەو دۆخەی بە هۆی شکست پێهینانی شۆڕش کە لە نەتیجەی دەستی دەرەکی زلهێزان و سەپاندنی دەسەڵاتی رژیمی مەلایەتی خومینی بە سەر گەلانی ئێراندا هاتە ئاراوە، به‌ هه‌زاران كه‌س ده‌ستیان دایه‌ چه‌ك و بە وتنیناو بەشداری نەکردنیان لە شانۆگەری بە ناو ڕیفراندۆمی 12ی خاکەلێوەی 1358، بۆ خومینی و رژیمەکەی و عەدەمی مشروعیەتیان، بڕیاری موقاومەت و بەرگریان دا، و بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵکی کوردستان شکڵی گرت و بوو بە ئەمری واقع.

ئەمە جگە لەوەی کە ئێران بەدوای ئەو بارودەخەی لە دوای هەرەس هێنانی ڕاپەڕین لە سەر دەستی خومەینی و دەستی دەرەکی توشی هات کوردستان کە بە سەنگەری مقاومەت بۆ درێژەدان بە ڕاپەڕینی جەماوەری هەموو ئێران چاوی لێدەکرا، ببۆە جێگەو پێگەیەکی ئەمن و شونێکی گونجا بۆ لەخۆگرتنی هەموو ئەو رەوت و ڕێکخراو و کەسایەتیانەی کە ئیتر نەیان دەتوانی لە تاران و شارەکانی خویان درێژە بە کاری سیاسی و تەشکیلاتی خۆیان بدەن خۆیان دەگەیاندە کوردستان

⭕️هەر لە یەکەم ساتەکانی بەدەسەڵات گەیشتنی ڕەوتی ئیسلامی، له‌ ده‌سپێكی مانگی گوڵانی 1358، له‌ شاره‌كانی مه‌هاباد و سنه‌، به‌ ده‌ستووری فه‌رمانده‌ی پادگانه‌كانی ژێر فه‌رمانی ڕژیمی نوێ، خه‌ڵكیان دایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گوللە، له‌ مه‌هاباد 20 كه‌س به‌هۆی ته‌قه‌ی ئه‌م هێزانه‌، و له‌ شاری سنه‌ش نزیك به‌ 200 كه‌س به‌هۆی تۆپباران، گیانیان له‌ده‌ست دا.

هاوکات هه‌ر ئه‌و كات ڕژیم توانیبووی به‌شێك له‌ كۆنه‌په‌ره‌ستانی ناوچه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ خۆی بخات.

چه‌كدار كردنی فێئۆدال و عه‌شایرکان و ڕێكخستنیان له‌ ته‌شكیلاتێكی كۆنه‌په‌رستانه‌ له‌ژێر ناویشوڕای عه‌شایری كوردستانبه‌هێزكردنی جه‌ریانی ئیسلامیی به‌ ڕێبه‌ریی ئه‌حمه‌د مۆفتی زاده‌ له‌ شاری سنه‌، له‌ دەستپێکی ئه‌و هه‌وڵانه‌ بوو.

هەر لە مانگی گوڵانی هەمان ساڵ، واتە ڕۆژی 31ی گوڵانی 1358 شه‌ڕی نێوان خه‌ڵكی تورك و كوردیان له‌ شاری نه‌غه‌ده‌ هه‌ڵگیرساند و ژماره‌یه‌ك پاسداریان به‌ فه‌رمانی مه‌لا حه‌سه‌نیی كۆنه‌په‌رست، بۆ كوشتن و تاڵان کردنی مڵك و ماڵی خه‌ڵك ڕه‌وانه‌ كرد. هه‌روه‌ها پاسدارانی رژیمی كۆماری ئیسلامی، له‌ ڕۆژی 23ی مانگی پووشپه‌ڕ له‌ شاری مه‌ریوان خه‌ڵكییان دایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولـله‌ و به‌و هۆیەوە 24 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا و 40 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون. هاوكات له‌ شاری سنه‌ش به‌هۆی ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم چه‌ند كه‌سی دیكه‌ گیانیان به‌خت كرد.

دۆابەدۆای کارەساتی 23ی پوشپەڕ و کوشتاری خەڵکی مەریوان، كۆچی مێژوویی خەڵكی مەریوانی وەكوو قۆناغێك لە خەباتی خەڵكی مەریوان و بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی گەلی كورد بە ڕابەرایەتی هاوڕی گیان بەختکردوو کاک فوادی لێکەوتەوە، کە تێیدا خەڵك بۆ ناراڕەزایەتی دەربڕین  بە كردەوە سەركوتگەرەكانی رژیم و هەروەها ئازار و ئەزیەت و جنایەتی بەكرێگیراوانی كۆماری ئیسلامی، بە كۆمەڵ شاریان بەجێ هێشت و لە 30ی پوشپەری 58ی هەتاوی تا 13ی گەلاوێژ و بۆ ماوەی دوو حەوتوو، بە بەشداری و پشتیوانی زۆرێک لە جەماوەری باقی شارەکانی کوردستان لە ئۆردوگای كانی میران كە لە 12 كیلۆمتری شاری مەریوان هەڵكەوتووە، جێگیربوون.

کۆچی مێژوویی مەریوان ئەزموون و وانەیەکی کەم وێنە بوو لە ئێعتراز و سەرپێچیی مەدەنییانە و جەماوەریی لە بەرانبەر دەسەڵاتە سەرکوتگەر و سەرەڕۆکانی ڕژیمی تازە سەپێندراوی خومەینی.

سه‌ره‌نجام له‌ درێژه‌ی ئه‌م جه‌نایه‌تانه‌دا، هه‌روه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا، ڕۆژی 28ی گه‌لاوێژ هێرشی نیزامی بۆسه‌ر كوردستان ده‌ستیپێكرد. هێزه‌كانی ڕژیم له‌ دوو میحوه‌ری ورمێ و كامیارانه‌وه‌ په‌لاماریان هێنا بۆسه‌ر ناوچه‌كانی كوردستان. هه‌ر ئه‌‌و كات كۆمه‌ڵه‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌یانییه‌یه‌ك له‌ ژێر ناویگه‌لی كورد له‌ كوانوی تاقیكردنه‌وه‌دا‌بانگه‌وازی خه‌ڵكی كوردستانیان كرد بۆ موقاومه‌تێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌ دژی ڕژیمی ئیسلامی. له وڵام به‌م بانگه‌وازه‌دا خه‌بات و خۆڕاگرییه‌كی كه‌م وێنه‌ له‌ كوردستان كه‌وته‌ڕێ.

ئەگەر چی ڕژیم توانیی به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ هێزی ئاسمانی و تۆپخانه‌، كوردستان بگرێته‌وه‌، بەڵام زۆری نه‌خایاند كه كۆماری ئیسلامی‌ وه‌ك ڕژیمێكی داگیركه‌ر و بێگانه‌، كه‌وته‌ به‌ر هێرشی به‌ربڵاوی هێزی پێشمه‌رگه‌ و هاوكات خۆپیشاندانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له‌ شاره‌كان ده‌ستیپێكرد و دوای تێپه‌ڕینی 3 مانگ، هاوسه‌نگیی هێز به‌ قازانجی خه‌ڵك گۆڕا و ڕژیمیناچار به‌ پاشه‌كشه‌ و ئاگربه‌ست و هاتنه‌ سه‌ر مێزی وتووێژ كرد.

دەمهەوێت ئەوە بڵێم کە، گه‌ڕانه‌وه‌ی سەرلەنۆی هێزی پێشمه‌رگه‌ی لاینە سیاسییه‌كان بۆ شاره‌كان و پێشوازیی شكۆداری خه‌ڵك و په‌ره‌سه‌ندنی چالاكیی سیاسی و، دروست بوونی شورا و ڕێكخراوه‌كان و هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی خه‌ڵك به‌سه‌ر چاره‌نووسیی خۆیان، شكستی به‌ هێرشی كۆنه‌په‌رستانه‌ی 28ی گه‌لاوێژی ساڵی 58ی ڕژیم هێنا و بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستانی برده‌ قۆناخێكی دیكه‌ له‌ خه‌بات و خۆڕاگری. خه‌ڵك به‌ گشتی و لاوان بە تایبەتی، لە ئیدارەدان و ڕێکخستنی شارەکان، و ئه‌منییه‌تی گه‌ڕه‌كه‌كان دەوری کاراو کاریگەریان هەبوو.

له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ 6 مانگدا كه‌ كۆماری ئیسلامی خه‌ریكی ئاماده‌كاریی و خۆڕێكخستن بۆ هێرشێكی دیكه‌ بوو، كۆمه‌ڵه‌ سه‌ره‌ڕای به‌ربه‌سته‌كانی سه‌ر ڕێگای،  هه‌وڵی ده‌دا بیروڕای گشتیی له‌ كوردستان بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی په‌لامارێكی دیكه‌ی ڕژیم ئاماده‌ بكات.

كۆماری ئیسلامی له‌ وتووێژ و ڕێککەوتنی سادقانە و حەقیقی له‌گه‌ڵهه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان  خۆی ده‌دزێوه‌ و تەنها له‌ هه‌وڵی وه‌رگرتنی ده‌رفه‌تی زیاتر دابوو. ئەوەبوو كاتێك ڕژیم ئاماده‌كارییه‌كانی تەواو بوو، ڕێكه‌وتنی ئاگربه‌ستی نایه‌ ژێر پێ و له‌ مانگی خاكه‌لێوه‌ی 1359 هێرشی دووباره‌ی خۆی بۆسه‌ر كوردستان، له‌ كامیارانسنه‌ه‌وه‌، ده‌ستپێكرد.

بەڵام ئەوەی کە گرینگە بیزانین ئەوەیە کە، موقاومه‌تی خه‌ڵكی كوردستان له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی كۆماری ئیسلامیدا هه‌ڵگری گه‌لێك ده‌رس و ده‌ستكه‌وت بوو كه‌ تا به‌ ئه‌مڕۆش سه‌رمایه‌ی به‌نرخی كۆمه‌ڵه‌یه‌ له‌ درێژە دانی بە خه‌باتێك، كه‌ بۆ وه‌دی هێنانی ئامانجه‌كانی به‌ره‌و ڕوویه‌تی.

خه‌ڵكی كوردستان بۆ یه‌كه‌م جار ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی له‌ خواره‌وه‌، واته‌ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی شۆراییان ته‌جروبه‌ كرد. ئازادیی بێ شه‌رت و مه‌رجی سیاسییان به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنا. جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی ڕێكخراو له‌ناو ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ پاشماوه‌كانی نیزامی فێئۆدالییان سڕییه‌وه‌، ژنان له‌ ئاستێكی به‌ریندا هاتنه‌ مه‌یدانی چالاكییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ردی بناغه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێركردنی پێشكه‌وتوو دامه‌زرا. بۆ یه‌كه‌م جار خه‌ڵك خۆی له‌ژێر باری سته‌م و هه‌ڵاواردنی نه‌ته‌وه‌ییدا نه‌ده‌بینی.

⭕️ئەگەرچی بە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لە لایەن خومەینی، بەردەوام رەخنەو رق و بێزاری و نارەزایەتی خەڵکی بەرامبەر رەوشی خراپی ئابووری و دەست کورتی و بێکاری لە لایەک و، نەبوونی ئەمنیت و نەبوونی ئازادی ڕا دەربڕین بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە لە لایەکی دیکەوە هەبوو، و ئەزمونی 43 ساڵەی دەسەڵاتی خوین ڕیژی کۆماری ئیسلامی ئەوەی بۆ خەڵکی ثابت کردو نیشانی دا کە لە ژێر دیکتاتۆری ولایەتی فەقی دا ئیمکانی هیچ چەشنە ئازادێکی گەلان بوونی نییە، بەڵام لە بەفرانباری 96 بەولاوە قۆناغی رق و توڕەیی خەڵک و جەماوەر بەرامبەر دەسەڵات بە تەواوی جیاواز بوویەوە، تەنانەت جیاوازتر لە خۆپیشاندانەکانی 1388 یش، 80 لە سەدی خۆپیشاندەرانی بەفرانباری 96 بەولاوە بە خەزەڵوەری 98 تیشەوە تویژی گەنج و جوانی ئێرانن بە کوڕ و کچەوە کە ئەوە پێمان دەڵێت ئەو نەسلە جوان و تازەیە کە هیچ نەقشێکی لە شۆڕش و هاتنە سەر کاری رژیم نەبوو، بە خۆاستی ئەو نەبووە، ئیستا پێگەیشتووە و بە هیچ جۆرێک دانووی لە گەڵ مانەوەی جمهوری ئیسلامی ناکۆڵێت و خوازیاری کۆتایی پێهینانی ئەو رژیمەیە.

خۆپیشاندنەکانی بەفرانباری 96 و خەزەڵوەری 98 ئەگەر چی ڕیکخراو نەبوو، سەرکردەی نەبوو، وە خۆ رسک بوو، بە ڕواڵەتیش لە دەرئەنجامی گرانی و دۆخی خراپی مەعیشەتی خەڵکی و گران کردنی بەنزین هاتە کایەوە، و هیچ داواکاریکی سیاسی لە خۆ نەگرتبوو، بەڵام لە راستیدا و لە ناوەرۆک دا هەڵگری پەیامێکی سیاسی گرنگ و بەهێز بوو، ئەویش ڕەتکردنەوەی کۆماری ئیسلامی بوو بە هەموو جناح و دەستەیەکییەوە.

هاوکات ورەو ئیرادەی جەماوەر بۆ بەرەنگار بوونەوە، بە ڕێژەیەک چۆتە سەرەوە کە چی دیکە سەرکوت و گرتن و کوشتنی خەڵکی دادی دەسەڵات نادات لە دامرکانەوەی دۆخەکە، و هەر ئەوە وایکردووە کە رژیم جۆرێک لە پاشەکشەی پێوە دیار بێت، لە ئاست ئیعترازات و هاتنە شەقامی جەماوەری بۆ داوخۆازیەکانیان کە هەموومان دەزانین پێشتر وا نەبوو.

لەم لاشەوە دۆخی خراپ و بوحرانی ئابووری تەنگی پێ هەڵچنیوە و لە هەموو رویەکەوە هەڵیتەکاندووە. دەی لە وەها بارودۆخێکدا ئەگەری ئەوەی کە ئێران بۆ جارێکی دیکە لە بارودۆخی شۆڕشگیرانە نیزیک بێتەوە زۆرە.

ئەگەرچیمنپێموایەکەروخانیشۆڕشگێڕانەیرژیمیئیسلامیئێرانکاتێکدەتوانێتببێتەئەمریواقعکەبەدیلێکیسۆسیالیستیدروستبوبێتوبزوتنەوەیەکیعەینیچینیکرێكار،وبەشداریجەماوەریستەملێکراویکۆمەڵگالەگەڵئەوبزوتنەوەیەبێت.

بەڵام لەم لاشەوە وەک ئاشکرایە خۆ تەنیا هێزە سۆسیالیست و شۆڕشگێڕەکان نین کە بۆ روخاندنی کۆماری ئیسلامی هەوڵ ئەدەن. کۆمەڵێک هێز و لایەنی سیاسی دیکەش هەن کە لە چاوەڕوانی گەشە و پەرەسەندنی شۆڕش دان، کە اتفاقا هەمووشیان رەسەن نین و زۆربەیان لە ئەگەری شکڵ گرتنی بارودەخی شۆڕشگێرانە کار بۆ پەک خستن و لەبار بردنی دەکەن، بە هێنانە ئارای کۆمەڵێک ئاڵترناتیوی جۆراوجۆر دیکە کە ناتوانێت خۆاستی چینی ستەم لێکراوی ڕاپەڕیو بێت.

ئەمە جگە لەوەی کە دەست وەردان و دخاڵەتی دەرەکیش دەتوانێ هەبێت، و ببێتە هۆی بە هێز بوونی باڵەکانی ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی.

دڕێژەی هەیە

21ی ڕێبەندانی 1401

بابەتی پەیوەندیدار

دۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە کوردستان و بەشێک لە وڵاتانی دنیا لە ئامادەکردنی پەیمان

وتارێکی لنین بە بۆنەی یەکی ئایارەوە کە لە ساڵی ١٩٠٤ دا نووسراوە لە فارسیەوە: هیوا مەجید زادە

-

ڕۆژی یەکی ئەیار، بە ڕیوایەتی” رۆزا لۆکزامبۆرگ” سەرچاوە: ئاڕشیوی دەنگی شۆڕشی ئێران

-

ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟

د.شێرکۆ کرمانج

شەرە جنێوی هیتلەرەکان، پەیوەندی بە مافی ستم لێکراوانەوە نییە ؟!

-

جارێکی دیکە دەستی چەپەڵی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له هەرێمی کوردستان !؟

-