یەکەم کۆبونەوەی بەرینی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی دوازدەی حیزبی کومونیستی ئێران، لە رۆژەکانی شەممە و یەک شەممە ١٦ و ١٧ ی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٥ بەرابەر لەگەڵ ٦ و ٧ ی مانگی ئوتی ٢٠١٦ بە ئامادە بوونی هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندی حێزب و زۆربەی هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە کە وەک چاودێر لەم کۆبونەوەیەدا بەشدار بوون، بەڕێوەچوو.
لەم پلینۆمەدا سەرەتا بابەتی پێوەندیدار بە چلۆنایەتی ئیجرای قەرار و پەسند کراوەکانی کۆنگرەی دوازدەی حیزب و بڵاوکرانەوەی بە ئاشکرای ئەو بەڵگە و پەسند کراوانە قسە و باسیان لەسەر کرا و چەند کومیسیۆنێکیش بۆ بەڕێوەبردنیان ڕێکخران.
بابەتی ئاڕایش و تەقسیم کاری نێو کۆمیتەی ناوەندی یەکێکی تر لە دەستور جەلەسەکانی ئەم کۆبونەوەیە بوو. لەم بارەیەشەوە بە لەبەرچاو گرتنی زیاد بوونی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و ئەو تێبینیە ڕەخنە ئامێزانەی کە لە کۆنگرەدا لە ڕاستای بەشتر بوونی فەعالیەت و چالاکی ئۆرگانە جۆراو جۆرەکاندا ئەنجام دران زۆربەی ئەم ئۆرگانانە سەرلەنوێ ڕێکخرانەوە. پلینۆم لە بەشی کۆتایی کارەکانیدا و بە ئامانجی هیدایەت و ڕێبەری کردنی سیاسی و چالاکیە تەشکیلاتیەکانی حیزب لە مەودای نێوان دوو پلینۆمدا، کۆمیتەیەکی ئیجرایی پێکهاتوو لە حەوت کەس لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزب، هاوڕێیان: خوسرەو بۆکانی، ڕەئوف پەرستار، نوسرەت تەیمورزادە، حەسەن شەمسی، ئیبڕاهیم عەلیزادە، مەحمود قارەمانی و سەلاح مازوجی هەڵبژارد.
کۆمیتەی ئیجرایی حیزبی کومونیستی ئێران
١٩ ی گەلاوێژی ١٣٩٥