کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

یەکێتی کرێکاری لەدژی بێکاری

ڕەوتی روو لە گەشە و غەیرە قابیلی کۆنترۆڵی وەرشکستە بوون و داخرانی کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و پەرەسەندنی بێکارسازیەکان گرفتی بێکاری کردوەتە کارەساتێکی کۆمەڵایەتی. نوێ ترین ڕاپۆرتی ناوەندنی ئاماری ئێران کە لە ١٥ ی مانگی سەرماوەزدا بڵاو کراوەتەوە باس لە نرخی بێکاری ٤٨ لەسەدی لاوانی ژێر ٣٠ ساڵ دەکات. بەپێی ڕاپۆرتی نوێی ئاماری ئێران کە لە ئاکامی ئاماری هێزی کار لە هاوینی ساڵی ٩٤ دا، نرخی بێکاری لاوانی ژێر ٣٠ ساڵ لە ئێستادا گەیشتوەتە ٤٨،٧ لەسەد و ئەم نرخە سەبارەت بە ژنانیش گەیشتوەتە ٨٥،٩ لەسەد. هەروەها زۆر ترین نرخی بێکاری لە گوروپی سیننی ٢٤- ٢٠ ساڵاندا ٢٧،٨ لە سەدە و لەم گوروپە تەمەنیەدا نرخی بێکاری پیاوان ٢٢،٨ لەسەد و ژنانیش ٤٩،٣ لەسەد ڕاگەیەندراوە. لە لایەکی دیکەوە بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری حکومەتی ” مێهر” لە هەر دوو ژنێک کە خویندنیان تەواو کردوە، یەکێکیان بێکار و خانە نشین کراوە. هەر ئێستا نرخی بێکاری ژنان چەند بەرابەری نرخی بێکاری گشتی وڵات و نرخی بێکاری پیاوانە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ژمارەی ئەو ژنانەی کە لە حاڵی خوێنددان و یان لە زانکۆکاندا وەرگیراون، لە پیاوان زیاترە. ئەم ڕاپۆرتە باس لەوە داکات، کە ژنان ٤٦،٦ لەسەدی سەرجەم فارغوالتەحسیلانی وڵات پێکدێنن کە لەم ڕێژەیە ٣٤،٥ لەسەد چالاک و ٦٥،٥ لەسەد بێکار و ناچالاکی ئابوورین. بەپێی ئاکامی توێژینەوەکان ” بەرئاوردی هێڵی هەژاری لە ئێراندا” کە رۆژانە حکومەتی ” تەعادول” بڵاو کردوەتەوە، هێڵی هەژاری لە یەک دەیەی ڕابردودا ٥|٦ بەرابەر زیادی کردوە و جەمعیەتێکی زۆرتر لە ئێراندا چوونەتە ژێر هێڵی هەژاریەوە.11111111111

هەڵبەت دەبێ بوترێت کە لە ئیستانداردی ئامارگیریەکانی ئێراندا، کەسێک بە بێکار دەزاندرێت کە لە حەفتەی کاتی ئامارگرتندا بێکار و لە سێ حەفتەی پێشتریشەوە بەشوێن کارەوە بوبێت. بەپێی ئەم تەعریفە، کەسێک کە لە ماوەی حەفتەیدا لانیکەم کاتژمێرێک کار بکات، وەک شاغڵ بە حێساب دێت. بەڵام ئەم پێناسەیە لەگەڵ مێعیار و پێوانەکانی جیهانی کاردا نایەتەوە. بەپیی فۆرمۆلی کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی ئامارگەرانی هێزی کار، کەسی شاغڵ کەسێکە کە لانیکەم یەک لەسەر سێی کاتژمێری کاری باو لە وڵاتێک لە دەورەی جێی سرنجدا کار بکات. لەسەر ئەم بنەمایە، کەسێک لە ئێراندا وەک شاغڵ دەناسرێت کە لانیکەم ١٤ کاتژمێر لە حەفتەدا کاری کردبێت. بێکاری لە ئێراندا واتە لە بەین بردنی ئەمنیەتی پیشەیی و دروست کردنی تەفرەقە لەنێو کرێکاراندا، واتە پاڵ پێوەنانی بنەماڵە کرێکاریەکان بەرەو ژیان بەسەر بردن لەژێر هێڵی هەژاری تەوادا و داسەپاندنی مەرگی بەشێنەیی، گرفتێک کە ئاڵۆزی دەروونی، ئەفسوردەگی، بێ باوەڕ بەخۆیی، هەست کردن بە بێ هۆویەتی و لە خۆ بێگانە بوون لە ئاسەوارە بەردەوامەکانیەتی. ئەم تراژیدیە غەمناکە لێرەدا کۆتایی نایەت، لێک هەڵوەشانی بنەماڵە کرێکاریەکان، روو کردنە ئیعتیاد و لەسفرۆشی لە رووی ناچاریەوە و گەلێک جار خۆ کوشتن و باقی ئاسیبە کۆمەڵایەتیەکان درێژەی مەنتیقی ئەم ڕەوتەیە و قوربانیەکانیشی لەنێو ژنان و پیاوان، لاوان و تازەلاوان و منداڵانی کۆمەڵگەدا دەستێنی.
نابێ لەبیر بکرێت کە زیاتر لە ٨٠ لەسەد لە کرێکارانی ئێران خاوەنی قەراردادی کاتی کار، سپی ئیمزا و یان لە ڕێگای شیرکەتەکانی خزمەتگوزاری هێزی ئینسانی و پەیمانکاریەوە دێنە نێو بازاڕی کارەوە. ئەوە بەو مانایەیە کە ئەم بەشە بەرینە لە کرێکاران تەنانەت مەشمولی وەرگرتنی ئەو مانگانە کەمەش نابن کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە دەورەی بێکاریدا بۆیان دیاری دەکرێت. بەم جۆرە لە یەکەم رۆژی بێکاریدا، ئابووری و داهاتی بنەماڵە بە قوڵایی هەژاریدا رۆدەچیت و موسیبەتەکان دەست پێدەکات. خەبات لەدژی ئەم کارەساتە کۆمەڵایەتیە و ئەم دیاردە شوم و وێرانگەرە، و دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک بۆ بەرەنگار بوونەوەی بێکاری بۆتە یەکێک لە کێشەکانی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری لە کۆمەڵگەی ئێراندا. ناڕەزایەتی و خەبات لەدژی بێکاری لە حاڵێکدا بەڕیوە دەچێت کە دەوڵەتی حاکم بەسەر ئێراندا، وەزارەتی کار و تەعاون و باقی ناوەندە حکومەتیەکانی تر نەک هەر ئیستراتیژی سیاسەتی ڕەخساندنی هەلی کاریان نییە، بەڵکو خۆیان هۆکاری بێکارسازی کرێکاران و پەرەگرتنی بێ وێنەی دیاردەی بێکارین. بەم جۆرە ئێمە هەموو رۆژێک شاهیدی داخرانی ژمارەیەکی زیاتر لە کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی قەیران لێدراو و دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران بە بیانوی وەرشکەستە بوونین.
لە بارودۆخێکدا کە تەنانەت بە ئیجرایی بوونی بەرجام و لاچوونی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان هیچ دیمەنگایەک بۆ گەشەی ئابووری و باشتر بوونی بارودۆخی کار و بەڕێچونی کرێکاران و توێژی هەژاری کۆمەڵگە بوونی نییە و لە کاتێکدا کە هەوڵەکانی دەوڵەتی رۆحانی بۆ دەرچون لە قەیران، پشت بەستو بە درێژەی بێکارسازیەکان و تاڵانی سفرەی بەتاڵی کرێکاران و ئەو بیمە کەمە کۆمەڵایەتیەیە؛ بارو بەرپرسیاریەتی خەبات لەدژی بێکاری لەسەر سانی خودی کرێکاران و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی کرێکاریە. لەم بارودۆخەدا نە چوونی تاکە کەسی بۆ ناوەندەکانی کاریابی و ناوەندە ئوستانیەکانی وەزاڕەتی تەعاون، نە ڕاوێستان لە ڕیزی سازمانی تەئمینی ئیجتماعیدا، نە گوێدان بە وەعدە بێ ناوەرۆکەکانی دەوڵەت؛ و نە هیوادار بوون بە گەشانەوەی ئابووری لە داهاتویەکی نادیاردا، بەتایبەت لە وڵاتانێکدا کە قەیرانی بێکاری وەک قامچی لە جەستەی کۆمەڵگەی کرێکاری ئەدرێت، ڕێگا چارە نییە و هیچ دەردێک دەرمان ناکات.
کار و ئەمنەیەتی پیشەیی، یان بیمەی بێکاری کافی و نەهێشتنی قەراردادی کاتی و سپی ئیمزا، ویست و داواکاری و مافی ڕەوای هەموو کرێکارانی شاغڵ و بێکار و لاوانی خوازیاری کارە. بەڵام دەبێ ئەم مافە بە خەباتێکی موتەشەکل و سازماندراو و سەد هەڵبەت تەنیا بە وەڕێخستنی بزوتنەوەیەک لەدژی بێکاری دەستەبەر بێت. بزوتنەوەیەک بارودۆخە عەینیەکەی ئامادەیە و هێزی بالقوە و حازر و ئامادەی نەک تەنیا خێڵی ملیۆنی کرێکارانی بێکار بەڵکو بەملیۆن کرێکاری شاغڵ و بنەماڵەکانیانیشیان دەگرێتەوە کە دیوەزمەی بێکاری ئەمنیەتی شوغڵیانی زەوت کردوە. بزوتنەوەیەک کە بەهۆی درێژەی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندنی بێکارسازیەکان، و داواکاری هاوبەش دەکرێت بەخێڕایی جەماوری و بەهێز بکرێت و دەوڵەت توشی کێشە و گرفت بکات.
بەڵام بەرەو پێش بردنی ئەم خەباتە و بردنەسەری تا ئاستی بزوتنەوەیەکی جەماوەری، پێویستی بە هاوپشتی فەعالین، شەبەکە و مەحفەلە وشیارەکانی مەوجود لە بزوتنەوەی کرێکاری ئێڕاندا هەیە. خێڵی بەرینی بێکاران و ئاگادار بوون سەبارەت بە مەترسی ئەو خەسارە کۆمەڵایەتیە پڕ ئازارانەی کە لە کەمینی بێکاران و بنەماڵەکانیاندان، گەلێک زەرفیەتی باڵای ناڕەزایەتی، بە تایبەت لە نێو ئەو توێژە خوێندەوارە بێکارەدا، کە هەموو ئاواتەکانی بە فیرۆچوو دەبینێ، بەدی هێناوە. شکڵ گرتنی ئاگاهانە و هەنگاو بە هەنگاوی ئەم ناڕەزایەتیانە لە هەمانحاڵدا زەمینە سازی بەرپا بوونی تەشەکولی جەماوەری و درێژەدان بە کاری کرێکاران دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-