گەلێک ڕێکخراو لە دەرەوە بەرامبەر بە ڕۆژی جیهانی کرێکاری ٢٠٢٥ کاردانەوەی ڕادیکاڵیان نیشان داوە کە لێرەدا ئاماژە بە چەند نموونەیەکیان دەکەین:
ئاشکرایە کە لە بارودۆخێکی ناسەقامگیری سیستەمی بۆرژوازی زاڵ بەسەر جیهاندا، بەرەوپیری ڕۆژی جیهانی کرێکاری ٢٠٢٥ دەچین. ئەم ناسەقامگیرییە بارودۆخی ژیان و کاری ژنان و پیاوانی کرێکاری بە توندی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە. فیدراسیۆنی جیهانی یەکێتییە کرێکارییەکان، کە زیاتر لە ١٠٥ ملیۆن کرێکار لە هەموو شوێنەکانی جیهان لەخۆ دەگرێت، لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی بەرزڕاگرتنی “ڕۆژی جیهانی کرێکار” نووسیویەتی: “قەیرانی سەرمایەداری قووڵتر و گشتگیرتر بووە. نایەکسانی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی کارەساتبار خەریکە پەرە دەستێنێت. ئازادیە دێموکراتییەکان و مافی یەکیەتییەکان لە سەرانسەری جیهان کەوتوونەتە بەر هێرش و شەڕ و دەستێوەردانی ئیمپریالیستی، بۆتە بەرنامەیەکی بەردەوام”.
ئەم فیدراسیۆنە دیفاع لە بارودۆخی ئەمنییەتی کار، حەقدەستی تەواو و گونجاو، بەرزکردنەوەی پلە و شکۆی مرۆڤایەتی، خەبات لە دژی کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە فەلەستین و بەتایبەت غەزە و هەروەها خەبات لە دژی میلیتاریزم و پەرەسەندنی ئەو دیاردەیەی لە جیهاندا وەک گرنگترین ئاڵەنگارییەکان ناوبردووە. لە بەیاننامەکەدا ئاماژە کراوە بە ڕێژەی خەرجییە سەربازییەکانی جیهان لە ساڵی ڕابردوودا، کە گەیشتۆتە بڕی ٢.٤٦ تریلیۆن دۆلار.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەموو بارودۆخێکی ماددی و مەعنەوی بۆ ئازادی، خۆشگوزەرانی و ئاسایش ئامادەیە. خاوەنانی سەرمایە و دەوڵەتە بۆرژوازییەکان ڕێگری سەرەکین لە بەرامبەر کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتانە. ئەوان بە زەبری زۆر و سەرکوت چوونەتە شەڕی کرێکاران. هەروەها نووسراوە کە کرێکارانی جیهان لە بەرامبەر ئەم هێرشە دژە کرێکارییە بۆسەر ماف و ئازادیەکانیان بێدەنگ و پاسیڤ نەبوون. ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهان بەشێوەیەکی ڕێکخراو لەپێناو کاری شەرافەتمەندانە و پشتگیری لە مافی ڕێکخستن و مافە کۆمەڵایەتییەکاندا خەبات دەکەن. هەروەها ڕێکخراوێکی ناوچەیی ئەفریقایی فیدراسیۆنی ناوبراو، بەبۆنەی یادکردنەوەی یەکی ئایار لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەسەر گۆڕانکارییەکی ئابووری دادپەروەرانە و گشتگیر لە ژینگەیەکی ئاشتیانە و بەردەوام لە کیشوەری ئەفریقا کردووەتەوە.
یەکێتی گشتی کرێکارانی کانەداش لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی بەرزڕاگرتنی “ڕۆژی جیهانی کرێکاری ٢٠٢٥ نووسیویەتی: “بەرگری لە مافە کرێکارییەکان و لە یەکسانی و دادپەروەری ئابووری، ئەمڕۆ لە هەر کاتێک پێویستترە.” ئەم یەکێتییە گرنگییەکی تایبەتی داوە بە خەبات لە دژی چەوساندنەوە، شەڕ، بەرگری لە فەلەستینییەکان و مافی ڕێکخستن.
یونیفەر (گەورەترین یەکێتی کرێکارانی بەشی تایبەت) لە کانەدا، بەیاننامەی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی کرێکاری ٢٠٢٥ی بەم شێوەیە دەستپێکردووە: “ڕۆژی کرێکار تەنها جەژنی سەرکەوتنەکانی ڕابردوو نییە، بەڵکوو ئەمە بانگەوازێکە بۆ هەوڵ و خەبات. ڕۆژێکە بۆ ئەوەی دووبارە خەبات لەپێناو دادپەروەری، گەڕاندنەوەی شکۆ و دادگەری بۆ چینی کرێکار، بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دابنێین و لە هێزی بەکۆمەڵی کرێکاران لە سەرانسەری جیهان هێز وەربگرین، بارودۆخەکە قەیراناوییە. بەڵام مێژوو فێری کردووین کە کرێکاران تەسلیم نابن.”
لە ئێرانیش ١١ ڕێکخراوی کرێکاری، ژنان و خانەنشینان لەژێر ناونیشانی “ڕێکخراوە کرێکاری و کۆمەڵایەتییەکان” ڕۆژی ٦ی گوڵانی ١٤٠٤، بەیاننامەیەکیان بەبۆنەی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی کرێکار بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکەدا وێڕای ئاماژە بە بەڵا و موسیبەتەکانی سیستەمی سەرمایەداری لە ئەستی جیهان و لە ئێران، هاتووە کە یەکی ئایار ڕۆژی دەربڕینی ناڕەزایەتییە لە دژی کۆی ئەم سیستەمە کە لەسەر بنەمای بە کۆیلەکردنی کرێکاران و دڕندەیی سەرمایەداری دامەزراوە، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەموو ئەو ئازار و مەینەتەیانەیە کە سەرچاوەکەیان دەسەڵاتی سەرمایەیە. هەر بۆیە ڕۆژی جیهانی کرێکار تەنها پەیوەندی بە چینی کرێکارەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندیدارە بە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگای ژێر ستەم و هەڵاواردنی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئایینی و هتد. هەروەها پەیوەندیدارە بە بنەماڵەی دادخوازان، بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و دژبەرانی ئێعدام و سەرکوت.
هەروەها چەند ڕێکخراوی سەربەخۆی تری کرێکاری و خانەنشینی، بەیاننامەکەی خۆیان بەبۆنەی بەرزڕاگرتنی یەکی ئایار بەم شێوەیە دەستپێکردووە: “ڕۆژی جیهانی کرێکار ڕۆژی هێمای هاوپشتی و بەرزکردنەوەی ئاڵای خەباتی سەربەخۆی چینی کرێکارە دژ بە سیستەمی سەرمایەداری.” لە بەیاننامەکەدا وێڕای ئاماژە بە ڕۆڵی سیستەمی سەرمایەداری لە جیاوازی قووڵی چینایەتی، پەرەسەندنی هەژاری و برسێتی، پێشێلکردنی مافە دیموکراتیکە بەدەستهاتووەکان لەلایەن کرێکارانەوە و هەروەها وێرانکردنی ژینگە، بە تایبەت سەرمایەداری ئێرانی بە بیرۆکراتیک، دەسەڵاتێکی ستەمکار و سەرەڕۆیی ئیسلامی ناوبردووە. لە بەشەکانی کۆتایی بەیاننامەکەدا وەبیر هێنراوەتەوە کە چینی کرێکار بۆ گۆڕینی چارەنووس و ڕزگاریی خۆی و زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش، دەبێت سیستەمی سەرمایەداری کە سەرچاوە و هۆکاری هەژاری، نەهامەتی و ڕۆژەشییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێشە، تێک بڕووخێنێت و کۆمەڵگایەکی بەری لە زوڵم و ستەم لەسەر بنەمای ئازادی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی چەوساندنەوە بنیات بنێت.
هەروەها کۆمەڵێک لە زیندانیانی سیاسی زیندانی ئەوین بەیاننامەیەکی دژە سەرمایەدارییان بەبۆنەی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی کرێکار بڵاوکردووەتەوە و تێیدا نووسیویانە کە هاوڕێ و هاوخەبات لەگەڵ هێزەکانی تری دژ بە سەرمایە و خوازیاری گۆڕانکاری و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی نوێ و شایستەی مرۆڤی پێشکەوتووی ئەمڕۆ، کۆمەڵگایەک بێ هەژاری و چەوساندنەوە و سەرکوت تێدەکۆشن.
” هەروەها کۆمەڵێک لە ژنانی چالاکی ناوخۆی وڵات، کۆمەڵێک لە ژنانی تاران و کەرەج”یش وێڕای بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بە ناوەرۆکی سۆسیالیستی، وتویانە لە کۆمەڵگای ئێمەدا حزووری کەمی ژنان لە بازاڕی کاری فەرمی ( تەنانەت کەمتر لە ڕێژەی ژنان لە پاکستان) و نافەرمی، لە گۆڕەپانە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە زانکۆ، پەروەردە و فێرکردن، میدیا، هونەر، ئەدەبیات، وەرزش و هتد، بنەمای ماددی بزووتنەوەیەکی فەراهەم کردووە بە ناوی بزووتنەوەی ژنان کە نە دەوڵەت و نە بزووتنەوەکانی تر ناتوانن و نەیانتوانیوە لەبەرچاوی نەگرن، وەک چۆن لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا نەک هەر دەسەڵاتی بە شێوەیەکی جیددی لەگەڵ ئاستەنگ بەرەوڕوو کردەوە، بەڵکوو لەو کاتەوە ئیتر دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بووەتە یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی زۆربەی بزووتنەوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و پیشەییەکان.