نیوەشەوی پێنج شەممە ٢٦ی مانگی مارس دەیان فرۆکەی شەڕکەری عەرەبستانی سعودی و ھاوپەیمانەکانی، ھێرشیان کردەسەر یەمەن و لە یەکەم کاتژمێری ھێرشەکاندا دیان کەس لە خەڵکی بێدیفاعیان کوشت. ئامانجی ھێرشە بەرینە ئاسمانیەکان کە لە پشتیوانی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی بەھرەمەندە، پێکانی پێگەی نەیارانی سەرۆک کۆماری لادراوی ئەم وڵاتەیە. ئەم نەیارانە زۆربەیان لە گوروپە حوسیەکانن. گوروپی حوسی ڕەوتێکی شیعەی زەیدیە کە لەم ساڵانەی دواییدا پێوەندیەکی پتەوەیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دامەزراندوە تا ئەو ئاستەی کە لە پشتیوانی ماڵی و تەداروکاتی کۆماری ئیسلامی بەھرەمەندن. بۆمبارانی پێگەی ئیئتیلافی ” ساڵح” و “حوسیەکان” بەدوای پێکھاتنی ئیئتیلافێکی نیزامیدا ھات کە، پایەکی وڵاتانی شوڕای ھاوکاری کەنداوی فارس بێجگە لە عومان و پایەکەی تری میسر، ئۆردون، سودان، پاکستان و تورکیەیە و ڕێبەریەکەشی لەدەست عەرەبستانی سعودی دایە.برنادت میھان” وتەبێژی شوڕای ئەمنیەتی میللی ئامریکاش بە دەرکردنی بەیانیەیەک نووسی :” سەرۆک کۆمار ئۆباما ئیجازەی ئامادەکاری پشتیوانی لۆجستیکی و پشتیوانی پێدانی زانیاری لە عەمەلیاتی نیزامی وڵاتانی شوڕای ھاوکاری کەنداوی لەدژی حوسیەکانی یەمەنی دەرکردوە.” نەتەنیا ئامریکا بەڵکو، ژمارەیەکی تر لە وڵاتانی رۆژئاوایی و ناوچەیی بۆ نمونە وڵاتانی ئینگلیس، فەڕانسە، ڕێبەری تەشکیلاتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین و حیزبەکەی سەعد حەریری لە لوبنان پشتیوانیان لە عەمەلیاتی ئیئتیلافی دژی حوسیەکان، بە ڕێبەری عەرەبستانی سعودی کردوە. عەرەبستانی سعودی ڕایگەیاندوە، عەمەلیاتی نیزامی تا گێڕانەوەی سەرۆک کۆمار ” عەبد ربە مەنسور ھادی” بۆسەر دەسەڵات درێژەی دەبێت.
لە بەرانبەردا کۆماری ئیسلامی بۆمبارانی پێگەی حوسیەکانی وەک دەست درێژی نیزامی و ئیجرای سیاسەتەکانی ئامریکا و ئیسرایل لە لایەن عەرەبستانەوە مەحکوم کردوە. دەوڵەتی عێڕاقیش ھەڵوێستێکی ھاوشێوەی گرتوە و جەختی لەسەر پێویستی بەرگرتن لە لەت بوونی یەمەن بۆ دوو بەشی باکوری و باشوری کردۆتەوە.
تا بەر لە پێشڕەویەکانی ئەم دواییەی چەکدارە حوسیەکان، یەکێک لەو مەترسیانەی کە بە تایبەت سەرچاوە ئامریکاییەکان جەختیان لەسەر دەکردوە، کۆنترۆڵ کرانی ناوچەی ئیستراتیژیکی باب المەندەب لە دەروازەی بەیەک گەیشتنی دەریای سور و دەریای عەمان، بەدەستی ئەلقاعیدە و ھێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بوو. ئەم مەسیرە یەکێک لە پڕ ھاتوچۆ ترین ڕێگا ئاویەکانی بازرگانیە لە دنیادا. لەم ساڵانەی دواییدا ھێزەکانی ئامریکا و بریتانیا لە ڕێگای بۆمبارانی پێگەی ئەلقاعیدە بە فرۆکەی بێ فرۆکەوان لەم ناوچەیەدا چالاک بوون.
ئەگەرچی پشتیوانی کۆماری ئیسلامی لە حوسیەکان، بۆتە بیانوی ئەم دەستێوەردانە بەرینە نیزامیە، بەڵام بەشێوەی واقعی ڕژیمی ئێران، ھەم بەھۆی دوور بوون لە یەمەن و ھەم بە ھۆی بونیەی لاوازی ئابووریەکەی، خاوەنی تواناییەکی نیزامی و لۆجستیکی سنوردارە بۆ تێوەگلان لە شەڕی یەمەندا. کێشمەکێشەکانی نێوخۆی یەمەن کە بەتایبەت دوای لابرانی ” عەلی عەبدواللە ساڵح” سەرۆک کۆماری پێشو، بەرە بەرە توندتر بوونەتەوە، ڕیشەی لە پاوان خوازی ئەحزاب و گوروپە سوننی مەزھەبەکان دایە لە حاکمیەتی ئەم وڵاتەدا. ئەم پاوان خوازیە لە کاتی تێکەڵ بوونەوەی سەرلەنوێی ھەردوو یەمنی شومالی و جنوبیەوە، دوای روخانی یەکێتی سۆڤیەت، لەم وڵاتەدا بوونی بووە. ئەگەر کۆماری ئیسلامی دەرفەتی ئەوەی دەستکەوتوە تا بە یارمەتیدانی سنورداری گوروپە شیعەکان، بەھرەبەرداری لەم بارودۆخە بکات و نیشانی بدات کە گوایە یەکێک لە یاریکەرانی سەرەکی گۆڕەپانی سیاسیە لە یەمەن، لە ڕاستیدا وانییە. بەڵام حوزوری کۆماری ئیسلامی لەم ئاستەشدا بۆ عەرەبستانی سعودی بۆتە بیانویەک تا بە دخاڵەتی نیزامی خۆی، ھاوسەنگی دەسەڵات لە نێوخۆی یەمندا جارێکی تر بە قازانجی گوروپە سونیەکان و سەرۆک کۆماری لەسەرکار لادراوی یەمەن کە لە ھەوادارانی دەوڵەتی عەرەبستانی سعودیە، بگۆڕێت.
گومانی تێدانییە کۆماری ئیسلامی پێی ناخۆش نییە کە بە کەڵک وەرگرتن لە نفوزی خۆی لە یەمەن وەک وڵاتێکی خاوەن پێگەیەکی ئیستراتیژیک و گرنگ کە لە پاڵ ئوقیانوسی ھێند، دریای عومان و تەنگەی باب المەندەب دا ھەڵکەوتوە، ئەم وڵاتە بکاتە یەکێک لە ئامرازەکانی گوشار بۆ بەھێز کردنی پێگەی ناوچەیی خۆی. بەڵام بەشێوەی واقعی خاوەنی ئاوا زەرفیەتێک نییە. لەگەڵ ھەموو ئەمانەدا پێشڕەوی حوسیەکان و زاڵ بوونیان بەسەر بەشێکی گرنگی ئەم وڵاتەدا، دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی عەرەبستانی سعودی و ھەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لە یەمەندا ئەم وڵاتەی کردۆتە یەکێک لە کانونەکانی قەیران وەک عێڕاق و سوریە و لیبی. قەیرانێکی کە لەگەڵ حوزوری جەریانی قاعیدە و داعش لەم وڵاتەدا ئاڵۆزتر و توند تریش بۆتەوە.
دخاڵەتی نیزامی عەرەبستانی سعودی ھەرچەند بە ڕواڵەت لەسەر داوای وەزیری دەرەوەی یەمەن و سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە لە لایەکەوە و داخرانی دەربیجەی ڕێگا چارەی دیپلۆماتیک و وڵامی نەرێنی دەزگای ڕێبەری ئەنساراللە بە قەتعنامەی شوڕای ئەمنیەتی سازمانی ملەل سەبارەت بە دانەوەی دەسەڵات لە لایەکی دیکەوە بەڕیوەچو، بەڵام لە ئەساسدا، لە نیگەرانیەکانی عەرەبستانی سعودیەوە لە تێکچونی ھاوسەنگی ھێز لە یەمەندا بە قازانجی ڕەوتە شیعەکانەوەیە. کاردانەوەی عەرەبستانی سعودی لە یەمەن ھاوشێوەی ھەمان سیاسەتە کە بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی نیزامی لە وڵاتی بەحریندا خەریکە پەیڕەوی دەکات. عەرەبستانی سعودی نیگەرانی ئەوەیە کە سبەی رۆژ لە نێوخۆی عەرەبستانیشدا بەرەو رووی ئاخێزی خەڵکی شیعە مەزھەب بێتەوە. کۆماری ئیسلامی زۆری پێ خۆشە تا ھەموو بزوتنەوەیەک کە لەدژی نیزامی مەوجود لە وڵاتانی وەک یەمەن و بەحرین بەڕێوەدەچێت، ناڕاستەوخۆ بەخۆی پێوەند بداتەوە و لەو لە بدە و بستانەکانیدا لەگەڵ ئامریکا کەڵ وەربگرێت. عەرەبستانی سعودیش لەم مەیلەی ڕژیمی ئێران، وەک بیانویەک بۆ دخاڵەتی ڕاستەوخۆی نیزامی بە ئامانجی پاراستنی ئەم نەزم و بارودۆخەی ئێستا، کەڵک وەردەگرێت. لە ھەلومەرجی نەبوونی حیزبێکی پێشڕەو و چەپ کە لە پشتیوانی بەرینی خەڵک بەھرەمەند بێت، لە بارودۆخی نەبوونی سازمانێکی مەدەنی و پێشڕەودا کە بتوانێ کاریگەری بکاتەسەر رووداوەکانی ئەم وڵاتە، ئەوە گوروپە چەکدارەکان و دەسەڵات خواز و پشتیوانانی دەرەکیانن کە چارەنووسی خەڵکی یەمن دیاری دەکەن. لە ئاوا بارودۆخێکدا نیگەرانی لەوەیکە یەمەنیش ببێتە یەکێک لە کانونەکانی قەیران وەک سوریە و عێڕاق و لیبی، زۆریش دوور لە چاوەڕوانی نییە.