ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٣ی خاكه‌لێوه‌ی ١٤٠٤، بنه‌ماڵه دادخوازه‌كانی ئێران به بڵاو كردنه‌وه‌ی ڤیدیۆیه‌ك له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دژ به ناكۆكی نانه‌وه له نێوان نه‌ته‌وه‌كان له ئێران له لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه، ئه‌م كرده‌وه‌ی ڕژیمیان شه‌رمه‌زار كرد.
سه‌ره‌ڕای سیاسه‌تی ناكۆكی نانه‌وه له لایه‌ن ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له نێوان نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانی دانیشتووی ئێران، بنه‌ماڵه دادخوازه‌كان به بڵاو كردنه‌وه‌ی ڤیدیۆیه‌ك له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و هه‌روه‌ها دانانی وێنه‌ی “عرفان خه‌زایی، جه‌واد حه‌یده‌ری، نیما نووری، یه‌لدا ئاقافه‌زلی، موحسن محه‌ممه‌دی، ڕه‌حیم كلیج، محه‌ممه‌د ڕه‌زا ئیسكه‌نده‌ری، محه‌ممه‌د مێهدی فه‌ڕۆخی پوور، مه‌تین نادرخانی، فه‌رزین مه‌عروفی و ئارشام ڕه‌زایی“، یادی ئه‌و ئازیزانه‌یان به‌رز ڕاگرت و هه‌روه‌ها خوازیاری یه‌كگرتوویی و یه‌كده‌نگی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی دانیشتووی ئێران بۆ ڕووخانی ڕژیمی گه‌نده‌ڵی كۆماری ئیسلامی و سزادانی تاوانباران بوون.