کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

یاسا دژی کۆچبەریەکان لە هەنگاوی دواییدا، داوێنگیری شارۆمندان ئەبێت

لە تەقویمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا رۆژی ١٨ی دسامبر بەرابەر لەگەڵ ٢٧ ی مانگی سەرماوەز، بۆ ڕێز گرتن لە بە ملیۆن ئینسان کە وڵاتەکانیان بە هیوای دۆزینەوەی ژیانێکی باشتر بەجێهێشتوە، ناونراوە رۆژی جیهانی کۆچبەری. کۆبونەوەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی ١٩٩٩ ئەم رۆژەی بە ناوی کۆچبەرانەوە کرد، تا کاردانەوەیەک بێت لە بەرانبەر کردارێکی نامرۆڤانە کە لە وڵاتانی جۆراو جۆری دنیادا لەگەڵ کۆچبەران دەکرێت. ئامارەکانی بڵاو بۆوە لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە نیشانی ئەدات کە لەمرۆدا لەهەر ٣٥ شارۆمەندی دنیا، یەکێکیان کۆچبەرە. تا بەر لە نیوەی دووهەمی سەدەی ٢٠، گەورەترین کۆچبەریەکانی دنیا، لە ئەروپاوە بەرەو باقی وڵاتانی دنیا بووە. نزیک بە ٦٠ ملیۆن ئوروپایی، بەرەو شوێنەکانی دیکەی دنیا کۆچیان کرد. بەڵام لە دەیەکانی دواییدا، ئەم ڕەوتە پێچەوانە بۆوە. ئێستا خەڵکی شەڕ لێدراو، لە خاوەرمیانە و ئافریقاوە بە هیوای لانیکەمێک لە ئەمنیەت و لانیکەمێک لە ژیان لە پشت دەروازەکانی ئوروپادا دانیشتون.

لەمرۆدا لە زۆربەی شوێنەکان کۆچبەران نە تەنیا خاوەنی مافەکانی شارۆمەندی نین، بەڵکو بە کردەوە و تەنانەت لە هێندێک حاڵەتدا بە شێوەی یاسایی دەکەونەبەر هەڵاواردن. لە هێندێک لە وڵاتاندا ئەم وشانە بە هیچ شێوەیەک ئاستی خراپی ژیان و بێ مافی کۆچبەران دەرنابڕێت. بارودۆخی کرێکارانی ئەفغانستانی لە ئێران کەمتر لە کۆیلەتی نییە. لەگەڵ ژنانی ئاسیای باشوری رۆژهەڵات، لە شێخ نشینەکانی کەنداو، لە هۆنکونگ، لە تایلەند، وەک کۆیلە هەڵس و کەوت دەکرێت. عیشرەتکەدەکانی ئوروپا پڕن لە ژنانی ئوروپای شەرقی و ئاسیایی، کە کراونەتە کۆیلەی جنسی. هێزی کاری هەرزانی کرێکارانی کۆچبەری ئاسیایی و بارودۆخێکی کۆیلە ئاسای ژیانیان لە پاڵ بینا بەرزەکاندا، لە وڵاتانی لێوارەی کەنداو، هاواری رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی جیهانی بەرز کردۆتەوە. کرێکارانی کەشاوەرزی مەراکەشی لە ئیسپانیا لەژێر نامرۆڤانە ترین بارودۆخدا خەریکن کار دەکەن. میکزیکیە کۆچبەران لە ئەمریکا، لە یاسا و لە کرداری رۆژانەدا، بەردەوام سوکایەتیان پێدەکرێت. خەڵکێک کە لە ناوچەکانی شەڕەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هەڵدێن تا خۆیان بگەیەننە شوێنێکی ئەمن، لە ڕێدا، مەرگ و لە مەقسەد، سوکایەتی لە چاوەروانیان دایە.

لە سەنەدی پەسند کراوی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دیاریکردنی رۆژی جیهانی کۆچبەران کە لە لایەن خودی دەوڵەتەکانیشەوە پەسند کراوە، هاتوە:” کۆچبەران خراپە کار نین، بەڵکو کۆمەڵێک ئینسانن کە دەیانەوێ لە ڕێز و ئەمنیەتدا بژین.” بەڵام سەرەڕای بوونی وەها پەسند کراوێک سەرانی وڵاتانی گەشە کردووی رۆژئاوایی لەگەڵ بەکار هێنانی کۆچبەران بە حەقدەستی کەم، بەردەوام بە مەبەستی توند کردنەوەی چەوساندنەوەیان، یاسای دژی کۆچبەری تەنزیم و بەکار دێنن.

دەوڵەتانی پێشکەوتوی سەرمایەداری تا توانیویانە لە بەرانبەر چەوساندنەوەی هێزی کاری هەرزانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا لە ئاسیا و ئافریقا و ئەمریکای لاتین، سەرمایەیان سەریەک ناوە، بەڵام دەوڵەتانی ئەمرۆیان، کە لەسەر سەروەت و دەسەڵاتی ئیستعمارگەرانی دەورەی ڕابردو نووستەون، لە بەرانبەر بارودۆخێکی فەلاکەتباردا کە بەسەر ژیانی ئەم خەڵکەیاندا سەپاندوە، هیچ بەرپرسیاریەتیەک قەبوڵ ناکەن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە هێشتاش لێشاوی سەروەتەکانی خەڵکی ئەم قاڕانە بەرەو وڵاتانی پێشکەوتوو لە ڕێدایە. ئەگەر تەنانەت قەبوڵیشی بکەین کە پەنابەران لە دەست هەژاری و فەلاکەتی ئابووری ڕادەکەن، و بەشوێن کار و ژیانی باشتروەن، دیسانیش پرسیار ئەوەیە کە وڵاتەکانیان لە لایەن کێوە تاڵان کراوە و دواکەوتو ڕاگیراوە و کێ خستونیەتە داوی برسیەتی و شەڕ و نەخۆشی مەترسی دارەوە. ئایا ئەوان هەر ئێستاش خەریکی تاڵان و بەهرەکێشی لەو ناوچانە نین؟

” رێکخراوی جیهانی کۆچبەری” کە یەکێک لە سازمانە دەوڵەتیەکانی جێگیر لە ژنێوە و ڕوانگەی بۆرژوا لیبڕاڵی سەبارەت بە مەسەلەی کۆچبەری هەیە، لە تێروانینێکی ستراتیژیەوە سەبارەت بە بەرژەوەندی سەرمایەی جیهانی، بە دەوڵەتانی ئوروپایی دەڵێت کە وەک هەڕەشەیەک مەڕواننە کۆچبەران، بەڵکو وەک دەرفەتێک چاویان لێبکەن. ئەم سازمانە ڕایگەیاندوە ئەو شوغڵانەی کە کۆچبەران هەیانە و ئەو داهاتەی کە دەینێرنەوە بۆ وڵاتەکانیان بەشێکی گرنگ لە ئابووری جیهانی پێکدێنێ. بە وتەی ئەم رێکخراوە، کۆچبەران سەهمێکی گەورەیان لە گەشە و باشتر بوونی ئابووری وڵاتانی پێشکەوتودا هەیە، بەم هۆیەوە وڵاتانی دەوڵەمەند نابێ درگاکانیان بەرووی ئەواندا دابخەن. بە بڕوای کاربەدەستانی ئەم سازمانە، ” کاتێک کە بێکاری رووی لە زیاد بوونە، ڕەنگە وا بە نەزەر بگات کە کۆچبەری بەرتەسک بکاتەوە، بەڵام بەکردەوە ئامارەکان نیشانیانداوە کە ئەم دووانە پێکەوە پیوەندی ڕاستەوخۆیان نییە. کۆچبەران زیاتر ئەو کارانە دەکەن کە شارۆمەندانی وڵاتانی پێشکەوتوی پیشەسازی خۆی لێنادەن.” هەروەها بە وتەی ئەم رێکخراوە:” لەگەڵ کەم بوونەوەی منداڵ بوون و زیاد بوونی تەمەن لە وڵاتانی دەوڵەمەند دا، گەلێک لەوان تا ٥٠ ساڵی داهاتوو لەگەڵ کەم بوونی هێزی کاردا بەرەو دەبن.”

بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە جەماوەری کرێکاران و توێژی خوارەوەی کۆمەڵگا لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداریدا دەبێ بزانن، پەسند کرانی یاسا و توند کردنەوەی سیاسەتی دژی کۆچبەری لەم وڵاتانەدا، تەنیا داوێنگیری کۆچبەران نابێت. ئەم یاسایانە و ئەم سیاسەتانە لە هەمانحاڵدا ئەو وڵاتانە لە باری ئەخلاقیشەوە دەگێڕێتەوە بۆ دواوە. ئەم ئاڕاستە گیریە ڕێگا بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی ئەحزابی دەستە ڕاستی تر خۆش دەکات. بە دەسەڵات گەیشتنی ئەم حیزبانە بە واتای ئەوەیە کە لە هەنگاوی دواییدا هێرش دەکەنە سەر گشت ئەو دەستکەوتە پێشککەوتوو و ئینسانیانەی کە لە بواری کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیەوە لە ماوەی ساڵانێک خەبات و تێکۆشانی کرێکاراندا بەسەر دەوڵەتەکاندا سەپاوە. ئەم هێرشەش ئێستا دەستی پێکردوە. زۆربەی خەڵکی وڵاتانی ئوروپایی و بەر لە گشتیان چینی کریکاری ئەو وڵاتانە، دەبنە قوربانی دواتری ئەم سیاسەتانە. دەوڵەتانی ئوروپایی ئەگەر لە بەرەو پێش بردنی ئەم سیاسەتانەدا سەرکەوتو بن، ئینسانیەت لە خودی ئەو وڵاتانەشدا دەکەنە قوربانی.

بابەتی پەیوەندیدار

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-