کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

یادێک لە کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان

photo output 4 1024x576 1

ئەمڕۆ یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕ ساڵڕۆژی کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوانە. ٤٥ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا یەکێک لە درەوشاوەترین تاکتیکە سیاسییەکان بۆ پێشگرتن لە سەپاندنی شەڕێکی نەخوازراو لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو بەسەر خەڵکی مەریواندا، بەکردەوە دەرهات. بەڵام پێکهاتنی ئەم ڕووداوە مێژووییە، کتوپڕ نەبوو. شاری مەریوان لەلایەن شۆڕای شارەوە بەڕێوەدەبرا کە زۆربەی هەرەزۆری جەماوەر پشتیوانیان لێدەکرت. لە پەنای شۆڕای شاردا، دامەزراوە گەلێکی دیکە لەوانەیەکێتی جوتیارانی مەریوان،کۆمەڵەی مامۆستایان،ستادی نیزامی پاراستنی شار،شۆڕای کرێکارانی شارەوانی، یەکێتی کرێکارانی بێکار، یەکێتی ژنان و ناوەندی خوێندکاران پێکهاتن کە زۆرتر لە لایەن کۆمۆنیستەکانەوە کە هێزی سەرەکی بوون لە ئیدارەی شاردا، هەماهەنگ دەکران. هاوڕێ فوئاد مستەفا سوڵتانی و ئەندامانی کۆمەڵە، لە زومرەی تێکۆشەرانی سەرەکی ئەو دامەزراوە جەماوەرییانە بوون. بەڵام لە لایەکی ترەوە دارودەستەکانی ڕژێمی نوێ و کۆنەپەرستە خۆجێیەکانیش بێکار دانەنیشتبوون. چەکدارە تازە پێکهاتووە خۆجێییەکان بە پشتیوانیی هێزە نیزامییەکانی جێگیر لە پادگانی مەریوان، خەریکی ڕێکخستنی هێزەکانیان بوون. لەناو شاردا ناوەندێکیان بە ناویمەکتەبی قورئانپێکهێنابوو کە ببوو بە شوێنی کۆبوونەوەی خاوەن زەوییەکان، ساواکیەکانی سەردەمی شا و ژمارەیەک لە کۆنەپەرستانی خۆجێیی لایەنگری ڕژێمی ئیسلامی. ئەم ناوەندە لەلایەن پادگانەوە کە لە دەرەوەی شار هەڵکەوتبوو، چەکدار و بەهێز دەکران و ئاستەنگیان بۆ کاروباری ئیدارەی دێموکراتیکی شارەکە دروست دەکرد کە لەلایەن دامەزراوە جەماوەرییەکانەوە بەڕێوە دەبرا. دەستکەوتە شۆڕشگێڕانە و پێشڕەوەکانی ئیدارەی شار، بۆ ڕژێمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو تەحەمول نەدەکرا. لەمڕووەوە فەرمانی هێرشکردنە سەر شارەکە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو دامەزراوانە دەکرابوو و ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەو پڕۆسەیە بە مستەفا چەمران سپێردرابوو. هێزە پاشماوەکانی ئەرتەشی دژە خەڵکی و چەکدارە نوێیەکان لەلایەن ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووەوە لە پادگانی مەریوان، تەیار و ئامادەی هێرشکردنە سەر ئەو شارە دەکران و مەترسی شەڕێکی ماڵوێرانکەر هەڕەشەی لە خەڵکی شار کرد. ئەوان سەرەتا بەمەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی شاری مەریوان، دەستیاندایە هێرش و کردەوەی تیرۆریستی لە دژی کەسانی کاریگەر و چالاکی ئەو شارە. شۆڕای شار بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی شار لەبەرامبەر ئەو جموجۆڵانە داستادێکی پاراستنی پێکهێنا و هێزی چەکداری ئەو ستادە، کۆتایی بە هەوڵە تیرۆریستییەکان هێنا.

ئەمجار کۆنەپەرستانی خۆجێیی و ئەندامانی مەکتەبی قورئان، بە ئاشکرا دەستیان کرد بە هێرشی چەکداری بۆ سەر هەڵسووڕاوان و بەتایبەت کۆمۆنیستەکان. کردەوەی سەرکوتگەرانەی ئەوان بووە هۆی خۆڕێکخستن و یەکگرتوویی هەرچی زیاتری هێزە جەماوەری و شۆڕشگێڕەکانی ئەو شارە. شۆڕای شار بە ڕاوێژ و میتۆدی دەستەجەمعی و جەماوەری، ژیانی شارەکەی ئاسایی کردەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ شۆڕشگێڕانی شارەکانی دیکەی کوردستان و دەرەوەی کوردستان پتەوتر کرد. بەم شێوەیە بۆ ماوەیەک، ئەمنییەت و ئارامی باڵی بەسەر شاردا کێشا. بەڵام ئەوە ئارامییەکی پێش لە تۆفان بوو. لەسەر بەستێنی ئەو ئارامییە، ڕیزەکانی شۆڕش و دژە شۆڕش خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چارەنووسساز ئامادە دەکرد. لەو ماوەیەدا بارەگای سپای پاسداران بە هاوکاری ئەندامانی مەکتەبی قورئان لەو شارە دامەزرا و بە تەقەی بەردەوام و کوێرکوێرانە لە شەودا، ئەمنییەت و ئارامی هاووڵاتیانی شاری مەریوانیان خستبووە مەترسییەوە. ئاشکرابوو کە ئەوان دەیانەویست لە پادگانی ماریونەوە هێرش بکەنە سەر شارەکە و شار لە ژێر کۆنترۆڵی خەڵکی شۆڕشگێڕ دەربهێنن. بەکرێگیراوانی جێگیر لەو ناوەندە هەر لە یەکەم ڕۆژی کردنەوەی بارەگاکە، بەبێ هیچ هۆکارێک دەستیان کرد بە گەڕان و پشکنینی ئۆتۆمبێلەکان و ئاگادارکردنەوەی ژنان سەبارەت بە ڕەچاوکردنی حیجابی ئیجباری لەو شوێنانەی کە هێزەکانیانی لێ جێگیر کرابوو. ئەوان بە ئاشکرا هەڕەشەیان لە ستادی پاراستن و شۆڕشگێڕان و کۆمۆنیستەکان دەکرد. لە هەلومەرجێکی لەوشێوەیەدا بوو کەمەڵبەندی پاراستنپاش ڕاوێژ لەگەڵ کەسانی کاریگەر و دامەزراوە شۆڕشگێڕ و جەماوەرییەکان، ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕ، بڕیاریدا خۆپیشاندانێکی هێمنانە لە دژی هەڵسوکەوت و جموجۆڵی پاسداران و لەدژی ئەو تەبلیغاتە ژەهراویانەی کە لە لایەن دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیەوە لەدژی  خەڵکی کوردستان وەڕێ کەوتبوو، بەڕێوە ببەن. زۆربەی خەڵکی شارەکە و دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەر لەو ڕۆژەدا خۆپیشاندانێکی ڕێکوپێک و شکۆداریان بەڕێوە برد. ئەو خۆپیشاندانە لەلایەن پاسدارانی جێگیر لەو بارەگا نوێیەوە، شەڵاڵی خوێن کرا. خۆپیشاندەرانی توڕە و وەگیان هاتوو پەلاماریان بردەسەر ٠بارەگاکە و دەستیان بەسەردا گرت. لە ئاکامدا شارەکە لە ژێر کۆنترۆڵی پاسداران و دارودەستە خۆجێییەکانیان هاتەدەرەوە. بەڵام هەڕەشە و مەترسییەکانی پادگان هەروا بەردەومبوو.

لەو ڕۆژەوە تا ٣١ی پووشپەڕ چەندین گەڕی دانوستان لەگەڵ فەرماندەی پادگان و نوێنەرانی ڕژێمی نوێ بەڕێوەچوو، بەڵام نەگەیشتنە هیچ ئاکامێک. فەرماندەی پادگان بڕیاری دەوڵەتی سەبارەت بە داگیرگرتنی شاری بە زەبری زۆر بە دانوستانکاران گەیاند. ئەندامانی شۆڕا لە ڕاوێژێکی نیو سەعاتی لەگەڵ ئامادەبووان، بڕیاریاندا شارەکە چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی پێش بە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە پڕ چەک و جینایەتکارەکان بگرن. ئەو بڕیارە دەستبەجێ لەلایەن هەڵسووڕاوانی ڕێکخراوەوە بە ئاگاداری خەڵک گەیشت و جگە لەو هێزە چەکدارەی کە بۆ پاراستنی ماڵ و حاڵی خەڵک ڕێکخرابوون، ئەوانی تر بە خێرایی و بەشێوەیەکی ڕێکخراو و ناوازە شارەکەیان چۆڵ کرد. ئەندامانی شۆڕای شار و هێزێکی زۆری خۆبەخش، لە ماوەیەکی کورتدا ژیانێکی ئەمنیان لە کەمپیکانی میرانڕێکخست. هەواڵی ئەو کۆچە لە ڕاگەیاندنە جۆراوجۆرەکانی ئێران و تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا بڵاو بووەوە. شەپۆلی هاوکاری و ڕێپێوان لە شارە جیاجیاکانی ئێران و کوردستانەوە بەرەو شوێنی نوێی جێگیربوونی خەڵکی خۆڕاگر و تێکۆشەری مەریوان دەستی پێکرد. بەشداربووانی ئەو ڕێپێوانەی کە لە سنەوە وەڕێکەوتبوو، لە ڕێگادا هەشت کەس لە تێکۆشەران و چەند کەسێک لەو خەڵکەیان کە لەلایەن هێزەکانی پادگانەوە دەستبەسەرکرابوون، ئازاد کرد. دوای نیشتەجێبوونی خەڵک بەشێوەیەکی ڕێکخراو لەکانی میرانو بڕیاری ئەوان بۆ خۆڕاگریی بەکۆمەڵ، نوێنەرانی دەوڵەت و سپای پاسدارانی نوێ  ناچار بوون لەگەڵ نوێنەرانی شۆڕای شار بە ڕێبەرایەتی هاوڕێ فوئاد مستەفا سوڵتانی وتووێژ بکەن. دوای چەند گەڕ دانوستانی چڕوپڕ، سەرەنجام نوێنەرانی خەڵک بە وەرگرتنی بەڵێنی پاراستنی خەڵک و دەستکەوتەکانیان و هەروەها بە بەدەستهێنانی ڕەزامەندی دانیشتوانی کەمپەکە، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژ کۆتاییان بە کۆچی سەربەرزانەی خۆیان هێنا. شێوازی ئیدارەکردن و بەڕێوەبردنی کاروباری ژیانی ئەم جەماوەرە بەرینە، کە ئەو حەرەکەتەی کردبوو بە فێستیڤاڵێکی ڕێکخراو و پڕ لە شانازی جەماوەریی، تا ئێستاش وەک دەستکەوتێکی گەورە، دەیان کتێب و سەدان وتاری لەسەری نووسراوە.

وانەکانی ئەو خۆڕاگرییە جەماوەرییە، هەتا ئێستاش هێندە بەنرخ و کاریگەرە کە ساڵی ڕابردوو پڕوپاگەندەکارانی کۆنەپەرستی ڕێژیم، فیلمێکی سەرتاپا درۆ و چەواشەکارانەیان لەسەر ئەو ڕووداوە شکۆدارە جەماوەرییە بەرهەمهێنا و بەمەبەستی بردنە سەرەوەی ورەی تێکشکاوی هێزەکانیان لە کوردستان بڵاویان کردەوە. بەڵام ئەم درۆ و چەواشەکاریانە نەیانتوانیوە و ناتوانن وانەکانی ئیدارەی شۆڕایی، یەکگرتوویی لەگەڵ یەکتر، کارکردن لەگەڵ کۆمۆنیستەکان و ئەو خۆڕاگرییە ڕێکخراوە لەبیر خەڵک بباتەوە. دەستکەوتەکانی ئەو کۆچە مێژووییە جەماوەرییە، هێز و تواناییەکی نوێی بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و شۆڕشگێڕان لە باقی ناوچەکانی دیکەی ئێران بەخشی. هاوڕێیانی کۆمەڵە لە شاری مەریوان و لە سەرووی ئەوانەوە هاوڕێی گیانبەختکردوو فوئاد مستەفا سوڵتانی و عەتا ڕۆستەمی، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەو حەرەکەتە جەماوەرییەدا هەبوو. بەڵام ڕێژیمی ئیسلامی دەستکەوتە دێموکراتیکەکانی خەڵکی مەریوان و شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستانی بۆ تەحەمول نەکرا و سەرەنجام تەنیا ١٥ ڕۆژ دواتر و لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا، هێرشی سەرتاسەری خۆی بۆ سەر کوردستان دەستپێکرد. بەم هێرشە بزووتنەوەی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان پێی نایە قۆناغێکی نوێ و لە ژێر ناویبزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان،بە هەموو هەوراز و نشێوەکانییەوە، ڕێبازی خۆی سەربەرزانە درێژە پێدا. بزووتنەوەیەکی کە شۆڕشی شکۆداری (ژن، ژیان، ئازادی) یەکێکە لە دیمەنەکانی. شۆڕشێکی کە چەخماخەکەی لە درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستاندا لێدرا و هەموو ئێرانی گرتەوە و بوو بە وێردی سەر زمانی خەڵک لە ئاستی جیهاندا. لە ساڵڕۆژی کۆچی مێژوویی مەریواندا، ڕێز دەگرین لە یاد و بیرەوەری سەرجەم ئەو هەڵسووڕاوە ئازیزانەی کە ساڵانی دواتر و لە مەیدانەکانی تری بزووتنەوەی عادڵانە و مافخوازانەی خەڵکی کوردستاندا، گیانیان بەختکرد.