نیوه‌ی یه‌كه‌می مانگی خه‌رمانان رێكه‌وته‌كانی ٤ و ٩ و ١٣ی ئه‌و مانگه، ئه‌و رۆژانه‌ن كه تێیاندا ره‌وتی ئێمه سێ كه‌سایه‌تی هه‌ڵكه‌وتوو و سێ رابه‌ری ماندویی نه‌ناسی خۆی له‌ده‌ست داوه. فوئاد مسته‌فا سوڵتانی، سدیق كه‌مانگه‌ر، غوڵام كه‌شاوه‌رز، سێ ئه‌ستێره‌ی رێ نیشانده‌ری خه‌باتی چه‌وساوه‌كان و ستهملیكراوانی ئه‌و وڵاته بوون. خه‌باتی سیاسی كاك فوئاد هه‌ر له ته‌مه‌نی تازه لاویه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و له كاتێك دا ته‌مه‌نی ته‌نیا 21 ساڵ بوو، ده‌بێ به سه‌ر قافڵه‌ی دامه‌زرێنه‌رانی كۆمه‌ڵه. ساواكی شا كه به‌توندی گومانی كردبووه سه‌ر ژیان و هه‌ڵسووڕانی كاك فوئاد، له‌پاییزی ساڵی 1353 دا كاك فوئادی گرت و له زیندانی كومیته‌ی هاوبه‌شی شاره‌بانی و ساواك و خستنه ژێر سه‌ختترین ئه‌شكه‌نجه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه.به‌ڵام ئه‌شكه‌نجه‌گه‌ران زه‌فه‌ریان به وره‌ی كاك فوئاد نه‌برد و قاره‌مانانه نهێنییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی پاراست. له‌دوای ده‌وره‌ی بازجوویی و ئه‌شكه‌نجه، گواسترایه‌وه بۆ زیندانی قه‌سری تاران و زیاتر له‌سێ ساڵ له‌وێ به‌ندكرا. له‌ساڵی كۆتایی زیندانه‌كه‌یدا، كاك فوئاد گواسترایه‌وه بۆ زیندانی شاری سنه و ساڵێكیشی له‌و زیندانه‌دا تێپه‌ر كرد. زیندانی سنه مه‌یدانێكی خه‌باتی لێبراوانه‌ی كاك فوئاد بوو. مانگرتن له‌خواردنی زیندانیانی سیاسی كه كاك فوئاد بۆ ماوه‌ی 24 رۆژ به‌شداری تێدا كرد، یه‌كێك له‌دیمه‌نه پر شكۆكانی خه‌باتی ئه‌و ده‌وره‌یه‌ی ناو زیندانه‌كان له‌دژی رژیمی شا بوو. له پاییزی ساڵی 1357 دا كاك فوئاد ئازاد كرا و له‌پاش پێشوازییه‌كی گه‌رم و كه‌م وێنه له‌لایه‌ن خه‌ڵكی شاری سنه، گه‌ڕایه‌وه بۆ ئاوایی ئاڵمانه. كاك فوئاد دوای ئازاد بوونی، ته‌نیا 11 مانگ ژیا و له‌و یازده مانگه‌شدا هه‌موو كات و توانای خۆی بۆ رێبه‌ری كردن و به‌ره‌وپێش بردنی خه‌باتی كۆمه‌ڵه له كوردستان له بواره جیاجیاكاندا ته‌رخان كرد. له ماوه‌ی نزیکه‌ی دوو مانگدا، یانی له 23ی مانگی پووشپه‌ڕه‌وه تا ٩ی خه‌رمانانی ساڵی 1358 بهڕێبهریی کاک فوئاد، ژماره‌یه‌ک له هه‌ستیارترین، به‌ناوبانگترین و گه‌شترین رووداوه‌کانی مێژووی کۆمه‌ڵه و خه‌باتی سیاسی کوردستان و ئێران هاتنه ئاراوه. کۆچی خه‌ڵکی مه‌ریوان، ڕێپێوانی جه‌ماوه‌ری سنه به‌ره‌و مه‌ریوان، گفتوگۆی ڕاسته‌خۆ له‌گه‌ڵ دوژمن، ئه‌و بوارانه بوون كه تواناییه‌كانی كاك فوئادی بۆ هه‌موان ده‌رخست. پربایه‌خترین كاری كاك فوئاد كه دوایین هه‌نگاوی سیاسی ئه‌و بوو، داڕشتنی بناغه‌ی بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگیرانه‌ی كوردستان بوو. بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه بوو به سه‌نگه‌رێك بۆ دیفاع له ده‌سكه‌وته‌كانی شۆرشی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئیران. كاك فوئاد، فورسه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یدا نه‌كرد كه له پێكهێنانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران دا ده‌وری شایسته‌ی خۆی ببینێ. به‌ڵام بێگومان پێشره‌وی و سه‌ركه‌وتنی حیزبی كۆمۆنیست له گره‌وی ئه‌وه‌دایه كه ئاكار و سوننه‌تی ئه‌و شورشگێره گه‌وره‌یه‌ی چینی كرێكار بكاته پیشه‌ی خۆی و ره‌وش و هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و له خه‌باتی سیاسی دا به‌كار بێنێ. رێزگرتن و پاراستنی ئه‌و ئه‌زمونه به‌نرخانه‌ی كه له كاك فوئاد به‌جێ ماون، مه‌رجی سه‌ركه‌وتنی خه‌بات و حێزبی ئێمه‌یه. سه‌دیقی كه‌مانگه‌ر دوو ساڵ له كاك فوئاد به ته‌مه‌ن تر بوو . له ساڵی 1348 كاتێك رێكخراوی كۆمه‌ڵه داده‌مه‌زرێ، كاك سه‌دیق له یه‌كه‌م مانگه‌كانی مه‌وجوودیه‌تی كۆمه‌ڵه‌دا ده‌بێ به تێكوشه‌رێكی هه‌ڵسووڕاوی ئه‌و رێبازه. كاك سه‌دیق له ساڵانی ده‌یه‌ی 50ی هه‌تاوی كاتێك خه‌باتێكی مافخوازانه له نێوان جوتیارانی “دارسێران”ی مه‌ریوان و فئوداله‌كان كه‌وته‌رێ، وه‌كوو پارێزه‌رێكی جه‌سور و لێهاتوو ئه‌ركی دیفاع له جوتیارانی وه‌ئه‌ستۆ گرت. له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی له‌دژی رژیمی شا، ئه‌ندامی ناوه‌ندی كانونی پارێزه‌رانی ئیران بوو كه به ئیمزای خۆی بۆ دیفاع له خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی جه‌ماوه‌ریی، به‌یانییه‌ی ده‌رده‌كرد. له مانگی پوشپه‌ری 1357 یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی شاری سنه‌ی بۆ دیفاع له زیندانیانی سیاسی كه مانیان له خواردن گرتبوو، له‌دژی رژیمی شا، رێكخست. ئه‌و له‌و كاته‌دا سیمای عه‌له‌نی تێكۆشانی كۆمه‌ڵه بوو. بانگه‌وازه‌كانی هاوڕێ سدیق له لایه‌ن جه‌ماوه‌ری شۆرشگێرهوه جوابی وه‌رده‌گرته‌وه. هه‌ڵسووڕانی بێوچانی كاك سدیق، بوو به هۆی كۆكردنه‌وه‌ی هێزی رادیكاڵ و پێشڕه‌وی كۆمه‌ڵگا به‌رانبه‌ر به ره‌وتێكی كونهپهرستدا كه هه‌ولی ده‌دا سه‌مه‌ری خۆین و خه‌باتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان بكا به پاشكۆی ئیرتجاعی مه‌زهه‌بی كه له لایه‌ن خومه‌ینیه‌وه رێبه‌ری ده‌كرا. كاك سه‌دیق رۆژی 22ی رێبه‌ندانی ساڵی 1357 له رێگه‌ی ته‌لویزیونی سنه‌وه له په‌یامێك دا داوای له خه‌ڵكی كوردستان كرد كه بۆ پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كانی راپه‌رینی سه‌ركه‌وتووی خۆیان چه‌كدار بن. له یه‌كه‌م رۆژه‌كانی دوای رووخانی رژیمی شا كاك سه‌دیق و ژماره‌یه‌ك له هاورێیانی له‌سه‌ر رێنوینی كۆمه‌ڵه جه‌معیه‌تی دیفاع له ئازادی و ئینقلابیان له شاری سنه دامه‌زراند و كاك سدیق بوو به وته‌بێژی ره‌سمی ئه‌و جه‌معیه‌ته. كاك سه‌دیق له شه‌ری نه‌ورۆزی شاری سنه‌دا له سه‌دری “شورای ئینقلابی” ئه‌و شاره‌دا راپه‌رینی قاره‌مانانه‌ی خه‌ڵكی شۆرشگێڕ و ئازادیخوازی سنه‌ی له‌دژی هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی جمهووری ئیسلامی رابه‌ری كرد. ده‌وری لێبراوی كاك سدیق له‌م ده‌وره‌یه‌دا له كوردستان، ئه‌وی كرد به كه‌سایه‌تێكی ناسراوی ناو بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه له سه‌راسه‌ری ئێران‌دا. له گفتوگۆكانی نوێنه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان و هه‌یئه‌تی نێردراوی ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی بۆ شاری سنه، ده‌وری رێبه‌رێكی جه‌سوور و لێبراوی بینی. هاورێ سه‌دیق رابه‌ر و رێكخه‌ری مانگرتن و ته‌حه‌سونی یه‌ك مانگه‌ی شاری سنه بوو كه به مه‌به‌ستی ده‌ركردنی پاسداران له شار كه‌وته رێ.له‌گه‌ڵ ده‌ست پێكردنی موقاوه‌مه‌تی چه‌كدارانه به‌رانبه‌ر به هێرشی رژیم بۆسه‌ر كوردستان، هاورێ سه‌دیق وه‌ك به‌رێوه‌به‌رێكی لێهاتووی موقاوه‌مه‌تی پێشمه‌رگانه‌ش له ناوچه‌كانی كامیاران و سنه ده‌وری نواند. دوایین پۆستی ته‌شكیلاتی هاورێ سدیق به‌رێوه‌به‌ریی رادیۆ ده‌نگی شۆرشی ئێران (رادیۆ كۆمه‌ڵه) بوو. له سه‌عات 2ی نیوه‌شه‌وی 13ی خه‌رمانانی ساڵی 1368 له حاڵێكدا كه تازه له نوسینی دوایین وتاری خۆی بۆ رادیۆ كۆمه‌ڵه ته‌واو ببوو و بۆ پشوودانێكی كورت له ژوره‌كه‌ی خۆی هاتبووه ده‌رێ، به ده‌ستی به‌كرێگیراوێكی كۆماری ئیسلامی كه دزه‌ی كردبووه ناو ریزه‌كانی پیشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌وه، خه‌ڵتانی خوێن ده‌كرێ و دڵی كه‌یلی ئاواتی به سه‌ركه‌وتنی زه‌حمه‌تكێشان بۆ هه‌میشه له لێدان ده‌كه‌وێ. به‌همه‌نی جه‌وادی كه له جه‌ریانی خه‌باتی سیاسی نه‌هێنی دا بو ده‌رباز بوون له ته‌عقیبی پۆلیسی نازناوی غوڵامی كه‌شاوه‌رزی هه‌ڵبژاردبوو، ساڵی 1334ی هه‌تاوی له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ده‌سكورتی ئاوایی “نارهك” سه‌ر به‌شاری گه‌چساران چاوی به‌ژین پشكووت. هێشتا نه‌وجه‌وانێك بوو كه له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له سیاسییه‌كان ئاشنا بوو. سه‌ره‌تاكانی ده‌یه‌ی 50 بوو كه به‌همه‌نی جه‌وادی و هاوڕێیانی رێكخراوێكی خه‌باتكاریان به‌ناوی: “كرده‌وه‌ی شورشگێرانه دژ به بارودوخی مه‌وجود” پێكهێنا. ئه‌ركی ئه‌م رێكخراوه‌یه چاندنی تۆوی وشیاری له‌ناو كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش دیاری كرابوو. به‌همه‌نی جه‌وادی سالی 1354 چووه ناو زانكۆی كه‌شاوه‌رزی كه‌ره‌ج. له‌گه‌ڵ چوونه ناو زانكۆدا چووه ناو جه‌رگه‌ی خه‌باتی سه‌رده‌مه‌وه و له پاش ماوه‌یه‌ك بوو به یه‌كێك له سیما ناسراوه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی خویندکاری له‌و زانكۆیه‌دا. له رێكه‌وتی 18ی گوڵانی 1355 خوێندكارانی زانكۆی كه‌ره‌ج له ساڵڕۆژی كوشتاری كرێكارانی كارخانه‌ی “جیهان چیتی” كه‌ره‌ج به‌ده‌ستی رژیمی شا له‌ساڵی 1350 ده‌ستیان دایه مانگرتنێكی به‌رین. هاورێ غوڵامی كه‌شاوه‌رز له رێكخه‌رانی ئه‌و مانگرتنهبوو. به‌و هۆیه‌وه هه‌ر له‌و كاته‌دا له لایه‌ن ساواكه‌وه ده‌ستگیر و خرایه ژێر سه‌ختترین ئه‌شكه‌نجه‌وه و نه‌هێنی هاوخه‌باتیه‌كانی پاراست. له پاییزی 1357 له‌گه‌ڵ شکانی درگای زیندانه‌کان له‌زیندان هاته‌ده‌ر. له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگدا هاورێ غوڵام وه‌ك رێكخه‌رێكی كۆمۆنیست له‌ره‌وتی خه‌باتی جه‌ماوه‌ریدا خه‌ریكی چالاكی بوو: وه‌رێخستنی میتینگ و رپێوانی دژ به‌رژیمی شا پێكهێنانی گروپگه‌لی كرێكاری، سوخه‌نرانی لهمیتینگهكاندا، له زومره‌ی چالاكییه‌كانی ئه‌و له‌سه‌رده‌می راپه‌ریندا بوو. هه‌روه‌ها ئه‌و له‌و خهباتكارانهش بوو كه له ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی پادگانی عیشره‌ت ئابادی تاران‌دا به‌شداری كرد. ئه‌و له‌سه‌ره‌تای زستانی 1358 به رێكخراوی “یه‌كێتی خهباتكارنی كۆمۆنیست”ه‌وه په‌یوه‌ست بوو و له ماوه‌یه‌كی كورتدا بوو به یه‌كێك له روخساره ناسرا و ههڵسوراوهكانی ئه‌و ته‌شكیلاته. له‌زستانی 1361 تا خه‌رمانانی 1362 هاوێ غوڵام له به‌شدار بووانی جیددی باسه‌كانی سه‌ره‌تای پێكهێنانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له ناوچه ئازاد كراوه‌كانی كوردستان بوو. ئه‌و له زومره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌بوو كه له كۆنگره‌ی دامه‌زرێنه‌ری حیزبی كۆمۆنیستی ئێران‌دا به‌شداری كرد و بۆ ئه‌ندامی كومیته‌ی ناوه‌ندی ئه‌و حیزبه هه‌ڵبژێردرا. له‌ساڵی 1364 هاوكات له‌گه‌ڵ به‌رپرسیاریه‌تی ته‌شكیلاتی نهێنی، له ته‌شكیلاتی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزبی كۆمۆنیست ده‌ستی دایه چالاكی و له‌دوای ماوه‌یه‌ك به هاوكاری هه‌ڵسوراوانی تری ئه‌و به‌شه “فێدراسیۆنی سه‌راسه‌ری كۆچبه‌ران”یان له‌ئۆروپا دامه‌زراند. به‌كرێگیراوانی جه‌هل و جینایه‌تی كۆماری ئیسلامی كه له چالاكییه‌كان، كاریگه‌ریی و تواناییه‌كانی ئه‌و خه‌باتكاره ماندوویی نه‌ناسه ئاگادار بوون، له كرده‌وه‌یه‌كی دڕندانه‌دا ده‌ستیان دایه تیرۆر كردنی هاورێ غوڵامی كه‌شاوه‌رز. له‌رۆژی 4ی خه‌رمانانی 1368 له‌حاڵێكدا كه‌پاش 8 ساڵ ده‌یویست له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی له شاری لارنكای وڵاتی قێبرس چاویان پێك بكه‌وێت، له‌لایه‌ن تیمیك له به‌كرێگراوه‌كانی كۆماری ئیسلامییه‌وه، كه شوێنیان هه‌لگرتبوو، درایه به‌ر ده‌سرێژی گولله. هاورێ غوڵامی كه‌شاوه‌رز چه‌ند سه‌عات دواتر له بیمارستانی ناوه‌ندیی لارناكا ، گیانی به‌ختكرد.
وێرای نوێ كردنه‌وه‌ی په‌یمان له‌گه‌ل ئه‌و ئازیزانه، رێز له یادی هه‌موو گیانبه‌ختكردوانی رێبازێك ده‌گرین كه فواد و سدیق و غوڵام پێشه‌نگانی وه‌فاداری بوون.