ڕۆژی هەینی ٨ی مانگی گوڵان، بەرابەر لەگەڵ ٢٨ی مانگی ئاوریل، ڕۆژی جیهانی یادکردنەوەی کرێکارانی گیانبەختکردوو بە هۆی ڕووداوی شوێنی کار بوو. بابەتی دیاری کردنی ڕۆژێک وەک ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەری کرێکارانی گیانبەختکردوو لە شوێنی کار، لە ساڵەکانی سەرەتای دەیەی ٨٠ ی سەدەی ڕابردوودا، لە لایەن یەکێتییە کرێکارییەکان لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەدارییەوە هاتەگۆڕێ. بەڵام وەها ڕۆژێک یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٩ لە وڵاتی کانادا بە ڕەسمییەت ناسرا. بەشوێن ئەوەدا لە ساڵی ١٩٩٦ فیدڕاسیۆنی نێونەتەوەیی یەکێتییە کرێکارییهكان لە نیۆیۆڕک ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژی “یادكردنهوهی کرێکارانی گیانبەختکردوو” ڕاگەیاند. لە ئاکامی خەباتی کرێکاری و گوشارەکانی بزوتنەوەی کرێکاریدا تا ئێستا لە بیست وڵاتی دنیا ئەم ڕۆژە بە ڕەسمییەت ناسراوە.
سازمانی جیهانی کار ناسراو بە ” ئای ئێڵ ئۆ” لە سهروبهندی نزیک بوونەوە لەم ڕۆژەدا، ئامارێکی بڵاو کردۆتەوە کە هەرچەند ئاستی ڕاستەقینەی ڕێژهی قوربانیانێك کە چینی کرێکار لە نەبەردی مەرگ و ژیاندا لەگەڵ سەرمایە لە شوێنەکانی کار لێ دهکەوێت، نیشان نادات، بەڵام لەم ئاستەشدا نیشانەی بەرینی ڕێژەی قوربانیانێك کە بە بەراورد، زۆر بەرین ترە لە ڕێژەی قوربانییانی سامناك ترین شەڕەکانی ئەم چەند دەیەی دواییدا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شوێنەکانی دیكه. ” ئای ئێڵ ئۆ” لە ڕاپۆرتی ئەمساڵیدا ئاماژه بهوه دهكات کە، ” ساڵانێکە لە جیهاندا زیاتر لە دوو میلیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس بەهۆی ڕووداوی کار و نەخۆشی سەرچاوە گرتوو لە شوێنی کارەوە دەمرن. و ئەمەش یانی گیان لهدهستدانی ڕۆژانە ٦٥٠٠ کەس بههۆی ڕووداوی کار و پیس بوونی شوێن و نەخۆشی سەرچاوە گرتوو لهشوێنی كار”.
لە ئێران ئامارێکی ڕاست و بەڵگەمەند لە ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە بەهۆی ڕووداوی شوێنی کار و پیس بوونی شوێن و نەخۆشی سەرچاوەگرتوو لێیانەوە گیان لەدەست ئەدەن و یان کەم ئەندام دەبن، بوونی نییە. ئەو ئامارانەی کە بە شێوەی ڕەسمی لەم بوارەدا بڵاو دەبنەوە بە هیچ شێوەیەک جێگای باوەڕ نین. وەک نمونە ڕووداوێک کە بۆ کرێکارێكی ئەفغانستانی ڕوو ئەدات لە هیچ جێگایەک تۆمار ناکرێت. یان هێندێک ڕووداو هەیە کە لە نێوان کرێکاران و خاوەنکار و بنەماڵەی کرێکارانی گیانبەختکردوودا، بە شێوەیەک دیزە بە دەرخۆنە دەکرێت کە گومانی تێدا نییە بەزیانی کرێکاران دەبێت و ئهوهش پێشینەکەی لە هیچ جێگایەک تۆمار ناکرێت. لەگەڵ ئەوەدا، هەر ئەم ئامارانەش نیشانی ئەدەن کە ڕێژهی قوربانیانی شوێنی کار لە ئێران لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا سێ بەرابەر زیادی کردووە. بەپێی ئەم ئامارە نیوە ناتەوانەش، ساڵانە ٣٠ هەزار حاڵەتی ڕووداوی کار لە ئێران تۆمار دەکرێت. ئەم ڕووداوانە کاتێک تۆمار دەکرێن کە پزیشکی قانونی و یان بەشی ڕووداوی کاری ئیدارەی کاری لێ ئاگادار بکرێتەوە. لەم ئامارانەدا مەرگی نابەوەخت یان بە شینەیی، ئەو کرێکارانەی کە بە هۆی کار کردن لە شوێنە پیسەکانی وەک پێترۆشیمی، مەعدەن، نەوت و هیتردا کار دەکەن و زۆربەشیان گیرۆدەی نەخۆشی هەناسە توندی، خوێنی و گوارشی، پێستی و پیری نابەوەخت، دبن، لەبەرچاو ناگیرێن.
یەکێک لە هۆکارەکانی زیاد بوونی ڕێژەی ڕووداوی شوێنی کار سیاسەتێکە کە لەژێر ناوی ” هاوسەنگ کردنی هێزی کار”، واتە کەم کردنەوەی ژمارەی کرێکاران لە یەکەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا، لە لایەن خاوەنکاران و دەوڵەتەوە گیراوەتەبەر. بە ” هاوسەنگ کردنی هێزی کار”، گوشاری کاری کرێکارانی بێکار کراو دەخرێتە سەر شانی کرێکارانی شاغڵ و هەر کرێکارێک کاری دوو یان سێ کرێکار لە هەمان کاتژمێری کاردا ئەنجام ئەدات کە خۆی، دەبێتە هۆی زیاد بوونی سترێس، گوشار و ماندووی بوونی سەرچاوەگرتوو لە سەختی کار، بێ خەوی و لە دەستدانی وشیاری و لە ئاکامدا زیاد بوونی ڕووداوی شوێنی کار. لەگەڵ ئەوەشدا، کرێکارانی لەسەرکار لە شوێنە کرێکارییەکان بە هۆی ترس لە بێکار بوون و دەرکران هەموو جۆرە مەترسیەک تەنها بە قیمەتی پاراستنی کارەکەیان قەبوڵ دەکەن و ئەمەش دەبێتە زیاتر بوونی ڕووداوەکانی شوێنی کار. لە شوێنەکانی کار لە ئێران، خاوەنکاران کەمترین هەزینە بۆ بردنهسهرێی ئاستی ئیمهنی شوێنی کار سهرف دەکەن. یەکەکانی بازڕەسی شوێنی کاری سەربە وەزارەتی کار، کە بە ڕواڵەت ئهركیان ئهوهیه كه ئاگایان لە ئاستی ئەمنیەت و بێهداشتی شوێنی کار بێت، ژمارەیان بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی ئەو کارگه و کارخانانەی کە بە پێی ئۆسوول دەبێ لە مەودای کورتدا لە لایەن ئەوانەوە بازڕەسی بکرێن، کەمە. لەگەڵ ئەوەشدا وەک بەشێک لە گەندەڵی ڕیشەدار و نیهادینە بوو لەم وڵاتەدا، خاوەنکار مەعمولەن ڕێگایەکی کەم هەزینە تر بۆ چارەسەری بابەتی ئەمنیەت، بە دانی بڕێک پارەی ژێر مێزی دەدۆزێتەوە.
بەرپرسیاریەتی هەموو ڕووداوێک کە لە شوێنی کاردا ڕوو ئەدەن لە ئەستۆی خاوەنکارە. ئەوان یان خۆیان لە دانانی دهوره بۆ فێركردنی کرێکاران دەدزنەوە؛ یان كهرهستهی خاوەن ستانداردی پێویستی ئیمنی فەراهەم ناکەن و یان بە ماندوو کردن و سوکایەتی پێ کردن و خستنە ژێر گوشارەوە کرێکار دەخەنە بارودۆخێکەوە کە بوار بۆ ڕوودانی ڕووداوێک ئامادە دەبێت. لە ڕاستیدا ڕووداوی شوێنی کار تاوانی جەنایی خاونکارە، بەڵام لەنێو هەزاران ڕووداوی شوێنی کاردا کەس نمونەیەکی پێ شک نایەت کە خاوەنکارێک بەهۆی کەمتەرخەمی لە دابین کردنی ئەمنیەتی شوێنی کار کە بۆتە هۆی مردن یان کەم ئەندام بوونی ئینسانێک، خرابێتە زیندان.
لانیکەمی داخوازیەکانی کرێکاران لە بواری ئەمنیەتی شوێنی کاردا ڕوونە، ئەم خاڵانەی خوارەوە لە زومڕەی مافە سەرەتاییەکانی کرێکارانن لەم بوارەدا:
بیمەی تهواو لە بەرانبەر خهساری سەرچاوە گرتوو لە کارەوە، جا ئەوە لە شوێنی کار یان لە دەرەوەی شوێنی کار ڕووبدات، دابین كردنی ژیانی بنەماڵەی ئەو کرێکارانەی کە بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیانبەخت ئەکەن، بەبێ ئەوەی کە پێویستیەک بە سهلماندنی خەتای خاوەنکار و یان بەڕێوەبەری یەکەی بەرهەمهێنان هەبێت، دانی خەسارەت بەو کرێکارانەی کە بەهۆی ڕووداو و خهساری سەرچاوە گرتوو لە کارەوە توشی نەخۆشی و کەم ئەندامی دەبن و یان توانایی کار کردنیان نامێنێ بە چاودێری نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کرێکاران، زەمانەتی ئیمنی و بێهداشتی شوێنی کار و کەم کردنەوەی مەترسیەکانی شوێنی کار بۆ کەم ترین ئاستی مومکین، چاودێری و پشکنینی پزیشکی ڕێکوپێک لە بەرانبەر مەترسی و نەخۆشییەکانی سەرچاوە گرتوو لە جۆری کارەوە، پێکهێنانی هەیئەتەکانی بازڕەسی کارگەری بە هەڵبژاردنی ڕاستەخۆی خودی کرێکاران. ئەمانە لانیکەمی ئەو مافانەن کە بزوتنەوەی کرێکاری لە گەلێک لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداریدا بەسەر خاوەنکارانیاندا سەپاندوە.
لە ڕۆژی جیهانی ئیمهنی شوێنی کاردا و لە سهروبهندی نزیک بوونەوە لە ئهوهڵی مانگی مهی، ڕۆژی جیهانی کرێکار وێڕای دەربڕێنی هاوخەمی خۆمان بۆ کرێکارانی سەدەمە دیتوو، سڵاویش دەنێرین بۆ یادو بیرەوەری کرێکارانی گیانبەختکردوو.