ڕۆژی سێشه‌ممه ١٦ی گوڵان، هاوكات له‌گه‌ڵ كارزاری سێشه‌ممانه‌ی نا بۆ سێداره، مه‌راسیمی ڕێزلێنان له یادی فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر، شیرین عه‌له‌م هوولی، عه‌لی حه‌یده‌ریان، فه‌رهاد وه‌كیلی و مێهدی ئیسلامیان له‌لایه‌ن به‌ندكراوانی زیندانی ئێڤین به‌ڕێوه چوو.
به‌پێی زانیارییه‌كان، هاوكات له‌گه‌ڵ پانزده‌هه‌مین ساڵڕۆژی له‌سێداره‌دانی ئه‌و پێنج به‌ندكراوه سیاسییه، كۆمه‌ڵێك له به‌ندكراوانی زیندانی ئێڤین مه‌راسیمێكیان له به‌شی هه‌واخۆری زیندان بۆ ڕێزلێنان له یاد و بیره‌وه‌رییه‌كانیان به‌ڕێوه بردووه. له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا به‌شێك له نامه‌كانی فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر خوێندراوه‌ته‌وه و دواتر، ژیاننامه و خه‌باتی فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر، شیرین عه‌له‌م هوولی، عه‌لی حه‌یده‌ریان، فه‌رهاد وه‌كیلی و مێهدی ئیسلامیان بۆ به‌ندكراوانی دیكه باس كراوه. هه‌روه‌ها شێعر و ڕه‌نجنامه‌ی به‌شێك له هاوبه‌ندییه‌كانی شیرین عه‌له‌م هوولی خوێندراوه‌ته‌وه و مه‌راسیمه‌كه به خوێندنی سروودی “خوێنی ئه‌رخه‌وانه‌كان” كۆتایی پێهاتووه. شایانی باسه كه گوڵڕۆخ ئیرایی له په‌یجی تایبه‌تی خۆی دا به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و مه‌راسیمه‌ی وه‌كوو وه‌فاداری ئازادیخوازان به ئامانجی گیانبه‌ختكردووانی ڕێگای ئازادی و به‌رابه‌ری ناو بردووه و دووپاتی كردووه‌ته‌وه كه “كه‌س ناتوانێت ئازادی زیندانی بكات“.