ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٩ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٤٠٢، بنه‌ماڵه‌ی دوو گیانبه‌ختكردووی شۆڕشی “ژینا” له پیرانشار به ناوه‌كانی “تاهێر عه‌زیزی” و “كاروان قادر شوكری” هاوڕێ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له خه‌ڵكی ئازادیخواز، به مه‌به‌ستی ڕێزگرتن له یادی ئازیزیان له‌سه‌ر مه‌زاره‌كانیان كۆبوونه‌وه و په‌یمانیان له‌گه‌ڵ ئاواته‌كانیان نوێ كرده‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، “تاهێر عه‌زیزی” شه‌وی یه‌كشه‌ممه ٢٩ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٤٠١، له ڕه‌وتی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی پیرانشار به ته‌قه‌ی سه‌ركوتگه‌رانی كۆماری ئیسلامی گیانی به‌ختكرد. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و لاوه شۆڕشگێڕه چه‌ند لاوی دیكه به ناوه‌كانی “عێرفان كاكایی”، “به‌هائه‌دین وه‌یسی”، “جه‌لال قوربانی” و “موحسین نیازی” له شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان گیانیان له پێناو ئازادی و به‌رابه‌ریدا به‌ختكرد. هه‌مان شه‌و لاوێكی دیكه‌ی خه‌ڵكی پیرانشار به ناوی “كاروان قادرشوكری” ته‌مه‌ن ١٦ ساڵ، له كاتی خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌و شاره به ده‌ستڕێژی گوله‌ی هێزه‌كانی ڕژیم گیانی له‌ده‌ستدا و تێكه‌ڵ به كاروانی نه‌مران بوو.