نابێ گومانمان لەوەدا هەبێت کە بێمافیی ژنان، یەکێکه لە پێوه‌ره بەرچاوەکانی سیمای کۆماری ئیسلامیی و به یەکێک لە بنه‌ماكانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی دێته ئه‌ژمار. پوتانسیەڵی تەقینەوەی داخوازییه‌كانی ئێستای بزووتنەوەی ژنان و خۆڕاگرییەک کە لە ماوەی زیاد لە سێ دەیەدا لەخۆی پیشانداوە، بووه‌تە هۆی ئەوەیکە ڕژیمی ئیسلامیی بە شێوەی جۆراوجۆر و بە بیانووی جیاواز، ژنان بنێرێتەوە كونجی ماڵ. داسەپاندنی ئەم بێمافییانە سەردەمێک له ڕێگه‌ی داسەپاندنی حیجابی ئیجباریی و دژایەتیکردنی چوونی ژنان بۆ شوێنی کار و دواتر پاڵپێوەنانی گۆپاڵ بەدەستانی حیزبوڵڵاهیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕیزی ناڕەزایەتیی ژنان لەدژی حوکمی کۆنەپەرستانە ده‌چووه پێشێ، سەردەمێک لە ڕێگه‌ی ئەسیدپاشیی و ناردنی “خاهەرانی زەینەب” بۆ سەر شەقامەکان و ماوەیەکیش له ڕێگه‌ی جیاکردنەوەی جنسییه‌تیی لە شوێنە گشتیەکان و دامەزراوە ئاموزشییەکانه‌وه بەکردەوە ده‌رهاتووه.
ئەگەرچی “ژن ئازاردان” یەکێک لە فاکته‌ره بنه‌ماییه‌كانی ئیدئۆلۆژیی تا سەر ئێسقان کۆنەپەرستانەی ئیسلامیی و لەگەڵ ئەوه‌دا یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی بووە، بەڵام لە ماوه‌ی گشت ئەم ساڵانەدا، لەبەر ئەوەیكه ڕژیم نەیتوانیوە لە ڕێگه‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تیی وه یان به پاڵپشتی ئیدئۆلۆژیی سەرچاوەگرتوو لە گۆڕستان، پاشه‌كشه به مێژووی ژنان بکات، هه‌ر بۆیە لە ڕیگه‌ی یاسای نوێ و بە پشتبەستن بە مۆناسباتی پیاوسالارانەی زاڵكراو بەسەر کۆمەڵگه‌دا، ئەم سیاسەتە “دژه ژنان”ه‌ی بەرەوپێش بردووە. لەم نێوانەدا جیاوازییەک له‌وه‌دا نەبووە كه کامه باندی حاکمانی ئیسلامیی، دەسەڵاتی هەر سێ قۆوەی بەدەستەوە بووە. ئەگەر باڵیک بەئاشکرا هێرشی بۆسەر ژنان ڕێکخستبێت، باڵەکەی دیكه له‌ڕێگه‌ی عەوامفریویی و بە ڕواڵەتێكی به ئیستلاح ڕازاوە، ئەم سیاسەتەی بەرەوپێش بردووە. بۆ زیاتر ده‌رخستنی ئه‌م ڕاستییه‌ش، هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه كه چاوێک بەسەر ئەو گه‌ڵاڵانه‌دا بگێڕین کە لە سەروبه‌ندی دەوڵەتی ڕوحانی‌دا بەكرده‌وه دەرهاتوون.
گه‌ڵاڵه‌ی “زیادکردنی جەمعییەت”،گه‌ڵاڵه‌ی پێوەندیدار بە “ئامێرانی بە مەعرووف و ناهییانی لە مۆنکەر”، گه‌ڵاڵه‌ی “سیانه‌ت لە حەریمی عیفاف و حیجاب”، گه‌ڵاڵه‌ی ” تەکریمی بانۆوان” و گه‌ڵاڵه‌ی “جیاكردنه‌وه‌ی جنسییەتیی لە ئیدارە و دامەزراوە ئاموزشییەکان” بەگشتیی ئەو تەرحانەن کە لە سەردەمی ئەم دەوڵەتی به‌ناو “تەدبیر و ئومید”ەدا بەكرده‌وه دەرهاتوون. با ئه‌وه‌مان لەبیر نەچێتەوە کە ئەمانە دەوڵەتێک پەسه‌ندی کردوون کە لە سه‌رده‌می هەڵبژاردنی دەورەی پێشووی مەجلیسی ڕژیمدا هەرا و هوریای زۆری خستەڕێ و” واده‌ی تەرخانکردنی لانیکەم ٣٠ لەسەد لە کورسییەکانی مەجلیسی به ژنان ده‌دا، ئه‌ویش به ئاراسته‌ی سیاسه‌تی یەکسانی جنسییه‌تیدا. هەرچەند ئه‌وه بۆ هەمووان ئاشکرا بووە کە گەیشتنی ژمارەیەکی هەرچی زیاتری ژنان بە مەجلیسێک کە هەموو یاساکانی “دژه ژن”یی کۆماری ئیسلامیی تێیدا پەسه‌ند کراوە، هیچ باشتربوونێک لە بارودۆخی ژنان و شکاندنی تاك ده‌نگیدا درووست ناکات. هەموو یاسا پەسه‌ندکراوەکان لە سه‌رده‌می سه‌ركۆمارێتیی ڕوحانی‌دا، سه‌ره‌ڕای زیادبوونی ژمارەی نوێنەرانی ژن، دەرخەری ئەو ڕاستییه‌ن کە باشتربوونی بارودۆخی ژنان نەک لە سۆنگه‌ی گێڕانی ڕۆڵی “سیاهی لەشکه‌ر” لە کۆمیسیۆنەکانی باندەکانی ڕژیمه‌وه، بەڵکوو لە گرەوی هاتنەمەیدانی بزووتنەوەی ڕادیکاڵی کۆمەڵایەتیی ئەوان و ئه‌ویش بە ئاسۆی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمەوە مه‌یسه‌ر ده‌بێت. تازەترین نموونەیەک کە ئەم مەجلیسە ” چەند دەنگییە” لە ماوه‌ی هەفتەی پێشوودا پەسه‌ندی کرد، گه‌ڵاڵه‌ی “خانەنشینکردنی پێشوەخته‌ی ژنان”ە. لەم گه‌ڵاڵه‌دا هاتووە کە: “دەزگا، سازمان و شیرکەتە دەوڵەتیی و گشتیی و ناحکومییەکانی سەر بە سندووقی خانەنشینیی، ئینجا لە “کێشوەر”ییەكه‌یه‌وە گرتوویه هه‌تا تەئمینی ئیجتماعیی، ئه‌ركی سه‌رشانیانه كه لەگەڵ داخوازیی خانەنشین كرانی ژنانی شاغڵ کە خاوەنی لانیکەم ٢٠ ساڵ پێشینەی خزمەتن، بەبێ له‌به‌رچاوگرتنی ئاستی ته‌مه‌ن، موافقەت بکەن”. لەسەر بنەمای ئەم پەسه‌ندکراوەیه، ژنان دەتوانن بە ٢٠ ساڵ پێشینەی خزمەت و ٢٠ ڕۆژ حقوقەوە خانەنشین بکرێن. بێجگە لەوەیکە دەهۆڵی ڕسوایی گەندەڵیی دارایی سندووقەکانی خانەنشینیی و تەئمینی ئیجتماعیی لە هەموو جێگه‌یەکیش، دەنگی داوەتەوە، ئه‌وه جێگه‌ی پرسیارە، لە کۆمەڵگه‌یەکدا کە بەشێکی به‌رچاو له هەقدەستەکان چەندین به‌رابه‌ر لەژێر هێڵی هەژاریدان و کرێکاران بۆ بەڕێوەبردنی ژیان و به‌ڕێچوونیان، پەنا دەبه‌نەبەر کاری دووهەم و سێهەم، ئەم تەرحە ده‌توانێ چ واتایەکی بێجگە لە ناردنەوە ماڵەوەی ژنانی هەبێت.
لە کۆمەڵگه‌یەکدا کە ڕێژەی بەشداریی ژنان لە بازاڕی کاردا تەنانەت لە ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئافریقا و لە زۆربەی وڵاتانیش كه‌متر بووە و لە حاڵێکدا کە بە لەبەرچاوگرتنی دابەشکردنی جنسییەتی لە بازاڕی کاردا، مەشاغڵی کەمداهات و پڕزەحمەت بە سه‌عاتکاری درێژماوه، ده‌نرێته ئیختیار ژنان، ته‌نانه‌ت كه ئاستی شارەزایی و لێهاتووییشیان به‌رز بێت. لە حاڵێکدا کە زیاتر لە ٦٤ لەسەدی ئەو کەسانەی كه خوێندنی زانکۆیان تەواو کردووە، ژنانن، بەڵام ئەوان به‌شیان لە هێزی کاری شاره‌زادا، تەنها ١٠ لەسەدە و بە پێی ئامارە ڕەسمییەکان ڕێژه‌ی بێکاریی لەنێو ژنانی خوێندەواردا، دوو هێندەی ڕێژه‌ی بێکاریی پیاوانی خوێندەواره.
لە وه‌ها بارودۆخێکدا، تەنها ڕەزیلترین ئینسانەکان، ئەو تواناییەیان هەیە کە عەوامفریوانە لە ستایشی ” حقوقی شه‌هروه‌ند”ی‌دا، گەرووی خۆیان بدڕێنن. “هه‌قی شه‌هروه‌ندی”ییه‌كه‌ی ڕوحانی له‌و جێیه‌دا کە دەڵێ: “ژنان دەبێ لە هەموو ئیمکاناتێک بۆ بەهرەمەندبوون لە هەڵبژاردنی پۆشینی گونجاو لەگەڵ پێوانە ئیسلامیی- ئێرانییەکان بەهرەمەند بن”، لە ڕاستیدا هیچ شتێک نییە، بێجگەلە هەمان حیجابی ئیجباریی نه‌بێت کە به درێژایی ساڵانی حاکمییەتی دژه شۆڕشی ئیسلامی‌دا، بە زەبر و زەنگی گۆپاڵ بەدەستانی حیزبوڵڵاهی بەسەر کۆمەڵگه‌دا سەپاوە و ئێستا لەژێر ناوی هه‌قی شه‌هروه‌ندیدا ده‌پێچرێته ناو زه‌ڕوه‌ره‌قه‌وه.
کاتێک کە یاساكانی ڕژیم به هەزاران جۆری قەید و بەند ده‌نێته سه‌ر ڕێی ئەمنییەتی ژنان لە شوێنە گشتییەکان، قسەکردن لە “هه‌قی شه‌هروه‌ندیی” تەنها عەوامفریوییەکی ڕەزیلانه‌یە کە دێته خزمەت کێشەی باندە حکومەتییەکانه‌وه. کاتێک ژنان لە ئامادەبوون لە شوێنە گشتییەکان بێبەش دەکرێن، به‌واتای ئه‌وه‌یه كه “هه‌قی شه‌هروه‌ندیی” ئەوان بە ئاشکرا پێشێل دەکرێ. کاتێک لە كاتی ناشتنی “ڕەفسەنجانی” یەکێک لە جەنایەتکارترین مۆرەکانی ئەم ڕژیمەدا، هه‌واڵێك له‌سه‌ر ئەوەیکە ژنان کەوتونەتە بەر ئازاری جنسیی بڵاو دەبێتەوە، تەنانەت ئەگەر نەڵێین کارێکی ڕێکخراو لە لایەن گۆپاڵ بەدەستانی حیزبوڵڵاهییه‌وه بووە، بەڵام دەبێ بڵێین كه ئه‌مه شتێک نییه، بێجگە لە چاوترسێنکردنی ژنان و دانی ئەم پەیامە پێیان کە لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانتاندا، نەك هه‌ر بە سەرکوتی فیزیکیی، بەڵکوو بەرەوڕووی توندوتیژیی جنسیی دەبنەوە. یان ئەوەیکە نۆڕمەکانی پیاوسالارانە بەئاشکرا و بەشیوەی وەحشییانە پێیان دەڵێت کە ئێوە بێبەشن لە کەڵکوەرگرتن لە شوێنە گشتییەکان. ئەمجۆرە دەستدرێژییە ئاشکرایە و ئەم شێوە قەید و بەندانە، لە ڕاستیدا ئه‌نجامی کارکردی نیزامێکی ئابووریی- سیاسییە کە بەستێنی ماددیی هه‌بوون، درێژەدان، به‌هێزبوون و بەرهەمهاتن و دووباره‌بەرهەمهاتنەوەی ئەم قەید و بەندانەش، ده‌ڕه‌خسێنێت و ڕێك لەم ڕوانگه‌وه‌یه کە تێکشکاندنی حاكمییەتی ئەم نیزامە ئابووریی- سیاسییە، ڕێگه بەرەو نه‌هێشتنی ئه‌و کەله‌به‌ر و نایەکسانییە ڕەگه‌زییانه و هه‌روه‌ها ئاسۆی ڕزگاریی ژناندا دەکاتەوە.