رۆژی سێشەممە ٢٤ ی مانگی سەرماوەز لە کۆبونەوەیەکی نا ئاسیی شوڕای حوکامی ئاژانسی وزەی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیدا لە ویەن پێتەختی ئوتریش، ڕەش نووسی قەتعنامەی دەوڵەتانی ١+٥ بۆ کۆتایی هاتنی مەوزوعی ” ئاستی نیزامی بوونی بەرنامەی ئەتۆمی ئێڕان”( پ ئێم دی) بە کۆی دەنگ پەسند کرا. پەسند کرانی فۆرمالیتەی ئەم قەتعنامەیە لە لایەن شوڕای حوکامەوە لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتانی ١+٥ لەسەر چلۆنایەتی تەوافوقی بەرنامەی جامعی ئێقدامی هاوبەش، یان ” بەرجام”، تەوافوق نامەیەکیان ئیمزا کردبوو کە بەپێی ئەو قەرار بوو تا کۆتایی ئەمساڵ بابەتی ” پ ئێم دی” چارەسەر بکەن. قەرارە پەسند کرانی ئەم قەتعنامەیە بوار بۆ ئیجرای تەوافوقی ئەتۆمی جامعی نێوان ئێران و هێزە جیهانیەکان و ئاژانسی نیونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی لەسەر بنەمای ئەو ڕاستی سەنجیە فەعالیەتەکانی ئێران لە ئیجرای تەوافوقی جامعی هەستەیی ( بەرجام) دا کۆنترۆڵ بکات.جەلەسەی شوڕای ٣٥ کەسی حوکام لە پشت درگا داخراوەکانەوە بە ئامادە بوونی نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ئاژانسدا وەک جاودێر بەڕیوەچوو. بە پسند کرانی ئەم قەتعنامە پێشنیار کراوە، ئاژانس پەروەندی گوماناوی چالاکیە نیزامیە هەستەییەکانی کۆماری ئیسلامی دادەخات. ئەم قەتعنامەیە هەروەها دەورەیەکی زەمانی ١٠ ساڵەی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەروەندەی ئێران لە شوڕای حوکامدا لەبەرچاو گرتوە.
لە جەلەسەی شوڕای حوکامدا یو کیا ئامانۆ مودیری گشتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، لە پێوەند لەگەڵ چالاکیە هەستەییەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد کە خۆی ناکۆکی و گومانێکی زۆری لەگەڵدا بوو. لە ڕاپۆرتەکەی ئامانۆدا ئاماژە کراوە کە ” ئێران بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ کۆمەڵێک چالاکی سنوردار بەڵام ڕێکخراوی سەبارەت بە بەرنامەی تەسلیحاتی ئەتۆمی هەبووە کە هێندێک لەم چالاکیانە تا ساڵی ٢٠٠٩ ش بەردەوام بوون، بەڵام نیسانەیەکی جێی سرنج لە بەردەوام بونیان دوای ٢٠٠٩ نابیندرێت.” ئەو لە درێژەدا وتی کە ” لە ڕاستای چارەسەر بوونی پەروەندەی ئەتۆمی ئێراندا گەلێک بەرەپێشەوە چوونی گرنگ بەدەست هاتوە.” بەم حاڵەشەوە وتی ” بەڵام ئێستا کاتی پشودان نییە. ئەم پەروەندەیە مێژویەکی دوور و درێژ و ئالۆژی هەبووە و کاری زۆرمان لەبەردەمدایە و سەرجەم لایەنەکانی تەوافوقی جامعی ئەتۆمی دەبێ پا بەندی تەعەهودەکانیان بن.
بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە کە لە ماوەی دوازدە ساڵی ڕابردودا زل هێزە سەرمایەداریەکان بە داسەپاندنی گەمارۆ ئابووریە کەمەر شکێنەکان هەوڵیانداوە کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەک بخەنە ژێر گوشارەوە کە نە تەنیا نەتوانێ ببێتە کۆسپێک لەسەر ڕێی دابین بوونی بەرژەوەندی و بەرەپێش چوونی سیاسەتەکانیاندا بەڵکو بیکەنە دەوڵەتێکی هاو ئاڕاستە لەگەڵ سیاسەتەکانی خۆیان. ئێستا کە ڕژیمی ئیسلامی ملی بۆ داواکاریەکانیان چەماندوە و لە بەرانبەریاندا چۆکی داداوە، دەیەوێ بە کەڵک وەرگرتن لە ناوەندەکانی سەربەوان وەک ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی و پەسند کرانی فۆرمالیتەی قەتعنامەیەک کە خۆی بۆیانی ئامادە کردوە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەزم کردنی جامە ژەهەرەکەدا یارمەتی بدەن و بەربە ئابڕوچونی زیاتری بگرن.
تا ئەو جێگایەی کە بە کرێکاران و خەڵکی زۆرلێکراوی ئێران هەڵدەگەڕێتەوە، لەژێر حاکمیەتی نیزامی ئیسلامی سەرمایەدا ئەوان نە پێش لە تەحریمەکان و نە دوای لاچونیان دەتوانن دیمەنگایەکی روونیان بۆ باشتر بوونی بارودۆخی ژیان و بەڕێچون هەبێت. هەڵبەت بە داسەپاندنی تەحریمرکان گوشاری ئابووری زیاتر خرایە سەر ژیانی ئەوان. بەڵام بە سرنجدان بە پێلهاتەی سیاسی- ئابووری کۆماری ئیسلامی هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانیش ناتوانێ ببێتە هۆی کرانەوەیەک لە بارودۆخی ژیانی خەڵکدا. گەندەڵی نیهادینە بوو وە دزی و ڕانت خۆری کاربەدەستان و وابەستەگانی ڕژیم لە بارودۆخی دوای لاچوونی گەمارۆکانیشدا درێژەی دەبێت.
هەراو هوریا و تەبلیغاتی دەوڵەت و باڵەکانی لایەنگری لە پێوەند لەگەڵ گەیشتن بە تەوافوقی هەستەیی، بە ئامانجی پاشەکشە پێکردنی باڵی سپای پاسداران و دەزگای رۆحانیەتە. و دەنا قەیرانێکی ئابووری قوڵ کە سەرتاپای ڕژیمی داگرتووە و بۆتە هۆی نیگەرانی جیدی سەرجەم باڵەکانی ڕژیم لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و ئاخێزی بەرینی جەماوەری خەڵک، بە سازشی هەستەیی لە بەرانبەر زل هێزە سەرمایەداریەکاندا چارەسەر نابێت. تەوافوقی هەستەیی تەنانەت دوای تێپەڕینی بێ کێشە و گرفتیش لە سەرجەم قۆناغەکانیدا تازە بە واتای گەڕانەوەی بارودۆخی ژیانی جەماوەری خەڵکە بۆ شەرایەتی بەر لە تەحریمەکان. هەڵبەت دوای داسەپاندنی ١٢ ساڵ هەژاری و فەلاکەتی زیاتر بەسەر ژیانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشدا و سەرفی بە سەدان ملیارد لە سەروەتی کۆمەڵگا لە لایەن ڕژیمەوە.
دەوڵەتی رۆحانی کە لە کێشمەکێشی ڕقابەتی جەناحیدا پێیوایە بە لاچوونی تەحریمەکان دەتوانێ بارودۆخی پێویست بۆ تێکەڵ بوونی زیاتری ئابووری ئێران لەگەڵ سیستمی ئابووری سەرمایەداری جیهانی فەراهەم بکات و لێیەوە ڕێگای کرانەوەیەک لە بارودۆخی قەیراناوی ڕژیم بدۆزێتەوە، سەرکەوتو نابێت. بە سرنجدان بە ساختاری سیاسی ڕژیم و قۆڕغ کرانی ئابووری لەدەست سپای پاسداراندا، مەیلێک بۆ هاتنی سەرمایەی خاریجی و یان سەرمایەی نێوخۆیی بۆ نێو مەیدانی بەرهەمهێنانی پیشەسازی بەدینایەت. بە لەبەرچاو گرتنی ساختاری سیاسی و ئیدئۆلۆژیکی ئێستای کۆماری ئیسلامی، دەوڵەتی رۆحانی ناتوانێ بارودۆخ و پێداویستی سیاسی تێکەڵ بوون لەگەڵ سیستمی جیهانی سەرمایەداری کە بەپێی ئۆلگوی سەرمایەداری بازاڕی ئازاد و لەسەر بنەمای ڕقابەت دامەزراوە فەراهەم بکات. رۆحانی ناتوانێ هیچ ڕیفۆڕمێک لە سیستمی ئیداری، حوقوقی ڕژیم لە ڕاستای پاشەکشە کردن بە سپای پاسداران و ناوەندەکانی سەربە بەیتی ڕێبەری کە دەستیان بەسەر بەشێکی بەرین لە ئابووری ئێراندا گرتوە بەدیبێنێ. بەم جۆرە تەنانەت دوای لاچوونی گەمارۆکان و بەفەڕز وەکار کەوتنی چەرخی بەرهەمهێنایش، بەهۆی مەحدودیەتە فەننی و تێکنولۆژیەکان و لاوازی ژێرخانی ئابووری ناتوانن بە پشت بەستن بە بەرهەمهێنان و هەناردە کردنی کالا سەنعەتیەکان لەگەڵ بەرهەمی وڵاتانی تری سەرمایەداریدا ڕقابەت بکەن و هەروا دەبێ تابعی تاک مەحسولی و پشت گەرم بە داهاتی نەوت بێت کە نرخەکەشی تەنیان بە زەم زەمە و دمگۆی لاچوونی گەمارۆکان و هاتنی نەوتی ئێران بۆ بازاڕی پڕبووی جیهانی گەلێک دابەزیوە و کۆماری ئیسلامی لەم مەیدانەشدا ناتوانێ بچێتە مەیدانی ڕقابەت لەگەڵ ڕەقیبەکانی. لەم ڕوەوە بەرنامە درێژ ماوە ئابووریەکانی دەوڵەتی رۆحانی، یان مودێلێک کە بۆ گەشەی ئابووری ئێرانی لە نەزەر دایە، ئاکامەکەی توند بوونەوەی چەوساندنەوەی هێزی کاری هەرزانی ئێران، لەخوارەوە ڕاگرتنی ئاستی حەقدەستەکان و بێکار سازی بەرین ترە. کۆماری ئیسلامی و چینی سەرمایەداری ئێران دەیانەوێ بە پێنانە سەر شانی چینی کرێکاری ئێڕان زیان و زەرەرەکانی دەورەی تەحریمەکان قەرەبوو بکەنەوە.
کرێکاران و خەڵکی زۆرلێکراوی ئێران هیوایەکیان بە گۆڕانی بارودۆخی ژیانیان لەژێر حاکمیەتی ئەم ڕژیمەدا نییە. ئەوان ناتوانن لە چاوەڕوانی مانۆڕەکانی ڕژیم و ئاکامی سازوسەودا و دانوستانەکانی لەگەڵ زل هێزە جیهانیەکاندا بمێننەوە. ئەوان بۆ دابین کردنی ژیانێکی شایستە و بۆ دیفاع لە هەستی و ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان ڕێگایەکیان بێجگە لە خەباتی یەکگرتوانە و شێلگیر بۆ ڕوخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە دژی ئینسانیە و دامەزراندنی حاکمیەتی خۆیان لەبەردەمدا نییە. دەرێژەی تەمەنی ئەم ڕژیمە بە واتای درێژەی ژیانبەسەر بردنە لە هەژاری و بێکاری و برسیەتیدا.