کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گەندەڵی لە ڕژیمی ئیسلامیدا چارەسەر ناکرێت مەگەر بە روخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەو ڕژیمە

رۆژی ٢٧ ی مانگی سەرماوەز محەممەدجەعفەر مونتەزری، دادستانی گشتی وڵات لە ” کۆبوونەوەی تەخەسوسی پۆلیسی بەرەنگار بوونەوە لەدژی قاچاخی کاڵا، ” هێندێک” لە مقامات یان کەسوکاریانی بە دەستێوەردان لە قاچاخی کاڵا تاوانبار کرد و وتی:” شاهیدی قاچاخی زۆرین لە وڵاتدا تەنانەت لە ڕێگای گومرکە ڕەسمیەکانەوە.” ناوبراو لەدرێژەدا دەڵێ :” هێندێک لە کاربەدەستانی ئێرانی خۆیان یان منداڵ و کەسوکاریان لە قاچاخی کالادا بەشدارن. ئاغای مونتەزری وتی کە من خۆم چووم و لە نزیکەوە بەندەری شهید ڕەجاییم دیتووە. شێوەی هاتن و کۆنترۆڵ و دەزگاکانی کۆنترۆڵم دیوە و بە کورتی بڵیم کە لە باری کۆنترۆڵی هاتنی کاڵای قاچاخەوە تەقریبەن کراوەیە.” پێویست بە وتنە کە ئەم بەندەرە لە گرنگ ترین بەندەرەکانی ئێرانە و لەسەر بنەمای ئامارەکان، نزیکەی ٩٠ لەسەدی هاتن و چوونی کاڵا لەم بەندەرەدا بەڕێوە دەچێت. کۆتاییەکانی پایزی ساڵی ڕابردوو حەبیب اللە حەقیقی، سەرۆکی ستادی ناوەندی خەبات لەدژی قاچاخی کاڵا و ئەرز لە ئێران وتبوی:” داهاتی ساڵانەی قاچاخچیان لە گواستنەوەی کاڵا قاچاخەکان لە ئێران بەرابەری بوجەی عومرانی ٢ ساڵی وڵاتە.” ئاغای حەقیقی هەروەها وتبووی:” یەکێک لە لێکەوتەکانی قاچاخی بەرینی کاڵاکان، لەبەین چوونی نزیک بە ٢ ملیۆن هەلی کارە لە وڵاتدا.” لەوە پێشیش، لە دەورەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا عەبدوالڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، وەزیری نێوخۆ وتبووی:” پارەی بە دەست هاتوو لە قاچاخی مادەی هۆشبەر دێتە نێو چەرخەی هەڵبژرادنیشەوە.”

بەڵام قوەی قەزاییەی ئێران کە بەناو ” داهێنەری” ئەم ئیفشاگەریەیە، خۆی یەکێک لە گەندەڵترین ناوەندە حکومەتیەکانی ئێرانە. ئەم ناوەندە لەپاڵ گەندەڵی بەرینی ماڵیدا کە لە سلسلە مەراتبی ئیدارەیدا بە تایبەت بە شێوەی ڕشوە وەرگرتن نیهادینە بووە، لەسەر بنەمای نادادپەروەرانە ترین یاساکانی ئەم سەدەیە کە پاشماوەی دەورانی جاهیلیەتە لە شێوە دوڕگەی عەرەبستان و دادگاکانی سەدەی نێوەڕاستی لە ئوروپا دایە، بەڕێوەدەچێت. ئەو حوکمانەی کە لە بێدادگاکانی سەربە قوەی قەزاییەدا دەردەچن، نە تەنیا سەبارەت بە زیندانیانی سیاسی کە ئەوان ئاشنای پێشینەکەین، بەڵکو تەنانەت سەبارەت بە زیندانیانی ئاساییش لەسەر بنەمای هەڕەشە، ترساندن، ئەشکەنجە و ئیعتیڕاف وەرگرتنی ناڕاست بینا دەکرێن. گەلێکن ئەو ئیسانە بێ تاوانانەی کە بە تاوانی ئەنجامدانی تاوانی ئاسایی سەریان چۆتە پای دار و یان ساڵانێک لە تەمەنیان بە ناڕەوا لە گۆشەی زینداندا بە فیڕۆ چووە. لەم سیستمەدا ئافتاوە دەزەکان دەگیرێن و دزیە گەورە میلیاردیەکان پەردەپۆش دەکرێن. لەم سیستمەدا وردە فرۆشانی مادەی هۆشبەر سزا ئەدرێن، بەڵام بڵاوکەرەوە گەورەکانی ئەم مادەیە یان خۆیان لە کاربەدەستانی باڵان و یان لەگەڵ کاربەدەستانی پلە بەرزی وڵاتدا شەریک و هاوپیاڵەن. لەم سیستمی قەزاییەدا گەلێک ژنی لێقەوماو کە لە سایەی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان و بێبەشیە ئابووریەکاندا ناچار بە لەش فرۆشی کراون، سوکایەتیان پێدەکرێت و زیندانی دەکرێن، بەڵام دامەزرێنەرانی عیشەرتکەدە تایبەتەکانی دەوڵەمەندەکان بە ئازادی دەگەڕێن و لە بەرانبەر داهاتێکی پیسدا کە سەریەکیان ناوە خاوەنی ژیانێکی خەیاڵین. سەبارەت بە گەندەڵیش کە دادستانی گشتی وڵات لەبارەیەوە قسە دەکات، ئەوەی کە خەڵک خۆیان دەیزانن، گەلێک زیاتر و واقعی ترە لەوەی کە دادستان ئاشکرای دەکات. ڕاست بەم هۆیەوە ئەم جۆرە ئیعتیڕافانە نەک بە واتای وتنی ڕاستیەکان بە خەڵک، بەڵکو ڕاست بە ئامانجی دروست کردنی فەزایەک بۆ داپۆشینی ” نەوەتراوەکانە”.

” سازمانی شەفافیەتی نێونەتەوەیی” لە هەموو ١٠ ساڵی ڕابردودا لە ئەرزیابیەکانیدا لە باری گەندەڵی ئابووریەوە کۆماری ئیسلامی لە ڕیزی گەندەڵ ترین ڕژیمەکانی دنیادا داناوە. گەندەڵی ماڵی تەنیا بە ڕشوە دان و ڕشوە وەرگرتن کە لە ئاستێکی بەرین و سەرتاسەریدا و رۆژانە بەڕێوەدەچێت بەرتەسک نابێتەوە. لەم بوارەدا، ئەوە ڕژیمی ئیسلامی و مافیا و ناوەندەکانی سەربەوە کە فەرهەنگ و ئەخلاقی خۆی بەسەر سەرتاپای سیستمی ئیداری ئێراندا سەپاندوە. ئیختیلاس و دزیە میلیارد دۆلاریەکان لەسەر زاری خاس و عامن. کار گەیشتۆتە جێگایەک کە هێندێک لە دەست و پێوەندکانی ڕژیمیش ئیعراف دەکەن کە گەندەڵی ئابووری لە کۆماری ئیسلامیدا پێکهاتەیی بۆتەوە و ڕژیم هیچ ڕێگا چارەیەکی نییە بۆ پاراستنی سیستمەکەی تا خۆی لەگەڵدا بگونجێنێ.

گەندەڵی ماڵی و ئیداری لە ساختاری چینایەتی و سیاسی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا ڕیشەدارە و تا کاتێک کە ئەم پێهاتەیە تێک نەشکێندرێت و ئەم ڕژیمە بە دەستی کرێکاران و جەماوەری توڕەی خەڵک لە دەرێژەی ئەم بارودۆخەدا نەروخێندرێت، گەندەڵیش ڕیشەکێش نابێت. تەنانەت لە دیموکراسیە بۆرژواییە پێشکەوتوەکاندا گەندەڵی ئیداری و ماڵی لە دەزگا حکومەتیەکاندا بەشێکە لەوەی کە تا چ ئاستێک ئیمکانی دخاڵەتی کرێکاران و توێژی جۆراو جۆری خەڵک بۆ دخاڵەت لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا فەراهەم بووە. تەنیا لە کۆمەڵگایەکدا کە کرێکاران، ژنان و بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لە جەریانی خەباتی رۆژانەدا بۆ باشتر بوونی ژیان، سازمان و ڕێکخراوەکانیان دروست و نیهادینە کردوە بە ناڕەزایەتی و بە دەست ڕاگەیشتن بە ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، توانیویانە نەخش و دەورێکی کاریگەر لە خەبات لەدژی گەندەڵیدا بگێڕن.

بابەتی پەیوەندیدار

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-