مەحمود سادقی یەکێک لە ئەندامانی مەجلیسی ئیسلامی ڕژیم کە بههۆی لهقاودان لەبارەی حیسابە بانکییەکانی شەخسی سەرۆکی قوەی قەزاییەوە خراوەتە ژێر لێپرسینهوه، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی مانگی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە لە قوەی قەزاییەدا پەرداختی مازاد به پێچەوانەی یاسا ئەنجام دراوە. ناوبراو بڕی پەرداختیە زیادەکان و لە دەرەوەی یاسا و ڕێساکانی قوەی قەزاییەی به ٢٨٥ میلیاڕد تمەن ڕاگەیاند و وتی، ” وادیارە دیوانی محاسبات نوێنەرانی مەجلیس بۆ دانی ڕاپۆرتی حقوقە نجومییەکان بە مەحرەم نازانێ”. ئەم نوێنەرەی مەجلیسی ئیسلامی میزانی ڕێژهی زێدە و نا یاساییەکان لەو ناوەندانەدا کە بە وتەی ئەو ” مۆدەعی خەبات لەدژی حقوقە نجومیەکانن”، ١٠ بەرابەری ئەو خلافانەیە کە لە جەریانی وەرگرتنی حقوقە نجومیەکاندا باس کراوە. مەحمود سادقی وێڕای ڕەخنە لە کارکردی چاودێری و مودیریەتی و نا ڕوونی مەجلیس و بێ عهمهلی نوێنەران، وتی کە ” نوێنەرەکان تەنانەت نازانن چەنده حقوقی ماگانەیانە و لە بەرانبەر چیدا بڕێک پارە دەکرێتە حیسابەکانیانەوە”. ئەم لهقاودانه تازانە لە حاڵێکدایە کە فەیاز شوجاعی دادستانی دیوانی محاسبات هەفتەیەک لهمهوبهر وتبوی کە ٣٠٠ پەروەندەی لە پێوەند لەگەڵ حقوقە نجومییەکان و پرداختیە زێدە و نا یاساییەکان پێکهێناوە و خەریکی پشکنینیانە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەی هەواڵنێری مێهر، ٥ هەزار میلیاڕد تمەن لە حقوقە زێدە پەرداخت کراوەکان بە کارمەندانی دامودەزگا ئیجراییەکان گەڕیندراوەتەوە بۆ خەزانەی گشتی.
هەر ڕۆژە و لەم بارەیەوە هەواڵێکی تازە بڵاو دەبێتەوە و لە پەروەندەکانی پێوەندیدار بە گەندەڵی لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیشدا باسوخواسی تازەیە هەیە. لە دەورەی سەرۆک کۆماری ڕەفسەنجانیدا کە لە ئاکامی توند بوونەوەی کێشەی باڵە حکومەتییەکان کەم کەم هەواڵی پێوەندیدار بە پەروەندەکانی گەندەڵی ماڵی دزە دەکاتە نێو ڕاگەیەنەرەکانەوە، ههتا ئێستا بهردهوام زنجیرەی لە قاودانی پەروەندەکانی گەندەڵی دارایی درێژەی هەیە. لە دەورەی ڕەفسەنجانیدا بەڵگەکانی پێوەندیدار بە ئیختیلاسێکی ١٢٣ میلیاڕد تمەنی ئاشکرا بوو وە سەرنجی ڕاگەیەنەرەکانی نێوخۆ و دەرەوەی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. لە دەورەی خاتەمیدا دیوانی محاسبات دوای لێكۆڵینهوه سەبارەت بە بهڕێوهبهرایهتیی پیشەسازی نەوت لە ڕاپۆرتێکدا لە پێوەند لەگەڵ سەرجەم عەمەلیاتی ماڵی دەوڵەت لە ساڵی ٨٣ دا بە ڕەسمی ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٦ میلیاڕد دۆلار داهاتی دەستەبەر بوو لە فرۆشتنی نەوت نەخراوەتە خەزانەی دەوڵەتەوە و خاتەمی ههرگیز لەم بارەیەوە وڵامی پرسیارەکانی نەدایەوە. هەر لەم دەورەیەدا کەرباسچی شارەداری ئەو کاتی تاران کە خاوەنی پشتیوانی خاتەمی و ڕەفسەنجانی بوو بە هۆی بە هەدەر دانی ٣ میلیاڕد و نیو بە ٤ ساڵ زیندان مەحکوم کرا. لە دەورەی ئەحمەدی نیژاد دا کە بە دروشمی “خەبات لەدژی گەندەڵی” و لە جەریانی کودتایەکی هەلبژاردندا دەسەڵاتی گرتە دەست، ڕەقەمی دزی و ئێختلاسە دارییهكان سەرەتا بە ٣ هەزار میلیاڕد تمەن و لە درێژەدا گەیشتە ڕیکۆردی ٦٥٠ میلیاڕد تمەن. لە دەورەی ڕووحانیشدا لە جەریانی بەدواداچوون بۆ پەروەندەی دزی چەند میلیاڕد دۆلاری بابەک زەنجانی بازرگانی ناوداری ئێرانی و پەروەندەکانی پێوەندیدار بە ئێختلاسە کەڵانە داراییهكان لە لایەن قوەی قەزاییەوە، بۆ هەموان ئاشکرا بووە کە ئەم دزیانە بە هاوکاری بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەنجام دراون.
قوەی قەزاییەی ڕژیم لە ماوەی ئەم ساڵانەدا هەوڵیداوە تا بە پێڕاگەیشتن بە هێندێک لە پەروەندەکانی پێوەندیدار بە گەندەڵی دارایی و سزادانی هێندێک لە دهستووپێوهندهكانی نەفرەت و بێزاری گشتیی لە ڕژیمی سەرتاپا گەندەڵی کۆماری ئیسلامی، کەمێک دامرکێنێتەوە و ئیعتیباری لەدەست چووی ڕژیم لانیکەم لەلای خودیەکانی نیزام نۆژەن بکاتەوە. بەڵام لە ماوەی ئەم ساڵانەدا، نە ئێعدامی “مە ئافرید خوسرەوی”، نە محاکەمە و زیندانی کرانی کەرباسچی، نە محاکەمەی محەممەدڕەزا ڕەحیمی جێگری سەرۆک کۆمار لە دەورەی ئەحمەدی نیژاد دا، نە گرتنی بابەک زەنجانی و مەحکوم کردنی بە ئێعدام هیچکامیان نە تەنها نەیانتوانیوە ئیعتیبارێک بۆ ڕژیم دەستەبەر بکەن، بەڵکوو ئهمڕۆ بۆگهنی گەندەڵی قوەی قەزاییە، ناوەندێک کە قەرارە لەدژی گەندەڵی بوەستێتەوە، سەرتاسەری کۆمەڵگای داگرتووە. گەندەڵی بە ڕادەیەک لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا جێ كهوتووه کە پێوستی بە عەمەلیاتێکی بنەڕەتییە، ئەم جۆرە کردارانە نەتەنها ناتوانن باشتر بوونێک لە بارودۆخەکهدا بەدی بێنن، بەڵکوو خاسیەت و دەور ونەخشی ئازار شکێنی خۆشیان لەدەست داوە.
حەسەن ڕووحانی زەمانێک لە یەکێک لە سوخەنرانییەکانیدا سەبارەت بە ڕیشەکێش کردنی گەندەڵی لە حکومەتی ئیسلامیدا وتی، “ئەگەر چەک، پارە، ڕۆژنامە، سایت، هەواڵنێری لە یەک جێدا کۆبکەینەوە بێ گومان گەندەڵی دروست دەبێت. ئەبوزەر و سەلمانیش بن گەندەڵ دەبن. کەوایە دنیا عەقڵی پێی شکاوە وا ئەم هێزانەی لێک جیا کردۆتەوە”. هەڵبەت ڕووحانی لەسەر ناوەرۆکی شەڕی دەسەڵات لە حکومەتی ئیسلامیدا و سەهم خوازی خۆی باسی لە چەک و پارە و ڕۆژنامە و هەواڵنێری کە زیاتر لە ژێر ناوی خوسوسی سازی لە دەست سپای پاسداران و ناوەندەکانی سەر بەو و ویلایەتی فەقیەدا کۆبونەتەوە کرد و کەمێک لە ڕاستیەکانی دەربڕی. بەڵام ڕاستییهكه ئەوەیە کە لە پێکهاتەی چینایەتی و سیاسی کۆماری ئیسلامیدا ئەگەر سەرچاوەی دەسەڵات وەک پارە و چەک و ڕاگەیاندن لە نێوان دەسەڵاتی سیانەی قوەی قەزاییە، یاسادانان و بەڕێوەبردندا بە شێوەیەکی یەکسانیش دابەش بکرێن، یان وەک دێمۆکراسییە بۆرژواییەکان هەرکام لەم هێزانە پێگەی خۆیان لە دابەش کردنی دەسەڵاتدا بدۆزنەوە دیسانیش ناتوانن گەندەڵی لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا خاشەبڕ بکەن.
گەندەڵی دارایی و ئیداری ڕیشەی لە پێکهاتەی چینایەتی و سیاسی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دایە و تا کاتێک کە ئەم ژێرخانه تێکنەشکێت و ئەم ڕژیمە بەدەستی کرێکاران و جەماوەری توڕە و ناڕازی لە درێژەی ئەم بارودۆخەدا نە ڕووخێندرێت، گەندەڵیش ڕیشەکێش نابێت. تەنانەت لە دێمۆکراسیە بۆرژواییە پێشکەتوەکاندا خەبات لەدژی گەندەڵی ئیداری و دارایی لە دەزگا حکومەتیەکاندا گرێدراوی ئەوەیە کە تا چ ڕادیەک ئیمکانی دخاڵەتی کرێکاران و توێژە جۆراو جۆرەکانی خەڵک بۆ دەخاڵەت لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا فەراهەم بووە. تەنها لەو کۆمەڵگایانەدا کە کرێکاران، ژنان و بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە جەریانی خەباتی ڕۆژانەیاندا بۆ باشتر کردنی ژیان سازمان و ڕێكخراوی خۆیان دروست کردووە و نیهادینەیان کردوون بە ناڕەزایەتی خۆیان و بە دەست ڕاگەیشتن بە چاپهمهنی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، توانیویانە دەورێکی کاریگەر لە خەبات لەدژی گەندەڵیدا بگێڕن.