کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گەشەی ئابووری بە قیمەتی بێ ڕەونەق تر کردنی سفرەی کرێکاران

دوائین كۆبوونه‌وه‌كانی شوڕای باڵای کار بۆ دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەست لە ساڵی ١٣٩٥ كۆتایی پێهات و له‌ سه‌دا ١٤ به‌ هه‌قده‌ستی ساڵی پار زیادكرا. بەڕواڵەت پێکهاتەیەکی سێ لایەنە واتا نوێنەرانی دەوڵەت، نوێنەرانی خاوەنکاران و نوێنەرانی کرێکاران، لە کۆبونەوەکانی خۆیاندا ڕێژەی لانیکەمی حەقدەست دیاری دەکەن. بەڵام ڕاستیەکە شتێکی دیکەیە. حەقدەستی کرێکاران لە ماوەیەک پێش لە بەڕێوەچونی ئەم کۆبونەوانە لە لایەن دەوڵەت و خاوەنکارانەوە دیاری دەکرێت. چەنە لێدانی بەڕواڵەتیان کارێکی گاڵتەجاڕانە و شانۆییە.لە ئێڕان، بە پێچەوانەی زۆرێک لە وڵاتانی سەرمایەداری کە خەبات لەسەر دیاری کردنی نرخی حەقدەستەکان لە لایەن تەشەکولە کرێکاریەکانەوە دێتە ئاراوە و لەسەر بنەمای هاوسەنگی هێزێکی لە ئارادایە لەسەر نرخەکەی سازان دەکرێت، دیاری کردنی نرخی حەقدەستی کرێکاران نەک لە لایەن کرێکاران و ڕێکخراوەکانیانەوە، بەڵکو لە لایەن دەوڵەت و خاوەنکارانەوە دیاری و بەسەر کرێکاراندا دەسەپێ.دەوڵەتی رۆحانی یەکێک لە هیواکانی بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی بە وەسوەسەی سەرمایەگوزارانەوە بە بوونی هێزی کاری هەرزان لە ئێران گرێ داوه‌. رۆحانی ده‌رگای باغی سه‌وزی کرێکاری هەرزان بەره‌رووی سەرمایەگوزارانی دەرەکی ده‌كاته‌وه‌ و لە لایەکی دیکەشەوە داوا لە کرێکاران دەکات کە بۆ ماوەیەک حەقدەستی کەم تەحەمول بکەن تا ئابوری وڵات گەشەی ده‌كات و لە ئاکامی ئەم بەناو ڕەونەقە درۆینە ئاستی ژیانیان بەرز بێته‌وە.هەڵبەت بۆ داسه‌پاندنی ئه‌و سیاسه‌ته‌ وێڕای دانی وەعدەی سەرخرمانی،” گەشەی ئابووری”،به‌ كرێكاران وێڕای بە کارهێنانی بەرینترین ئامرازی سەرکوت، هاوڕێی و پشتیوانی ڕێبەرانی تەشەکولە زەردە دەوڵەتیەکانیشیان لەگەڵدایە. ئەم بەناو نوێنەرانەی کرێکاران ئەندامی شوڕای باڵای کارن و بە یاسایی کردنی حەقدەستی چەند بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدا لە کاناڵی ئەم شوڕایەوە تێدەپەڕێت.664

هەواڵنێری دەوڵەتی ئیلنا لە ڕاپۆرتێکدا بە تاریخی ١٠ ی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە رووی هەڵسەنگاندنێکی کارناسانەوە ئیعتیڕاف دەکات:” هەزینەی گوزەرانی ژیانی بنەماڵەیەکی ٤ کەسی کرێکاری، واتا ژیان بەسەربردن لەسەر هێڵی هەژاریدا” ٣ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەنە. لە حاڵێکدا کە لانیکەمی حەقدەست ٧١٢ هەزار تمەنی ئێستا و ٨١١ هه‌زار تمه‌نه‌ی ساڵی ١٣٩٥تەنانەت ناتوانێ یەک لەسەر پێنجی هەزینەکانی توێژی هەژار و کەم داهات دابین بکات”. لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا هاتوە کە زۆربەی ژنانی کرێکار مانگانە حەقدەستی نزیک لە ٢٠٠ هەزار تمەن وەردەگرن.

بەپێی مادەی ٤١ ی قانونی کاری دژی کرێکاری ڕژیم، لانیکەمی موزدی کرێکاران بە لەبەرچاو گرتنی تەوەڕومی بە ڕەسمی ڕاگەیەندراو لە لایەن بانکی ناوەندی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دیاری دەکرێت. ڕێژەی تەوەڕومیش کە لەسەر بنەمای دیاری کردنی حەقدەستی ساڵی ٩٥ دادەندرێت، لە لایەن بانکی ناوەندیەوە ١٢ لەسەد ڕاگەیەندراوە. بە بنەما گرتنی ئەم یاسایە لە لایەن شوڕای باڵای کارەوە لە حاڵێکدایە کە زۆربەی کالا ئەساسیەکانی پێداویستی ژیانی کرێکاران لەساڵی ٩٤ دا زیاتر لە ٥٠ لەسەد گران بووە. بێجگە لەمەش تەنانەت ئەگەر تەوەڕومێکی کە بانکی ناوەندیش ئیدیعای دەکات وەک بنە لەبەرچاو بگرێت، لە حاڵێکدا کە لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ٩٤ خۆی زیاتر لە ٣ بەرابەر لەخوار هێڵی هەژاریەوەیە، زیاد بوونێکی ١٤ لەسەدی چ دەردێک لە بەڕێچونی کرێکاران دەرمان دەکات؟

بەمجۆرە قەرارە ئابووری ئێران بە بەرەکەتی هێزی کاری هەرزان و بێبەش لە مافەکانی ببێتە مەیدانی گەردشی سەرمایەکان و کەڵەکە کردنی سود و قازانج بۆیان، واتە بە قیمەتی لەنێو چوونی ژیانی خەڵکی کرێکارا و زەحمەتکێش. بەڵام پێش مەرجی هەرزان بوونی هێزای کار، زۆر بوونیەتی لە بازاڕدا. لەمروەوە وەک بەشێک لە سیاسەتی ئابووری ڕژیم لە ئێستاوە بێکارسازیەکی بەرین لەو بۆارانه‌ کە کەمتر سودئاوەرن لە ڕێدایە. کرێکارانی بێکارکراو لە پشت دەروازەی شێرکەت و ناوەندە تازە دامەزراوەکاندا ڕیز دەبن، تا توانایی هیچ جۆرە چەنە لێدانێکیان بۆ وەرگرتنی حەقدەستی زیاترنەبێت و بە ناجاری بەم کۆیلەتیە ڕازیبن.

بەڵام ئایا دەوڵەت و سەرمایەداران دەتوانن حەقدەستەکانیان بۆ ساڵی داهاتو هەروا لە خوارەوە رابگرن؟ ئایا ڕژیمی ئیسلامی دەتوانێ لە بەرانبەر گەشەی ئابووریەکدا کە ئیدیعای دەکات، سفرەی کرێکاران بەتاڵتر بکات و نانی بەملیۆن ئینسان بە بارمتە بگرێت؟ دەبێ ببینین و بزانین بزوتنەوەی کرێکاری لە ئێران چ وڵامێکی دەبێت. گومانی تێدانییە کە لە رۆژ و حەفتەکانی داهاتودا و لە ماوەی ساڵی ١٣٩٥ دا مەسەلەی حەقدەستەکان و خەبات بۆ زیاد کردنیان تا ئاستی دابین بوونی ژیانێکی گونجاو دەکەوێتە دەستوری کاری هەڵسوڕاوانی کرێکاریەوە. دەبێ هەوڵ بدرێت کە ڕیزی کرێکاران لە دەوری داواکاری زیاد بوونی حەقدەست بکەوێتەڕێ و ئیجازە نەدات کە ڕژیمی ئیسلامی ئەم بارودۆخە کۆیلە ئاسایە بەسەر کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا بسەپێنێ.

کۆماری ئیسلامی و خاوەنکاران ناکڕیت بە قەبوڵ کردنی ژیانێکی ئینسانی بۆ بە ملیۆن کرێکار قانع بکرێن. ئاوا ئەخلاقیاتێک لای سەرمایەداران بوونی نییە. درێژەی بوون و مانەوەی دەوڵەتانی سەرمایەداری و سەرمایەدارن تەنیا بە توند بوونەوەی چەوساندنەوەی هێزی کرێکار ئیمکان پەزیرە. چەقبەستن و کەم بوونەوەی حەقدەست و داسەپاندنی هەژاری بەسەر کرێکاراندا یەکێک لە شێوەکاری سەرمایەدارانە بۆ دەستەبەر کردنی قازانجی زیاتر.

بۆ چینی کرێکاریش بۆ دابین کردنی ژیانێکی ئینسانی، ڕێگایەک بێجگە لە خەباتی روو بە روو لە کارخانە و کارگاکان و شوێنی ژیان و سەرشەقامەکان شتێکی تر، نەماوەتەوە. تەنیا بە مانگرتن و خەباتی سەرتاسەری ئاوا ئامانجێک دەستەبەر دەبێت. دەبێ خەوی سەقامگیری و سودئاوەری بونگا و دامەزراوەکانی سەرمایەداری بە قیمەتی داسەپاندنی ژیانێکی کۆیلە ئاسا بەسەر چینی کرێکاردا لە چاویان بزرێت. سەرەڕای هەموو ئەو گرفتاری و دژواریانەی کە لەسەر ڕێگای خەباتی چینی کرێکار بونیان هەیە تەنیا ڕێگا، داسەپاندنی حەقدەستێکی گونجاو لەگەڵ نرخی سەبەدی کالاکان و خزمەتگوزاری جێی پێداویستی کرێکاران بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتدایە کە دەتوانێ وڵام دەرەوەی دابین بوونی ژیانێکی لانیکەم و ئینسانی بێت. دەست ڕاگەیشتن بە وەها ئامانجێک لە گرەوی یەکپارچەیی و خەباتی یەکگرتوانە و سەرتاسەری چینی کرێکار، کرێکارانی لەسەرکار و بێکار لە هەموو ڕشتەکان، بە پانتایی ئێراندایە.