کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گەشەسەندنی ئاستی خەباتی کرێکارانی ناڕازی و مانگرتوو

image 7

ئێران ناوەندێکی درەوشاوەی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکارییە، لێرەدا تەنیا چەند نموونەیەک لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی نەوت لە کەرتی پیشەسازی و پەرستارانی بەشی خزمەتگوزاری، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دەخەینە ڕوو. شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکارانی پەیمانی نەوت، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەرمانان، هەواڵی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکارانی فەرمیی شیرکەتی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی ئاغاجاری، بڵاو کردەوە. ئەم کۆبوونەوەیە دوابەدوای ناڕەزایەتی ڕۆژی سێشەممەی بەشەکانی تر، بەڕێوە چوو. ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەرمانان، شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی (ئەرکانی سالس) هەواڵی بەردەوامبوونی خەباتی کرێکارانی فەرمی و پەیمانی نەوتی ئەرکان سالسی ڕاگەیاند. ئەم شۆڕایە نووسی، ناڕەزایەتی کرێکارانی ئەرکانی سالس و پشتیوانیی شیرکەتە پەیمانکارییەکانی وەک موجتەمەعی گازی پارسی باشوور، بە باشی ڕێکخراون و ئامانجی ئەم خولەی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان، ڕاگرتنی بەرهەمهێنانە. کرێکاران بە فەرمی ڕایانگەیاندووە کە هیچ پابەندبوونێکیان بە بەرهەمهێنان نییە. لە درێژەی نووسراوەکەدا هاتووە، “لە بەرامبەر هەڕەشەی بەڕێوەبەران و حەراسەت سەبارەت بە دەرکردنی هاوکارەکانمان، ئەمە دیارترین و ڕاشکاوانەترین شێوازی ناڕەزایەتی کرێکارییە، کە ئێمە دەستمان پێکردووە”. ئەگەرچی هێشتا هەندێک لە کارە بەپەلە و خێراکان لە هەندێک لە پاڵاوگەکان بەڕێوە دەچێت، کە ئەویش بەهۆی سازشکردنی کەسانی سەر بە حکوومەت و هاودەستی بەڕێوەبەرەکانە، بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە ئێمە کرێکارانی عەمەلیاتی دەستمان لەکار کێشاوەتەوە و مەرجەکانی قبوڵکردنی کاری زۆرەملێمان تێپەڕاندووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئەو شۆڕایە، کرێکارانی نەوت، کۆمەڵێک تاکتیکی نوێیان گرتووەتەبەر، لەوانە نووسینی دروشمی بەربڵاو لەسەر دیوار و ستوونە پیشەسازییەکانی پاڵاوگەکان.  دروشمەکان لە دژی هەموو ئەو کەسانە نووسراون کە هۆکاری چەوساندنەوە و ئازار و بێ مافیی کرێکاران و سەرجەم ناڕازییان و جەماوەری ستەمدیتوون.

بە پێی ڕاگەیاندنی شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکارانی پەیمانی، ڕۆژی ٦ی خەرمانان هاوکات کرێکارانی فەرمی پاڵاوگەکانی ٧ و ٨ و ٩ی موجتەمەعی گازی پارسی باشوور، کرێکارانی لەسەرکاری شیرکەتی نەوت و گازی پارس کەنگان (سایتی ٢)، کرێکارانی سەکۆی نەسر سیری و شیرکەتی نەوت و گازی پارس لە ٤٠سەکۆی شیرکەتی نەوتی فەلاتی قاڕەی ئێران، سەکۆی نەورۆز، کارمەندانی نەوت و گازی پارس سەکۆی ئێس، پی، کیو ١، کرێکارانی فەرمی لە شارۆچکەکانی نیشتەجێبوونی جەمی بووشەهر و بنەماڵەکانیان، ڕێپێوانی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە. ئەوان لە ناڕەزایەتییەکانیاندا وێڕای بەرزکردنەوەی دروشم لەدژی کەمیی حەقدەستەکان، بەرامبەر بە دیاریکردنی ئاستی ٧٠ ملیۆنی و دابەزینی حەقدەستەکانیان، ناڕەزایەتیان دەربڕی. کرێکاران بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی بەردەوامی ڕێژەی هەڵاوسان، خوازیاری زیادکردنی ئاستی حەقدەستەکانیانن بۆ زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن تمەن. بە وتەی شۆڕای ڕێکخستنەکان، ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی سێشەممەی کرێکارانی ناوچەی تایبەتی ئابووریی، کرێکارانی فەرمیی نەوت و گازی پارسی باشوور لە عەسەلوویە و کەنگان، هاوکات بووە لەگەڵ مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی پەرستارانی نەخۆشخانەی کەنگان و چەندین شاری دیکە و هەروەها ناڕەزایەتی بەربڵاوی کرێکارانی واگۆن سازیی ئەراک و مامۆستایان و خانەنشینان لە سەرانسەری وڵات. ئەم خەبات و ناڕەزایەتیانە بەتەواوی سازماندراون و لەلایەن شۆڕای ڕێکخستنی کرێکارانی پەیمانی نەوت، ئەرکانی سالس، شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتی پەرستاران، شۆڕای ناڕەزایەتی خانەنشینان و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی فەرهەنگیانەوە، ڕێبەری کراون.

داواکارییە بەپەلە و هەنووکەییەکانی کرێکارانی ئەرکانی سالس و پشتیوانیی شیرکەتە پەیمانکارییەکانی موجتەمەعی گازی پارسی باشوور و کرێکارانی پەیمانی، بەم شێوەیە داڕێژراون: نەهێشتنی تەواوەتی شیرکەتە پەیمانکارییەکان، مافی پێکهێنانی ڕێکخراوە و کۆبوونەوەی و ناڕەزایەتی، گەڕانەوەی دەستبەجێ و بێ مەرجی کرێکارانی دەرکراو بۆ سەر کارەکانیان، پابەندبوون بە ڕێکەوتنەکانی پێشوو، بەتایبەتی پرسی مەرەخەسی و پێدانی کرێی کەمپەکان، جێبەجێکردنی دروستی تەرحی تەبەقەبەندی پیشەکان و سیستەمی پێدانی حەقدەستی دادپەروەرانە و بێ جیاوازی لەگەڵ هێزە فەرمی و گرێبەستییەکان بەگوێرەی ڕێککەوتنەکانی پێشوو لەگەڵ وەزارەتی نەوت، جێبەجێکردنی تەرحی تەبەقەبەندی پیشەکان بۆ ئەو شۆفێرانەی کە خاوەنی ئۆتۆمبێلی خۆیان نین، ڕێکخستنی هاتوچۆ و ڕەخساندنی ئەمنییەتی پیشەیی بۆیان و هەروەها جێبەجێکردنی بێ جیاوازی ١٤ ڕۆژ کار و ١٤ ڕۆژ پشوو، بۆ کارمەندانی ئیداری و پشتیوانی. هاوکات لەگەڵ مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەباتکارانەی کرێکارانی نەوت، کە بە شێوەیەکی رێکخراو و ڕەچاوکردنی تاکتیکی نوێ بەڕێوە دەچێ، خەبات و ناڕەزایەتیی ڕێکخراوی پەرستاران لە چەندین شاری ئێران، وەزیری نوێی تەندروستی ناچار کرد کە دان بە ڕۆڵ و جێگە و پێگەی گرنگی کادری پزیشکیدا بنێت و بە ڕۆژنامەکان بڵێت کە بەشی یەکەمی داواکارییەکانی پەرستاران دراوە بە زانکۆکانی زانستی پزیشکی. بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەم ڕیاکاریانە، هەڕەشەی دەرکردن لە پەرستارانی مانگرتووش هەروا بەردەوامە. تەنانەت پەرستارێکیش لە نەخۆشخانەی وەلی عەسری ئەراک دەستبەسەرکراوە. هێزە ئینتیزامییەکان لە هەندێک حاڵەتدا، بە بەکارهێنانی تۆزی بیبەر، هەوڵیانداوە پەرستاران بڵاوە پێبکەن، بەڵام لەگەڵ خۆڕاگریی خۆپیشاندەران بەرەوڕوو بوونەتەوە. پەرستارانی ناڕازی بە لەبەرچاوگرتنی هەڵسوکەوتی سەرکوتگەرانە و ئاستی کەمی حەقدەستەکان، هاوشێوەی خانەنشینان دروشمی “تەنها لەسەر شەقامەکان دەگەین بە مافەکانمان” و هەروەها دروشم گەلێکی وەک، مەترسن، مەترسن، ئێمە هەموو پێکەوەین، گەندەڵییەک کەم بێتەوە، حەقدەستی ئێمە دەدرێت، تا مافەکانمان وەرنەگرین، ناچینەوە سەرکارەکانمان و هتد…یان بەرز کردووەتەوە. پەرستارانی مانگرتوو تا ئێستا ١٥ داواکارییان ڕاگەیاندووە کە گرنگترینیان بریتین لە گۆڕینی شێوازی جێبەجێکردنی یاسای باجی پەرستاریی کە لە ئێستادا بە شێوەیەکی زۆر گاڵتەجاڕانە جێبەجێ دەکرێت. ئەم یاسایە دەبێ بەشێوەیەک بگۆڕدرێت کە حەقدەستی هەر کارمەندێکی بەشی پەرستاری، لانیکەم چوار هێندەی ئەو حەقدەستەی ئێستا بێت. کۆتایی هێنان بە هەر چەشنە بەدواداچوون و هەڵسوکەوتێکی ئەمنییەتی لەگەڵ مانگرتووان، دامەزراندنی پەرستاری نوێ، ڕێکخستنی سەعاتەکانی کار بە شێوەیەکی عەقڵانی و ڕاگرتنی ئیزافەکاریی زۆرەملێ. ئێستا مانگرتن و کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیی پەرستاران کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا ناوازەیە، لە ٢٠ شار و ٥٠ نەخۆشخانە بەردەوامە و پشتیوانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و جەماوەری مافخواز لەو خەبات و ناڕەزایەتییانەش، تادێت زیاتر پەرە دەستێنێت.