کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر یەکێک لە پڕ ئازارترین خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران

ڕۆژی دووشەممە ٥ ی مانگی پوشپەڕ، بەرابەر لەگەڵ ٢٦ ی ژوئه‌ن، ڕۆژی جیهانی ئێعتیاد بوو. کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی خەبات لەدژی ئێعتیاد و قاچاقچێتی ماددەی هۆشبەر لە ڕێکەوتی ١٧ ی ژوئه‌نی ساڵی ١٩٨٧ لە شاری ویه‌ن بە ئامانجی دەربڕینی عەزمێکی سیاسیی سەبارەت بە تێکۆشان لەدژی دیاردەی ماڵوێرانکەری مه‌واددی مۆخه‌ددێر پێکهات و سەنەدێک له‌م بابه‌ته‌وه‌ له‌ لایەن وڵاتانی بەشدارەوە پەسند کرا. هه‌روه‌ها لەم کۆنفڕانسەدا، ٢٦ی ژوئه‌ن وەک ڕۆژی جیهانی ئێعتیاد دیاری کرا.

به‌ڵگه‌ پەسند کراوەکەی ئەو کۆنفڕاسە ڕێکاری کۆنترۆڵ کردنی ماددەی هۆشبەری لە لایەن وڵاتانی بەشدارەوە دیاری و ئەوانی به‌به‌رپرس دانا كه‌ تا هەنگاوی نێونەتەوەیی لە پێوەند لەگەڵ خەبات لەدژی ماددەی هۆشبەر لێبڕاوانە بگرنەبەر. لە حاڵێکدا کە کۆماری ئیسلامیی یەکێک لە واژۆ کەرانی ئەم بەڵگەیه‌یە، قەت ناوەرۆکەکەی ڕەچاو نەکردووە. بە شێوەیەک کە ئه‌مڕۆكه‌ ئەو ڕاستیە دەبینین کە ئێعتیاد بە ماددەی هۆشبەر بۆتە یەکێک لە پڕ ئازارترین خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران.158 1

بە بۆنەی رڕژی جیهانیی ئێعتیادەوە، ئەمساڵ کاربەدەستانی ڕژیم ئاماری نوێ و لە هەمانحاڵدا دژ بەیەکیان سەبارەت بە ژمارەی گیرۆدەبووان لە ئێران بڵاو کرۆتەوە. لە حاڵێکدا کە ستادی خەبات لەگەڵ ماددەی هۆشبەر لە ئامارە نوییەکەیدا ژمارەی گیرۆدەبوانی دوو هێندەی ئاماری پێشتر و نزیکەی دوو میلیۆن و ٨٠٨ هەزار کەس ڕاگەیاندوە، بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئیرانا، سەعید سه‌فاتیان سەرۆکی کارگرووهی مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزام دەڵێ، ” ئاماری ستادی خەبات لەدژی ماددەی هۆشبەر ڕاست نییە و دەبێ ٢٠ تا ٣٠ لەسەدی دیکەی پێوە زیاد بکرێت. بەم جۆرە ژمارەی ڕاستەقینەی گیرۆدەبووان بە ماددەی موخەدێر لە ئێران دەبێ ژمارەیەکی نزیک بە ٣ میلیۆن و ٦٥٠ هەزار کەس بێت.” ئەگەر تەنیا ئەم ئامارانەی ڕژیم بە بنەما بگرین کە بێ گومان جێگای پشت پێ بەستن نین و ئاماری ڕاستەقینە زیاتر لەوەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا و بە ئیستناد بەم ئامارە دەوڵەتییە، لە ماوه‌ی ٥ ساڵی ڕابردوودا لە حاڵێکدا کە جەمعیەتی ئێران نزیکەی ٦ لەسەد زیادی کردووە، ژمارەی کەسانی گیرۆدەی ڕاگەیەندراو لە لایەن ستادی خەبات لەدژی ماددەی هۆشبەرەوە زیاتر لە ١٠٠ لەسەد زیادی کردووە. لەم بارەیەوە سەلمان خودادادی، ئەندامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵاییەتی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی، ڕۆژی دووشەممە ٥ ی مانگی پوشپەڕ وتی: ” بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتون سەبارەت بەوەی کە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە حەوزەی ژناندا زیادی کردووە و تەمەنی گیرۆدە بوونیش دابەزیوە؛ ئەو ئامارانەی ڕاگەیەندراون دوورن لە ڕاستیەوە. ئەو کەسە دەڵێ:” ئامارێکی ڕاست لەپێوەند لەگەڵ بارودۆخی ئێعتیاد لە مه‌دره‌سه‌کاندا بوونی نییە و ئەگەریش ژمارەیەک ڕادەگەیەندرێت بەراورد کاریە و توێژینەوەیەکی چڕوپڕی لە بارەوە نەکراوە. لەسەر ئەم بنەمایە دەتوترێت کە ٣ تا ٥ لەسەدی سەرلەبەری گیرۆدەبووانی ئێران بە شێوەی تەخمینی قوتابیانن، ٣ی و ٢ ده‌هۆمی لەسەدی گشت گیرۆدەبوانی وڵات کرێکاران و ١٠ لەسەد ژنانن. کاربەدەستانی بێهزیستی لە ئێران دەڵێن، تەمەنی گیرۆدە بوون بە ئێعتیاد و مەسرەفی ماددەی هۆشبەر لە ئێران دابەزیوە بۆ تەمەنی ١١ ساڵی”.

وتەبێژی ستادی خەبات لەدژی ماددەی هۆشبەری ئێران لە کۆبونەوەیەکی ڕۆژنامه‌وانیدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی خەبات لەدژی ماددەی هۆشبەرەوە وتویەتی لە ماوەی ساڵی ٩٥دا، ٣ هەزار و ١٩٠ کەس بە هۆی خەراپ بەکار هێنانی ئەو ماددەیەوە مردوون. لەگەڵ ئەوەشدا هەر گیرۆدە بویەک بە شێوەی ڕێژەیی ٣ تا ٤ کەس لە کەسوکاری پێیەوە توشی کۆمەڵێک گیروگرفتی جۆراوجۆر دەبن کە کەمتر ئاماژەیان پێدەکرێت.

له‌ ڕاستیدا پێ بە پێی خراپتربوونی بارودۆخی ئابووری خەڵک، زیاد بوونی بەرچاوی بێکاری و هەژاری و پێشێل بوونی بەرینی ئازادیی تاکە کەسی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگیی ژمارەی گیرۆدەبوانیشەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە. زۆر بوونی ئاماری تەڵاق و لێک هەڵوەشانی بنەماڵەکان، زیاد بوونی کارتۆن خەوی و بێ خانەولانەیی، زیاد بوونی ژمارەی منداڵانی کار و خیابانی، زۆر بوونی فەحشا و موسیبەتەکانی هاوشیوەی لە نمونە عەینیەکانی ئەم ڕاستیە وێرانەگر و تاڵەن.

لە ئێراندا سپای پاسداران وەک یەکێک لە بڵاو کەرەوە گەورەکانی ماددەی هۆشبەر هەم بازرگانی بەم کارە دژی ئینسانییەوە دەکات و هەم بەشوێن ئامانجی سیاسی دژی خەڵکی خۆشیەوەیەتی. بەڵام بڵاو کردنەوەی مه‌واددی مۆخه‌ددێر لە نێوخۆدا تەنیا سەرچاوەی داهاتی سپا نییە، بەڵکوو ئەم مافیایە لە وڵاتانی تریشدا دەستی داوەتە بڵاو کردنەوەی ماددەی هۆشبەر. قاچاقی ماددەی هۆشبەر لە فڕۆکەخانەکان و لە ئیسکلەکانی سپای پاسدارانەوە، لە ڕێگای سوورییە و وڵاتانی باشوری کەنداوەوە بەرەو وڵاتانی دنیا یەکیک لە سەرچاوە گەورەکانی داهاتی سپای پاسدارانە. لە هەمانحاڵدا ڕژیم بە ئێعدام کردنی هەزاران کەس لە ژێر ناوی قاچاقچی ماددەی هۆشبەردا هەوڵیداوە لە کۆمەڵگادا فەزای ترس و وەحشەت زاڵ بکات. ئەم جۆرە ئێعدامانە یارمەتی مافیای بڵاو کەرەوەی مادەی هۆشبەری سپای داوە تا ڕەقیبەکانی لەم مەیدانەش بکاتەدەرەوە.

خەبات بۆ کەم کردنەوەی ڕێژەی ئێعئتیاد، کەم کردنەوەی ڕەنج و ئازارەکانی کەسوکاری گیرۆدەبووان و بە تایبەت منداڵان و بەرگرتن لە پەرەسەندنی ئێعتیاد ئەرکێکی خەباتکارانەی جیدییە. یەکێک لە ئامرازەکانی خەبات بۆ کەم کردنەوەی موسیبەتەکانی گیرۆدەبووان درووست کردنی ڕێكخراوه‌ مەدەنییەکانە لەدژی ئێعتیاد و یان پەرەپێدانی ئاستی ئەو ڕێكخراوانه‌یه‌ لە ئێستادا بوونیان هەیە. لە هەمانحاڵدا دەبێ ڕژیم بخرێتە ژێر گوشارەوە تا بە مەبەستی، قەبوڵ کرانەوەی سەرلەنوێی گیرۆدەبووان لە کۆمەڵگە و بنەماڵەدا، ڕەخساندنی هەلی کار و دابین کردنی بەڕێچوونیان بوددجەی کافی تەرخان بکات.

بێ گومان بەهێز کردنی فەزای خەباتکارانە لە کۆمەڵگەدا و لەم ڕێگایەوە بەهێز بوونی هیوا بە گۆڕان لە ڕێگای گەشە و پەرەسەندنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە، یارمەتی کەم بوونەوەی گیرۆدەبوونیش ئەدات. بەهێز کردنی وەها فەزایەک دیمەنگایەکی هێوابەخش بە ڕووی کۆمەڵگەدا دەکاتەوە و ئەو بوارە خۆش دەکات کە ئینسانەکان بە جێگای تەسلیم بوون لە بەرانبەر نا هەمواریەکاندا، ڕێگای خەبات و لەنێو بردنی هۆکارەکانی ئێعتیاد و نەک پەنابردنەبەر ئێعتیاد و نابود کردنی خۆیان هەڵبژێرن.