کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
هه‌واڵه‌کانئێران

گیان لە دەست دان و بریندار بوونی 16 کرێکار لە شارە جۆراوجۆرەکان

رۆژی سێشەممە 15ی مانگی پووشپەڕ، 16 کرێکار لە شاری کورد، شوش، کەرەج، وەرزەقان  و ئوستانی سیستان وبەلوچستان تووشی رووداوی شوێنی کار هاتن، کە لە ئاکامی دا 12 کرێکار بریندار بوون و 4 کەسیش گیانیان لە دەست دا.

حەوت کرێکار  بۆ هۆی تەقینەوە لە ئیستگەی خەتی لوولەی راگواستنی نەوت و گاز لە شاری شوش تووشی رووداو هاتن و بە سەختی بریندار بوون. لە رووداوێکی دیکە دا لە ئوستانی سیستان و بەلوچستان کرێکارێکی سیمبانی شیرکەتە پەیمان کارییەکان لە کاتی کار، تووشی برق گرتوویی هات و گیانی لە دەست دا. لە شاری کوردیش دوو کرێکار لە کاتی  پڕ کردنەوەی کەپسوولی “ئێڵ، پی، جی” بە هۆی ئاگرتێبەربوونی کەپسوولەکە تووشی سووتان هاتن و گەیندرانە نەخۆشخانە. 5 ئاگرکوژینەوەش لە کارگەیەک هەڵکەوتوو لە جادەی ئەهەر-وەرزەقان بریندار بوون. هەروەها ئاگرکوژێنەوەکی دیکە لە کاتی کار لە کەرەج تووشی سووتان و هات و گەیندارایە نەخۆشخانە.

رۆژانە لە گۆشە و کەناری ئێران دەیان کرێکار دەبنە قوربانی رووداوەکانی شوێنی کار و بریندار دەبن و یان گیانیان لە دەست دەدەن. هۆکاری سەرەکی هەموو ئەم رووداوانە کەمتەر خەمی بەرپرسان و بایەخ نەدانیان بە گیان و سڵامەتی کرێکاران و هەروەها چاوچنۆکی و قازانجپەرەستی خاوەنکاران و سەرمایەدارەکانە.