بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەند هاووڵاتییەک لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئامریکا و ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەهرام سەییدیتەنیا، خەڵکی سەلاسی باوەجانی سەربە پارێزگای کرماشان، کە لە کاتی بۆردومانکردنی ناوەندە سەربازییەکان بریندار ببوو، پاش سێ ڕۆژ لە نەخۆشخانەی حەزرەتی ڕەسووڵی جوانڕۆ گیانی لەدەستدا. هەروەها، پەرەستش (مائیدە) دهاقین، دەرمانساز و دەرچووی زانکۆی تاران، لە کاتی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئامریکا و ئیسرائیل لە گەڕەکی ئاپادانای تاران گیانی لە دەستداوە. لە هەمان کاتدا، محەممەدعەلی جەوانمەرد، هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی ئورمیە، لە کاتی بۆردومانکردنی کەلانتەریی ١٧ی ئەو شارە گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی پاش چەند ڕۆژ ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە. هەروەها، نەبی غوڵامی، کرێکارێکی خەڵکی کامێران، لە کاتی بۆردومانکردنی کەلانتەریی ١٥ی ئەو شارەدا بەر هێرشەکان کەوتووە و بە هۆیەوە گیانی لەدەستداوە. جێگای ئاماژەیە، لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ و بۆردومانەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران و کوردستان، هاووڵاتیانی مەدەنی و ناوچە نیشتەجێیەکانیش بەردەوام دەبن بە قوربانیی و ئامانجی ئەم هێرشانە.
