هاووڵاتییەکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی “کەیوان دێهقان”، سێ ڕۆژ دوای دەستبەسەرکردنی، لە بەندیخانەی ئەو شارە و لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم دا گیانی لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتهكان، ڕۆژی شەممە، ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی خەڵکی سەردەشت بە ناوی “کەیوان دێهقان”، تەمەن ٤٦ ساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە و لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەدا گیانی لەدەست داوه. تەرمی ئەو بەندکراوە کوژراوە پاش سێ ڕۆژه لە ساردخانەی نەخۆشخانەی سەردەشت و پزیشکی دادی ورمێ ڕاگیرا و ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەر، ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا. شایانی باسه كه ئێوارەی هەمان ڕۆژ، ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردن و پرسەی “كهیوان دێهقان” لە شاری سەردەشت بەڕێوە چووه. ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی شاری سەردەشت گواسترابوو.