دەسەڵاتدارانى چین رایانگەیاندووه، ژمارەی ئەو کەسانەی كه بەهۆی ویرووسی کۆرۆناوە لەم وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە بۆ ٣٠٥ کەس و ژمارەی توشبووانیش بۆ ١٤ ھەزار و ٥٥٦ کەس بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەى نوێترین ئامار کە دەسەڵاتدارانى چین ڕۆژی یهكشهممه ١٣ی ڕێبهندان رایانگەیاندووە، لە ڕۆژی شهممهوه ٤٥ حاڵەتى دیكهی گیان لەدەستدان بەهۆی ویرووسی کۆرۆناوە تۆمارکراوە، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەى گیانیان لەدەستداوە بۆ ٣٠٥ کەس بەرزبووەتەوە. هەر بەپێی ئهم ئاماره، یەکەم هاوڵاتی چینیش کە سەردانى وڵاتی فلیپینى كردبوو، گیانی لهدهستداوه. ئەوەش لەکاتێکدایە، تا ئێستا، ویرووسی کۆرۆنا لە ٢٧ وڵاتی جیهان بڵاوبووەتەوە و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش بەهۆى مەترسیی ئهم ویرووسه بۆ تەواوى دانیشتووانى سەر زەوى، باری نائاسایی ڕاگەیاندووە.