له نێوان ڕۆژانی سێشه‌ممه تا پێنجشه‌ممه ١١ بۆ ١٣ی ڕه‌زبه‌ری ١٤٠٢، سێ سووختبه‌ری به‌لووچ به‌هۆی ڕووداوی هاتووچۆ له خاش و میناب گیانیان له‌ده‌ستدا و هاووڵاتیه‌كی به‌لووچ به ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم له جالق كوژرا.
به‌پێی ڕاپۆرتی كۆڵبه‌رنیووز، ڕۆژی سێشه‌ممه ١١ی ڕه‌زبه‌ر، به‌هۆی پێكدادانی نێوان دوو ئۆتومبێل له مێحوه‌ری خاش بۆ زاهیدان، دوو سووختبه‌ر گیانیان له‌ده‌ستدا كه ناسناوی یه‌كێكیان بریتیه له: “حه‌مید ناروویی”. هه‌روه‌ها ڕۆژی چوارشه‌ممه ١٢ی ڕه‌زبه‌ر، هێزه لیباس شه‌خسیه‌كانی ڕژیم له شارستانی جالق هاووڵاتیه‌كی به‌لووچ به ناوی “مووسا چاكری” ته‌مه‌ن ٢٢ ساڵیان تیرۆر كرد. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٣ی ڕه‌زبه‌ر، ئۆتومبێلی سووختبه‌رێكی به‌لووچ به ناوی “محه‌ممه‌دئه‌مین توپالنیا” له كاتی ڕاودوونانی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ڕژیمه‌وه وه‌رگه‌ڕا و به‌هۆیه‌وه ناوبراو گیانی له‌ده‌ست دا.
