وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا 60 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەمەش ژمارەی ئەوانەی لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023وە تائێستا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 62 هەزار و چوار کەس.
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە، ئاماری نوێی گیانلەدەستدانی بریندارانی هێرشەکانی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، 344 برینداری دیکەش گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکان، بەمەش ژمارەی برینداران گەیشتووەتە 156 هەزار و 230 کەس.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێشتا ژمارەیەک قوربانی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان و لەسەر رێگەوبانەکان ماون، کە تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگریی شارستانی ناتوانن بگەنە سەریان.
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە، وردەکاریی دیکەی لەبارەی ئامارەکان خستووەتەڕوو، لەوانە لە 24 کاژێری رابردوودا 27 کەس لە کاتی وەرگرتنی هاوکارییەکان کوژراون و 281 کەسیش بریندار بوون، بەمەش کۆی ئەوانەی لە کاتی وەرگرتنی هاوکاری کوژراون گەیشتووەتە 1,965 کەس، هەروەها 14 هەزار و 701 کەس بریندار بوون.
بەپێی ئاماری وەزارەتەکە لە 24 کاژێری رابردوودا پێنج کەس بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە، کە دووانیان منداڵن. کۆی گشتی ژمارەی ئەوانەی بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 263 کەس، کە 112یان منداڵن.