ڕۆژی دووشەممە ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی گوندی دووماڵی سەر بە شاری مەریوان بە ناوی سەڵاح خۆشنەمەک، لە کاتی کۆڵبەری لە بەرزاییە سنوورییەکانی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزەکانی جێگیر لە بنکە سنوورییەکانی وێسەی مەریوان، بەبێ ڕەچاوکردنی یاسای بەکارهێنانی چەک و لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لەم لاوە تەمەن ١٨ ساڵە کردووە و ناوبراو دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە. جێگای ئاماژەیە کە ناوبراو دووهەمین کۆڵبەرە کە لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە داگیرکەرەکانی ڕژیم لە سنوورەکانی کوردستان گیان لەدەست دەدات و لەم پێوەندییەدا ڕۆژی هەینی ڕابردووش کۆڵبەرێکی تەمەن ٥٧ ساڵ بە ناوی وەزیر ڕەحیمی لە سنووری نەوسوو، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەستدابوو.
