لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی “بەلجووک” سەر بە قتووری پارێزگای ورمێ و هەروەها “تەتە“ی هەورامان، بە تەقەی هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی گیانیان لەدەستدا.
بەپێی دوایین زانیارییەکان، “ڕەسوول قەلەندەری” هاووڵاتی خەڵکی ناوچەی “قتوور“ی سەر بە پارێزگای ورمێ، لە کاتی کۆڵبەریدا، لە ناوچە سنوورییەکانی “بەلجووک” لە لایەن هێزەکانی پارێزوانی سنووری ڕژیمەوە، هاوکات لەگەڵ گروپێک لە کۆڵبەرانی دیکە، درایە بەر دەسڕێژی گوللە و بە سەختی بریندار بوو. سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو پاش برینداربوونی، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە بە سێ گوللەی دیکە کۆتایی بە ژیانی هێنراوە. هاوکات کۆڵبەرێکی دیکەی تەمەن 18 ساڵ و خەڵکی گوندی “دزەوەر” سەر بە شارستانی نەوسۆ، بە ناوی “سوهەیل فیردۆسی” لە ناوچە سنوورییەکانی “تەتە“ی هەورامان، لە کاتی کۆڵبەریدا لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەبێ ئاگاداری دەسڕێژی گوللەی بەسەردا کراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
