ڕۆژی سێشه‌ممه ١٠ی پووشپه‌ڕ، سه‌ركوتگه‌رانی ڕژیم هێرشیان كرده سه‌ر دانیشتووانی گوندی گونیچ له شارستانی خاش و ژنێكیان به ته‌قه‌ی ڕاسته‌خۆ كوشت و ١١ كه‌سی دیكه‌یان بریندار كرد.
به‌پێی ڕاپۆرتی حال وه‌ش، هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی سپای پاسداران به بیانووی هه‌بوونی چه‌كداری دژبه‌ری ڕژیم له گوندی گونیچ هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر دانیشتووانی ئه‌و ئاواییه به‌ڵام، هیچیان ده‌ست نه‌كه‌وتووه و له‌گه‌ڵ خۆپێشاندانی ژنانی به‌لووچ به‌ره‌وڕوو بوونه‌ته‌وه. به وته‌ی چالاكانی به‌لووچ، سه‌ركوتگه‌رانی سپا ژنانی ناڕازیان داوه‌ته به‌ر ده‌ستڕێژی گوله و له ئه‌نجامی ئه‌و هێرشه‌دا، ژنێك به ناوی خان بی بی بامری ته‌مه‌ن ٤٠ ساڵ گیانی به‌ختكردووه و ١١ ژنی دیكه بریندار بوون كه ناسناوی ده كه‌سیان بریتیه له: مه‌دینه بامری ته‌مه‌ن ٢٤ ساڵ، سه‌با بامری ته‌مه‌ن ١٧ ساڵ، ئه‌سرا بامری ته‌مه‌ن ١٨ ساڵ، ڕه‌حم بی بی بامری ته‌مه‌ن ٣٢ ساڵ، سه‌نج مه‌لێك بامری ته‌مه‌ن ٤٥ ساڵ، عه‌سه‌ل بامری ته‌مه‌ن ٢٠ ساڵ، موحه‌دێسه بامری ته‌مه‌ن ١٦ ساڵ، مه‌هتاب بامری ته‌مه‌ن ٥٠ ساڵ، فاتمه بامری ته‌مه‌ن ٢٦ ساڵ و لالی بامری ته‌مه‌ن ٤٠ ساڵ.