ڕۆژی ڕابردوو، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە لە درێژەی تێکهەڵچوونە چەکدارییەکانی شەوی چوارشەممە لە نزیک گوندی قزقاپانی پیرانشار، ٥ پێشمەرگەی ئەو حیزبە بە ناوەکانی عەبدوڵڵا حاجیعەبدوڵڵا، فەردین چەنگێزی، محەممەد گرگولی، توانا عوسمانی و کارۆ هورموزیاری گیانیان بەختکردووە.
بەپێی دوایین زانیارییەکان، هێزەکانی سپای پاسداران بە مەبەستی پێشگرتن لە چالاکییەکانی ئەو حیزبە، ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچە سنوورییەکان دەستپێکردووە و پاش ئەوەی تیمێکی پێشمەرگە کەوتوونەتە کەمینی هێزە ئەمنییەکان، تێکهەڵچوون ڕوویداوە. سپای پاسداران بانگەشەی ئەوەی کردووە کە تیمێکی شەش کەسی لە بەرزاییەکانی نێوان مەهاباد و پیرانشار بە تەواوی لە ناو براون و تەرمی چوار کەسیشیان کەوتووەتە دەست هێزە حکوومەتییەکان.
