ڕۆژی چوارشه‌ممه ١٥ی گه‌لاوێژ، دوو منداڵی خێزانێك له یه‌كێك له گونده‌كانی ئوستانی گوڵستان به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی گاز گیانیان به‌ختكرد.
به وته‌ی دایكی ئه‌و قوربانیانه، كاره‌با و گازی ماڵه‌كه‌یان له ناكاودا قه‌تع كراوه و كاتێك هاتووه‌ته‌وه، ته‌قینه‌وه ڕوویداوه و به‌وهۆیه‌وه، دوو منداڵه‌كه‌ی گیانیان له‌ده‌ست داوه. نه‌بوونی كاره‌با، ئاو و گاز زیانی زۆری له خه‌ڵكی ئێران و كه‌سب و كاره‌كان داوه و وێڕای بێكاربوونی هه‌زاران كرێكار، كه‌لووپه‌لی نێو ماڵه‌كان سووتاوه. هه‌ر چه‌ند خه‌ڵكی شاره جۆراوجۆره‌كانی ئێران هه‌ر ڕۆژ له ئاست بڕینی به‌رده‌وامی ئاو و كاره‌با ناڕه‌زایه‌تی ده‌رئه‌بڕن به‌ڵام به‌رپرسانی حكوومه‌ت هیچ هه‌نگاوێكیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه هه‌ڵ نه‌گرتووه. ڕۆژی ڕابردوو به‌ڕێوه‌به‌رانی كارخانه‌ی ئێران خودڕه‌و ڕایگه‌یاند: به مه‌به‌ستی سه‌رفه‌جوویی له مه‌سره‌فی وزه، هه‌موو كار و چالاكییه‌كانی ئه‌و ناوه‌نده سه‌نعه‌تییه تا ڕۆژی شه‌ممه ٢٥ گه‌لاوێژ ڕاده‌گرن.