کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

گۆڕانکارییە سیاسییە خێراکان و ترسی دەسەڵات لە “شۆڕشی برسییەکان”

هەڵسەنگاندنی هاوبەشی هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی

 هەڵسەنگاندنی هاوبەشی هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران(ڕاهی کارگەر) و کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

گۆڕانکارییە سیاسییە خێراکان و ترسی دەسەڵات لەشۆڕشی برسییەکان

 

١گوشارە جیهانییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی پەرەدەسێنێت!

کۆماری ئیسلامی دوای پاشەکشەکردن لە سیاسەتی دەرەوە و دیاریکردنی تیمێکی نوێ لەم بوارەدا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەگەڵ کێشە و گرفتی جیددیتر بەرەوڕوو دەبێتەوە. لە دوایین کاردانەوەدا، دانیشتنی حەوت وڵاتی پیشەسازیی جیهان، لە بڕیارنامەی کۆتایی خۆیاندا گوشارەکانیان بۆسەر کۆماری ئیسلامی زیاتر کرد و ڕێژیمیان بە هۆکاری ناسەقامگیریی ناوچەکە زانی و داوایان لێکرد کە لەگەڵ ئاژانس هاوکارییەکی ڕوونتر و بەربڵاوتر بکات. لە کاردانەوەیەکی دیکەدا، شۆڕای بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، بە زۆرینەی دەنگ، ئەو بڕیارنامەیەیان پەسەند کرد کە لەلایەن دەوڵەتەکانی ئاڵمان، فەڕانسە و ئینگلیسەوە پێشنیارکرابوو وە دەوڵەتی ئەمریکاش پشتگیری لێکرد. ئەم بڕیارنامەیە، کۆماری ئیسلامی بە هۆی پەرەپێدانی چالاکییە ئەتۆمییەکان و هاوکاریی نەکردنی پێویست لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئیدانە دەکات. ئەم کارەی وڵاتە ئورووپاییەکان، دوا بەدوای ئەو گەمارۆیانە دێت کە بەسەر شیرکەتەکانی فڕۆکەوانی و کەشتیوانی ئێراندا سەپێنران. بڕیارنامەکەی یەکێتیی ئورووپا و ئەمریکا، هەروەها هۆشدارییەکە بە سیاسەتە مەترسیدارە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، بەمەبەستی ئەگەری پەنابردنەبەرمیکانیزمی ماشەلە لایەن وڵاتانی ئورووپایی و گەڕانەوەی سەرجەم گەمارۆکانی پێش لە بەرجامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. کۆی گشتی ئەو هەوڵانە نیشان دەدات کە یەکێتیی ئورووپا، سیاسەتی چڕکردنەوەی گوشارەکانی بۆسەر کۆماری ئیسلامی و بردنەسەرەوەی هێزی موزایەدەی خۆی لە دانوستانەکانی داهاتوودا، گرتووەتەبەر. یەکێتیی ئورووپا و بە تایبەتی دەوڵەتی ئاڵمان، کە سەردەمانێک قەڵغانی کۆماری ئیسلامی بوو لە بەرامبەر گورزەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و بە تایبەتی دەوڵەتی یەکەمی ترامپ، ئێستا و دوای هاوکارییە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ڕووسیا لە دژی ئۆکراین، بووەتە هێزی سەرەکی گوشاری دەوڵەتەکانی ئورووپا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی. جگە لە گوشارەکانی یەکێتیی ئورووپا، دەستبەکاربوونی کابینەکەی ترامپ لە ئەمریکا و ئەگەری گەڕانەوەی سیاسەتیزۆرترین گوشارەکان، کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دۆخێکی گەلێک ئاڵۆزتر بەرەوڕوو دەبێتەوە. بارودۆخێکی لەو شێوەیە، کاری تیمی دیپلۆماسی کۆماری ئیسلامیی گەلێک قورس کردووە

٢قەیرانی سوریا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە

سەرجەم هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی ڕژێمی بەشار ئەسەد، خەریکە لەگەڵ شکست بەرەوڕوو دەبنەوە.  گرووپە بناژۆخوازە ئیسلامییەکانی ناسراو بە (هەیئەتی تەحریر شام) جێگیر لە ئیدلب، هێرشێکی بەربڵاویان بۆسەر حەلەب دەستپێکردووە. ئەوان ئێستا بەشێکی زۆری شاری حەلەبیان کۆنترۆڵکردووە و خەریکی پێشڕەوین بەرەو گوند و شارەکانی دیکە لەوانە شاری حەما. هێزەکانی بەشار ئەسەد لە ئاست ئەم هێرشانەدا تووشی شکست و پاشەکشە هاتوون. دوابەدوای ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و ئەرتەشی ئیسرائیل لە لوبنان، هێزەکانی تەحریر شام، بەخێرایی دەستبەکار بوون بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە گواستنەوەی چەک و چۆڵی قورسی حیزبوڵڵا بۆ سوریا. هێزەکانی سپای قودسیش کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لەژێر گوشاری بۆردومانەکانی ئەرتەشی ئیسرائیلدا، زیانێکی زۆریان پێگەیشتبوو، نەیانتوانی لە ئاست ئەو هێرشە کتوپڕەی ئیسلامییەکانی تەحریر شام کە لەلایەن دەوڵەتی تورکییەوە پاڵپشتی دەکرێن، خۆڕاگریی بکەن و سەنگەرە بەرگرییەکانیان بەخێرایی تێکشکا و بەرەو دەوروبەری دیمەشق پاشەکشەیان کردووە. لە لایەکی دیکەوە هێزەکانی سوریای دێموکراتیک لە ڕۆژئاواش، بەرەو حەلەب و شاری ڕەقە پێشڕەوییان کردووە و شاری ڕەقە و گەڕەکە کورد و مەسیحی نشینەکانی حەلەبیان کۆنترۆڵکردووە. ئەوەی ئەم ڕۆژانە لە سوریا ڕوودەدات، بەریەککەوتنی بەرژەوەندی دەوڵەتەکانی ڕووسیا، ئەمریکا، تورکیە، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی ئێرانە. بەشار ئەسەد کە تەنیا بە پاڵپشتی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵای لوبنان و ڕووسیا، توانی دەسەڵاتی لەرزۆکی خۆی لە شەڕی ناوخۆی سوریادا بپارێزێت، ئامرازێکە بۆ ئەوەی هاوسەنگی نێوان بەرژەوەندییە ناکۆکەکانی ئەو هێزانە پێکبهێنێت. لەم نێوەندەدا جێگە و پێگەی کۆماری ئیسلامی بە هۆی ئەو زەبرانەی کە لە سووریا و لوبنان بەریکەوتووە، لە هەمووان لاوازترە بووە و بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، هەوڵ دەدات هێزە بە وەکالەتەکانی خۆی لە عێراقەوە ڕەوانەی سوریا بکات. ئێستا سوریا بۆتە ناوچەی جێ نفووز و کاریگەری ڕووسیا و ئەمریکا و هێزە ناوچەییە ڕکابەرەکان و بەردەوام ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێکی ناوخۆی هاوشێوەی ئەوەی کە ئێستا شاهیدین، چاوەڕوان دەکرێت. لە بارودۆخێکی هاوشێوەی ئێستادا، ئەگەری ئەوە هەیە کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دێموکراتیک، بکەوێتە بەر هێرشی ئاسمانی و زەمینی لەلایەن ئەرتەشی تورکیاوە. هێزەکانی سوریای دێموکراتیک بانگەوازی چەکداربوونی گشتییان کردووە و هەوڵدەدەن دەستکەوتەکانی خۆیان لە کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات بپارێزن.

٣بنبەستی سیاسەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی!

جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە لوبنان و قبوڵکردنی ئەم تەرحە لەلایەن حیزبوڵڵاوە بەبێ پێکهێنانی ئاگربەست لە غەززە، نیشانەی شکستی حیزبوڵڵایە لە گەیشتن بە ئامانجەکەی بۆ چوونە ناو ئەو شەڕە. کوژرانی بەرپرسە پلە باڵاکانی حیزبوڵڵا و وێرانبوونی ناوچەیەکی بەربڵاو لە لوبنان و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتە، بووەتە هۆی نەفرەت و بێزاریی قووڵی ئەو خەڵکە دژبە ئیسرائیل و حیزبوڵڵا و پشتیوانە سەرەکییەکەی واتە کۆماری ئیسلامی. ئێستا ئیتر تەنانەت حیزبوڵڵاییەکانی پێوەندیدار بە پرسە ناوچەییەکانی ڕژیم، قبووڵیان کردووە کە تووڕەیی و بێزاریی بەرینی ئەو خەڵکە ئاوارەیە لە دژی کۆماری ئیسلامی، بەردەوام ڕوو لە پەرەسەندنە. قبوڵکردنی بڕیارنامەی ١٧٠١ی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بنەمای کشانەوەی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان و جێگیربوونی ئەرتەشی لوبنان لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات، بە مانای کەمبوونەوەی بەرچاوی دەسەڵاتی نیزامیی حیزبوڵڵایە لە لوبنان. ئەم ئاگربەستە بە واتای بەرجەستە بوونی ڕۆڵی دەوڵەتی لوبنان لە ڕووداوەکانی وڵات، گەشەکردن و پەرەسەندنی نفووز و کاریگەرییەکانی ئەمریکا و فەڕانسە لەسەر سیاسەتە ناوخۆییەکانی ئەم وڵاتە و لاوازبوونی بەرچاوی ڕۆڵی کۆماری ئیسلامییە لە لوبنان. پێدەچێت ڕێککەوتنی ئاگربەست لە دۆخێکدا هاتبێتە ئاراوە کە کۆماری ئیسلامی ناچار بووبێت دەست لە سیاسەتی شەڕ خوازانەی خۆی لەم وڵاتە هەڵبگرێت و دەستی حیزبوڵڵا سەبارەت بە قبوڵکردنی ئاگربەست ئاواڵە بکات. دۆخێکی لەو شێوەیە نیشانەی شکستی بەرچاوی سیاسەتی گەمارۆدانی ئیسرائیلە لە لایەن بەرەی خۆڕاگریی و وازهێنانی ناچاریی لە سیاسەتی سەرکێشانە و پڕ هەزینەی، لەناوبردنی ئیسرائیل. کۆی گشتی بارودۆخی ناوچەکە، ئەوە دەردەخات کە پرۆسەی کورتکردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە دەستیپێکردووە و ڕێژیمی ئیسلامی ناچار دەبێت، دەست لەو سیاسەتە زێدەخوازیانەی خۆی کە بووەتە هۆی لەناوچوونی ئابووری ئێران و هەژارتربوونی خەڵک، هەڵبگرێت و بڵێسەی ئاگری شەڕخوازییەکانی خۆی لە ناوچەکە، دابمرکێنێ و وردە وردە بەتەواوی خامۆشی بكات.

٤ترسی دەسەڵاتی ئیسلامی لەشۆڕشی برسییەکان“!

ئاراستەی پاشەکشەکردن لە سیاسەتی دەرەوە، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی سزاکان و ڕێگریکردن لە داڕمانی بەتەواوەتی ئابووریی، گیراوەتەبەر. بەڵام بەرەوپێش نەچوون لەم بوارەدا، لەپەنای میراتی ناسەرکەوتووی دەوڵەتی ڕەئیسی، دەوڵەتی پزیشکیانی لەگەڵ کێشە و گرفتی جددی بەرەوڕوو کردووەتەوە. دابەزینی بەرچاوی بەهای دراوی میللی، هاوکات لەگەڵ سندووقی بەتاڵی دەوڵەت، بووەتە هۆی داڕمانی ئابووری و پەرەسەندن و قووڵبوونەوەی قەیرانی بژێویی کۆمەڵانی خەڵک. دۆخی ئیدارەی وڵات بەڕادەیەک تووشی قەیران بووە کە قاڵیباف لە بڵندگۆی مەجلیسەوە، وێڕای ئاماژە بە چەند نموونەیەکی ڕوون و ئاشکرا، دان بەو داڕمانەدا دەنێت لە هەموو بوارەکاندا. جگە لە سەرۆکی پارلمان، مەحموود نەجەفی عەرەب سەرۆکی ژووری بازرگانی تارانیش، دەڵێت: لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بەشێوەیەکی مامناوەند، ساڵانە ٢٧ هەزار ئێرانی ئیقامەتی وڵاتەکانی ئورووپا و ئەمریکا و کەنەدایان وەرگرتووە. ئەم بێ ئومێدییە بەرامبەر بە ژیان لە وڵاتدا، ئەگەرچی لەوانەیە لەو بەشانەی کە تاڕادەیەک دەستیان بە دەمیان دەگات، دەتوانن حەز و ویستی چوونەدەرەوە لە وڵات، لە بیر مێشک و کرداری خۆیاندا، پلانی بۆ دابنێن، بەڵام لە چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگادا، کە هیچ ڕێگایەکیان نییە جگە لە مانەوە و خەباتکردن، دەتوانێت ڕەهەندی تر بە خۆیەوە بگرێت. ئەمە ئەو بابەتەیە کە ڕۆژنامەی جمهوری ئیسلامی لە سەروتاری ڕۆژی پێنجی سەرماوەزدا وێڕای ئاماژە بە کۆمەڵێک ئارگیومێنتێکی ڕوون و ئاشکرا، دەپرسێت: “ئایا لە شۆڕشی برسییەکان ناترسن؟بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی جەماوەرەی وەگیانهاتووی خەڵک، ڕۆژ بەڕۆژ ڕەهەندی بەربڵاوتر لەخۆدەگرێت. ناڕەزایەتی و مانگرتنە بەربڵاوەکانی کرێکارانی فەرمی و نیمچە فەرمی و پڕۆژەیی نەوت و گاز و پێترۆشیمی، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایانی خانەنشینی ساڵی ١٤٠٢ و هەروەها خانەنشینانی ساڵەکانی تر، لە ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە نەدانی ٦٠ لەسەدی پاداشتی خانەنشینی، بە بەشداریی بەرینی جەماوەر بەردەوام دەبێت. ناڕەزایەتی خانەنشینانی بەشەکانی دیکەش، تا دێت بەربڵاوتر دەبێت. پەرستارانی نەخۆشخانەکان لە ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە بارودۆخی بژێو و پیشەیی خۆیان، کۆدەبنەوە و مانگرتنی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن. گرنگترین داواکارییەکانیان بریتین لە زیادکردنی حەقدەست بۆ لانیکەم ٣٠ ملیۆن تمەن، ٣ بەرابەر کردنی پێدانی یارمەتییە تایبەتەکان، جێبەجێکردنی باجی پەرستاری، جێبەجێکردنی یاسای پیشە سەختەکان و هەڵوەشاندنەوەی ئیزافەکاری ئیجباری. جێگای ئاماژەیە کە وەزیری پەروەردە، برای بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، هەمان سیاسەتی توندوتیژ و دژە خەڵکیی و دژە زانستیی دەوڵەتی ڕەئیسی، بەرامبەر بە مامۆستایان بەڕێوە دەبات. ئەوە دەریدەخات کە دەسەڵات بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی بزووتنەوەی جەماوەریی، لە هەنگاوی یەکەمدا هەوڵدەدات بەر بە بزووتنەوەی پیشەیی مامۆستایانی وڵات، وەک وشیارترین بەشی چینی کرێکار، بگرێت. هەوڵەکانی دەسەڵات لەم پێناوەدا جگە لە دەستنیشانکردن و دەستبەسەرکردنی هەڵسووڕاوانی سنفی و چڕکردنەوەی گوشارەکان بۆسەر هەڵسووڕاوانی زیندانیکراو، هەوڵەکانی بەمەبەستی دزەکردنە ناو ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانیش لەخۆ دەگرێت. ئامانجی بەرپرسانی ئەمنییەتی ڕێژیم ئەوەیە کە ئەم ڕێکخراوە سەرتاسەرییە لەناوەوەش بداتە بەر هێرش و سەوداگەری بکاتە جێگرەوەی داخوازی تەوەری. ئاشکرایە کە دەسەڵات زۆر نیگەرانە لەوەی کە ئەم ڕێکخراوە سەرتاسەرییە خاوەن ئەزموون و پێشینەیە، ببێت بە مۆدێلێک بۆ ئەو پەرستارانەی کە هەر ڕۆژەو لە نەخۆشخانەیەک دەست دەدەنە خەبات و ناڕەزایەتی و هەروەها کرێکارانی کەرتە جۆراوجۆرەکانی تر. بەڵام سەرەڕای گوشارەکان و چڕبوونەوەی سەرکوت، بێتوانایی دەسەڵات لە جێبەجێکردنی بەڵێنە بێبنەماکانی، زەمینەی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی داواکاری تەوەری هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و لێکنزیکبوونەوەیان، بەستێن بۆ گەشەکردن و پەرەسەندنی بارودۆخێکی شۆڕشگێڕانە خۆش دەکات. ڕێک لەبەر ئەم هۆکارەیە کە تەنانەت ڕۆژنامەنووسانی حکوومەتیش، ترسی ئەگەری سەرهەڵدانیشۆڕشی برسییەکانیانلێ نیشتووە.

٥توندوتیژی دژی ژنان، وەڵامی پیاوسالاریی نیزامی ئاپارتایدی جێندەری دەسەڵاتدار، بە بزووتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژنان! ٢٥ی نۆڤامبر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بوو. ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی، لە چل و پێنج ساڵی ڕابردوودا بە ئاپارتایدی جێندەری، یەکێک بووە لەو کۆنەپەرست ترین وڵاتانەی کە لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەدا، توندترین توندوتیژی لە هەموو بوارەکاندا بەسەر ژناندا سەپاندووە. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیگڕکانێکە کە لەلایەن ژنانی ئێرانەوە لە دژی ئەم ئاپارتایدە جێندەرییە سەریهەڵداوە. لەم پێوەندییەدا و بە بۆنەی ئەم ڕۆژەوە پێویستە چەند خاڵێکی گرنگ لەبەرچاو بگیرێت. یەکەم: هەژاریی بەربڵاو لە ئێران، بە پلەی یەکەم هەژارییەکی ژنانەیە و ئاپارتایدی جێندەری هۆکار و بەستێنی سەرەکی هەژاریی ژنان بووە. دووەم: ئەگەرچی شۆڕشیژن، ژیان، ئازادیشۆڕشێکی فەرهەنگیی لە خوارەوەی، لە وڵاتدا هێناوەتە ئاراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا پیاوسالاری گیانسەخت و جێگیر، بەرامبەر بەم شەپۆلی ڕزگاریخوازانەی ژنان وەستاوەتەوە. سیمای دزێوی ئەم خۆڕاگرییە توندوتیژە پیاوسالارانەیە، لە ڕێژەی بەرزی ژنکوژیدا بەدیدەکرێت. ڕۆژنامەی ئیعتماد ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ ڕاپۆرتێکی لەسەر ئاماری ژنکوژی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڵاو کردەوە و لێکۆڵینەوەی لە ئاماری لانیکەم ٧٨ ژن و کچ کردووە کە لە لەو ماوەیەدا لەلایەن پیاوانی نزیک لە خۆیانەوە کوژراون. چاوخشاندنێک بەسەر ئەو ئامارانەدا، ئەو دۆخە بەڕوونی دەخاتەڕوو کە ژنانی ئێران لەگەڵیدا بەرەوڕوون. ژنان دەبێت بەردەوام لەگەڵتوندوتیژی بنەماڵەیی،ئەزییەت و ئازاری جنسی،هاوسەرگیری زۆرەملێ و پێشوەختە،کوشتن بەبیانووی شەرەفوئاستەنگە کۆمەڵایەتی و یاساییەکاندەست و پەنجە نەرم بکەن. بەردەوامی ئەم چەشنە هەڵاواردن و توندوتیژییە ڕێکخراوە لە وڵاتدا، بەرهەمی ئاوێتەبوونی یاسا و ڕێسای دژە ژنی ئایینی دەسەڵاتدار و پیاوسالاریی جێگیرە. واقیعییەت ئەوەیە کە ئەو پیاوسالارییە جێگیرە، تەنیا لە یاساکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوە ناگرێت. ئەگەر دیاردەی قێزەون و جینایەتکارانەی ژنکوژی و توندوتیژی ڕێکخراو لە دژی ژنان، بەرهەمی پیاوسالاریی جێگیر و یاسا و ڕێسای ئایینی دەسەڵاتدارە، کەواتە پێویستە بە مەبەستی نەهێشتنی ئەم دیاردە دزێوە، لە دوو بەرەدا خەبات بکڕێت، هەم لەناو بنەماڵە و کۆمەڵگا و هەم لە دژی نیزامی دەسەڵاتداری وڵات. بەڵام خەبات لە ناو بنەماڵە و کەس و کار لە دژی پیاوسالاریی جێگیر و خاوەن پێشینە، بەبێ تێکشکاندنی پێکهاتەکانی دەسەڵاتی سیاسی پیاوانە، ئاکامێکی ئەوتۆی لێ ناکەوێتەوە. واقیعییەت ئەوەیە کە پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێران، چ ئێستا و چ لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی و تەنانەت لە سەردەمی پەهلەوییشدا، پێکهاتەیەکی جەماوەرتەوەر و پشتبەستوو بووە بە یاساکانی شەریعەت. لەم پێکهاتە سیاسییەدا، ئاسەوارێک لە یەکسانی یاسایی نێوان ژنان و پیاواندا بەدیناکرێت. ئەم دۆخە لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا کە حکومەتێکی دژە ژن و سەپێنەری خراپترین جۆری ئاپارتایدی جنسییە بەسەر ژناندا، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر پەرەی سەندووە و بێ مافییەکی تەواوی بەسەر ژنانی وڵاتدا سەپاندووە. ئەم ئاپارتایدە بە جۆرێکە کە نەک هەر ژنانی لە مافە سەرەتایی و ئاساییەکانی وەک مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ و تەنانەت ڕەنگی جلوبەرگەکەی، ئازادی خۆشویستن و خۆشەویستی، ئازادی هاوسەرگیری، مافی جیابوونەوە، مافی سەرپەرشتیکردن و لەباربردنی کۆرپەلە، بێبەش کردووە، بەڵکوو ئیزنی بە پۆلیس، گەشتی ئیرشاد، کۆمەڵگا و باوک و برا و پیاوانی خزم و نزیکەکانیش داوە کە لە ئەگەری سەرپێچی ژنان لەو بەناو یاسا و ڕێسایانەی کە مەبەستیانە، ئەزییەت و ئازاریان بدەن و سووکایەتیان پێ بکەن یان بیانکوژن. خەباتی ژنان بە درێژایی تەمەنی حکوومەتی ئیسلامی لەدژی یاسای شەریعەت و یاسا حکومییەکان و هەروەها شۆڕشیژن، ژیان، ئازادی، خرۆشانێکە لە دژی ئەم نادادپەروەرییە ئاشکرا و هەڵاواردنە ڕێکخراوە و ئەمەش ژنانی کردووە بە گڕکانێک لە دژی حکوومەتی ئیسلامی.

٦کۆماری ئیسلامی لەژێر بەرداشی خەباتی ژناندا گرفتارە!

سەرەنجام ناوەڕۆکی یاسایحیجاب و عیفافکە لەلایەن پارلمانی کۆنەپەرستی ئیسلامیی و شۆڕای نیگەهبانەوە پەسەندکرا، بڵاوکرایەوە. بڕیارە ئەم یاسایە ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەز بە مەبەستی جێبەجێکردن بە دەوڵەت ڕابگەیەنرێت. لەم یاسایەدا کۆمەڵێک ئەرکی جۆراوجۆر بۆ ئۆرگانە حکومییەکان، لە وەزارەتی ڕێگاوبان و شارسازی و پەیوەندییەکانەوە بگرە تا دەگاتە هێزی ئینتیزامی و ستادیئەمر بە مەعرووف و نەهی لە مونکردیاریکراوە. بەرپرسانی ڕێژیم دەیانەوێت لە دۆخێکدا کە نەفرەت و بێزارییەکی قووڵ لە سەرتاسەری کۆمەڵگا لە دژیان شەپۆل دەدات، بە پڕوپاگەندە و پەرەپێدانی ئەوەی کە گۆیا بێ حیجابی، بنیاتی بنەماڵەی خستووەتە مەترسییەوە، لەناو کەمینەیەک لە کۆنەپەرستان و پیاوسالاراندا جێگە وپێگەیەک بەدەست بهێنن و بە نواندنی هێز و هەیمەنەی خۆیان لەو بوارەدا، هەم بوون و حزووری ئیسلامی خۆیان بە کۆمەڵگا نیشان بدەن و هەم کۆمەڵگای ناڕازییش سەرکوت و چاوترسێن بکەن. ئەڵبەتە داڕێژەرانی ئەم ستراتیژە بۆ مانەوە، لە بیریان نەچووەتەوە کە لە شۆڕشیژن، ژیان، ئازادیدا، ژنان و کچانی ئازادیخوازی ئێران چەندە بوێرانە و فیداکارانە حیجابی ئیجباریی ئیسلامییان ئاگر تێبەردا و خۆیان لەژێر باری ئەم سووکایەتی و شەرمەزارییە مێژووییە ڕزگار کرد و ناوبانگی بزووتنەوەکەیان جیهانی گرتەوە. دوای ئەو ڕۆڵە پێشەنگانەی کە ژنانی گەنج لەسەر شەقام و کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی بوێرانە لەگەڵ بەکرێگیراوانی حکوومەتیی، لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا لەخۆیان نیشاندا، ئێستا ئەم ڕۆڵە لە نافەرمانی مەدەنیدا دەنوێنن. ئەم گۆڕەپانە ئێستا بووەتە یەکێک لە نەبەردە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی لەدژی سەرجەم خەڵکی ئێران. ڕژیم دەزانێ کە بە هەر پاشەکشە و پاشگەزبوونەوەیەک لە سەپاندنی بەتەواوەتی حیجابی ئیجباری بەسەر ژناندا، دوا کۆڵەکەی ئیدئۆلۆژی دەسەڵاتەکەی دەڕووخێت. هەربۆیە بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی، لە سەپاندنی جلوبەرگی ئیسلامی بەسەر ژنان و تەنانەت پیاوانیشدا، وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ سەپاندنی ئەو دەسەڵاتە سەرەڕۆ و دژە خەڵکییەی خۆیان، کەڵک وەردەگرن. ئەگەر لەسەرەتای ئاخێزی ژینادا کچانی لاو، مەیداندار و پێشەنگی خەباتێکی خوێناوی بوون، ئێستا دایکان و داپیرە و ملیۆنان ژنی لایەنگری ئازادی جلوبەرگ، شانبەشانی کچەکانیان لە ڕیزی خەباتدا وەستاون. ئەگەر بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی پێیان وابوو کە بە ژەهراویکردنی کچان لە قوتابخانەکاندا، بەسەر خەبات و ڕاپەڕینی ژناندا زاڵ دەبن، ئێستا ئیتر لەگەڵ ملیۆنان ژنی بەتوانای کە بەدرێژایی دەیان ساڵ، سەرجەم ڕێوشوێن و سیاسەت و یاسا دژە ژنەکانی ڕێژیمیان لەگەڵ شکست بەرەوڕوو کردووەتەوە، چیدەکەن؟ ئێستا ئیتر بوێری و چاونەترسی ژنان بۆتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی. ژنانی بوێر و خەباتکار، شانبەشانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی پێشڕەو، لەزومرەی پێشەنگانی لەگۆڕنانی حکوومەتی ئیسلامی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئینسانی و ئازادی دواڕۆژن.

٧سەرمایەداریی خەریکە ژینگەی مرۆڤایەتی لەناو دەبات

کۆنفرانسی کەشوهەوایکاپ ٢٩ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باکۆ، بە بەشداری ٢٠٠ وڵات لە دۆخێکدا بەڕێوە چوو کە گۆی زەوی لە بەردەم کارەساتێکی کەشوهەوای بێگەڕانەوە دایە. ئەم قەیرانە مەترسی لەسەر زۆرێک لە لایەنە بنەڕەتییەکانی ژیان لەسەر گۆی زەوی دروست دەکات. دەردانی سووتەمەنی بەردین، گەیشتۆتە بەرزترین ئاستی خۆی، گەرمترین سێ ڕۆژی مێژووی جیهان، لە مانگی ژوئیەی ٢٠٢٤دا تۆمار کرا. بەردەوامبوونی سیاسەت و میکانیزمەکانی ئێستا، تا ساڵی ٢١٠٠ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی گەرمی تا نزیکەی ٧٢ پلەی سەدی. دۆخێکی هێندە مەترسیداری کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بێوێنەیە و نە ئێمە و نە نەوەکانی پێش لە ئێمەش هەرگیز شاهیدی حاڵەتێکی نائاسایی و ئاوارتەی جیهانی، لەو ئاستەی ئێستادا نەبووین. هەر لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە هەڵسەنگاندنێکی نوێ سەبارەت بە تەرخانکردنی بودجه بۆ وڵاتە هەژار و ڕوو لە گەشەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی خێرای قەیرانی ژینگەیی، پێشبینی کرابوو. ئەم هەڵسەنگاندنە بودجەی ساڵانەی بە بڕی ١،٣ ترلیۆن دۆلار خەمڵاندووە و شاندی وڵاتە هەژار و ڕوو لە گەشەکان، جەختیان لەسەر کردووەتەوە. کۆنفرانسی کەشوهەوای باکۆ، لە دوا ساتەکانی کۆبوونەوەکەدا، توانی بگاتە ڕێککەوتن. لەسەر بنەمای ئەم ڕێککەوتنە، وڵاتە دەوڵەمەندەکان تا ساڵی ٢٠٣٠، ساڵانە تەنیا ٣٠٠ ملیارد دۆلار دەبەخشن بە وڵاتە هەژار و ڕوو لە گەشەکان بە مەبەستی کەمکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی ڕێژەی گەرمبوونی جیهان و ڕێگریکردن لە کارەساتە سروشتییەکان. واقیعییەت ئەوەیە کە سەرکەوتنی ترامپ و چوونە ناو کۆشکی سپی لە ٢٠ی ژانویەی ساڵی داهاتوودا، زیانێکی نوێ بە پابەندبوونی وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری لە پێوەندی لەگەڵ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ ئەم  مەبەستە دەگەیەنێت، هەروەک چۆن ناوبراو دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦دا، لە پەیمانی پاریس چووە دەرەوە. نزیکبوونەوەی گۆی زەوی لە کارەساتێکی کەشوهەوای بێگەڕانەوە، بەرهەمی سیاسەتی کەڵەکەکردنی بێسنووری سیستەمی سەرمایەداری و تێڕوانینی کاڵایی ئەم سیستەمەیە بەرامبەر بە سروشت و مرۆڤ و هەروەها قوربانی کردنیان لەپێناو بەدەستهێنانی قازانج، کێبڕکێی ناوچەیی و جیهانی، شەڕ و پەرەسەندنی میلیتاریزەکردنی جیهان و بێتوانایی میکانیزمە سەرمایەدارییەکان لە ئاست کۆنترۆڵکردنی ئەو قەیرانە ژینگەییەی کە ڕۆژ بەڕۆژ خێراییەکی زیاتر بەخۆیەوە دەگرێت. کۆنتڕۆڵکردنی ئەم قەیرانە و کەمکردنەوەی ئاست و ڕەهەندەکانی، کە بە شێوەیەکی جددی مەترسی لەسەر ژیانی نەوەکانی داهاتووی سەر ئەم گۆی زەوییە دروست دەکات، پێویستی بە دوورکەوتنەوە لە لۆژیکی ئەو سیستەمە سەرمایەدارییە دەسەڵاتدارە هەیە کە کاری داهێنەرانەی مرۆڤ و سروشت و سەرجەم زیندەوەران دەکات بە ئامرازی تاڵان و بڕۆ و چەوساندنەوە و قازانپەرستی هەوسارپچڕاوانەی خۆی. ئەم ڕاستییە حاشا هەڵنەگرە، ئەرکێکی جددی دەخاتە سەرشانی ئەو هەڵسووڕاو و ڕێکخراوە کۆمۆنیست و سۆسیالیستیانەی کە ئاڵاهەڵگری خەبات لەدژی قەیرانی ژینگەیین و لە ڕیزی پێشەوەی خەبات و تێکۆشان لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئەم قەیرانەدان کە پێوەندییەکی لەپچڕان نەهاووی بە بەدیلێکی سۆسیالیستییەوە هەیە.

بڕووخێ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران(ڕاهی کارگەر)

دووشەممە ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٣ / ٢ی دیسامبری ٢٠٢٤