کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گوفتگۆکانی ئێران و ئەمریکا لە عومان: ڕووبەڕووبوونەوە لە مەیدانی دیپلۆماسیدا

20488311 392 1

ئەمڕۆ شەممە، ٢٣ی خاکەلێوە، شاری مەسقەت، پایتەختی عومان، میوانداری گوفتگۆیەکی هەستیاری نێوان نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی ئەمریکا دەکات. ئەم گوفتگۆیانە کە بە دەستپێشخەری حکوومەتی عومان ئەنجام دەدرێت، لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە سێبەری گرژی و هەڕەشەی سەربازی بەسەر ناوچەکەدا زاڵبووە. لەم نێوانەدا، بە وتەی سەرچاوەکان، عەباس عێراقچی وەک نوێنەری ئێران و خاوەن بڕیاری تەواو لەلایەن خامنەییەوە و ستێڤ ویتکاف، ڕاوێژکاری ترامپ لە بەشی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک نوێنەری ئەمریکا بەشداری ئەم گوفتگۆیانە دەکەن.

لە کاتێکدا گرژییەکان بەردەوامن، دەوڵەتی ئەمریکا بازنەی سزا ئابوورییەکانی بەرامبەر بە ئێران بەرتەسکتر کردووەتەوە، بوونی سەربازی خۆی لە ناوچەکە بەهێزتر کردووە و بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پەراوێزخستنی هەرچی زیاتری کۆماری ئیسلامی. ئامانجی سەرەکی ئەمریکا لە زیادکردنی ئەم گوشارانە، بریتی بووە لە هێنانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر مێزی گوفتگۆی ڕاستەوخۆ و ئەم ئامانجەی تا ئێرە، بەدەست هاتووە.

کۆماریئیسلامیسەبارەتبەکارنامەیدانیشتنەکە،ئیدیعایئەوەدەکاتکەگفتوگۆکەتەنیالەسەرپرۆژەیئەتۆمیئێرانە. بەڵام سەرچاوە ئەمریکییەکان باسی کۆمەڵێک بابەتی جۆراوجۆر دەکەن، لەوانە: هەڵوەشاندنەوەی سپای قودس، لەناوبردنی مووشەکە بالیستیکەکان و قەدەغەکردنی بەرهەمهێنانیان، گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ وڵاتێکی سێیەم، لەناوبردنی سەرجەم سیستەمەکانی پیتاندن بە ڕێژەی بەرز و هەروەها پەسەندکردنی سیستەمێکی کارامەی چاودێری بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان.

واقیعییەت ئەوەیە کە لە لایەکەوە کۆماری ئیسلامی هیچ بژاردەیەکی تری نییە جگە لە قبوڵکردنی داواکارییەکانی ترامپ و لە لایەکی تریشەوە، ئەمریکا نایەوێت بچێتە ناو پرۆسەیەکی درێژخایەنی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە ئامانج، بەڵکوو دەیەوێت لە گفتوگۆیەکی خێرا و ڕووندا، داواکارییەکانی دەستەبەر بکات. ترامپ، کە لە پرۆژەکانی تردا لەوانە شەڕی باجەکان سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێناوە، لەم گوفتگۆیانەدا پێویستی زۆری بە سەرکەوتن لە بواری ناکۆکییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە. بەچۆکداهێنانی کۆماری ئیسلامی، یارمەتی بەهێزکردنی پێگەی ئەمریکا دەدات لە سەرجەم ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ترامپ بۆ نیشاندانی هێزی خۆی لە ئاستێکى جیهانیدا، پێویستی بەوە هەیە کە بە هەر شێوەیەک بێت، لە ڕێگای گفتوگۆ یان گوشاری سەربازییەوە، کۆماری ئیسلامی ناچار بکات، داواکارییەکانی قبوڵ بکات.

کۆماری ئیسلامی، لەم بارودۆخەدا کە بازنەی سزاکان بەرتەسکتر بۆتەوە و هەڕەشەکانی ئەمریکا بەردەوامە، چوونە ناو هەر چەشنە گفتوگۆیەک بە سەرشۆڕییەک بۆخۆی دەزانێ، بەڵام ناچار بووە قبوڵی بکات. ئامانجی تاکتیکی کۆماری ئیسلامی لە قبوڵکردنی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ، بریتییە لە ئامادەکردنی زەمینەیسازشێکی ئابڕوومەندانە“. هەروەها ئامانجی ستراتێژیکی کۆماری ئیسلامی لەم گفتوگۆیانەدا، بریتییە لە گەرەنتی کردنی مانەوەی دەسەڵاتەکەی. دەیەوێت ئەو گەرەنتییە لە دەوڵەتی ئەمریکا وەربگرێت کە هیچ پلانێکیان نییە بۆ ڕووخانی ڕژیم.

ئامانجی ستراتێژی ئەمریکاش، ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی نییە، بەڵکوو گۆڕینی ڕەفتاری ئەو ڕژیمەیە. حکوومەتی ئەمریکا نایەوێت داهاتووی ئێران، کە لەبەردەم ئەگەری سەرهەڵدانی شۆڕشێکی جەماوەریدایە، بە چارەنووسێکی نادیار بسپێرێت. دەوڵەتی ئەمریکا دەیەوێت کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەک دەستەمۆ بکات کە هیچ مەترسییەکی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە نەبێت. لەمڕووەوە، هەردوو لای کێشەکە، لەسەر مانەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هاوڕان. ئەوەی جیاوازی لەسەرە، بریتییە لەو بەهایەی کە کۆماری ئیسلامی دەبێت لە پێناو دڵنیایی، مانەوەیدا بیدات. بەهایەکی کە دەبێت لە گفتوگۆکانی ئێستادا دیاری بکرێت.

سەرەڕای ئەوەی کە نە دەوڵەتی ئەمریکا و نە کۆماری ئیسلامی، هیچکامیان پلانی چوونە ناو شەڕێکی بەتەواو مانایان نییە، بەڵام لەم بارودۆخە هەستیار و ئاڵۆزەدا، پێوانەکردنی ئاستی خۆگرایی هەر لایەک، لەلایەن لایەنەکەی ترەوە، کارێکی ئاسان نییە. داماوییە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕێگە خۆشکەرە بۆ سەرکێشییە سەربازییەکان. هەربۆیە، چ لە ئەنجامی ئەم سەرکێشانە یان پەرەسەندنی گوشارەکانی ئەمریکا، یان بەهۆی لێکدانەوەیەکی هەڵە، کردەیەکی سەربازی یان پێکدادانێکی چاوەڕوان نەکراو، دەتوانێت ئاکامی کارەساتباری لێبکەوێتەوە.

بەڵام ئاڵەنگاری سەرەکی بەردەم کۆماری ئیسلامی بریتییە لە قەیرانی ناوخۆیی و ناڕەزایەتی گشتی. سەرەنجام، داهاتووی سیاسی ئێران بە ئاراستەی بەرژەوەندی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوە و ستەملێکراو، نەک لە گفتوگۆ دیپلۆماسییەکانی ئێران و ئەمریکا، بەڵکوو لە مەیدانی خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا دیاری دەکرێت. ویست و ئیرادەی زۆرینەی خەڵکی ئێران، ڕێگای داهاتوو دیاری دەکات. داهاتووی ئێران نەک لەلایەن دیپلۆماتەکانەوە، بەڵکوو بە ویست و ئیرادەی بەکۆمەڵی ئەو جەماوەرە دیاری دەکرێت کە چیتر نایانەوێت ببنە قوربانی سیاسەتە شکستخواردووەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بێ گومان، ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕژیمی ئیسلامی لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکەی واتە ئیسرائیل، بە تەواوی بە زیانی بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و ناوچەکەیە. ھەروەک بەرتەسکتر بوونی بازنەی گەمارۆ ئابوورییەکان، ژیان و بارودۆخی کارکردنی کرێکاران و زۆرینەی خەڵکی ئێرانی دژوارتر کردووە، بەردەوامیی بارودۆخی شەڕیش، لە خزمەت ئەمنییەتی کردنی هەرچی زیاتری کەشی کۆمەڵگا و پەرەسەندنی سەرکوتدایە و بەر بە خێرایی ڕەوتی بەردەوامبوون و گەشەسەندنی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکانیش دەگرێت.

لە ئاوا بارودۆخێکدا، نابێت ئیزن بدرێت ھیچ بەشێکی کۆمەڵگا بکەوێتە داوی پڕوپاگەندەی کۆنەپەرستانە و ناسیۆنالیستی، بەرگری لە «وەتنی ڕژیمی ئیسلامی»یەوە. نابێت ڕێگە بدرێت ھیچ بەشێکی خەڵک، لە ژێر کاریگەریی دژایەتی لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامی یان بێھیوابوون لە بەرەوپێشچوونی ڕەوتی خەبات بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە، ھیوا بە دەستێوەردانی ئیمپریالیستیی ئەمریکا یان ئۆپۆزسیۆنە لایەنگرەکانی ببەستن.

چینی کرێکار و کۆمەڵانی خەڵکی ستەمدیتووی ئێران دەبێت بزانن کە بۆ کۆتایی ھێنان بە لێکەوتە وێرانکەرەکانی ئەم کێشمەکێشانە، ھیچ ڕێگایەکی تر نییە جگە لە پەرەسەندنی خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامی و ئاشکراکردن و لەقاودانی ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و ئەو بەشە لە ئۆپۆزسیۆنی بورژوایی، کە ھیوایان بەستووە بە دەستێوەردانی ئەمریکا.