وێڕای تێپه‌ڕبوونی ٧٠ ڕۆژ به‌سه‌ر كاتی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی “ماشا‌ڵڵا كه‌ره‌می” باوكی هه‌میشه زیندوو “محه‌ممه‌دمێهدی كه‌ره‌می” له گیانبه‌ختكردووانی شۆڕشی “ژینا”، تێپه‌ڕ ده‌بێت و هێشتا چاره‌نووسی نادیاره، به‌ڵام گوشاری ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌كان بۆ سه‌ر بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌رده‌وامه.
به‌پێی زانیارییه‌كان، بنه‌ماڵه‌ی “ماشا‌ڵڵا كه‌ره‌می” پێكهاتوو له دایك و كوڕه‌كه‌یان پاش هێرشی به‌رده‌وامی هێزه ئه‌منیه‌كان بۆ سه‌ر ماڵه‌كه‌یان ناچار به چۆڵكردنی خانوو و كۆچكردن بۆ شوێنێكی نادیار بوون. پاش ده‌ستبه‌سه‌ركردنی “ماشا‌ڵڵا كه‌ره‌می” له ڕێكه‌وتی ٣١ی گه‌لاوێژی ١٤٠٢، هێزه‌كانی ڕژیم ده‌ستیان به‌سه‌ر ته‌واوی كه‌لووپه‌له ئه‌له‌كترۆنیه‌كان و كارته بانكیه‌كانیان گرتووه، هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه به‌رده‌وام له ژێر گوشاردا بوون تاكوو له هیچ لایه‌ك هه‌واڵێك سه‌باره‌ت به باوكیان بڵاو نه‌كه‌نه‌وه. له دوایین هێرشی به‌كرێگیراوانی ڕژیم بۆ سه‌ر ماڵه‌كه‌یان، گه‌نجه‌ی كه‌لووپه‌له‌كانی “محه‌ممه‌دمێهدی كه‌ره‌می” شكێندرا و جلوبه‌رگه‌كانی له‌لایه‌ن سه‌ركوتگه‌رانی ڕژیمه‌وه سووتێندرا.
