ده‌وری یه‌كه‌می سزا ئابوورییه‌كانی ئه‌مریكا له‌دژی كۆماری ئیسلامیی، له ڕۆژی سێشه‌ممه ١٦ی مانگی گه‌لاوێژه‌وه به‌كرده‌وه ده‌رهات. ئه‌م بڕیاره سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر به‌دوای چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌ك لایه‌نه‌ی ئه‌مریكا له به‌رجام له لایه‌ن ترامپه‌وه درا. به پێی ئه‌م بڕیاره، ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی سێ مانگدا كۆماری ئیسلامیی نه‌چێته پێی میزی موزاكه‌ره له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، له ڕۆژی ١٣ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ره‌وه ده‌وری دووهه‌می گه‌مارۆكانیش به‌كرده‌وه ده‌ردێت كه زۆر توندتر ده‌بێت.ده‌وری دووهه‌می سزا ئابوورییه‌كان چالاكییه‌كانی پێوه‌ندیدار به له‌نگه‌ركانی ئێران، بازه‌رگانی كردن له‌ڕێگه‌ی كڕینی نه‌وت، به‌رهه‌مه نه‌وتیی و پێترۆشیمییه‌كانی ئێران، مامه‌ڵه‌ی ماڵی، به‌شی وزه و به‌شی بیمه ده‌گرێته‌وه. بارودۆخی ئابووری كۆماری ئیسلامیی به‌هۆی درێژه‌ی قه‌یران و گه‌نده‌ڵی و دزی جێ كه‌وتووه تێیدا، وه‌ها ئاڵۆز بووه كه ته‌نیا ڕاگه‌یاندنی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له به‌رجام له مانگی گوڵان، بووه‌ته هۆی دابه‌زینی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری به‌های ریاڵ، چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی قیمه‌تی مه‌وادی خۆراكی، داخرانی زیاتری ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنان و چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی زۆربه‌ی شیركه‌ته بیانییه‌كان له ئێران.
سزا ئابوورییه‌كانی ئێستا شموولی مامه‌ڵه‌ی ئه‌رزی، كڕین و فڕۆشی زێر، فلزاتی قیمه‌تی، پۆڵا و ئاڵمینیۆم و به‌شی سه‌نایه‌عی ماشین سازیی، قه‌ده‌غه فرۆشی فڕۆكه‌ی موسافیر هه‌ڵگر و قه‌ته‌عاتی یه‌ده‌كی و هه‌روه‌ها فڕۆشی نه‌رم ئامێری كۆنتڕۆڵی سه‌نعه‌تی و كڕینی به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كان له‌وانه، فه‌ڕش، پسته، خاویار ده‌بێت. به‌م جۆره هه‌ر له ئێستاوه فرۆشی دۆلار و هه‌ر جۆره ده‌ور لێدانه‌وه‌یه‌كی گه‌مارۆكان و ته‌نانه‌ت پێكهێنانی ئاسانكاری بۆ كڕینی و فرۆش و گواستنه‌وه‌ی دۆلار بۆ ئێران قه‌ده‌غه‌یه و شموولی سزا ده‌بێت. فرۆشی كاڵا به ئێران له به‌رامبه‌ر زێر و فلزاتی گران قیمه‌تیش هه‌ر به‌م جۆره قه‌ده‌غه كراوه. سزاكان ته‌نانه‌ت شموولی كڕین و فرۆشی ریاڵ و ئه‌وراقی به‌هاداری ئێران ده‌بێت. له پێوه‌ند له‌گه‌ڵ سه‌نایه‌عی ماشین سازیش، ئه‌گه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كان، بانكه‌كان، شیركه‌ته‌كانی ماشین سازیی و وڵاتانێك یارمه‌تی به كۆماری ئیسلامیی بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به قه‌ته‌عاتی یه‌ده‌كی و یان دابین كردنی ماڵی بده‌ن، له ده‌ستڕاگه‌یشتن به بازاڕه‌كانی ئه‌مریكا بێبه‌ش ده‌كرێن. بڕیاری ترامپ له پێوه‌ند له‌گه‌ڵ سزادانی ئێران، له لایه‌ن هه‌ندێ له دوژمانانی كۆماری ئیسلامیی له‌وانه عه‌ره‌بستانی سعوودی، ئیماڕاتی یه‌كگتووی عه‌ره‌بی و ئیسڕائیل پێشوازی لێكراوه. به‌ڵام هه‌ندێكی دیكه له وڵاتانی وه‌ك ڕووسییه، توركییه و چین كه له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی بازه‌رگانی ده‌كه‌ن، له‌م سزایانه ناڕازیین. ده‌وڵه‌تانی یه‌كێتیی ئۆرووپا كه خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا له‌سه‌ر كێشه‌وگرفتی پێوه‌ندیدار به ماشین سازیی و گومركی كێشه‌یان هه‌یه، به توندی له‌ئاست سه‌پاندنی سزا ئابوورییه‌كان له‌دژی ئێران، ناكۆكییان هه‌یه. ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به دیاریكردنی یاسایه‌ك شیركه‌ته چكۆله و مامناوه‌نده‌كان له‌م گه‌مارۆیان بپارێزن و ڕێگا چاره‌یه‌كی بۆ ببینه‌وه. مۆگێرینی به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئۆرووپا له به‌یانییه‌كی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمان، فه‌ڕانسه و بریتانیا ڕایگه‌یاند كه هه‌وڵ ده‌ده‌ن، ڕێگه‌ی سه‌رمایه‌گوزاری له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی بهێڵنه‌وه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی شیركه‌ته ئۆرووپاییه‌كان بپارێزن. به‌ڵام زۆربه‌ی شیركه‌ته گه‌وره سه‌نعه‌تی و بازه‌رگانییه نه‌وتییه‌كان و ماشین سازیی و دامه‌زراوه ماڵییه ئۆرووپاییه‌كان، به‌ر له‌وه‌یكه كاتی سزای ئابوورییه‌كانی ئه‌مریكا بگات، یه‌ك له‌دوای یه‌ك چه‌مه‌دانه‌كانی خۆیان به‌ست و له ئێران چوونه ده‌ره‌وه. شتێكی سرووشتییه ئه‌وان به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیانن و ئاماده نین بۆ پاراستنی به‌رجام و له پێناو بازاڕی ناسه‌قامگیری ئێران دا خۆیان له ده‌ستڕاگه‌یشتن به بازاڕی زه‌به‌لاحی ئه‌مریكا بێبه‌ش بكه‌ن. تا ئه‌و جێگایه‌كه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا، بڕیاری چوونه‌ده‌ره‌وه له به‌رجام و سه‌پاندنی گه‌مارۆكان بێ ڕه‌بت نییه به كێبه‌ركێ و ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه له‌گه‌ڵ باقی جه‌مسه‌ره‌كانی ئیمپریالیستی وه‌ك، چین، ڕووسییه و یه‌كێتیی ئۆرووپا. ئه‌مریكا به‌شی خۆی له بازاڕی ئێران ده‌وێت و له بارودۆخی قه‌یراناویی جیهانیی سه‌رمایه، ناتوانێت شایه‌تی داگیركردنی بازاڕی ئێران له ده‌ستی باقی زلهێزه‌كانی دیكه دا بێت. به‌م مه‌به‌سته ده‌یه‌وه‌ێت كۆماری ئیسلامیی بكێشێته پێی میزی موزاكه‌ره تا وێڕای به‌ده‌ست هێنان و دابین بوونی به‌شی ئابووریی خۆی، له تواناییه‌كانی ڕژیم بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی ناوچه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی كه‌ڵك وه‌ربگرێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه له بارودۆخێكدا كه مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیی ڕۆژانه‌ی ژنان و پیاوانی كرێكار و باقی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش له ئێران ڕووی له په‌ره‌سه‌ندنه و ته‌واو ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی كردووه‌ته ئامانج، ئه‌مریكاش هه‌ر وه‌ك باقی ده‌وڵه‌تانی سه‌رمایه‌داری نیگه‌رانه كه نه‌كات به ڕووخانی شۆڕشگێڕانه‌ی كۆماری ئیسلامیی به‌ده‌ستی خه‌ڵك، كۆنتڕۆڵی بارودۆخه‌كه له‌ده‌ست ده‌ربچێت. هه‌ڵوێستی ترامپ و باقی كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌وه‌یكه نایانه‌وێت كه كۆماری ئیسلامیی برووخێنن و ته‌نیا به‌نیازن ڕژیم بكێشنه پێ میزی موزاكه‌ره بۆ وه‌رگرتنی ئیمتیازی زیاتر لێره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌یكه لێره زه‌ره‌ر ده‌كات، كرێكاران و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ته‌نگ ده‌ست و كه‌م داهاتی ئێرانه. دووكه‌ڵی گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا، به‌ر له هه‌موو كه‌سێك ده‌چێته چاوی ئه‌وانه‌وه. ئه‌وانن كه دابه‌زینی به‌های پووڵ، توانای كڕینیان دێنێته خوارێ و خۆیان و بنه‌ماڵه‌كانیان برسیتر ده‌كات. ئه‌وانن كه به داخرانی كارخانه‌كان و شیركه‌ته‌كان كاره‌كانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. ئه‌وانن كه ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان له‌ئاست بارودۆخی ناله‌باری دابین كردنی ژیانیان به بیانووی سزا ئابوورییه‌كان، ده‌كه‌وێته به‌ر هێرشی ده‌ڕه‌ندانه‌ی ڕژیم.
كۆماری ئیسلامیی داماوتر له‌وه‌یه كه بتوانێت ته‌نانه‌ت به بێ گه‌مارۆكانیش به‌سه‌ر قه‌یرانی هه‌موو لایه‌نه‌ی ئێستادا سه‌ركه‌وێت. له مه‌ودای سێ ساڵی ڕابردوودا كه گه‌مارۆیه‌كیش له ئارادا نه‌بوو، بارودۆخی قه‌یراناوی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك نه‌ته‌نیا هێوه‌ر نه‌بووه‌ته‌وه، به‌ڵكوو به‌رده‌وام قووڵتر بووه‌ته‌وه.. زیاتر له ٧٠ له‌سه‌دی خه‌ڵكی ئێران له‌ژێر هێڵی هه‌ژاری دان. برسییه‌تی موتله‌ق له كۆمه‌ڵگا، گه‌یشتووه‌ته ٣٠ له‌سه‌د، بێ خانه ولانه‌یی و له‌ش فرۆشی و گیرۆده بوون به مه‌واددی مۆخه‌ددێر زیاتر بووه. هه‌ر له‌م مه‌ودایه‌دا كه گه‌مارۆیه‌ك له ئارادا نه‌بوو، له مانگی به‌فرانباری ڕابردوو، مانگرتن و خه‌باتی كرێكاران، ژنان، لاوان و خوێندكاران، مۆعه‌لیمان، خانه‌نشین كراوان، په‌ره‌ستاران و باقی توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا، گه‌شه‌یه‌كی به‌رچاوی هه‌بووه و به خێرایی پێشڕه‌وی كردووه. ئێستا وه‌ك ڕۆژی ڕۆشن دیاره كه ڕژیم سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه بێ بنه‌ماكانی خامنه‌یی و باقی كاربه‌ده‌ستان، ڕێگا چاره‌یه‌كی جگه له چوونه پێی میزی موزاكه‌ره و قه‌بووڵ كردنی مه‌رجه‌كانی ئه‌مریكای نییه و دره‌نگ یان زوو داواكاری “شه‌یتانی گه‌وره” جێبه‌جێ ده‌كات.