بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، پاش دەستپێکردنی هێرشە هەواییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی، هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری بانە هەندێک شوێنی گشتی و مەدەنییان کردووەتە شوێنی جێگیرکردنی هێز و تەقەمەنی.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە هێزەکانی سپای پاسداران لە هەندێک شوێنی گشتیی ناو شار جێگیر کراون و هاتوچۆی هێزە سەربازییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە. بەپێی هەندێک ڕاپۆرت، هەندێک شوێنی گشتی وەک نەخۆشخانە، مزگەوت، یانەی وەرزشی و شوێنە فەرهەنگییەکان بە شێوەیەکی کاتی گۆڕدراون بۆ شوێنی جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکان و ژیانی خەڵکیان خستووەتە مەترسییەوە. شایانی باسە کە چالاکوانانی مافی مرۆڤ هۆشداریان داوە کە جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکان لە ناوچە مەدەنییەکان مەترسییەکی جددی بۆ دانیشتوانی ئەو شارە درووست دەکات و داوایان لە هاووڵاتیان کردووە کە نزیکی ئەو شوێنانە نەبنەوە.
